ناونیشانی بابەت: کولتووری پێکەوە ژیان؛ هەل و هەڕەشەکان
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“بەبۆنەی ڕۆژی کریسمێس”
“پێشەکی”
کوردستان وڵاتێکی فرەڕەنگ و دەوڵەمەندە، هەم لە ڕووی سرووشتەوە و هەم لە ڕووی پێکهاتی کۆمەڵایەتی و تەنانەت زار و بنزارەکانییەوە، ئەمەش هاوکات لەگەڵ ئەوەی سیمایەکی فرەڕەهەند بەم جوگرافیا دێرینە دەبەخشێت هەم وەکوو هەل دەبینرێت و هەمیش وەکوو مەترسی. خۆی لە بنەمادا ئەم فرەڕەنگی و فرەدەنگییە هەله، بەڵام هەلەکان بەپێی دۆخەکان و هاوکێشەی سیاسیی بەتایبەتی لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا دەبن بە هەڕەشە و ئەمەش سەرەتای دابڕان و قەڵشتێکی گەورەیە هەم لە شوناسی نەتەوەییماندا و هەمیش لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی نیستیمانیماندا.
نموونەی گۆڕانی هەلەکان بۆ مەترسییەکان ئه و فرەزاراوەییەیە کە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان و لە ڕێگەی لێکۆڵەرانیانەوە دەکرێت بە هەڕەشە، هەر وەکوو چۆن زاراوەی کەلهوڕییان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستە ژێر کاریگەریی زمانی فارسییەوە و لەگەڵ ئەوەی کە بەوپەڕی هێزییەوە بەرخۆدان دەکات بەڵام هۆکاری جۆرە دابڕان و هەستکردن بە نامۆییە لە نێوان ناوچەی کەلهوڕنشین و جاف یان سۆراندا، ئەمە بە نیسبەت ئایینیشەوە ڕاستە، لە کوردستان زۆر ئایین و مەزهەب هەنە کە ئەگەر لە پلانێکی ستراتیژی نەتەوەیی-کولتووریدا لێکیان نزیک نەخەینەوە بە دڵنیاییەوە پوازێکی کوشندە و خەساردەره بۆمان چونکە ئایینەکان بەپێچەوانەی زمانەکان بە ئاسانی لەگەڵ دۆخەکەدا ناگونجێن بۆ نموونە زمانەکان بەپێی تیۆرەی “زمانی کراوە” دەتوانن وشەی ناو زمانانی دیکەش قبووڵ بکەن و خۆشیان هەر بپارێزن و لەگەڵ هەموو زمانانی دیکە لە عەینی دانوستاندا هەڵبکەن، بەڵام ئەمە بۆ ئایینەکان بەڕاست ناگەڕێت چونکە زۆربەی زۆری ئایینەکان لە بنەما پته و و نەگۆڕەکانی خۆیان پێڕەوی دەکەن، لانیکەم ئەم تێگەیشتنە تەقلیدی و نەرێتییە بۆ چوارچێوەی شەریعەت و بنەما ئایینییەکان هەیە و قەناعەتپێکردنیان لەخۆگری کارکردنی ئەقڵانی و ئاوەزمەندانە و لە هەمانکاتدا شەرعییە لەسەر ئەوەی ئەم ئایینانە پێکەوە هەڵبکەن و بنەما دژە یەکەکانیان لانیکەم بەپێی دۆخی سەردەم و دۆزی کۆمەڵگای کوردی تۆزێک نەرم و نیانتر بکەن.
