ناونیشانی بابەت: نووسین لە نێوان ڕەسەنایەتی و سووککردندا
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“نووسین و بیرکردنەوه”
نووسین ساتەوەختێکی پیرۆز و درەوشاوە ژیاری مرۆڤ بووە، دەتوانین بڵێم پاش دۆزینەوە و داهێنانی خەت و شێوەنووسین لە لایەن فینیقییەکانەوە کولتوور و ژیاری مرۆڤ ئیتر ئه و کولتوورە نەما کە پێش ئەم کەشف و دۆزینەوەیە هەبوو، کاتێک فەیلەسووفێکی وەکوو سوقرات وتی مرۆڤ ئاژەڵێکی قسەکەرە، ڕەنگە بەشێک لەم ڕاستییەی پێکابێت و بە دروستیش پێکابێتی، چون قسەکردن تۆوی نوسینی بەشیوەیەکی جەوهەری لەخۆیدا هەڵگرتووە، بۆیە ئەگەر پێگەی نووسین لە گەشەی ڕۆحی و زەینی مرۆڤدا لەبەرچاو بگرین، دەتوانین بڵێین مرۆڤ ئاژەڵێکی نووسەرە.
دیارە نووسەربوون لێرەدا به و مانایەشە کە قسە دەکات، به و مانایەشە کە دەنووسێت، ڕەنگە دەلالەتی ژێرەوەی گوزارەکەی سوقرات هەر ئەمە بووبێت، چونکە نووسین ئەگەرچی نووسین یان هەڵکۆڵین و …بێت، بەڵام هەر نیشانە، وشە، پیت و ڕستە یان وێنەکانە لەسەر تێنووسێک کە هاوکات قسەکردن و خۆدواندنێکیشە کە مرۆڤ پێش داهێنانی خەت بەشێوەیەکی هێزەکی و هەڵگیراو لەخۆیدا هەڵیگرتووە تا کاتی بگات، واتە ئه و چرکەساتەی کە نووسین دەبێت بە وشە و پیت و…لەسەر پێستی ئاژەڵان یان دیوار و دار و بەرد و دواتر ڕووپەڕ و پەڕاوەکان دەنووسرێتەوە، هەر بیچمبەندی و ڕیزبەندییەک دابنیین بۆ ئەم خاڵە مێژووییە ناکۆک نییە لەوەی کە بڵێین توانستی نووسین لە ڕێگەی توانستی گوتن و بیرکردنەوە لە ناخی مرۆڤدا دێتە دی و تەنها کاتێکی دەویست لە ئاستە کردارییەکەیدا و بە ڕێگە فیزیاییەکەیدا پراکتیزە بکرێت، قۆناغی گرینگ دوای ئەمە دەست پێ دەکات کە قۆناغی سەرهەڵدانی ژیار و تۆمارکردنی ڕووداوەکان و مێژوو و زانسته، کە ئەم ئەگەرەی بە مرۆڤ داوە بە دەرفەتێکی لەبارتر و لە دووتوێی لاپەڕەکانی داهێنراوێک بە ناوی کتێب بیر لە ڕووداوەکان و دونیا بکاتەوە، واتە داهێنانی کتێب یەکێک لە گەورەترین داهێنانەکانە کە ئەگەر گرینگی و چارەنووسسازییەکەی بەڕادەی دۆزینەوە و کەشفی ئاگر و کارەبا نەبێت ئەوا کەمتر نییە.
خودی ئەم پرۆسەیە دەرخەری هەر هەمان تێڕوانینەی سەرەوەمانه، واتە پێشمەرجی نووسین گوتن و پێشمەرجی هەر دووی ئەمانە توانستی وێناکردن و خەیاڵکردن واتە بە مانایەک هەمان بیرکردنەوەیە. ئەم سێ جەمسەرە پێکەوە گرێدراون، بەڵام لە هەر قۆناغێکدا بەپێی ڕەوتی گەشە و نەشەی مێژووی ژیاری مرۆڤایەتی جەمسەرێکی کردەکی و پراکتیزە بووەتەوە. بۆیە نووسین ساتەوەختی قووڵبوونەوە و کەڵەکەکردنی ئەزموونە کرداری و زەینییەکانی مرۆڤ و بەردی بناغەی تۆمارکردنی مەعریفەیە، دەکرێت بڵێین نێزیکترین دەلالەتە له و شتەی کە هیگل دەڵێت مێژوو فەلسەفەیە، واتە تۆمارکردنی ئەزموون و بیرکردنەوەکانی مرۆڤ و بینین و تێفکرینیان لە ئاسۆیەکی زەمەنیدا هۆکاری تێگەیشتنە لە ڕەوتی فەلسەفە و یاسا و ڕێساکانی. بەڵام بێگومان دۆخی نووسین و نووسەر لە هەموو سەردەمەکاندا بەم شێوەیە نەبووە و لە هەر قۆناغێکدا پێ بە پێی پێشکەوتن یان پاشکەوتنی کۆمەلگە و ژیاری مرۆڤ ئەرک و پێگەی جیاوازی بۆ دیاری کراوە، لە سەردەمێکدا نووسەران خزمەتگوزاری پاشاکان و هەڵبەستوانی بەر قاپی وان بوون، لە سەردەمێکیشدا هەڵگیرسێنەری شۆڕش و ڕەوتی چاکسازی لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان دژ بە دەسەڵات و ئایین بوون، بەگشتی لە هەر کوێ وشەی ڕەسەن هەبووە جمووجووڵ و ڕووداو، بیرکردنەوە و پراکتیک لەلایەک و بەرپرسیارێتی و ئەخلاق لە لایەکی دیکەوە ئامادە بووە، ئەگەرچی باسکردن لە ئەخلاق و بەرپرسیارێتی باسی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام کەم نووسەر لە مێژوودا هەبووە بە بێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی سەرشان و ئەرکێکی ئەخلاقی(لە سیستەمی بیرکردنەوەی خۆیدا) دەستی دابێتە نووسین.
