ناونیشانی بابەت: ژن وەکوو چێژ و گوناهی خەلیقەت
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“ئەبوبەکر بەغدادی و ژن و سەبایاکانی”
ئەستەمە لە هەر گەڕانەوەیەکمان بۆ دەقە پیرۆزەکان دەلالەتێک لە ژن بدۆزینەوە کە گرێی نەدات بە گوناه و چێژەوە، یان بە شێوەیەک لە شێوەکان هەڵینەپێکێت بە ئاوەز و ئەقڵێک کە جۆرێک نوقسانی و کەم و کورتیی تێدایە. ئەگەر بە ویژدانەوە قسە بکەین ئەمە هەر دەقە پیرۆزەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەک لە بەشێک لە ئەفسانە و ئوستوورەکانیش کە دەکرێت وەکوو پێناسەیەکی میتافیزیکی-میتۆلۆژیکاڵ بۆ دنیا چاوی لێ بکەین، ڕەنگی داوەتەوە، ڕەنگە ئەم پێناسە و گێڕانەوانە لە نەتەوە و کولتوورێکەوە بۆ نەتەوە و کولتوورێکی دیکە جیاواز بێت بەڵام بەڕێژەی زۆر و لە حاڵەتی زاڵدا بە دەوری ئه و دوو چەمکە واتە گوناه و چێژدا دەخولێنەوە، ناتوانین نکۆڵیکاری ئەوە بین لە بەشێک لە ئەفسانە و ئوستوورەکاندا ژن ڕۆڵی بکەر و بەشدراویشی پێداراوە و وەکوو کان و مەعدەنێک لە ژیان هێنراوەتە ناو کایەکەوە، نموونەی ئەم ئامادەگییە دوو فاقییە هەم لە حیکایەت و ئەفسانە کوردییەکان (کۆکراوەی م.ب. ڕوودینکۆ، تاران، بڵاوگەی آگە)دا هەیە و بەتایبەتیش لە ئەفسانەی شاماراندا. بەڵام تەنانەت لەوانەش لە گۆشەنیگای مرۆڤەوە (نەک ژن یان پیاو واتە نە لە سۆنگەیەکی پیاوانەوە و نە لە سۆنگەیەکی ژنانەوە چاو لە ئەکتیڤ یان پاسیڤبوونی کارئەکتەر و ئامادەگی ژن بکەین بەڵکوو لە دەرەوەی سەپێنراوە پیاوانەیی و ژنانەییەکان واتە لە چوارچێوەی پێوەرێکی یەکسانبینی مرۆییدا و وەکوو بوونەوەرێک بە تایبەتمەندیی خۆیەوە بڕوانین لێی).
قورسایی پێگەکە بەره و لای لاوازی و درزیی ژندایە، هەموو ئەفسانەکانی ئافراندن بە ئێمە دەڵێن ژن گوناهکار و فریودەری یەکەمینە و ئه و ئادەمی خستە داوی تامکردنی میوەی قەدەغەکراو و پیلانەکانی ئەهریمەنەوە، دیارە ئەفسانەکانی ئافراندن مەبەست لێی زیاتر دینە ئیبراهیمییەکانە. ئەمە شتێکی سەیر نییە وێنایەک کە لە حەماسەی گیلگامێش(چەند هەزار ساڵ پێش زاین)دا لە ژن خراوەتە ڕوو بە تۆزێک پەلوپۆکردن یان پەلوپێدانەوە لە دەقە کاریگەرە پیرۆز و ناپیرۆزەکانی دواتردا دووپات بووبێتەوە، بۆ نموونە کاتێک ئەنکیدۆ لە ئاسمانەوە دادەبەزێت تاکوو بە دەم هانا و نزای خەڵکەوە بێت و ڕووبەڕووی گیلگامێشی دەسدرێژیکار و ستەمکار بێتەوە، ئەنکیدۆ بە شێوەیەک لە شێوەکان هاوتا دژەکەی گیلگامێشە، ئه و گیلگامێشەی کە دوو لە سێی لە شێوازی خودا و یەک لە سێی مرۆڤ بووە، ئەنکیدۆ وەکوو بوونەوەرێکی دڕندەی کێوی دەردەکەوێت، دواتر بە حیکمەتی