وەک دەزانین لە کوردستان ئایینەکانی ئیسلام (بە هەر دوو مەزەوی شیعە و سونەوە)، جوولەکە، مەسیحی، ئێزیدی و ئەهلی حەق و…هتد هەیە، ئەگەرچی بەهۆی دۆخی کورد لە باشوور ئەم پێکهاتە ئایینیانە نەیانتوانیوە بە باشترین ڕادە پێکەوە هەڵبکەن و وەکوو شێوەژیانێکی ئایدیال و نموونەیی بخرێنە ڕوو، بەڵام تا ئه و شوێنەی لە ژیر دەسەڵاتی کولتووریی کوردستاندا بووە هەولێکی زۆر و باش دراوە، کە هەموو ئەم ڕەنگە جیاوازانەی دونیای مەعنەویی لە پاڵ یەک و بێ کێشە و گرفت ژیانی کۆمەڵایەتی بەڕێ بکەن و تەنانەت خاڵ و قۆناغی درەوشاوەشی تۆمار کردووە، ئەمەش لە ڕۆژهەڵاتێکی خویناوی و قوربانیی دەستی تووندئاژۆیی ئایینیی خۆی بەڕاستی دەسکەوتێکە، دەسکەوتێک کە لە بەردەم هەڕەشەدایە و تەنها ڕێگەش بۆ پاراستنی هەر ئه و ڕێزلێنانە و ئه و بەهادانەیە بە پیرۆزییەکانی یەکتر، بۆ نموونە لە ڕۆژی کریسمەسدا پیرۆزبایی مەلاکان یان میری ئێزیدییەکان لە مەسیحییەکان ڕوخساری سەردەمیانەی کۆمەڵگای کوردی و ڕۆحی سازان و نەرمونیانی کولتووری کوردی زیاتر دەردەخات، بەڵام هاوکات بە بێ پلان و نەخشەڕیگایەکی کولتووریی بەردەوام و بەهێز ئەمە تەنها هەڵکردنێکی یاسامەندە و نابێت بە بەهایەکی کولتووریی و کۆمەڵایەتی قووڵ، ئەگەرچی دەکرێت ئیدەعای ئەوە بکەین کە تا ڕادەیەک ئەم بەهایانە لە ناخی بەشێک لە کۆمەڵگادا ڕەگئاژۆ بوون، بەڵام دەبێ وشیاری ئەوەش بین کە لە ڕاستیدا گوتاری تووندئاژۆی ئایینی هێشتا لە کوردستاندا کارایە و بەشی خۆشی بەردەنگی هەیە و گۆڕینی ئەو تووندئاژۆییە بۆ نەرمونیانی کولتووری و نیشتیمانی پێویستی به و پلان و نەخشەڕێگەیە هەیە کە تیشکم خستە سەری تاکوو له و ڕێگەیەوە ئایینەکان بتوانن لەگەڵ یەکدی باشتر بکەونە گفت و گۆوە و ئه و مەودایەی کە لە نێوانیاندا هەیە و هەروەها ئه و غوربەت و نامۆییە شەرئەنگێزانە کاڵ بکاتەوە و لە دواجاردا بیسڕێتەوە.
“گێڕانەوەی هەل و هەڕەشە”
وەکوو لە سەرەوەش باسم کرد یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای کوردی هەر لە دێرزەمانەوە تاکوو ئێستە فرەڕەنگی و جۆراوجۆریی ئایین و زاراوە و بنزاراوەکان بووە. لە ڕاستیدا ئەم تایبەتمەندییە کە پێدەچێت لەناو کورددا زۆر زەق و زۆر و بەرچاو بێت، دەتوانێت هەم مەترسی و هەڕەشەش بێت و هەم هەل و دەرفەت. هەمیشە لە کۆمەڵگا فرەڕەنگەکاندا ترسی ئایدۆلۆژیایەکی یەک بەهاییانەی زاڵ دەبێتە زەمینەخۆشکەری مەترسییەک (چ لە ناوخۆوە بێت چ لە دەرەوە) کە حازر و ئامادەیە واتە ئەگەر بۆ نموونە لە ناو نوسەران و ڕۆشنبیران و چالاکانی ژن و خەڵکی کۆمەڵگا بە گشتی و لە وانەی خوێندنگە و زانکۆکاندا ئەم ڕەنگاوڕەنگی و دەوڵەمەندییەی کولتووری کورد لە هەموو پارچەکاندا فێرکاریی نەکرێت و وەکوو بڕەند و مۆرکێکی جیاواز و تۆکمەی نەتەوەیی نەخوێنرێتەوە، ئەوا بێگومان ئەم وردەپێکهاتە جیاوازانە لە ناو پێکهاتێکی یەکانگیر کە کۆمەڵگەی کوردستان بێت ناگونجێن و دەتوانن دژ بە یەک خوتبە و خیتاب بدەن، ئەگەر ئەم تایبەتمەندییە وەکوو هەل نەبینین ئەوا دەبێت بە هەڕەشە، لێرە من لایەنە ناوخۆییەکەیم باسکرد، بەڵام لایەنە دەرەکییەکەی لە ڕاستیدا هەڕەشەەی گەورەتر دروست دەکات، لە دێرزەمانەوە بەهۆی پێکهاتی خانخانی و خێڵەکییانەی کۆمەڵگای کوردی، زۆربەی کات ڕەوت و بزاڤە کوردییەکان لە لایەن داگیرکەرانەوە فۆرموولە و دایاگنۆستیک کراون لە نێوان خێڵێکی سەروەر و دەسەڵاتدار، و دژەکەی یان لە ڕۆژگاری مۆدێڕندا لە نێوان لایەنێکی حوکمڕان، و لایەنی دژبەر و زۆربەی هەرە زۆریش لەم تایبەتمەندییە لە لایەن داگیرکەرانەوە کەڵک وەرگیراوە.
