ناونیشانی بابەت: خێزان و ڕاوێژکاره مەترسیدارەکانی
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“بۆ باشکردنی جیهان دەبێت نەتەوە باش بکەین، بۆ باشکردنی نەتەوە سەرەتا دەبێت خێزان باش بکەین، بۆ باشترکردنی خێزان دەبێت ژیانی تاکەکەسیی خۆمان باش بکەین. دەبێت سەرەتا دڵی خۆمان ڕوون و ڕەوان بکەین.” “کۆنفۆسیۆس”
“خێزان و کۆمەڵگا/شوناس و دەوڵەت”
خێزان کۆڵەکە و بنەمای سەرەکیی کۆمەڵگایە، ئەگەرچی پەیوەندیی ئەم دوانە ئێستە زۆر ئاڵۆز بووە و پێکهات و فۆرمی جیا و جیاواز لە ناو بنەماڵە و خێزانەکاندا دروست بووە و کۆمەڵگا بووە بە کۆمەڵێکی فرەڕەنگ لە خێزانی جیاواز بە بەها و سیستەمی ئەخلاقی و شێوەژیانی جیاواز، بەڵام کە دەگەڕێینەوە بۆ مێژوو و قۆناغە سەرەتاییەکان دەبینین خێزانەکان لەوپەڕی یەکڕەنگی و یەکدەنگیدا کۆمەڵگایان دروست کردووە، واتە کۆمەڵگا خۆی بەگشتیی خێزانێکی یەکانگیری بچووک یان مامناوەندی بوو، هەڵبەت بە نیسبەتی ئێستەوە بچووک و مامناوەندیی دیاری دەکرێت، چونکە لە قۆناغە سەرەتاییەکان بەم لاوە و پاش داهێنان و کەشفی ئامرازە مۆدێڕنەکان یان بەدیهاتنی تەکنەلۆژیا، ئیتر کۆمەڵگاکان وردەوردە گەورە بوون و ئەگەر لە جیهانی کۆندا شارێکی چەند سەد هەزارکەسی پایتەخت و ناوەندی شارستانییەت بوو، ئێستە شاری چەند ملیۆنیش لە جیهاندا هەیە کە هەر ناومان نەبیستووە و ئەمە بۆ وڵاتێکی وەکوو چین و هیندستان زۆر ڕاستە.
ئەم گۆڕانە تەنها لە ئاستی حەشیمەت و ژمارەی دانیشتوواندا نییە، بەڵکوو لە ڕووی چۆنێتی و کوالێتیشەوە نە تێڕوانینەکان بۆ پەیوەندی وەکوو جیهانی کۆن ماون و نە مرۆڤەکانیش ئه و فۆرمە سادە و ساکارەی کۆنیان ماوە. ئەمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و قۆناغ لە دوای قۆناغ هاتووە تاکوو گەیشتووەتە ئەم قۆناغەی ئێستامان. لە سەرێکی دیکەشەوە توخمێکی زۆر کاریگەر لە پێکهات و دۆخی بنەماڵەکان و خێزانەکاندا میدیا و ئه و بەها و دیسیپلینانەیە کە ڕۆژانە بە تۆخی ئاڕاستەی تاک و کۆمەڵ دەکرێت و بە دڵنیاییشەوە کاریگەرییان نە تەنها زۆرە، بەڵکوو ئاڵۆز و زۆر جاریش کوشندەیە.