زانای شاری ئورووک شامهات وەکوو سۆزانییەکی مەعبەد واتە سۆزانییەکی ئایینی یان وەکوو هاتووە سۆزانیی پیرۆز، یان هەر ناوێکی دیکە ڕادەسپیردرێت بۆ کەویکردن و بەمرۆڤکردنی ئەنکیدۆ. لەم بەشەی گیلگامێشدا ڕاستە جەستەی ژن وەکوو هێزێکی ڕامکەر و کەویکەر لە هەمبەر دڕندایەتی بەکار هاتووە، و ڕاستە هەر ئه و ڕوانگەیەش هەبووە کە ئەم کارە لە دەرەوەی یاسا و نۆرمە باوەکانه، بەڵام چونکە بۆ مەعبەد و شوێنی پیرۆز دەکرێت کەواتە کێشەی نییە و تەنانەت دەبێت وەکوو ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی پیرۆزیش چاوی لێ بکرێت، بەڵام یەکێک لە گرینگترین شتەکان کە لەم ڕەوتە و لەم ئەفسانە ئایینی و غەیری ئاینییانەدا بە نیسبەت ژنەوە پشتگوێ خراوە بەکارهێنانی جەستەیەتی لە دەرەوەی بیرکردنەوە و بڕیارەکانی خۆی، بێگومان ئێمە ناتوانین چاوەڕوانیمان لە شاهماتی چەند هەزار ساڵ مەمەوبەر بێت کە ناڕەزایی دەربڕێت و بڵێت من چۆن جەستەم وەکوو ئامراز بەکار دەهێنم تاکوو دڕندەیەکی نەناسراو و نامۆ کەوی بکەم و بیگرمە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی شاری ئورووک، چونکە خودی شامات و ئه و پێکهاتە لە بەهاکان و سیستەم و هەرچییەک ئه و جیهانەی پێکەوە ناوە و پێناسەی کردووه، ڕۆڵێکی بەناوی سۆزانیی پیرۆزی مەعبەد به و کارئەکتەر یان کەسایەتییە داوە و تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە زۆر چێژیشی لێ وەربگرێت و پێشی شادومان بێت.
کەواتە له و سەردەمە واتە لە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش زاین ئاوەها وێنایەک بۆ ژن لە چوارچێوەی جەستە واتە هەمان چێژدا دیاریکراوە، ئەم وێنە ئەفسانییە نەک تەنها لە کتێبە پیرۆزەکاندا بەڵکوو لە فولکلۆر و بە دەربڕینێکی دیکە دەقە کەلتوورییەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، فولکلۆری کوردیی پڕە له و مەدح و ستایشە ئیرۆتیکی و نازکێشانانەیەی کە ژن تا ڕەچەڵەکی خواژنە جۆراوجۆەکانی جیهانی کەونارا لە چێژ و خۆشەویستیدا دەگەڕێنێتەوە. ئەمەی کە دەڵێم چێژ مەبەستم هاوکات گوناهیشە، چێژ دەرکەوتە جەستەییەکەی گوناهە و ئاوسە بە پێناسەکردنی گوناه، هەر وەکوو چۆن خۆشەویستیش وایە، واتە لەم کۆنتێکست و زەمینەیەدا کاتێک باسی چێژ دەکەین هاوکات باسی ژن و گوناه و کۆمەڵێک مەدلوولی دیکەی ئایدۆلۆژیکی ئایینی و ئەخلاقی دەکەین کە هیچ پێگە و جێگەیەک بۆ ژن وەکوو بەشێک لەم پرۆسەیە قائیل نین و بڕیارەکان لە سەر ژن و جیهانەکەی هەمیشە له و بنکە بەرزانەوە دێن کە ژن بە هاودەست و هاوکاری ئەهریمەنی ئەزەلی و هاوتا و هاکێشی گوناﮪ و چێژ دەزانن.