وەکوو لە پێشەکیشدا باسم کرد؛ پرسیاری سەرەکیی ئەمەیە چۆن ئەم هەڕەشە هێزەکییانە بکەین بە هەلی زێڕین و بیقۆزینەوە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە لە نیگای یەکەمدا سادە دەنوێنیت بەڵام سەرەڕای ئەوەی چ وەڵامێکی دەدرێتەوە، دەبێت بیر لە پلاندانان و پەرەپێدانی ئه و ئایدیا و فیکرەیەش بکرێت کە لە وەڵامەکەدا دەگونجێت. گۆڕینی ئەم هەڕەشەیە بۆ هەل و دەرفەت بەر لە هەر شت وشیارییەکی نەتەوەیی گشتیی دەوێت، ئەوەش نەک تەنها لە ئاستی باشووری کوردستان بەڵکوو لە ئاستی هەر چوار پارچەدا، لە بیرمان نەچێت ئێمە لە سەردەمی گوندی جیهانیدا دەژین و ئێستە کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە باشوور و دەرەوەی وڵات ڕووماڵی ڕێوڕەسمی کریسمەس و جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەکەن، بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی دیکەش بینەری دەبن و دەیکەن بە نموونە و سەرچەشنێک بۆ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ کەمەئاینییەکانی هەبوو لە کوردستاندا. بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەڵخانی، شیعە و سوننەمان هەیە و ئەگەر واقیعبینانە چاوی لێ بکەین بەهۆی سیاسەتی دینی و کولتووری و پلانی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی، ڕوانگەی هیچ کامەیان بۆ ئەویدی تا ئەم ساڵانەی دوایی باش نەبووە، ئەگەرچی شیعە و سونەکان بەهۆی ئەوەی کە لە ئەنجامدا خۆیان وەکوو یەک سەرچاوە زانیوە باشتر پێکەوە هەڵیان کردووە بەڵام قەڵخانییەکان لە ڕۆژهەڵات بەهۆی ئەوەی کە باسم کرد؛ وەکوو نەفرەتکراو و غەوارە و نامۆ بینراون و بەداخەوە ئەم پلانە تا ساڵانێک لەمه و پێش هەر سەرکەوتوو بووە و، دواتر وردەوردە بەهۆی پەرەسەندنی میدیا گشتییەکان و بڵاوبوونەوەی زانیاری و فراوانبوونی پەیوەندییەکان ئه و تێڕوانینە دۆگماییە کاڵ بووەتەوە و ئێستە وەکوو پارچەیەکی مەعنەوی و ڕۆحی و قەوارەیەک لە کوردستان دەبینرێن و لانیکەم ئایینەکەیان نادەنە بەر هێرش و سووکایەتی.
