ناونیشانی بابەت: پێوەرەکانی کوردبوون کامانەن؟
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“پێشەڕۆک”
ڕەنگە یەکێک لە پرس و بابەتە هەر گرینگەکان کە ئێمە لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکەین و بە قووڵیی لێی ڕابمێنین ئه و لێکدانە باو و لە هەمانکاتدا سواوەی”کوردبوون”ە کە ڕووبەرێکی زۆر لە نووسین و ئاخاوتنەکانی ئێمەی داگیر کردووە و لە هەمان کاتیشدا دەلالەتێکی ڕوون و چوارچێوەیەکی دیاریکراوی نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی “کوردبوون” له و سیاقە نەریتی و کلاسیکییە هاتووەتە دەرەوە و بە دوای فۆرم و ناساندن و تایبەتمەندیی نوێی خۆیدا دەگەڕێت، هاوکات لە سەرێکیشەوە دەلالەتە بۆ ئه و قەیرانە بەردەوامەی کە ئێمە وەکوو سووژەی کورد لە ناسینی خۆمان و پێناسەکردنی خۆمان وەکوو هەر فۆرمێک لە بوونی مرۆییدا هەمانە. کوردبوون تەنها فۆرمێکی ناو چوارچێوە ئایدۆلۆژییە سیاسی و ئایینییەکان نییە و ناشبێت وای دابنێین ئەم ئایدۆلۆژییانە تواناییەکی تەواو و لێهاتوویان لە پێناسەکردنی کوردبووندا هەیە.
لە ڕاستیدا ئەگەر بە شێوەی بنەڕەتی لەسەر ئەم بابەتە بوەستین دەبێت بپرسین ئایا “کوردبوون” تەنها پرسیارێکە لە ناو مەنزوومەی بیری نەتەوەخوازیی و ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمدا دەردەکەوێت؟ پێش لە ناسیۆنالیزم لە جوگرافیای کوردستان و جوگرافیای کۆنی ناوچەکە چ ئایدۆلۆژیایک زاڵ بووە و سیستەمی چەمکداڕێژی و مانابەخشیی چۆناوچۆن بووە؟ ئایا پێویستە بۆ دیاریکردنی دەلالەت و مانای کوردبوون بگەڕێینەوە بۆ سەردەمە کۆنە دیرۆکییەکانی ناوچەکە و قۆناغی ئیمپراتۆرییەتە زەبەلاحەکان؟ ئایا هەر شتی وا دەکرێت و ئێمە ئه و ڕێگایەی گەڕانەوە و دەرهێنانی دەلالەتە بەرمەبەستەکانمان بە ڕاستەڕێیەکی هەمواری ناو مێژوودا دەڕوات و بواری لە بەردەمە؟ ئایا له و سەردەمە کۆنانەدا کوردبوون، عەرەببوون فارسبوون و تورکبوون هیچ مانا و پێگەیەکیان هەبووە؟ لە ژێر تیشکی ئەم پرسیارانە هەوڵ ئەدەم گرینگترین مانا و تایبەتمەندی کوردبوون باس بکەم.
“گوتاری نەناسراوی سەردەمە کۆنەکان”
لە پێش سەرهەڵدانی ئیسلام کە دواتر تا کۆتایی جەنگە جیهانییەکان و ڕووخانی ئیمپراتۆریای عوسمان کە بە “پیاوی نەخۆشی ئەورووپا” ناوی دەرکردبوو، بەڵام بەر لە نەخۆشکەوتن هەژموونی و هەیمەنەی مادی و مەعنەوی بەشێوەیەکی تاقانە و تاکانە بە سەر کۆی جوگرافیای ئیسلامی و ناوچەکەدا سەپاندبوو، بێگومان عەرەببوون و کوردبوون و فارس و تورکبوون بەم واتایەی ئێستە کە دەلالەت لە نەتەوە و دەوڵەت واتە سیستەمێکی سیاسی کە لە سەر کۆمەڵێک پێناسە و خوێندنەوە و بنەمای مێژوویی لە سەردەمی مۆدێڕندا پێکهاتووە، نەبوو بەڵام بەتاڵ نەبوو لە جۆرێک نەتەوەخوازی و نەتەوەپەرەستییەک بە مانا کلاسیک و بەدەوییەکەی، لە بەشیک لە ئایەتی 13ی سورەتی حوجەراتی قورئانی پیرۆزدا دەخوێنینەوە: ان اکرمکم عند اللە اتقاکم واتە بەڕێزترینی ئێوە لای خودا بەتەقواترینی ئێوەیە، مانای کۆی ئایەکە بە گشتی و کورتی ئەمەیە کە هیچ کەسێک لە مرۆڤەکان لە عەرەب و عەجەم لای خوا سەرتر نیین مەگەر ئەوانەی کە بەتەقواترن، ئەم ئایەتە جیاواز لە ئاماژە بە تەقواداربوون وەکوو بەهایەکی مەعنەوی و شەرعیی ئیسلامیی ئاماژەشە بۆ هەبوونی جۆرە تێڕوانینێکی خۆسەرتربینانە یان تێڕوانینێک پێس ئیسلام یان لە کاتی دەرکەوتنی ئیسلامدا هەبووە کە عەرەببوون و عەجەمبوون دیاری دەکات و لە ڕێگەی چەمکی تەقوا له و ئایەتەی قورئانەوە بەرپەرچی دراوەتەوە، واتە بەشێوەیەک لە شێوەکان نەتەوپەرستیی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام ئایا نەتەوەپەرستی لای عەرەب بە قورئان بنەبڕ کرا؟ با لەم پرسیارەش بیر بکەینەوە.