لە تۆڕیکی بەرینی کارلێکی میدیایی و کۆمەڵگادا چەندین و چەند گوتار و سیستەمی ئەخلاقی و بەهای نوێ دەخرێتە ڕوو و شتێک کە لەم نێوەندەدا دەبێت بیری لێ بکەینەوە ئەمەیە کە ئایا بەڕاستی هەموو کۆمەڵگایەک ئامادەی ئه و بەریەککەوتنەیە کە لە گەڵ جیهانی نوێدا دێتە ئاراوە؟ کەس ناتوانێت حاشا لەمە بکات کە سیستەمێکی زەبەلاحی میدیایی هەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بگرە تاکوو هۆلیڤوود و ئێن بی ئێس و سی ئێن ئێن و دەیان و سەدان میدیای ورد و زووری دیکە بە پلانێکی تۆکمە و ستراتیژیکەوە خەریکن جیهان بەره و یەکدەستی و یەکڕەنگی دەبەن، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە لە سەرەوە گەڵاڵەم کردووە، ئایا کۆمەڵگای ئەفغانستان و کۆمەڵگای تورکی بە یەک ڕادە ئامادەی ئه و بەریەککەوتنەن؟ ئایا کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگای عەرەبی بە یەک ڕادە ئامادە و تەیاری ئەم بەریەککەوتنەن؟ بەدڵنیاییەوە وەڵامەکە نەرێنییە، ئەم بەریەککەوتنەی بەهاکانی جیهانگیری و گلۆبالیزەیشن لە کۆمەڵگا نەریتی و کۆنباوەکاندا بە زۆری بە باری بەرهەمهێنانی تووندوتیژی و لەگرێژەنەدەرچوونی خێزان و لێک هەڵوەشانەوەی وردەوردەی کۆمەڵگادا شکاوەتەوە، پێم وایە کاریکاتێرێکی کوردیی بە نووسراوێکی سەرنجڕاکێشەوە تەعبیرێکی زۆر هونەری و تەنزئامێزی لەم دۆخە کردووە؛ ئەویش خێزانێک پیشان دەدات کە کوڕە کچگە مێرمنداڵەکەیان بە ڕیشێکی بەربووەوە خەنجەرێکی راکێشاوە لە باوکە موسوڵمانەکەی و داوای لێ دەکات ئیمان بهێنێت باوکەش تەلەفۆنی کردووە بۆ پۆلیس و وتوویەتی: “قوربان! فریامان کەون کوڕەکەم خوا هیدایەتی داوە و خەریکە سەرمان دەبڕێت!”.
ئەم تەنزە کاریکاتۆرە دەرخەری ئه و بەریەککەوتنەیە کە تاکە خاو و خۆنەگرتووەکان دەبنە ئامانج و لەوێوەش بەریەککەوتنەکە دەگوازرێتەوە بۆ ناو چەقی خێزان. ئەگەرچی ئەم بەریەککەوتنەی جیهانەکانی دیموکراسی و بەها گلۆبالیستییەکان لەگەڵ بەها و سیستەمی کۆنباوی وڵاتانی پێشنەکوتووی نەریتخواز دەیتوانی ڕیێگەخۆشکەر و کەتەلیزۆرێکی پەڕینەوە بێت بەره و دونیایەکی دیکە و جیاواز و فرەدەنگتر، بەڵام بەهۆی نەبوونی هێزە هاریکار و کاریگەرەکان بۆ پەڕینەوە یان باشتر وایە بڵیم: بەهۆی بوونی ناپێویستی ئەم هێزە کەتەلیۆزر و پەڕێنەرەوە و نێونجییانە ئه و هاوکێشەیە لەباتی ئەوەی کۆمەڵگا بەره و قۆناغی نوێی بەها و بایەخدانان بۆ هەڵبژاردنەکانی تاک ببات، شەڕی بەهاکانی کۆن و نوێی خوێناویتر کردووە، بێگومان ئێمەی کورد لە شەڕی نێوان بەها کۆن و نوێکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا زیاتر قوربانیمان داوە و دەیدەین، گوتاری ئایینی تووندئاژۆی عەرەبی لەهەمبەر گوتاری عەلمانییەتی ڕۆژئاوایی و گوتاری شیوعییەتی ئەوسا و چەپ و سەوزی ئێستا دژی سەرمایەداری و کاپیتالیزم هەمووی قوربانی گرتووەتە لە کۆمەڵگای ئێمە، هۆکاری سەرەکیشی ئه و شوناس شێواوی و مێژووە دەستێ وەردراوەیە کە تا ئێستەش ئێمەی لە گەیاندن بە دەسەڵات و کیانێکی سەربەخۆی سیاسیی بێبەش کردووە، خودی هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ تەنها ئاڵایەک نییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکوو دەبێت پەیڕە و پلانی تازە و نوێ بۆ کۆمەڵگا و هەموو ئه و جومگانە لە ئارادا بێت کە هەم تێیدا شوناسی تاک و ئازادییەکانی پارێزراو بێت و هەم فۆرم و چوارچێوەی بەها گشتی و جەمعییەکان دیاریکراو و پێناسەکراو بێت و ئەم کیانەش هەم لە ڕووە کۆمەڵایەتییەکەیەوە و هەم لە لایەنە سایکۆلۆژییەکەیەوە وەکوو بەربەستێکی هاوسەنگکەرەوە لە نێوان ئەم بەریەککەوتنە ڕۆڵ دەگێڕێت.
