ناونیسانی بابەت: کچانی ڕۆژنامەنووس لە نێوان ڕێزگرتن و ڕەتکردنەوە
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“پێشەکی”
تۆڕی میدیایی پانتایەکی بەرینی لە چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و کولتووری ئێمەدا لەم ساڵانەی دوایی داگیر کردووە و، جێگەی حاشاکردن نییە کە بەهۆی ماهییەتی خەمڵێنەرانە و نەخش و نیگارئامێزانەی میدیا، ژنان و کچانیش زیاتر پەلکێشی ئیشکردن له و پانتایە دەبن و زیاتریش دەردەکەون. بێگومان کاتێک دەڵێم ماهییەتی خەمڵێنەرانەی میدیا مەبەستم ئەوە نییە ژن وەکوو کائین و کارئەکتەرێک ببینم کە میدیا و شاشەکانی پێ دەخەمڵێت و ماهییەتی ژنیش هەر ئەوەیە کە میدیا دەیەوێت، نەخێر بە هیچ شێوەیەک. یەکەم ئەوەی کە مرۆڤ بەگشتی و لەوانەش ژن خاوەنی ماهییەتێکی دیاریکراو نییە هێندەی کە ئه و تا کاتی مەرگ لە پرۆسەیەکی بگۆڕ و بزۆزی ماهییەت گۆڕی و ماهییەت وەرگرتندا دەژی و هیچ شتێکی حەتمی و ڕەها و جەبریی بەسەردا ناسەپێت، دووەمیش ئەمەیە کە ئەوە میدیایە کە وێنە و شوناسی درۆینکە و قەڵب لە ڕاستەقینەی کەسایەتی و بوونی مرۆڤ بە ئامانجی پۆپۆلیستی و مێگەلێتی دەخاتە ڕوو و سەرەڕای زۆر دەسکەوتی ئەرێنی و باشە مەترسی و دابەزاندنیشی لەگەڵ خۆی هێناوە.
پرسیارێکی ئاسایی و سادە هەیە کە یەکلاکەرەوەی کۆی ئه و سیستەمە میدیاییەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لەوانەش کوردستان لەگەڕدایە و ئیش دەکات ئەویش ئەمەیە کام سیستەم و دەزگای میدیایی لە لایەن ژنانەوە واتە هەر لە سەرەوەی هەڕەمەکەوە لە لایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێت و سپۆنسەر و پشتگیریکاری سەربەخۆ و بێلایەنی هەیە و لە پێناو ئازارە ڕاستەقینەکانی ژن لە کۆمەڵگای کوردی و هەموو هەل و هەڕەشەکانی بەردەمی دەرکەوتنیان لە کۆمەڵگا هەنگاو هەڵبگرێت؟ ئایا یەک تیڤی یان پەیجی خاوەن ئەزموون و جیدی و یان گۆڤارێک بێلایەنداریی سیاسیی و لە دەرەوەی هەژموونی گوتاری پیاوسالارانە بوونی هەیە کە ببێتە تریبۆنێکی ڕاستەقینە بۆ خەون و مۆتەکەکانی ژنان واتە جیهانی ڕەش و سپیی بوونی ئاڵۆز و فرەجەمسەری ئەوان؟ کەواتە ئەوەی کە دەڵێین ژنان ماهییەتیان بەسەردا دەسەپێنرێت مەبەستی باسەکەی منە نەک ئەوەی کە خۆیان لە ناو هاوکێشەی هەڵبژاردن و ئەزموونکردنی ژیانەوە ئه و وێستگەیە تێپەڕێنن و گۆشەنیگای خۆیان لە کەون و گەردوون وەربگرن و ماهییەتی بۆ خۆیان بدۆزنەوە و هەڵیوەشێننەوە و هەتا دوایی.
لێرەدا دەمەوێت ئاوڕێکی خێرا له و بەستێنە کۆمەڵایەتی و میدیایییە بدەمەوە کە جۆرێک زەبروزەنگ و تووندئاژۆیی لە دژی کچان یان ژنان وەکوو ڕۆژنامەنووس(پێشکەشکار، هەواڵنیر و…) بە شێوازی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنن.
