ناونیشانی بابەت: لۆژیکی شەڕ و دۆخی کورد
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
ڕەنگە هەموومان وتە بەناوبانگەکەی فرۆیدمان بیستبێت کە دەڵێت: “شارستانییەت له و چرکەساتەوە دەستی پێکرد کە مرۆڤ لە باتی بەرد، وشەی هاویشت”. دیارە ئاماژە و دەلالەتی ڕستەکەی فرۆید بۆ دۆخێک بووە کە مرۆڤ لە ڕووی زمان و لۆژیکەوە کە دوانەیەکی لێک دانەبڕاون، کرچ و کاڵ و پێشنەکەوتوو بووە، یان وەکوو هەندێک لە ڕاڤە و خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەم ڕستەیەی فرۆید دەڵێن؛ ڕەنگە مرۆڤ گەیشتبێت بە جۆرە تێگەیشتنێک و درکی بەوە کردبێت کە ئیدی بەرد بە ڕادەی وشە بریندارکەر و ئازاردەر نییە. دەکرێت جۆرە جیاوازییەک لە نێوان لۆژیکی سرووشت و لۆژیکی زمان(ئاوەز) دابنێین و لەم سۆنگەیەوە ئەم ڕستەیە بخوێنینەوە، لۆژیکزانەکان پێیان وایە ئێمە لە ڕێگەی زمانەوە بیر دەکەینەوە، گریمانەی ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە مرۆڤی قسەکەر یان ناتیقین، تەنانەت مرۆڤ ئه و کاتانەس کە قسە ناکات و بە بێدەنگی دانیشتووە و لە گۆشەی زیندانێک یان سووچی خانەقایەک یان ژوورەکەی خۆی متەقی لێوە نایەت هەمدیس لەگەڵ خۆیدا قسان دەکات، واتە هیچ کات نییە کە مرۆڤ قسە نەکات، دیارە ئەمە جۆرە لۆژیکێکی بیرکردنەوە لەگەڵ خۆی دێنێت و زمان و بیرکردنەوە بە یەکەوە زیاتر و زیاتر هەڵدەپێکێت، کەواتە قسەکردن و دۆزینەوەی یان باشتر بڵێین هەڵبژاردنی وشە بۆ پەیوەندیکردن بە جیهان و مرۆڤەکانی دیکەوە گۆڕینی فۆرمی ژیانە بە شیوەیەکی بنەڕەتی، لە زایەڵەی کەونینەی سرووشتەوە بۆ نەوا و ئاوازەکانی ئاوەزی مرۆڤ.
بە هەر بارێکدا ئەم ڕستەیەی فرۆید بخوێنینەوە نکۆڵی لەوە ناکرێت کە وشە و بەرد لە سەرەتادا هاوبەشییەکیان پێکەوە هەبووە، ڕەنگە سەرەتا وشەکان بەردئاسا وەکوو جێگرەوەی شەڕەکان لە سەردەمی دەسپێکردنی شارستانییەتدا بوونە، له و سەردەمانەوە تاکوو ئێستە قۆناغی سەیر و سەمەرە و سەرسووڕهێنەر بەسەر کولتوور و ژیاری مرۆییدا تێپەڕیوە و مرۆڤ لە ئاستی تەکنەلۆژی و پێشکەوتنەوە لە بەردەقانی و مەنجەنیقەوە گەیشتووە بە درۆن و بۆمبی ئەتۆمی و کیشوەربڕ، بەڵام به و حاڵەش هێشتا بابەتی شەڕ(evil) و برینداربوون و دەستدرێژی و هەموو ئه و شتانەی کە لە سەردەمی پێش شارستانییەت و ژیاری مرۆڤی وەکوو یاسای دارستان زاڵ بوون (واتە ئه و بابەتانەی پەیوەست بوون بە مەرگ و ژیان و شێوەکانییەوە) هێشتا بە جۆری دیکە و دەکرێت بڵێین سامناکتر و ئاڵۆزتر لە ئارادایە، بە دەربڕینێکی دیکە ئێمە لە ڕووی ئامراز و ئامێرەکانەوە زۆر پێشکەوتووین، تەنانەت لە ڕووی سیستەمی وشە و لۆژیکی زمانییەوە کە بێگومان کۆڵەکەیەکی سەرەکیی هەموو پێشکەوتنەکانی دیکەی مرۆڤ بووە و ئێستەش هەر وایە، ئەم پێشکەوتنەمان ئەزموون کردووە. بەڵام پرسی سەرەکی لەم ڕێگەبڕین و پێشکەوتنە شۆڕشگێرانەیەی مرۆڤ لە هەموو بوارەکاندا واتە لە چاخی بەردەوە بۆ سەردەمی وشە و پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەسکرد و…هتد.