“خێزان و ڕاوێژکارە کۆن و نوێکان”
وەکوو لە سەرەوە باسم کرد دۆخێک کە ئێستە خێزان تێیدایە لە ناو دارستانێکی تازە و پڕ پێچ و پەنای دیجیتاڵیدایە و بەپێچەوانەی قۆناغ و سەردەمانی کۆن بە ئاسانی ڕێگەی کانیاوی هێوری و ئاسوودەیی و حەسانەوە نابینرێتەوە و بگرە تاکوو ئه و کانیاوە سازگارە دەدۆزینەوە لە توونیا بخنکێین. ئەمە بە نیسبەت پەیوەندیی و هاوکێشەی خێزان و کۆمەڵگەوە ئاوایە و ئەگەر هاوکێشەکە لە ئاستی خودی خێزان و پەیوەندیی ئەندامەکانیان پێکەوە بچووک بکەینەوە ئەوکات ڕەنگە بتوانین ڕوونتر چاو لە کێشەکانی خێزان بکەین و باشتریش بتوانین بیر لە ڕێگەی چارەسەری بکەینەوە.
دەبێت ئەوە بڵێین کە هیچ خێزانێک لە دونیادا نییە کێشەی نەبێت، دەتوانین بڵیین کێشە و پرسگرەکانی ناو خێزان ئاسایین و ئەگەر بە باشی و ژیرانە ڕووبەڕووی ببیینەوە خۆی دەرفەت و هەلێکە بۆ گەشەی تاکەکانی ناو خێزان و کۆی خێزان، جا ئیتر هەر خێزانێک بەپێی پێکهاتێکی کۆمەڵایەتی و ئایینی کە تێیدا دەژی کێشەکان بۆی مانا پەیدا دەکای بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکوو ئەفغانستان کێشەی باڵاپۆشی و خوێندن خۆی بەهۆی دۆخی سیاسی و کولتووری-کۆمەڵایەتی پرسێکی سەرەکی و جەوهەرییه، بەڵام چونکە ڕووبەڕووبوونەوەکان هەم لە لایەن خێزانەوە و هەم لە لایەن کۆمەڵگا و دەسەڵاتەوە سەرکوتکارانە و پارێزکارانەن دۆخی ژنان و کەلتووریی کراوە له و وڵاتە بەره و تاریکی و داخراوی زیاتر دەڕوات. بەڵام لە وڵاتێکی وەکوو پاریس ڕەنگە جۆری پەیوەندیی کوڕان و کچانیان زیاتر مایەی هەڵوێستەکردنی خێزان بێت ئەویش تەنها تا تەمەنێکی دیاریکراو لە ڕوانگەی یاساوە و لەوە بە دواوە ئیتر ئازادی خۆیان وەردەگرن.