“ڕەگەزی مێ؛ بکەر یان بەرکار؟”
ئه و بابەتەی لە سەرەوە پەیوەست بە هەبوونی میدیا لە ژێر کۆنترۆڵی ژنان ورووژاندم بەدەر لە مەبەستی پرسیارەکە بۆ ڕوونکردنەوەی کەشی زاڵی پیاوسالارانە، هاوکات بەپلەی یەکەم پرسیاریشە لە سەر ئەم بابەتە کە ئایا ژنان بکەر و کردەگەران یان بەرکارو کارپێکراون؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەگەڵ ئەوەیدا تا ئەندازەیەکی زۆر ڕوونە هەڵگری ئاڵۆزیی خۆشیەتی، لە پاش ڕاپەڕین و دواتر لەم ساڵانەی دواییدا بە بەربڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەرکەوتنی زەق و دیاری خانمان له و پانتایەدا تا گوتاری ئەدەبی و ڕۆشنبیریی ژنان کە هەوڵی ئەوە دەدا خۆی خۆی بگێڕێتەوە و خۆی پرسەکانی تیۆریزە بکات، هەموو ئەمانە بەدەر نەبوون لە ئیرادەی بکەرێتی و خواستی کردەگەرێتی بەڵام هاوکات لە ناو داو و تۆڕیکی گەورەی میدیایی و دەسەڵاتی پیاوسالارانە و هەژموونی نێرسالارانەدا پێوە بوون کە ئه و کەسایەتییەی چاوەڕوانیمان لێ دەکرد “بکەر” بێت لە ناو گێژەنی بەرکارێتیدا کارئەکتەری هاڕدرا و وردەوردە ڕاستەقینەی مافی ژنان و ژنێتی فەرامۆش کرد. به بەرکارکردنی ژنانی کردەگرا و هەروەها ژنانی ئاسایی حەشیمەتێکی گەورە لە ژنانی فەرمانبەر و کارمەندی ژێر دەسەڵاتی گوتار و میدیای پیاوسالار دروست بوو کە بەداخەوە زۆربەشیان لە ڕۆڵ و پێگەی پێشکەشکار دەرکەوتوون.
دیارە ئەمەش دابەزاندنی ئاستی بوون و تاکایەتییەکانی ژنان بووە، هەست و نەست و دنیای جیاواز و سەربەخۆی ژنان بۆ چالاکیی چەند پێشکەشکار کە بە دوای بابەتێک دەگەڕێن کە لە چوارچێوەی بەرنامەی میدیایەکدا سەرنجی بینەر ڕابکێشێت و لایک و کۆمێنت بەرهەم بهێنێت، دانابەزێنرێت، ئەگەرچی زۆر پێشکەشکار لە ڕووی بەرهەمهێنانی ناوەرۆک و مانادا خزمەتیان کردووە و دەیکەن، بەڵام ئەمە لە بنەڕەتدا دوورە لە دنیابینی و ئیرادەگەرێتی ژنان و پلانێکی تەواو بازرگانانە و سێکسیسییانەشه (هەڵبەت و بەدڵنیاییەوە نەک هەمیشە بەڵام کەشی زاڵ ئەمەیە). ئەگەر لە بەرنامەیەکدا (کە بەداخەوە ئێستا ئیتر لە بەرنامە ترازاوە و بوو بە یەک پلانی سەرتاسەری بۆ زۆربەی پەیج و کەناڵەکان) کچە پێشکەشکارێک دەیەوێت لە پێناو ڕەسەن پیشاندانی ژیانی کۆنی کۆمەڵگای کوردی و دەرخستنی ڕەسەنایەتی بە مایکێکەوە ئاوارە و عەواداڵی گوندەکان یان گەڕەکە کۆنەکان دەبێت و هەموو هەوڵی ئەوەیە بە ئەدەب و ئەتەکێتەوە ڕایەک یان دەربڕینێک لە پیرەپیاوێک یان پیرەژنێک وەربگرێت بەڵام ڕووبەڕووی جۆرێک تووندوتیژی یان لە ڕوانگەی ئایینی یان لە ڕوانگەی نەریتی و عورفییەوە دەبێتەوە جگە لە میتۆدی سواوی میدیای پیاوسالار و بەئامرازکردنی ژنان بۆ بەرهەمهێنانی ناداهێنەرانەی ناورۆکی بەرنامەیەک کێ بەرپرسیارە؟ من نامەوێت لێرەدا هەموو شتەکان بەسەر ئه و جۆرە میدیایانەدا بشکێنمەوه، بەڵام ئەوان لە بەرکارکردنی ژنان بەم واتەیە بکەرن و لە بکەرخستنی ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی یان وشیارانە یان ناوشیارانە دەگێڕن.