دیارە له و داڕشتە سەرەتاییەی کارئەکتەری ژن لە دەقی گیلگامێشەوە بۆ دەقە پیرۆزەکان و دواتر بەرهەمە ئەدەبییەکان و فۆرم و پێکهاتە کولتوورییە جۆراوجۆرەکانی ئێستە گۆڕانکاریی ئاڵۆز و جۆراوجۆر هاتووەتە ئاراوه؛ گۆڕانکاریی هەم بە بارە ئەرێنییەکەیدا و هەم بە بارە نەرێنییەکەشیدا، هەم دەمامکی نوێی بە بەردا کراوە و مەکیاج کراوە و هەمیش لک و پۆپی بۆ زیاد کراوە. بۆ نموونە ئێمە کە لە کۆمەڵگایەکی کەم خوێندەواری ئیسلامیدا گەورە بووین و بە بەها ئیسلامییەکان گۆش کراوین، هەمیشە ڕێز و کەرامەتی خۆمان نەک تەنها بەپێی ئامۆژگارییە دینییەکان بەڵکوو بەپێی بەها نەریتییە باوکسالار و پیاوسالارانەکانیش، هەر پاراستووە و ئەمە ئێستە هەم بەشێکە لە وشیاریی و خودئاگایی ئێمە و هەمیش وەکوو کارێزێک ناوشیار و گیانمانی تەنیوە و حورمەت و کەرامەت بۆ ژن لە هەر شتێکی دیکە بۆمان گرینگترە. بەڵام بەهۆی هەر ئه و کەم خوێندەواریی یان نەخوێندەوارییەی ئەم کۆمەڵگایە یان بەهۆی بەشێک لە کایەی چاوبەستکاری ئیسلامی سیاسی و گوتاری ئایینی و دیزەبەدرخۆنەکردنی مەلا و مامۆستایانی ئایینی و بەم شێوەیەش ئیستیغلالی کۆمەڵکردن ئەوا بەشی هەرە زۆری موسڵمانان بە نەخوێندەوار و خوێنەوارەوە ئه و ڕوانینەی کە ڕەوتگەلێکی ئایینی وەکوو داعەش، ئەلقاعیدە، بوکوحەرام، کۆماری ئیسلامی و دەیان وڵاتی دیکەی موسڵمان بۆ ژن هەیانە و لە مێژووی ئیسلام و دەقە پیرۆزەکاندا بەشیوەیەک لە شیوەکان هەڵگۆزراون نەزانن، لەم ساڵانەی دواییدا شەپۆلێک لە ڕۆشنگەریی دینی کە یەکێک لە پێویستترین شەپۆلەکانی وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و لەدایکبوونەوە و “ڕینسانس”ێتی کەوتووەتە گەڕ، سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵیک بەریەککەوتن و پەلاماری ناخۆش و ناتەندروستی دوو گوتاری ئایینی و غەیری ئایینی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام لە دواجاریشدا بەره و ڕەخنە و ڕۆشنگەریی دەچێت، ڕاستە لە یەکەم دەرکەوتندا ڕەنگە بەشێکی زۆر لە ئێمە بە دەمارگرژییەوە ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببینەوە و قبووڵی ئه و ڕاستیی و حەقیقەتە مێژوویانە نەکەین چون دینەکەمان لامان دینێکی پیرۆزە بەڵام وردە وردە ئێمە ناچار دەبین ئەم هەموو فاکتۆر و بەڵگانە قبووڵ بکەین و، لە دواجاردا بیریان لێ بکەینەوە و ئەم بیرکردنەوە یان بەرەو گۆڕانی جیهانبینی بمانبات یان ڕەخنەکردن و چاکسازی ڕوانگە و جیهانبینیمان و لە هەر حاڵەتدا هەر دەسکەوت و گەشەیە.
