ناونیشانی بابەت: ڕۆژی ژن؛ دەفەتێک بۆ گێڕانەوەی کێشەکانمان
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“بە بۆنەی هەشتی مارس”
“پێشەکی”
ڕاستە لە ڕۆژی هەشتی مارسدا بەشێوەی جۆراوجۆر کۆمەڵگای ئێمە بە باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە واتە پەیکەرەی یەکانگیریی کولتورریی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان بەنیسبەت ئەمڕۆژەوە دەردەخەن، یان باشترە بڵێم خۆیان دەگێڕنەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی کە هەندێک کەس دەیڵێن؛ کە گوایە ئەمە زیاده وتن و جۆرە نومایشکردنێکە لە لایەن پیاوانەوە بۆ ژنان، من باوەڕم وایە ئەمە ڕووداوێکی زۆر باشە و دەبێت بە هەند وەریبگرین، لەم ڕۆژەدا هەرچییەک لە چاکە و خراپە، لە یاری و هەڵوێستی ڕاستەقینە، لە ئەخلاق و بیرکردنەوە بەڕادەیەکی زۆر دەردەکەوێت، ئەمە خۆی دەتوانێت کۆمەڵێک فاکت و دەیتای زۆر گرنگ بخاتە بەردەستی ئێمە تاکوو هەڵوێست و بیرکردنەوەی کۆمەڵگاکەمان لەم بارەیەوە باشتر لێوە دیار بێت و بەپێی میتۆد و دەیتا بتوانین کێشەکانی پەیوەست بە ژن و ئالنگارییەکانیان لە کۆمەڵگا و هەروەها ئه و ڕۆڵ و پێگەیەی کە پیاوان لە ناو ئەم هاوکێشەیەدا دەیگێڕن، دەستنیشان کەین، بۆیە هەموو هەڵوێستەکانی ئەم ڕۆژە بۆ من جێگەی سەرنج و بەهاپیدان دەبن و تا ئه و شوێنەش بۆم بلوێ وەکوو کۆمەڵیک دەیتای کۆمەڵناسانە بۆ ناسین و خوێندنەوەی کۆمەڵگاکەم و بەرکەوتەی پیاو و ژن لەم کۆمەڵگایە بەکاری دەهێن. لێرەدا و بەم باکگراوندەوە خوێندنەوە و گێڕانەوەی خۆم لە پرسگری ژنان دەخەمە ڕوو.
“ژنان لە ڕۆژهەڵات و کێشەکانی پەروەردە”
پرسگری ژنان لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان لە دوو پانتای گشتیدا دەردەکەوێت:-
پانتایەکی جێگیر و پته و و پشتقاییم بە نەریت و سیستەمی زاڵی پیاوسالار.
پانتایەکی تازەخۆگرتوو و لاواز و دەڵەمه کە ئەکتی ژنانی وشیار و نیوەوشیار لەخۆ دەگرێت.
ململانێی ئەم دوو پانتاییە و ڕووبەرە لە زۆربەی حاڵەت و کەیسەکاندا دۆخێکی بێئەنجام و بێدەرهاوێشتەی لێ دەکەوێتەوە. لە نموونەی یەکەمدا؛ ئێمە دەتوانین ئاماژە به و هەموو کولتوورە شەرەفپەرەست و خۆتەوەرە بدەین کە پشتقاییمن بە نەریتگەلی کۆن و نائەمڕۆیی و هەروەها ئه و بنەما و ئامۆژگارییە ئایینییانە کە بە ڕووکەشەوە دەگیرسێنەوە و ژن وەکوو تابۆ و فۆبیا و “گوناح” دەبینن و لە ئەگەری بچووکترین هەڵەدا دەبێ بە شێوەیەک لە شێوەکان قوربانی بکرێت، تاکوو جیهانی شەرەف و تابۆ و پیاوسالار ئارامی و هێوریی بۆ بگەڕێتەوە.