“پێشکەشکاران؛ مۆدێلینگ یان ئاخێوەر؟”
بمانەوێ و نەمانەوێت لە ڕووی ڕواڵەت و سیماوە کچان و ژنانی ئەم سەردەمە جیاوازترن لە دایە و دایه گەورەکانیان، ئەمەش سەپێنراوی دۆخی کۆمەڵایەتی نوێ و هەروەها نەزمی گشتگیری سەردەمە، نوکتەیەک هەیە لە ئێران دەیگێڕنەوە ئیدی چەندی ڕاست بێت یان نا کارمان بەوەی نییە بەڵام جۆرە تەنزێکە بۆ نیشاندانی ئه و دۆخەی کە بەسەر ژنان و کچان لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا هاتووە، “دەڵێن جارێک خانمە هونەرمەندێکی ئەورووپی سەردانی ئێران دەکات و زۆر شەقام و کۆڵانی کۆنی ئێران دەگەڕێت و زۆر شوێنی مێژوویی بەسەر دەکاتەوە، دواتر کە دەگەڕێتەوە لێی دەپرسن ژنانی ئێرانت چۆن بینی؟ ئەویش دەڵێت ئەگەر ئه و هەمووە مۆدێلینگەی لێ نەبایا کۆمەڵگایەکی باش بوو”، واتە هێندە ڕووخسار و سیمای پێڕاگەیشتوو و مەکیاجکراوی بینیبوو پێی سەیر بوو و وای زانیبوو ئەمانە هەمووی کاری مۆدێلینگ دەکەن، ئەم دۆخە بەشێک له و زەمینە مێژووییەی هەژاریی کولتووری و زەبروزەنگی مێژوویی لەسەر مرۆڤی ئەم جوگرافیایە پیشان دەدات، ئێمە کە ڕوخساری دایەگەورە و داپیرانمان دەبینین هێندەی ئازار و ڕەنج بە لۆچی لاجانگ و تەوێڵیانەوە دیارە ڕاستەوخۆترین دەلالەت بۆ روخساریان ماندوویی و شەکەوتی و ئازارە.