هەموومان دەزانین کاتێک پێغەمبەر نامەکەی نارد بۆ ئەوەی خەسرەوپەروێزی ساسانی بانگهێشتی ئیسلام بکات، خەسره و نامەکەی دڕاند و بە تەتەرەکەی وت: “تۆ لە بیابانی چۆڵ و هۆڵ و بە بۆنی وشتر و بزن هاتووی کە ڕێگەی ڕزگاریی پیشانی شای ئێران بدەی.” خودی ئەمە دەرخەری ئه و پێداهەڵشاخان و گرژبوونە نەتەوەییەی سەردەمی کۆنە، پێش هاتنی ئیسلامیش لە ململانێی نێوان مادەکان و هەخامەنشییەکان سەرێتی فارسەکان بەردەوام لە ڕێگەی پاشاکانیانەوە هەوڵی بۆ دراوە و وەکوو لە مێژوودا هەیە یەکێک لە پاشاکانی هەخامەنیشی بەناوی کەمبووجیە لە سەرەمەرگدا بە هاوڕی و جێگرەوەکانی دەڵێت: “هیچ کات بوار مەدەن مادەکان(کوردەکان) بەسەرتاندا زاڵ ببنەوە دووبارە!” مێژوو لە ڕاستیدا پڕە لەم بابەتانه، ئەگەرچی ئەوەی پەیوەست بێت بە مێژووی کۆنەوە و بە تایبەتی مێژووی کۆن و کەونارای ئێرانەوە هەرچی بابەت لەبارەی مادەکانەوە هەیە یان لە لایەن ئه و مێژوونووسە بیانی و ئێرانییە فارسانەوە نەنووسراون یان لە کاتی وەرگێڕانیاندا سڕاونەتەوە بۆ نموونە ئەگەر چاو لە کتێبی “ئاناباس”ی گەزەنفۆن بکەین لە نوسخە فارسییەکەیدا لە هەر کوێ باسی کورد و کاردوخکراوه، کراوە بە هۆزی نەناسراو یان ئاماژەیەکی لێڵ و لاوەکی لە باتی کورد هاتووە.
بەڵام وەرگێڕانە کوردەکەی کە لە زمانی سەرەکی واتە یۆنانی کۆنەوه وەریگێراوە ئەمانەی وەکوو خۆی وەرگێڕاوە و وەرگێڕی کارامە کاک “عەلی فەتحی” لە پێشەکیدا بەوردی تیشکی خستووەتە سەر ئەم بابەتە، سەرەڕای ئەمەش لە سەردەمی نوێی دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێرانییەوە لە دەورەی رەزا خانی میرپەنج تاکوو ئێستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوه، هەرچییەک سووسە و ئەگەری ئەوەی تێدا بێت ئاسەوارێک لە مادەکان و شوێنپێیەک لە مێژووی کۆنی کوردی تێدایه، تەلبەند کراون و ناهێڵن نە زانکۆکان و نە لێکۆڵەرەکانی بواری ئاسەوارناسی و نە لێژنەکانی ئاسەوارناسیی دەرەوەش نێزیک و توخنیان بکەون، مێژووی کۆنی مادەکان بە ئەمنی کراوه، هەر وەکوو چۆن دۆخ و دۆزی کورد لە ئێران تەواو ئەمنی کراوە و سەردەمێک سروودێکی شۆڕشگێڕانەت بە ورتە بوتایە دەستبەسەر دەکرای و لێپێچینەوەت لێ دەکرا! ئەم هەستی نەتەوەپەرستییە هەر لە مێژە هەبووە بەڵام لە شێوازە مۆدێڕنەکەیدا و لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەدا (Nation-state) و بە تەکنەلۆژیا و چەکی مۆدێڕن، سنوور و کەوشەنی جیاوازی تاقی کردەوە.