دەگێڕنەوە ساڵانێکی نە فرە دوور لە یەکێک لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کچێکی تازەباڵقبووگ وەکوو نەریتی گوندانەی کوردان بە لای مەڕ و بزنەکانەوە دەبێت تاکوو برا گچکەکەی دواتر بچێت بە دوایدا و بیهەنێرێتەوە بۆ ماڵەوە، کوڕەی منداڵکار دەچێت و دەبینێت لە ژێر داوێنی کچەی خوشکیدا دڵۆپگەلێکی خوێن تکاوە و کچەش دەگری، بە بێ ئەوەی هیچ شتێک لە وردەکاریی ڕووداوەکە فام بکات لە چرکەیەکی شێت ئاسایانەی دەروونیدا پاڵ دەنێت بە کچەی خوشکییەوە و لە کێوەکە دەکەوێتە خوارەوە و ملی دەشکێت، دواتر کە پرسیاری لێدەکەن لە هۆکاری کردەوەکەی دەڵێت؛ لە نیوەی ڕێگادا فڵانیم بینیوە و کاتێ هاتوومەتە سەری خوشکەکەم خوێنەکەی ڕژاوە و پەردەی کچێنی نەماوە بۆیە به و ئەنجامە گەیشتم کە دەستدرێژی کراوەتە سەر و نەمتوانیوە تەحەمولی ئەم خەفەت و خوارییە بکەم، دواتر کاشف بە عەمەل هات و کچەیان لە پزیشکی یاسایی نەشتەرگەری کرد و دەرکەوت کە شتی وا لە ئارادا نەبووە و کچە تەنها بۆ یەکەمجار کەوتووەتە سووڕی مانگانەوە.
ئەم کارەساتە ئەم ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە نە کچە خۆی زانیارییەکی لەبارەی سووڕی مانگانەوە هەبووە و نە براکەشی ئاگاداری حاڵەتێکی وا لە ژنان و کچاندا بووە، و دەرئەنجامەکەی بووە بەم ڕووداوە تراژیکە! کە دەشێت نیچە گوتەنی ناوی “جەهلی پیرۆز”ی لێ بنێین. ڕاستە ئەم ڕووداوە بۆ قۆناغی ئێستەی زۆربەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان و کۆمەڵگای کوردی بەتایبەتی شتێکی باوەڕنەکراو و سەیر و سەمەرە دەنوێنێت، بەڵام ڕاستیی ئەم ڕووداوانە بە سەرنجدان بە ئه و تابۆیەی لەسەر ژن و جەستەی ژن و چەمکی شەرەف و ئابڕوو هەیە حاشاهەڵنەگرە، دەتوانین ئەم حیکایەتە زارەکییە وەکوو گێڕانەوەیەکی سەمبوولی و هێمایین ببینین لەوەی کە سیستەمێکی خاوەن مەعریفەی پەروەردە لە ڕەهەندی جێندەری و جەستەییەکەوە بە نیسبەت ژنان بوونی نییە و زیاتر لەمەش خواستی پیاوسالار نایەوێت ئاوەها مەعریفەیەک هەر بوونی هەبێت واتە هەمان “جەهلی پیرۆز” و موقەدەس کە لەم حاڵەتەشدا پرسیارە سەرەکییەکە دەبێت بە ئەمە کە بۆچی کوڕێکی منداڵکاری ئاوەها لەسەر چەمکی شەرەف و خوێنی پەردەی کچێنی ئاگادار بێت، بەڵام هیچ وێنە و تێگەیشتنێکی لەسەر سووڕی مانگانەی ژنان نییە و دەبێتە هۆی هاتنە ئارای کارەساتێک کە ئێمەی ژنان لەگەڵی ئاشناین؟ خودی ئەمە دەرخەری ئه و ڕوانینە تابۆتەوەر و بڤەئامێزەیە کە سیستەمی زاڵی پیاوسالار بە هاودەستیی نەریتە پیاوسالارە کۆنەکان و بنەما تووندە ئایینییەکان لە هەست و نەستی منداڵانی ئێمەدا دەیچەقێنێت، منداڵێک کە هیچ تێگەیەکی ڕوونی لە دونیا و هیچ ئەزموونێکی قووڵی لە مەعریفە ئەزموونکراوە سەرەتاییەکانی مرۆڤ نییە، ئاوەها تووشی کوشتن و قەتڵێک دەبێت، لێرەدا نابێ و ناکرێت ئێمە بە شوێن تاوانبار و خەتاکاردا بگەڕێین ئەوەی لەڕێگەی حیکایەت و ڕووداوەکە دەستمان دەکەوێت ئەمەیە کە هەردووکی ئه و منداڵانە قوربانیی شێوە پەروەردەیەکی هەڵە و دەمارگرژانە و دوور لە عەقڵ و ئاوەزن.