ئەگەرچی ئەمە تێکەڵ بە شکۆ و پیرۆزییەک دەکەین، سەرنجی ئەم دۆخەی ئێستای ژنان و کچانیش دەدەین جۆرە یەکدەستی و چوونیەکییەک دەبینین ڕەنگە بە ئاسانی نەتوانین چەند ڕوخساری لێک جیاواز کە هەر کامەیان بەپێی ژێنێتیک و تایبەتمەندییە جوانیناسانەکانی خۆیان بێت دیاری بکەین هێندە لەڕێگەی دەسکاریکردنە دەسکردەکانەوە بە شێوەی نائاسایی ڕوخساریان شێواوە، دیارە کاتێک دیاردەیەکی ئاواهی گشتگیر دەبێت به و مانایە نییە کە دروستە و هاوکاتیش به و مانایە نییە کە دیاردەیەک زاڵ بوو ئیتر هەموو دەرکەوتە و قورساییە وجوودییەکانی ژنان لە کۆمەڵگا بەرامبەر سیفر بکات، کاڵاگەرێتی لە دونیادا دیاردەیەکی گشتگیرە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پەسەندکراو نییە بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کولتوورە نەریت تەوەرەکان، بەڵام بەخۆڕاگەیشتن و جوانکاریی بەشێکە لە ناخی ژنان و پیاوان و زۆر ئاساییە خۆیان بە جوانترین و شیاوترین و بۆنخۆشترین شێوە دەربخەن لە کۆمەڵگادا، هەموو ئەمانەم بۆیە ڕست کە بڵێم کچانی پێشکەشکار لە بێنازترین کچانی ئەم کۆمەڵگایەن، جۆرە ڕۆژنامەنووسانێکی ماڵ بە کۆڵ و مایک بەدەستن کە دەیانەوێت خۆیان بە کۆمەڵگا و میدیایەک کە کاری بۆ دەکەن بسەلمێنن، دەیانەوێت لە پاڵ ئەوەشدا تۆزە پارەیەک پەیدا بکەن و ئاتاجییەکیانی پێ دابین بکەن، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەمانیش وەکوو زۆربەی زۆری کچان و ژنانی سەردەمی ئێستا زیاتر بە خۆیانڕا دەگەن بە شێوەیەک وشیارانە یان ناوشیارانە ڕووبەڕووی جۆرێک ڕەتکردنەوە و زەبر و زەنگ و تووندوتیژی دەبنەوە.
من ئێستە نامەوێت نموونەی چەند ڕۆژی پێشووی هەڵوێستی مامۆستاکە لە هەمبەر ئه و کچە هەواڵنێرە لە خۆپیشاندانەکاندا باس بکەن بە وردی، لە ڕووە شەخسی و میدیاییەکەیەوە بابەتەکە کۆتایی پێ هاتووە و مامۆستاکە پەژیوان بوویەوە له و وتە و قسانەی، بەڵام لە ئاستە کۆمەڵایەتیییەکەیدا ئەمە ڕووداوێک نییە بە ئاسانی بە سەریدا تێپەڕین و دەبێ وەکوو بابەتێکی سۆسیۆلۆژی لەسەری بوەستین و بپرسین بۆچی ئاوەها کردەوەیەک (هەڵبەت نەک وەکوو شەخسێک بە ناوی فڵانی، بەڵکوو وەکوو توێژێک بە ناوی مامۆستا و لە دواجاردا وەکوو مرۆڤێک کە لەم کۆمەڵگایەدا دەژی) لە هەمبەر ئه و کچە هەواڵنیرە پیشان درا؟ ئەگەرچی ئێمە ڕوخسار و شێوەی کچەکامان نەبینیوە بەڵام ئه و هەڵوێستە و ئه و زمانە دەربڕی ئه و جۆرە بەرپەرچدانەوە نەریتییەیەیە کە لە هەمبەر کچێک بە ڕوخسارێکی ئەوڕۆییانەوە دەردەکەوێت، ئەم نموونەیە پێشتریش بە جاران هاتووەتە ئاراوە و پیرەپیاوێک لە هەمبەر وەڵامی کچە پێشکەشکارێکدا وتی هەموو نەهامەتی و غەزەبی دنیا بەهۆی ئه و لەچکنەپۆشی و سەرڕووتکردنەی ئێوەمانانە و کچەکەش زۆر بە ئەدەب و حورمەتەوە وەڵامی داوە، دەمەوێت بڵێم؛ هەڵبژاردنی هەر جۆرە جلوبەرگ و پۆشینێک بەندە بە دنیای تاکەکەسیی خۆمانەوە بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا زۆر گرینگ و شایستەیە کە ژنان و کچان تەنها بە جەستەوە خۆیان نەناسێنن و لە ئاستەکانی ئەدەبی، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە خاوەن تێگە و ڕوانگەی خۆیان بن و من پێم وایە لەم حاڵەتەدا هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاوا وەکوو ئه و نموونانەی سەرەوە بێتە ئاراوە شیوازی دیالۆگێک کە خانمێک دەیگرێتە بەر دەرگای جۆرە گۆڕانکارییەکی هەر چەندە بچووک یان تێڕامانێکی سووکەڵە له و دۆخە دەکاتەوە.