لە وڵاتێکی وەکوو کوردستان دۆخەکە سەرەڕای ئەوەی گۆڕانی بە نیسبەت پێشترەوە بە خۆوە بینیەوە بەڵام بەگشتی لە ناو بازنە و کەوانەی بەها کۆنەکانی کۆمەڵگا و عەیبەکانی شەقامدا خۆی بەیان دەکات به و حاڵەش بەهۆی ئه و بەریەککەوتنەی کە باسم کرد مەرج نییە هەموو کۆنترۆڵ و ڕێگریکردنیک لە لایەن ناوەند و چەقی خێزان واتە بە پلەی یەکەم باوک و دواتر دایک سەر بگرێت بۆیە قەیران و کێشەی ناو خێزان هەر دێتە ئاراوە و وەکوو وتیشم ئەمە شتێکی ئاساییە، قەیران بەم واتایەش هەر کردە و هەڵبژاردنێک دەگرێتە خۆ کە لە دەرەوەی بەها پێناسەکراو و چوارچێوە داڕێژراوەکەی ناو خێزان بێت. بۆ نموونە کچێک ئەوینداری کوڕێک دەبێت لە ناو خێزاندا، باوک و دایک بەهۆی ئەزموون و تەمەنەوە دەزانن ئەمە بابەتێکی هەستیار و بگرە مەترسیدارە بۆیە سەرەتا هەوڵ دەدەن ئەگەر ئەم دوو کەسە بۆ یەکدی گونجاو نین ئەوا کۆنترۆڵ و دواتر سەرکوت و بنەبڕی بکەن، بەڵام هەستی دوو مرۆڤ بە ئاسانی مل بەم کۆت و پێوەندانە نادات و لە دواجاردا پەیوەندییەکی ئاڵۆزی سۆزدارانە دروست دەبیت دوای ماوەیەک دوو کەسەکە تووشی قەیرانی ئەوە دەبن کە ئایا بۆ هاوسەرگریی یەکدی دەبن یان نا؟ لەم قۆناغەدا ڕەنگە ڕێنوێنییەکانی خێزانی هیچ لایەک نەتوانێت یارمەتیدەر بێت وەکوو دەڵێن بەهۆی ئەوەی زۆر لە خەریتەکە نێزیکن خاڵی دروست و مەبەست نابینن بۆیە باوک و دایک لێرەدا ڕۆڵی ڕێنوێن و چاودێر یان ڕاوێژکارانەی هەمیشەیی و کۆنی خۆیان لە کیس دەدەن و ڕاوێژکاریی خێزانی کە وەکوو باڵێک لە دەروونناسی بۆ خزمەت بە خێزان و چارەسەکردنی کێشەکانیان دامەزراوە دێتە ئاراوە و ڕۆڵ دەگێڕێت.
بێگومان ئەم لایەنە لە زانست و نوێبوونەوە دەتوانێت خزمەتی زۆری کۆمەڵگا و کێشەکانی خێزان بکات، لە هەموو وڵاتانی جیهان سەردانیکردنی ڕاوێژکاری خێزان بۆ چارەسەری کێشەکانی ناو خێزان و بەتایبەت کێشەکانی پەیوەست بە هاوسەرگیری و جیابوونەوە و ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبە، شتێکی ئاساییە و بگرە هەر پێویستیشە. لە وڵاتی ئێمەدا کە ئێستەش سێبەری جەنگ و نائەمنی و ترس بە خۆمان و منداڵەکانمانەوە دیارە ئەم باڵەی دەروونناسی زۆر دێر جێی گرتووە و ئێستەش نەک تەنها هەر وەکوو پێویست نەناسێنراوە و جێگەی خۆی نەکردووەتەوە بەڵکوو ئەوەش کە جێی گرتووە و خەریکە چالاکی دەکات بەداخەوە لە بازنەیەکی داخراو و ماڵوێرانکەردا ئیش دەکات، هۆکاری سەرەکیی نوسینی ئەم بابەتەی من بۆ ئەوە بوو کە کەسێک بە ناوی(.ئ.ج.) بە ناوی ڕاوێژکاری خێزانییەوە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت کە هەڵگری هەمان ئه و ڕوانگەیەیە کە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە بۆ نموونە بەڕێزیان دەڵێن: “بە قورعان کچ لە تەمەنی خوارەوە بدرێت بە شوو قەیناکە، با بنەماڵەکان کچەکەیان زوو بدەن بە شوو وا باشترە، بە قورعان ئێمەی پیاو زۆر گوناحین”(جیاواز لەوەی کە ئەم باسانە قورعان و سوێندخواردنیان پیویست نییە هەر زانستیش نین!).