دیارە کچە لە ڕێگەی دایک یان بنەماڵە و ئه و کەش و پێکهاتە کولتووری و پەروەردەییەی دەورووبەری لەگەڵ جەستەی خۆیدا ناسیاوەتییەکی وای پەیدا نەکردووە تاکوو تێبگات یەکەم سووڕی مانگانەی چییە و چۆنە و نیشانە و لێکەوتەکانی چین؟ کوڕەش لە ناو هەمان سیستەمی بەرتەسکبینی تابۆتەوەر و پیاوسالاردا بە بێ ئەوەی هەڵوێستەیەک بکات لەسەر ئه و شتەی دەیبینێت خۆی بە حاکمی بڕیار دەبینێت و ئاوەها کارەساتێک دەخولقێنیت، دیارە ئێمە کاتێک باسی شەرەفپەرەستی دەکەین مەبەستمان ئەوە نییە سنوورەکانی بەها و ئەخلاقی کۆمەڵگا دیارینەکراو و لێڵ و پێڵ بێت و ژنان وەکوو هەندێک دەڵێن بەشێوەیەکی تێکدەرانە بجووڵێنەوە لەگەڵی بەڵکوو مەبەست ئەوەیە لە ئاوەها دەروازەیەکی تەسک و تەنگەوە بڕیاری کوشتن بە سەر ڕەگەزی مێدا دەرنەکرێت و بە بێ تاوان خوێنی ئه و هەموو کچ و ژنە نەڕێژرێت. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە ئەویش ئەمەیە کە ئەگەرچی کۆمەڵگای کوردی هەم لە باشوور و هەم لە ڕۆژهەڵات بە نیسبەت پرس و مەسەلەی ژنان هەندێ گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووه؛ بەڵام لە ڕاستیدا ئەم گۆڕانکارییانە ئەوەندەی کە ڕواڵەتی و دەمامکدارن ئەوەندە قووڵ و ڕیشەیی و ڕەگاژۆکراو نین و ئه و ڕوانینە سێکسی و ئیرۆتیکە هەر بۆ جەستەی ژنان بەرهەم دەهێنرێتەوە، هەربۆیە ئێمە لە کتێبی “ئۆقیانووسێک لە تاوان” نووسینی “خەندان جەزا” کە بە هاوکاری ڕێکخراوی هاوکاریی جیهانی-ئەڵمانی و ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد وەکوو توێژینەوەیەکی ئەکادیمیی خراوەتە ڕوو لە لاپەڕەی 24دا و لە گریمانەی شەشەمدا دەخوێنینەوە: “کڕیارەکانی لەشفرۆشی لە کوردستاندا زیاتر بریتییە لە خەڵکی خوێنەوار و ڕۆشنبیر، ئەوەش بە ڕێژەیەکی زۆر بەرزتر لە خەڵکی نەخوێندەوار”.