بۆیە دەبێت ئاگاداریش بین ئەگەر ئه و تایبەتمەندییە جیاوازکارانەمان نەبێت لە نێوان ژن و ژنێتی لە سەرێکەوە و مۆدێل و مۆدێلینگ کە تەنها و تەنها جەستە و سێکسیزم تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن، ناتوانین خۆمان یەکلایی بکەینەوە چ بۆ خۆمان چ بۆ بینەر و بەردەنگ، دیارە مۆدێلینگیش جۆرە ئیش و کارێکە و لە ئاستی بازاڕ و فرۆشدا ناتوانین بە تەواوەتی ڕەتی بکەیەنەوە، بەڵام کاری ڕۆژنامەنووسی و هەواڵنێریی و ئامادەیی ڕاستەوخۆ لە پانتای کەلتووری گشتیدا لە ڕێگەی زمان و ئاوەزەوە زۆر جیاوازە لەوەی کە ژنێک یان کچێک بە ناوی مۆدێلینگ و ڕیکلامی براندەوه (کە شتێکی باو و ئاساییە لە دونیا) ئەتەکێت و کردەوەی نەشیاو و دژەبەهاکانی کۆمەڵگا بڵاو بکاتەوە، چاوخشاندنێکی خێرا بە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی تیکتۆک و سناپچەت دەرخەری ئەم ڕاستییەن.
“ئەنجام”
ئەم ڕاستییانەی کە لە سەرەوە باسم کردن دەبێت ئێمە ڕێنوێنی بکەن بۆ قبووڵکردنی شایستە و ڕاستەقینەی هەوڵ و چالاکیی ئه و خانمانەی کە لە بواری سۆشیال میدیادا دەیانەویت خزمەتێک بە کۆمەڵگا بکەن و دەنگی ئازار و خەم و پەژارەکانی کۆمەڵگا و هاوکات دەنگی بەها و نەریت و ڕەسەنایەتیی نەتەوەیەک بن، ئەمڕۆ میدیا گشتییەکان و بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن لە ئاستی کولتووریدا نەتەوەیەک ببووژێننەوە یان لە زۆنگاودا بیچەقێنن، هاوکات کە ئێمە وەکوو پیشە و کارئەکتەر بەرگریی لە ڕەوایی پیشەی پێشکەشکاری و ڕۆژنامەنووسیی دەکەین به و واتایە نییە کە ئەوانیش بێژەر و دووپاتکەرەوەی کۆمەڵێک بەیاننامە و پەیڕەی لایەندارانە بن، بەڵکوو لە هەموو دنیادا سەربەخۆیی و بوێریی و سەرکێشیی ڕۆژنامەنووس لەگەڵ هەموو زەختە ئابووری و کۆەمەڵایەتی و کولتوورییەکان خاڵی بەرز و درەوشاوەیە و هەر بەوەش خەڵاتە گەورەکان ساڵانە لە دنیادا پێشکەش دەکرێت.
مەبەست ئەوەیە فۆکۆسێک کە میدیا و تۆڕە میدیاییە سەرمایەدار و بازاڕتەوەرەکان خستوویانەتە سەر جەستە و لەشی ژن دەشێت لە ڕێگەی زەینییەت و ئەقڵییەتێکی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆ و ژیرانەوە لانیکەم کاڵ ببێتەوە ئەگەر پووچەڵیش نەبێتەوە و ئەمە زەمینەساز و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی کە ئێمە لە هەر پێگە و پۆستێک و بە هەر پیشە و ئاستێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەوە ڕێز لە ناوەرۆک بگرین زیاتر تاکوو فۆرم و بیچم، حورمەت بۆ ئەقڵییەت دابنێین تاکوو جەستە و لەش.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!