ئەمەیە کە ئایا مرۆڤ بەم پێشکەوتن و ڕێبڕینە دوورودرێژە مێژووییە گەیشتووە بە ئامانج و مەبەستەکانی خۆی؟ ئایا هێوری و مرۆڤدۆستییو مەوداگرتن لە بەدەوییەت و شەڕانیبوون هاتووەتە ئاراوە یان تەنها شێوەکەی گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟ بێگومان کەس ناتوانێت حاشای دەسکەوتە درەوشاوەکانی پێشکەوتنە شێنەیی و یەک لە دوای یەکەکانی مرۆڤ بکات، هەندێجار ئەم پێشکەوتنانە هێندە بنەمایی و یەک لە دوای یەک بوونە کە لە ژێر ناوی شۆڕشی زانستی و پیشەویی و …ناوزەد کراون، بەڵام هەمدیسان ئەم پرسیارە دەمێنێتەوە ئایا ئێمە بەم هەموو پێشکەوتنە لە دۆخی شەڕ بە مانا ئیلاهیاتی و فەلسەفییەکەی دوور کەوتووینەتەوە؟ واتە ئایا ئەهریمەنی شەڕ و تاریکی سێبەری نەخستووەتە سەر هەوربڕە گەورەکانی ژیاری مرۆڤ و بینا مەزنەکانی فەلسەفە و سیستەمە سیاسییەکان؟ ئایا نازیسم، فاشیزم، بەعسیزم، ئێرانیزم و هەموو ئه و ڕەگەزپەرەستییە زاڵانەی ئەمڕۆ و دوێنێ مێژووی جیهان و ناوچەکە بە مانای ئەوە نییە مرۆڤی شارستانیی زۆر لە دۆخی شەڕانی دوور نەکەوتووەتەوە و بگرە لە ڕووی ئامراز و ئامێریشەوە دەسەڵاتێکی وەهای پەیدا کردووە کە دەتوانێت چارەنووسی گۆی زەوی و تەنانەت کاکێشانەکانیش بخاتە مەترسییەوه؟ بە سەرنجدان بەم پرس و هەڵوەستەکردنانە بەڕاستی ناتوانین بە ئاسانی بڵێین و بڕیار بدەین کە مرۆڤ لە دۆخی شەڕ دوور کەوتووەتەوە و وەکوو تیۆدۆر ئادۆرنۆی بیرمەندی ڕێبازی فرانکفۆرتی دەڵێت مێژووی پێشکەوتنی مرۆڤ پێشکەوتن نییە لە سەردەمی مرۆڤی بەدەوییەوە بۆ مرۆڤی مەدەنی و شارستانی بەڵکوو پێشکەوتنە لە تیرکەوانەوە بۆ بۆمبی میگا تۆنی، لە ڕاستیدا فرانکفۆرتییەکان لە قۆناغێکدا ژیان کە فاشیزم لە چڵەپۆپەی خۆیدا بوو و مۆدێڕنیتە هەموو ديوە ڕەش و تاریکەکانی ئامرازگەرایی خۆی دەرخستبوو، هەر بۆیە ڕەخنەخوازیی لە ناو فرانکفۆرتییەکان و ڕێبازی بیرکردنەوەیان پێگەیەکی بەرزی هەبوو و لەگەڵ هەموو هەوڵ و ماندووبوونە شۆڕشگێڕانەکەیان توێژاڵێکی ئاشکرا یا شاراوە لە ناهومێدی و ڕەشبینی بە نیسبەتی شارستانییەتی زاڵی ئەورووپا بەسەر بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانیانەوە دیار بوو.