ئەمە خۆی دەرگای پرسی دیکەش دەکاتەوە و باسی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بە نیسبەت مەسەلەی ژنەوە ئەمەمان بۆ دەردەخات کە هێشتا ژن وەکوو جەستەیەک و هەڵگری دەلالەتی مانایی سەپێنراوی پیاوان و کولتووری پیاوسالارانە دەبینرێت و وادیارە ئەم پیاوە پێناسەکراوە لە ناو سیستەمێکی پیاوسالاردا بە نسیبەت ژنەوە لە حاڵەتە گشتییەکەیدا جیاواز نییە کە کەسێکی نەریتی و ئایینی بێت یان کەسێکی خوێندەوار و مۆدێڕن، پانتای دووەمی دەرکەوتنی پرسگری ژنان و چالاکییەکانیان هەموو ئه و هەوڵ و ماندووبوونانەی ژنانی کورد دەگرێتەوە کە لە پانتای گشتیدا بۆ بەدەستهێنانی لانیکەم توانست و مافی هەڵبژاردنی شێوەژیان و بیرکردنەوەی خۆیان دەردەکەوێت کە بەداخەوە ئەگەرچی کەسانێکی زۆر لە پانتای گشتیدا و لە بوارگەلی جۆراوجۆری مافەکانی ژنان و بواری ژنان و ئەدەب و ڕۆشنبیری و…هتد. بۆ ئەم بابەتە چالاکییان کردووە و ئەزیەت بوون و تێچووی زۆریان داوه، بەڵام لە هەمبەر دەسەڵات و هەیمەنەی سەدان ساڵەی کولتووری تابۆپەرست و خۆتەوەری پیاوسالاردا سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان بە دەست نەهێناوە، دیارە هەرگیز مەبەست ئەوە نییە ڕۆڵی ئه و هەموو چالاکە پایەبەرز و دڵسۆزانە لە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان و مافی ژنان(لە ناوخۆ و دەرەوە) کە بە شێوەی کۆیی یان تاکەکەسی خزمەتیان کردووە بە ژن و جیهانی ژن و دۆخی داپڵۆساوی ژنان نەدیو بگرین، بەڵکوو مەبەست هێز و هەیمەنەیەکە لە ڕۆحی سیستەمی پیاوسالاردا کە هەر سووچیکی لێ دەگری لە سووچ و کەلێنێکی دیکەوە دەگەڕێتەوە.
بۆ نموونە ئەگەر ئه و حیکایەتەی کە گێڕامەوە ئاماژەیەک بێت بۆ بوونی ژن و پارێزگاریی لە شەرەفی ژنان لە سیستەمێکی بچووک و گوندەکیی چەقبەستووی پیاوسالارانەدا، ئەوا دەرکەوتنی ژنان و خانمان لە ناو ئه و هەموو میدیا زەردە فان و کاتکوژەی باشوور بۆ سەما و گۆرانیوتن و دابەزاندنی وجوود و بوونی ژن بۆ جەستەیەکی کایەپێکراو و نومایشکراو ئەودیوی دراوەکەیە و هەمدیسان هیچ لە بابەتەکە نەگۆڕدراوە، ڕاستە لەمەی دووەمیان مۆدێڕنەیەکی ڕووکەش و دەمامکدار و لاواز هەیە و پێمان دەڵێ ئەوەتا ژنان و کچان ئازادن چ جلێک لەبەر دەکەن و چی دەپۆشن و چۆن دەجووڵێنەوە، بەڵام کارەساتە گەورەکە هەر ئەم دابەزاندن و کەمکردنەوەیەی بوونی ژنە بۆ جەستەیەکی داتاشراو و نومایشکراو و مەکیاجکراو نەک بینینی ژن وەکوو سەرچاوەی ئەکتی کۆمەڵایەتی و وەکوو سووژەیەک کە توانستی بەشداریی لە کایە فیکری و ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانی کۆمەڵگادا