یەکێک له و نموونانە ئەوەیە کە هەر لەم ساڵانەی دواییدا له و مشت و مڕ و مقۆمقۆ بەردەوامەی نێوان ئایین و ڕەخنەگرانیان دەرکەوت و لە زاری بانگخوازان و مەلایانەوە ئاشکراتر کرا ئەوە بوو کە پێغەمبەری خودا(د.خ) چەندین کەنیزی هەبووە و، کەنیز وەکوو بابەتێکی ئاسایی ژیانی ئه و سەردەمەی موسڵمانان بەتایبەتی لە کاتی شەڕ و غەزوەکاندا بووە، ئەگەر ئێستە ئەمە بە پیرەپیاو و پیرەژنە نەخوێندەواره موسوڵمانەکانی گوند یا شارەکانی کوردستان بڵێی بەڕادەیەک جێگەی باوەڕ نییە بۆیان، لەوانەیە ڕووبەڕووت ببنەوە و قسەشت پێ بڵێن، من لە سەر ئەمە قسە ناکەم کە هۆکارەکانی ئەوەی ئه و سیستەمە له بەکاڵاکردنی ژن له و سەردەمەدا و لە ناو مەکینەی جەنگەکاندا چییە و چۆنە، بەڵام لەم سەردەمەی ئێستاماندا داعەش نموونەیەکی تەوا زیندوویە له و ڕۆژگارەی کە لە زیاتر لە هەزار و چوارسەد ساڵ پێش ئێستا لە دەقە پیرۆزە مێژوویی و ئاسمانییەکاندا باسی کراوە، دانپێدانانەکانی “ئەسما محەمەد” وەکوو یەکێک لە ژنەکانی ئەبووبەکر بەغدادی تەنها بۆ ئەوانەی جێگەی سەرسووڕمانە کە ناتوانن قووڵایی ئه و کارەساتەی پێناسەکردنی ژن وەکوو چێژ و گوناﮪ بەدی دێنێت ببینن، من ئەم کارەساتەم زیاتر لە دە ساڵ پێش ئێستا لە کتێبی ئافاتی(چاپی یەکەم، 1993) مامۆستا “شێرکۆ بێکەس” و بە تان و پۆی شیعر وێنا کردووە و تانوپۆیەک کە هەڵقوڵاوی خوێندنەوەیەکی مێژوویی لە ئایین و دەقە پیرۆزەکان بووە.
هەروەها خودی دانپێدانان و سەرگوزشتە و حەدیسەکان ئەمەمان بۆ دەخەنە ڕوو بەڵام پێویستیە شوێن-کاتییەکانی کۆمەڵگای ئێمە بۆ ئه و بابەتە هیچ کات تەوەرێک نەبووە مامۆستایان و بانگخوازەکان تەنانەت بیریان بە لایشیدا بڕوات، یەکێک له و قسانەی ئەسما محەمەد کردوویەتی ئەمەیە کە داعەش دەوڵەتی ئیسلامی نەبوو بەڵکوو دەوڵەتی ژنان بوو، دیارە پاشخانی بەتاڵ و بۆشی ئه و ژنەی ئەبووبەکر بەغدادی و سیستەمێک لە زمانەوانیی کە لە مێشکیدا بیچمی گرتووە نەیوێراوە یان نەیتوانیوە کە بڵێت دەوڵەتی سێکس و چێژ نەک دەوڵەتی ژنان، چونکە دەوڵەتی ژنان لە دەلالەتە ئەمڕۆییەکەیدا زایەڵە و مەدلوولێکی تاڕادەیەک ئەرێنی و ژن تەوەرانەی هەیە نەک ژن بە کاڵاکەرانە، کەواتە بە ئاسانی دەتوانین بڵێین “ئەسما محەمەد” لە سەر شاشەکان تەنها ڕۆڵیکی مەسڵەحەتی لە شکستێکی گەورەی دەوڵەتە ژنەکەی خۆی و مێردەکەی دەگێڕێت، جیاواز لەوەی بە پێی قسەکان ئه و خۆی ڕۆڵێکی سەرەکی لە دابەشکردنی سەبایەکانی ئێزیدی بە سەر بەغدادیدا هەبووە، وەکوو باس دەکرێت بەغدادی خۆی چوار ژنی هەبووە، ژنی سێهەمی تەمەنی 14 ساڵ بووە، لە پاڵ ئه و چوار ژنەدا 9 بۆ 10 سەبایەی هەبووە کە هەموویان ئه و کچە منداڵە ئێزیدیانە بوون کە داعەش لە پەلاماردانی سنجاردا گرتوونی و وەکوو کەنیزە یان کۆیلەی سیکسی بەکاری هێناون، یەکێک لە سەبایەکانی تەمەنی 12 ساڵ بووە، ئەوانیتریشیان هەر تەمەنیان خوار بووە، بێگومان ئەم کۆیلەکردن وکۆیلەپەروەرییە بە بێ سەرچاوەی دەقی پیرۆز نایەتە ئاراوە، بەڵام دەبێ بپرسین ئەم تاقانە ڕیگەیە کە دەقی پیرۆز له و چرکەساتەدا دەیخاتە ڕوو؟ یان جگە لە دەقەکە کۆمەڵێک میکانیزم وهۆکاری دیکەش بەشدارن؟