دیارە ئێستە دۆخەکە ئاڵۆزتر و سامناکتر بووە، زیرەکیی دەسکرد وەکوو مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کیان و بوونی ئینسان باسی لێ دەکرێت و لە کۆڕبەند و کۆبوونەوە جیهانییەکانیش کۆمەڵێک هەڵوێستە و هەڵوێستی جیاواز و دژبەیەکی لەهەمبەردا دەخرێتە ڕوو، ئەمە جیایە لە کێشە و قەیرانەکانی ژینگە و گەرمبوونی گۆی زەوی، باندە مافیاکانی قاچاخی مرۆڤ و بازرگانیکردن بە ئەندامانی لەشی مرۆڤ، شەڕە یەک لە دوای یەکەکانی وڵاتان لەگەڵ یەک، کێشەی چارەسەرنەکراوی سەنگەربەندی نێوان وڵاتان و هتد. بۆ نزیکەی نیو سەدە زیاترە هێشتا کێشەی فەلەستین چارەسەر نەکراوە و بەردەوام خوێن له و جوگرافیایە دەڕێژرێت، بە نیسبەت کوردەوە کە کێشەکە تەواو کارەساتاوییە، ڕەنگە زەقترین ناعەدالەتی و دەرکەوتەی شەڕ لە جیهاندا ئەوە بێت کە بۆ کورد هێنراوەتە ئاراوە، نەتەوەیەکی گەورە و خاوەن کیانی کەونینەوە لەت لەت کراو و بە دەیان جار ئەنفال و ڕاگواستن و پاکتاویان بەسەردا سەپاند، ئێستەس لەم لاوە مووشەکی لێ دەدرێت و له و لاوەش خەریکن شوناسەکەی لە مووچەدا کورت بکەنەوە و خەڵکەکەشی لە سەر خاکی دەوڵەمەند و نەوتاوی هەزاران ساڵەی خۆیان برسی بکەن. بێگومان ڕیزکردنی ئەم کارەساتانە تەنها وەکوو سەرەقەڵەمانەیەکە دەیان و سەدان کێشەی گەورەی جیهانیی هەیە کە مرۆڤایەتی بەشێوەی خوازراو یان نەخوازراو لە قووڵبوونەوەیدا دەستی هەیە و بە شێوەیەک لە شێوەکان درێژەدانە بە بابەت و پرسی شەڕ لە جیهاندا.
بمانەوێ و نەمانەوێ سێبەری ئەم جۆرە لە شەڕ بەسەر کۆمەڵگا و گوتاری کولتووری و تەنانەت کایەکانی ڕۆشنبیری و هونەریشدا شۆڕ دەبێتەوە، پێم وایە یەکێک لە دەرکەوتەکانی لۆژیکی شەڕ کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا ڕەنگی داوەتەوە سەنگەربەندیی ئایدۆلۆژیک و فیکرییە، ئەم دۆخە لە ڕۆژئاوا لە سەنگەربەندییەوە گۆڕدرا بۆ بەرەبەندیی لە زانکۆ و دانیشتن و کۆڕبەندە کولتووری و ڕۆشنبیرییە ئاکادیمییەکان، به و حاڵەشەوە ناکرێت بڵێین ئەم قۆناغە لە ڕۆژئاوا بە قۆناغێکی ئایدیالدا تێپەڕیوە و ئێستەش لە تەشقی درەوشانەوەی خۆیدایە چونکە دەرکەوتەیەک لە ئەقڵی ڕۆژئاوایی لە پەرەپێدانی لۆژیکی شەڕ لە جیهاندا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە، دەرکەوتەیەکی تاریک و نەگریس کە ئێستەش بەدواداهاتەکانی ئەستۆگری ئێمە و نەوەکانی داهاتووش دەبێت لە سەرتاپای جیهان و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەمە نەک تەنها بۆ کورد و ئه و دابەشکارییەی کە ڕۆژئاوا پاش جەنگی جیهانییەکان دەستی تێدا بوو بەڵکوو لە هەموو دونیا و هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیای مەزن و دواتر وڵاتانی وەکوو فەرانسە و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوایی (لە سەدەی شانزەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی بیست) ئەم یاسا ڕەشە و ئەم یارییە نەگریسە لە ئارادا بوو، بۆ نموونە هەرێمێک(کیشمیر)یان بۆ ئاژاوە لە نێوان هیندستان و پاکستاندا هێشتووەتەوە و دەیان ساڵە لەسەر ململانێ و کێشمەکێش و جەنگیانە و چینیش ڕۆڵی تێدا هەیە. بە نیسبەت ئێران و ئەفغانستان و هەروەها کوەیت و ئێراق (کە تۆوی ئەوەیان ڕشت تاکوو ئێراق و بەعسییەکان هەمیشە خەونی گەڕانەوەی پارێزگای دابڕاویان واتە کوەیتیان لە خەیاڵدا بێت و هەر ئەم خەونەش بوو بەهۆکاری گەف و پەلاماری سەدام و دواتری شەڕی کەنداو) و دەیان وڵاتی دیکە لە ئەفریقاوە تاکوو ئەمریکای لاتین. لە هەموو ئەم هەرێم و سەرزەمینانەدا ڕەنگە تەنها دۆخی فەلەستین و کورد بەشێوەیەکی ڕەمزی هاوشێوە بن واتە تەنها لە هەندێ ئاستی بچووکدا ئەگینا گەر بەراوردی نێوان دەرکەوتەی شەڕ بۆ فەلەستینییەکان و کورد بکەین بە ئاسانی تێدەگەین کە کورد چەندین قات زیاتر لە فەلەستینییەکان گیرۆدەی شەڕ بووە. ئێمە دەزانین فەلەستینییەکانیش وڵاتیان داگیر کراوە، بەڵام وەکوو کورد وڵاتەکەیان دابەش نەکراوە، فەلەستینییەکان نەکەوتوونەتە بەر هێرش و هەیمەنەی کولتووری و تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن، بەڵام کورد لە هەموو پارچەکاندا کەوتوونەتە بەر ئەوە هەڕەشەیە و تەنانەت ئێستەش لە بەردەم هەڕەشانەدان و دەرکەوتە و ئاسەواریان وەدیار کەوتووە تەنانەت لە باشووری کوردستان کە حوکمڕانییەکی نیوە سەربەخۆیشی هەیە.