هەیە، بە داخەوە ئێمە لە سەر شاشەکان و لە لایڤەکاندا نموونەی ژیانی تاقیکراوەی هاوسەرگیری یان ژیانی دۆستایەتیی ئه و خانمە مۆدێل دەبینین کە بەرەکەی بووە بە پێکەوەبوونێکی کاتی و دابڕانێکی پڕ کارەسات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاو دەکرێتەوە و پەرەی پێدەدرێت و کاریگەریی نەرێنیش بەجێدێڵێت، ئێمە دەبینین به و هەموو ئازادی و دەستڕۆیشتووییەشیانەوە لەڕووی مادییەوە دیسان دۆخی ئەوان لە قەیرانێکی کوشندە دایە و لە بازنەی شووناسێکی شێوێنراو و سەرگەرداندا خۆیان دەبینینەوە، ڕەنگە ناڕەوا نەبێت بۆ سەلماندنی باسەکەی خۆم ئەم پرسیارە بکەم کام یەک لەوانە ژیانێکی هاوسەرایەتی کە کۆڵەکەی خێزان و کۆمەڵگایە بە بێ ئه و پەراوێزانەی سیستەمی پیاوسالار زاڵی کردووە بەشێوەی دروست و ڕێک و پێک پێکەوە ناوە و شکستی نەخواردووە و دواتر هەر ئەم شکستەی نەکراوه، یان نەکردووە بە دەهۆڵ و زۆڕنا لە میدیا زەردەکاندا؟
دیارە هەمدیس ئەوان دەتوانن وەکوو وەرگرتنی کۆپییەک لە سیستەمە ئایدۆلۆژیک و تیۆرە ڕۆژئاواییەکان بڵێن ئێمە مافی خۆمانە ژیانی هاوسەرگیریش پێک نەهێنین، ڕەنگە تا ئێرەش هەر بتوانین مافی ڕاستی و ڕەوایی ئەوە قسەیەیان بدەینێ بەڵام ئایا هەموو بوونی ئەوان لە ناو گۆرانی و میدیا و هەڵپەڕکێ و ژیانێکی کاتی و تێپەڕی نومایشکراوی سەر شاشە و ناو شەقام کورت دەبێتەوە؟ ئایا هەموو بوونی ژن تەنها کایەی جەستە و جلوبەرگ و ئاڵتوون و خۆنومایشکردنە؟ تێڕوانینی ئەوان بۆ ژیان و جیهان و پرسگرەکان لەسۆنگەی لایەن و ڕەهەندی سۆزداریی لە بابەت هاوسەر، دایک چییە و چۆنە؟ یان ئەم تێڕوانینە وەکوو تێڕوانینی تاکێکی ئازادی ئەم کۆمەڵگا پڕکێشەیە دەکەوێتە کوێی ئەم شێوە ژیان و خۆنواندن و نومایشکردنەوە؟ هەم دیسان ئەوەی کە جەستە و جوانی نواندن لە جیهانی ژناندا بابەتێکە پەیوەست بە ژنێتی و ئاساییە شتێکی حاشاهەڵنەگره، بەڵام دووبارە دێینەوە سەر هەواری هەمان پرسیار ئایا ئەمە تاقە ڕەهەندی وجوود و دەرکەوتەی ژنانە؟ پێم وایە ئێمەی ژنان ئەگەر بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەوە نەڕوانینە ئەم دۆخەی بەشەرەفکردنێکی جاهیلانه (وەکوو لە حیکایەتەکەدا گێڕامەوە) و دواتر بەکاڵاکردنەوە هەموو یادکردنەوەیەکمان وەکوو نومایشکردنێکی کاتیی و بۆنەیی دەمێنێتەوە و تەنها شێوەیەکی ناسک و مەکیاجکراوی فەرامۆشییە کە بە ناوی یادکردنەوەوە میدیاکان بۆمانی بڵاو دەکەنەوه تاکوو هەم خۆمان و هەم پیاوانیش زیاتر لە ناو دونیایەکی وانوێنراو و مەجازی و بەکاڵاکراودا نغرۆ ببین.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!