بە هەرحاڵ ڕەوایە بپرسم ئایا ئامیان و هەوێنی خوێندنەوە بۆ ئەم کردەوەیە لە دەقی پیرۆزدا هەیە یان نا و یان تەنها ڕوانگەی ئیسلامی سیاسی و سیستەمێکی خەلافەتی جێگومانی وەکوو داعەش پێڕەوی دەکات و خۆی وەها خوێندنەوەیەک ڕۆدەنێت و بە زۆری زۆرداری بە سەر دەقەکاندا دەیسەپێنێت؟ ئەوە بابەتێکە بەر لە هەر شتێک نەک مەلا و بانگوازە ڕادیکاڵ و دەمارگرژەکان بەڵکوو دەبێت توێژەران و ڕۆشنبیرانی بێلایەن و خاوەن لۆژیکی زانستی ئیشی لەسەر بکەن، بەڵام بەش بەحاڵی خۆم وەکوو ژنێک واتێدەگەم هەوێنی ئەم بەکۆیلە و کەنیزکردنە لە چەقی ڕووداوەکان و دەقەکانی سەردەمی ئیسلامدا هەیە و لە ئەفغانستان و ئێراق و سوریای سەردەمی داعەش و هەندێ وڵاتی موسڵماندا هەبووە و هەیە و بگرە بە شێوەی شاراوە و نهێنیش هەر ئەم سیستەمە پێڕه و بکرێت، سەرێکی دیکەی ئەم بەکاڵاکردن و بە کەنیزەگرتنە کە لە چێژدا خۆی یەکەمجار بەرجەستە دەکات هەر وەکوو وتم گوناهە، واتە بەم شێوەیە هەم پێگەیەکی ئۆبژەکراو و بەرکاریان بەسەردا دەسەپێنن کە ژن لە سەر ڕەواترین و زەقترین بوونی خۆی کە جەستەیەتی هیچ دەسەڵات و بڕیارێکی نەبێت و بوونی ژن ببێت بە سەرچاوەیەکی چێژ بۆ بەدیهێنانی خواستە سیکسیی و ئارەزووە شەهوانییەکانی پیاو و هەمیش ئه و ناوەند و کانەی گوناﮪ کە جەستەی ژنە ڕام و کەوی بکرێت، لە ڕاستیدا ئەمە جەوهەری هەموو ئه و سیستەمانەیە کە بە پلەی یەکەم پیاو دایڕشتوون و دەقەکانیشیان بۆ بەرهەم هێناوە ئیتر چ ئه و دەقانە میتافیزیکی و ئایینی بن یانژی ئەدەبی و ئوستوورەیی، بە هەموو ئەمانەوە من هەڵوێستی زۆر ڕۆشنبیری عەلمانی و ڕەخنەگرم بەلاوە سەیرە کە بە ڕۆحیەتێکی پارێزخواز و کۆنسێرڤاتیڤەوە بە جۆرێک قسە دەکەن وەکوو ئەوە وابێت ئەم بەکەنیزەکردنە تەنها و تەنها بەرهەمی تێڕوانینی هەندێ گرووپی وەکوو داعەش بێت و دەقەکان خۆیان ئه و زەمینەیەیان نەداوە بە دەستەوە کە ئەم سیستەمانە لێیانەوە لەدایک بن، لە ڕەخنەکردن و ڕۆشنگەریدا دەبێت ئێمە ڕاشکاو و ڕاستگۆ بین و کایە زمانی و زمانبازییەکان جگە لە بەرهەمهێنانەوەی دۆخی هەنووکە و ڕاگرتنی دڵی ئەم گوتارەکە و ئه و گوتارەکە هیچ سوودێکیان نییه. لە حاڵێکدا بۆ هەر جۆرە گەشە و چاکسازی و گۆڕانێک ئێمە پیویستمان بە گوتار و دیالۆگی ئالنگاری ساز هەیە نەک ئەوەی قسەی چەندگۆشە و توێکڵداری وەها بکەین کە هەم عیلمانییەکان ڕازی کەین و هەمیش ئیسلامییەکان نەیەنە دەنگ لێمان و هەمیش فیگۆری دیموکراسیخوازی و ڕێزگرتن لە مافی ژنان لە خۆماندا بەرجەستە کەین، کێشەی جەوهەریی گوتاری ڕۆشنگەریی ئێمە ئەوەیە ناپەرژێتە سەر ئه و سەرچاوانەی کە لە ژێر کاریگەریی ئەوانەدا بەعسیزم و داعەشیزم و تاڵەبانیزم لەدایک بوون و دەبن.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!