لە دونیای مۆدێڕندا نەتەوەپەرستی گەیشتە چڵەپۆپە و فاشیزمی و نازیسم و شۆڤێنیسم و جۆرەکانی دیکەی ئەویدیسڕینەوە و خۆپەرستییەکی سەیر و سەمەرەی تاقی کردەوە، ئەمەش خۆی دەرخەری ئه و ڕەگەز و زەمینە مێژووییە کۆنەیە کە هەلی بۆ دەرکەوتن و تەقینەوەی ئه و ئایدۆلۆژیا جیاوازانەی کە ئارەزووی خۆپەرستی و سڕینەوەی ئەویدی و باوەڕ بە حەقبێژی و ڕاستبێژیی ڕەهای خۆیان هەبوو، ڕەخساند.
“کورد و کوربوون لەم هاوکێشەیەدا”
وەکوو لە سەرەوە تیشکم خستە سەری؛ دوای کوودەتای کورۆشی هەخامەنیشی دژی ئاستیاگ؛ دوا پاشای ماد کە بە پێی گێڕانەوەی “جۆرج ڕاولینسۆن” تەنها کوودەتایەکی سەربازیی نەبووە و هاوکات دژبەری و کوودەتایەکی ئایینیش بووە، دژی ئایینی میترائیسم کە پێش لەوەی زەرەدەشت باو ببێت وەکوو ئایینێکی گشتگیر مادەکان (کوردەکان) سەر بە میترائیزم بوون، و دواتر کە دەسەڵاتی هەخامەنیشی جێگیربوو هەر له و سەردەمە وەکوو فۆبیایەک دژی مادەکان هەر ئاسەوارێک وا پەیوەست بوون بە مادەکانەوە یان شوێنیان نەما یان کەمترین ئاسەوار تا ئێستەش بینراوەتەوە و ئەم فۆبیایە لە سەرکوتکردنی بەردیا یان گئومات لە لایەن داریوشی هەخامەنیشییەوە لە چڕترین حاڵەتی خۆیدا دەرکەوتووە و لە سەر کێوی بێستوون هەڵکۆڵراوە.
تا ئه و شوێنەی هەندێ گێڕانەوەی مێژوویی و ئاسەواری کۆن پێمان دەڵێن: وێنا و وێنە ڕاستەقینەکەی کورد لە مێژووی کەونارادا بە ژێر کۆمەڵێک گەردوتۆزی سمی ئەسپی ئیمپراتۆرییەتە یەک لە دوای یەکەکانی پاش مادەکانن، چ ئیمپراتۆرییەتە کۆنەکانی وەکوو هەخامەنیشی و ساسانییەکان و چ دەسەڵاتە ئیسلامییەکانی پاش ئەوان وەکوو ئەمەوی و عەباسیی تا سەفەوی و ئەفشاری شیعەی ئێرانی و فارسگەرا. لەم ڕەوتە دوور و درێژە مێژووییەدا؛ کورد لە ژێر تەراتێنی شەڕی ئایینی و سیاسی و دەسەڵاتی ئەمانە پلیشاوەتەوە و خزێنراوەتە پەراوێزەوە، ڕەنگە ئەوەی کە ئێمە بەشێکی زۆر لە دەرکەوتەی بوون و دیارەدەی مەعنەوی و ڕۆحیمان بەمانا هیگیلییەکەی لە چوارچێوەی ئەدەبدا و بەتایبەتی لە قەوارەی شیعری عارفان و بیرمەندانی یارساندا چڕ کراوەتەوە هۆکارەکەی بۆ ئەم پەراوێزخستن و گۆشەگیرکرنە درێژخایەنە بگەڕێتەوە، بێگومان ئێمە ئێستاش وێنایەکی ڕوونمان لە مێژووی کەونارای خۆمان نییە، به و مانایەی نا کە ئێستە کۆمەڵێک توێژینەوە لە زانکۆکان پێشکەش بکرێت و لەسەر ئەگەری ئەوەی کە ئێمە سۆمەری بووین یان نەبووین تێز و نامە بخەنە ڕوو بەڵکوو مەبەستم یادەوەرییەکی گشتیی و دەستەجەمعییە کە خاڵی کۆکەرەوەی ئیرادەیەکە بەناوی ئیرادەی کۆیی، یان لە قۆناغ و فۆرمی پێشکەوتوتریدا ئیرادەی نەتەوەیی.