لە باشووری کوردستان بەهۆی ئه و کەشە ئازادەی لە پاش 91ەوە هاتە ئاراوە ژیانی پێکەوە هەڵکرن و سەقامگیریی سەربوردە و پێشینەیەکی دوور و درێژتری هەیە و بەروبوومەکەی دیارە، هەر بۆیەشە دەڵێم باشوور سەرچەشن و نموونەیە بۆ ڕای گشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی دیکە. بە دیوێکی دیکەشدا هەبوونی مەسیحی و جوولەکە و موسڵمان(شیعە و سوننە) لە ناو کورددا دەتوانێت لە پلەی نوسین و گێڕانەوە و بە گشتی بیرکردنەوەی کورد وەکوو مرۆڤ، ڕەنگاڵەیی زیاتر و مانادارتر دروست بکات، بۆ نموونە بوونی جوولەکەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوور کاتی خۆی مایەی دەوڵەمەندکردن و ڕەنگاڵەتربوونی کولتووری زارەکی و زمانی کوردی بووە، تەنانەت لە ڕووی شوێنپێیان لەسەر ڕوخساری شار و بازاڕ و کۆی سیستەمی ئابووری جێگەی سەرنج و بایەخ بوون، ئێستەش لە ڕۆژهەڵات بازاڕی مووساییەکان یان جوولەکەکان لە شارێکی وەکوو سنە گەشتیاری تایبەتی خۆی هەیە و هێندە سەرنجڕاکێش و تایبەتە کە چاو بیرەوەرییە کۆنە کوردییەکان لە بنمیچەکانیاندا بە هێزی خەیاڵ و نۆستالۆژیا هەڵدەکڕێنێت، خودی ئەم فرەئایینی و فرەزاراوەییە هەڵبژاردەیەکی درەوشاوە و شاز دەخاتە بەردەمی ئێمە، ئەویش باوەڕ بە چەنددەنگی و فەزای پلۆڕاڵ و بە گشتی کەشێکی دیموکراسییە.
پێم وایە ئێمە وەکوو هەل و دەرفەتە کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئایینی و زمانییەکان مادەی خاو و هەوێنی ئامادەی وڵات و پێکهاتێکی دیموکراتیکمان دەبێت لە داهاتوودا، ئەویش لەڕێگەی پەرەپێدانی کولتووری قبووڵکردنی یەکتر و پەسندکردنی فرەڕەنگی و جۆراوجۆربوونی ئایینی و…هتد کە ژیانێکی پێکەوەیی و پڕ لە سینگفراوانیمان بۆ بەدیاری دێنیت، هەر بۆیە لەسەرمانە ڕێکخراو و لایەنە پەیوەندیدارەکان (چ باڵە حکوومییەکان و چ ناحکوومییەکان) و بە تایبەتیش پێشەوایانی ئایینە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لەسەر ئەم تەوەرە ئیش بکەن و مانۆڕ بدەن و بەتایبەتی مەلاکانی ئێمە بەهۆی ئەوەی ئایینەکانی دیکەی جگە لە ئیسلام لە کوردستاندا کەمینەن بە خیتابێکی تووندڕەوانە و ڕادیکاڵەوە جەماوەری موسڵمان لەهەمبەر و دژ بە مەسیحی و جوولەکە و ئێزدیدییەکان ئاڕاستە نەکەن تا هەموومان پێکەوە بە هێمنی و لە ئاسایشدا بژین، ئەگەر باوەڕمان بەم تێروانینە هەبێت ئەوا دەبێ موسڵمانانیش بە دڵێکی پاک و بێگەردەوە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە برا و خوشکە مەسیحییەکانیان بکەن و ڕێز بۆ ڕێوڕەسم و بەها ئایینییەکانیان دانێن.
خۆشبەختانە لە باشووری کوردستان لە ژێر چەتری فەلسەفەی پێکەوەژیان ئەم کەشە تا ڕادەیەکی زۆر بە تایبەتی لە
هەولێرهەولێر و
دهۆکدهۆک و
زاخۆزاخۆ کە کەمینەی ئایینی زۆرترە، سەرکەوتووتر بووە. من وەکوو کوردێک پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە هەموو برا و خوشکە مەسیحییەکان دەکەم و هیوادارم ئەم ڕۆژە ببێت بە هەوێنی دەرەوەستبوونی زیاتری هەموومان بە ئەرکەکانمان لە هەمبەر مرۆڤایەتی بە گشتی و کورد وکوردستان بەتایبەتی.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!