فەلەستینییەکان کەمترین کێشەی ئابووری و گوزەرانیان هەیە و لە ئەورووپا و ئەمریکا و کۆی وڵاتە عەرەبی و موسوڵمانەکان پشتگیری و پشتیوانیان لێ دەکرێت بەڵام کورد تەنانەت موسڵمانەکانی خۆشیان بەشێکی زۆریان دان نانێن بە دۆزە ڕەواکەیدا، فەلەستینییەکان دەیان ساڵە کێشەکەیان جیهانیی بووەتەوە و بە هەندێ مەرجەوە دەتوانن خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بن(لانیکەم ئەگەر ئەم هێرشەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل و کوشتن و بەدیلگرتنی خەڵکی مەدەنی ڕووی نەدایا ئەوە بابەتەکی ئاسانتر دەبوو)، بەڵام هیچ کام له و دەوڵەتانەی کە کوردیان کردووە بە کۆلۆنی و داگیرکراوی خۆیان تەنانەت باسکردنی سەربەخۆیی نا بەڵکوو ئۆتۆنۆمیش لە زاری هەر کوردێکەوە وەکوو کوفرێک دەبینن و بە شێوەی جۆراوجۆر سزای هەیە، ئەمە لە حاڵێکدایە زلهێزە جیهانییەکانیش تەنها ئه و کاتانە ئاوڕ لە کورد دەدەنەوە کە حەماسەیەکیان پێویست بێت، ئەگینا لە کرداردا کورد ئامراز و داشەی دامەیانە، ئێستە بۆیە پرسی کورد و پەیوەندیی بە لۆژیکی شەڕەوە ئاوەها زەق دەکەمەوە چونکە دۆخی کورد دۆخێکی تەواو دانسقە و ئاوارەتەیە، هیچ نەتەوەیەکی دیکە ئاوەها دابەشکراو، لە قەیران، بێ پشتوپەنا و هاوکات نایەکگرتوو و خۆخۆر لە سەر گۆی زەوی نابینینەوە! و بە دڵنیاییەوە لەم دۆخە گشتییەش کورد خۆی لە ئاستێکدا بەرپرسە و ڕەخەنەی لەسەرە، بەڵام بێگومان تەنها تاوانبار و بەرپرسی ناو یارییەکانی ئەم هاوکێشەیە نییە بەڵکوو لە سەرووی هەموویان ئەم مێژووە ڕەش و نەگریسەی داگیرکاران و کۆلۆنیالیستانی دەرەکی و ناوچەیی ڕۆڵ دەگێڕن، دۆخی کورد ئه و دۆخەیە کە لۆژیکی تاریکی شەڕ کە ئاوێنەی باڵانوێنی چەوساندنەوە و داگیرکاریی وڵاتان و نەتەوە و خەڵکانی ژێردەستە، تێیدا لە زەقترین حاڵەتیدا خۆی نومایش دەکات، ئه و لۆژیکەی کە خۆی لوول دەدات و دەنەڕێنێت کە بۆچی ئاڵایەک کە هەزران خوێنی بۆ ڕژاوە ئەویش نەک خوێنیک بە ئاڕاستە و ڕێبازی خواست و ئارەزووی شەڕ بەڵکوو بۆ بەرگری و پاراستنی خۆی و خوا و خاکەکەی دەبێت هەبێت؟ لۆژیکێک کە پێی وایە زمانی کوردی یان هی تورکە کێوییەکانە یان بەشێکە لە زمانی فارسی یان زمانی دێو و درنجەکانە کە حەدیسیان لەسەر دەهێننەوە! لۆژیکی شەڕ ئه و لۆژیکەیە کە وەکوو نیچە دەڵێت لە ڕۆژگاری ئاشتیدا بەر دەبێتە گیانی خۆی.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!