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە لایەن ناوەندە زانستیی و ڕێکخراوەکانی ژنانەوە هەزران لۆمە و ڕەخنەی لەسەرە و بە ڕەواش لە سەرێتی لە دەربڕین و قسەکردنیدا وەکوو مەلایەکی نەریتپەرەستی کۆنباو لە سەر کێشەکە دەدوێت وەکوو ئەوەی کچ یان ژن خاوەنی ئەقڵ و هۆشی وا نەبێت کە خۆی بڕیار بدات و هەڵبژیرێت، با لەبیرمان نەچێت کە هەڵەکردن شتێکی ئاسایی لە ژیانی مرۆڤەکاندایە ئەوەی کارەساتە و نائاساییە بێبەشکردنی مرۆڤە لە هەڵبژاردن و هەڵەکانی، دیارە بێگومان من لێرە نە پسپۆڕم و نە دەروونناس و ڕاوێژکاری خێزانیش، بەڵکوو تەنها وەکوو ڕۆژنامەنووسێک هۆشداریی ئەوە دەدەم کە بە بەکارهێنانی هەندێک وشەی وەکوو دەرونناسی و خێزان و کۆمەڵگا و دەست راوەشاندن و حەماس و جۆش و خرۆش دروستکردن، نە کەس بووە بە ڕاوێژکار و نە کەسیش بووە بە دەروونناس یان هیچ شتێکی دیکە، نابێت ئەم دەستەواژانە ئه و دەمامکە زلەی ناشارەزایی و چاوبەستکردنمان لێ ون بکات و ڕوخساری واقیعیی چاوبەستکار یان بازرگانێک کە بەسەر دەروون و چارەنووسی کۆمەڵگاوە بازرگانی و قومار دەکات نەبینین.
پێشوازی بەشیکی زۆر لە هاووڵاتیان لەم وتە سواو و کۆن و بێکەڵکانەی ئه و بەناو راوێژکارە پیشاندەری ئەوەن کە ئێمە له و ڕووە چەندە بۆشاییمان هەیە و چەندە هەژار و ئاتاجین، بۆیە دەبێت هەم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هەم ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە ژنان و خێزان ئاگاداری ئەم دیاردەی ناتەندروستە بن کە بە ڕوانین و ڕاوێژێکی کۆنەوە و بە دەمامکێکی نوێوە چارەسەریی کێشە هەنووکەییەکان ناکرێت و بگرە کۆمەڵگا بۆ دواوە دەبرێتەوە، ئه و قسانەی ئێمە لە ڕاوێژکارانێکی ئاوەها دەیبیستین بەر لەوەی پەیوەندیی بە زانست و هەر جۆرە مەعریفەیەکی سەرەتاییشەوە بێت، کۆمەڵێک بەهای تاکەکەسییە بە سواخی ئایینەوە لە بازاڕیترین حاڵەتیدا و لە بازرگانیترین شێوەیدا کە بەم شێوەیەش هەم ئایین دەکرێت بە ئامراز و هەمیش زانست بەناوی زڕەزانستەوە پێمان دەفرۆشرێتەوە، هەمیش کۆمەڵگا دەخەینە مەترسییەوه.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!