ئەگەر سەرنجێکی پێستەنووسراوی هورموزگان ڕمان ئاتەران کوژان و…هتد بدەین دیارە هەستکردن بە کوردبوون وەکوو خاڵی جیاکەرەوە لەوانی دی واتە لە عەرەبانی موسڵمان کە ئه و سەردەمە بەپێی ئەم بەڵگە مێژووییە هێرشیان کردووە و هەموو شتێکیان خاپوور و داگیر کردووە، هەبووە و زۆر زەقیش بووە، ئەم ڕۆحە کوردانەیە دواتر لە ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری و خانای قوبادی و حاجی قادری نەمر و…دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی.
“وشیاریی وەکوو کەڵە پێوەر”
له و سەردەمانەی کۆندا ڕەنگە لە ئاستی دەسەڵات و هێزەکانی ئیمپراتۆریدا جۆرە وشیارییەکی بەرتەسک بۆ پاراستنی خاک و قەڵەمڕه و هەبووبێت ئەگینا وەکوو گوتارێکی گشتگیری فرەجەمسەر کە تەعبیر لە هەموو جومگەکانی بوونی نەتەوەیەک لەوانە کولتوور، زمان، فیکر، ئایین و هەموو مەعنەویاتی نەتەوەیەک بکات ئەمە لە سەردەمی مۆدێڕند هاتە ئاراوە، سەردەمێک کە کۆمەڵەی گەلان و دواتر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێک هات، لە نەزمی نوێدا بەهۆی ئه و پەرتەوازەکردن و گۆشەگیرکردنەوەیەوە، دەنگی کورد نە لە کۆنگرەی پاریسدا گەیشت و نە سیڤەر هەر بۆیە لۆزان و سایکس پیکۆ ئەم ڕۆژە شومانەیان بۆ ئێمە دروست کرد کە دەبێت تا ئێستاش باسی برایەتی لە گەڵ شۆڤێنییەکان و خوێنمژان و خوێنخۆرانی ڕۆڵەکان و داگیرکەرانی خاک و وڵاتمان بکەین! لە چوارچێوەی گوتاری ناسیۆنالیزم و سیکۆلاردا بزووتنەوە کوردییەکانی سەدەی بیستەم هیچیان بەدەر نەبوون لە دەلالەتەکانی دەرەواژەی کوردایەتی تەنانەت چەپەکانیش، ڕەنگە لە تاکتیک و جووڵانەوەدا خێڵەکیبوون و زۆر جار بەرتەسکبوون و خۆجێیبوون دیار بووبێت، بەڵام لە بنەمادا مافی چارەی خۆنووسین و پێداگریی لە کوردبوون وەکوو بوونێکی فرەجەمسەر ناوک و کاکڵەی ئایدۆلۆژییە کوردایەتیکارەکانی سەدەی بیستەم پێک دێنیت، بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری ئەم بزووتنەوانە یان لە لایەن ئه و زلهێزانەوە یان بەهۆی نەبوونی نەخشەڕێگای چروپڕ و هەمەلایەنی کورد خۆیەوە تووشی شکست و لەخوێن گەوزان بوونە، بەڵام ئەمە هیچ کات ڕەتکەرەوەی ئیرادەی نەتەوەیی نییە کە لە سەر بنەمای وشیارییەکی چوارچێوەدار دەرکەوتووە، بە ئاڕاستەی ئاوەها وشیاری و لە ڕێچکەی ئاوەها ڕەوتێکدا چەمک و دەستەواژەی “کوردبوون” لە لایەن ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی لانیکەم دوو دەیەی دواییدا بەکار هێنراوە.
بەڵام بەکارهاتنی ئەم دەستەواژە و لێکدانە کەوتووەتە ئاقارێکی بایۆلۆژیک و کوێرانەوە و بە بێ هیچ تیۆریزەکردن و پێناسەکردنێکی جیدی و ئاوەزمەندانە هەندێ شت لەسەر کەسانێک دەوترێت و دەکوردێنرێن کە لە بنەمادا ناکرێت بخرینە ئه و چوارچێوەیەوە. وەکوو تا ئێرە ڕوونم کردەوە جەوهەر و ڕۆحی کوردبوون خودئاگایی و وشیارییە، حاجی قادری کۆیی و شێرکۆ بێکەس دوونموونەی کۆن و نوێی ئەم کوردبوونەن کە لە دوو قۆناغی جیاوازی مێژوویی، سیاسی و کولتووریدا کوردبوونیان مانیفێست کرد، وشیارییەک کە هەڵگری بیری ڕەخنەیی و تەنانەت ڕەتکردنەوەی هەندێ بەهای دژە کوردانە و دژە کۆمەڵگایانەی هەناوی کورد خۆی بوو. ئێستە لێرە و لەوێ لە ئێران و توران کەسێک دەردەکەوێت و لە پڕێکدا دەنگۆیەکی لێ بڵاو دەبێتەوە کە کوردە(کارم بەوەی نییە تا چەند ئەم دەنگۆیە ڕاستە) و ئیتر کوردبوون دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتەنێت، ئەم بابەتە لەبارەی ترامپ و جۆ بایدن؛ دوو سەرۆککۆماری یەک لە دوای یەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە گوترا، دیارە ئەم پێناسەیە لە کوردبوون و ئەم بەکارهێنانەی دەستەواژەی کوردبوون سەرەڕای ئەوەی لە ناو هەڵپە و پەرێشانییەکی سایکۆلۆژیدا دەژی بیریشی نەکردووەتەوە کوردبوون چییە؟ ئەمانە دەبێت لە خۆیان بپرسن کوردبوون وشیاریەکە یان کۆمەڵێک تایبەتمەندی بایۆلۆژی و فیزیۆلۆژیک؟
ئەگەر وشیارییەکە نەبێت ئەوا وای دانێین بایدن هەر خەڵکی کەرکووک یان کرماشان یان هەڵەبجەیە واتە وەکوو خوێن کوردە و بە نەژاد دێتەوە سەر ئێمە بەڵام بایدن چ دەرەوەستییەکی بە کیشەکانی کورد و مێژوو و دۆزەکەیەوە هەیە؟ هەمان شت لەبارەی ترامپیش ڕاستە، ئەگەر کوردبوون کۆمەڵێک تایبەتمەندی بایۆلۆژی و پەیوەست بە خانەکانی ناو لەش بێت مەگەر ئێمە کۆمەڵێک زۆر جاش و مستەشارمان نەبوون کە بە جەستەیەکی کوردانەوە ڕۆحی کوردیان ئەنفال کرد؟ مەگەر مەلای خەتێکان و تەها محێدین مەعروفەکان بە جەستە و خوێن کورد نەبوون و ئاو و هەوا و ژینگەی کوردستانیان هەڵنەمژیبوو و نەژیابوون تێیدا؟ وەڵامەکە زۆر ڕوونە، بەڵام چونکە بە هەڵپەهەڵپە ئێمە دەکەوینە ناو بەکارهێنانی زۆری چەمکەکانەوە خۆمان نازاین بەره و چ ئاقارێکی قوڕاوی و زۆنگاوێکی کوشندە هەنگاو هەڵدەهێنین! نموونەی هەرە تازەی سەفەری خاتوونێک بە ناوی “یاسەمەن”ە بۆ یەکێک لە وێستگە فەزاییەکان کە ئەم خاتوونە نە بە بایۆلۆژی و نە بە سایکۆلۆژی بە حەوت پشت هەڵناپێکرێت و ناگات بە کورد کەچی بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانی باشوور و ڕۆژهەڵات لە زوڕنایان دا و له و سەرکەوتنە بێ وێنەیەی کورد خۆشحاڵییان دەربڕی.
ئەم جۆرە خوێندنەوە و گێڕانەوەیە بۆ کوردبوون ڕووکەشبینی و هەڵپەیەکی سایکۆلۆژیی سووژە و مەعریفەخوازی کوردییە کە تا ئێستەش کۆمەڵێک دەیتا و گێڕانەوەی نابەرهەمهێن و زیانبەخشی بەرهەمهێناوە بەوەی کە لە ڕێگای ڕاستەقینەی کوردبوون لامان دەدات، لەولاوەش تۆ کۆچەر بیرکار و بێهرووزی بووچانیت هەیە کە لە خەمی کوردبووندا کوڵاون و ئەمە فۆرمە ڕاستەقینەکەی کوردبوونە، چون لە ناو وشیارییەکی تۆخ و ناخکوڵێندا دەژین و دەگێڕنەوە.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!