بەڵام ئەمە یەک سەری هاوکێشەکەیەکی گەورەترە و نووسین تاکوو لە قەوارەی کتێب و کاغەزدا بوو ئەگەرچی بەربڵاو و لەجآوەی سەردەمی ئێستەماندا زۆر کاریگەر نەبوو، بەڵام پیرۆز و ڕێزلێگیراو بوو، وشە حورمەتی هەبوو، پیتەکان خەرمانەی جوانیی مانایان بە دەوردا تەنرابوو، هەر وشەیەک دڵۆپێک بوو لە عارەقی ڕۆحی و زەینیی و مەعریفەی زۆر یان گچکەی نووسەر و شاعیر و…بەڵام لایەنە نەرێنییەکەی تەکنەلۆژیا یان ئەگەر بە زمانێکی بنیامینیانە بڵێین: گەشەسەندنی ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی تەکنیکیی لە ئاستێکی بەرفراوان ئه و پێگە و خەرمانەی پیرۆزەی نەک کاڵ کردەوە و سڕییەوە بەڵکوو سیستەمێکی بێڕۆح و چرووکی لە باتی نووسین جێگیر کردووە، کە ئەمەش لە لایەن کەسانی ئینفلۆئێنسێر یان ناسراوی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بانگەشە بۆ بەرهەم یان کاڵا و بڕاندێک دەکەن (مەرج نییە هیچ توانایی یان هەڵکەوتووییەکیان هەبێت)، بره و پێ دەدرێت و لە ماوەیەکی کورت یان درێژی زەمەنیدا ئەخلاق و هەڵسوکەوتیان بە ناو کۆمەڵگادا بڵاو دەبێتەوە و یەک کۆڵەکەی بنەمایی نووسین و دونیای وشە واتە خوێنەر دادەڕمێنن و گرێدراویی ئەم کۆڵەکەیەش لەگەڵ نووسین و نووسەر وەکوو مانگ و خۆر وایە، بۆیە سەرێکی دیکەی هاوکێشەکە دەبێت بە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایی و دیاردەی ئینفۆلئێنسێرەکان و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان.
“گەشەی تەکنەلۆژیا؛ لە وشەوە بۆ شاشە بێ ڕۆحەکان”
بە نسیبەت تەکنەلۆژیاوە لە وڵاتە پێشنەکەوتووکان وێنایەکی ناتەواو و خواروخێچ هەیە، ئەمە هەم لە ئاستی خەڵکی ئاسایی و گشتیدا دەردەکەوێت و هەم لە ئاستی خوێندەوار و هەندێ نووسەر و ڕۆشنبیردا. هەرچی چینی ئاسایی و خەڵکی ڕەشۆکییە کە جیهانی کۆن و پێشنەکەوتوویان بەشێک لە بیر ماوە هەر پێشکەوتنێکی تەکنەلۆژی لە سەیارەوە و موبەڕیدە و فڕۆکە و سەتەلایت، بە مایەی ئاسوودەیی بۆ مرۆڤ دەزانن و له و ڕووەوە کێشەیان لەگەڵدا نییە، ئەوان هیچ کات بیر له و لایەنەی ناکەنەوە کە بەهۆی پێشکەوتنی زۆری تەکنەلۆژیا و چالاکیی بنکە ئەتۆمییەکان و کارگە پێشەسازییەکان، گۆی زەوی و توێژی ئۆزۆن مەترسیی کەوتووەتە سەر و ئێستە پلەی گەرمیی گۆی زەوی لە حاڵەتی ئاسایی خۆی دەرچووە، بۆیە تێکدانێکی گەردوونیی ژینگە و کەش و هەوا ڕووبەڕووی دانیشتوانی گۆی زەوی بووەتەوە. ئەمە بێگومان تاکڕەهەندییەکی خەمناکە کە زیاتر لە ناو چینە گشتی و پۆپیۆلارەکانی کۆمەڵگا بەدی دەکرێت. له و لاوەش چینی نوخبە و ڕۆشنبیر دۆخێکی ڕەخنەگرانە و هاوکات کۆنسێرڤاتیڤیان هەیە کە بە شێوەیەکی سەیر لەم دوو فاقێتییەدا دەژین و دەجووڵێنەوە چون بەها مۆدێڕنەکان کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بەدوای خۆیدا دینێت، مەرج نییە بە ئاسانی لە هەناوی ئەم تاکەدا جێگیر بێت و هاوکات کۆمەڵێک بەها هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە بازنەی نۆستالۆژیا و نەستەوەری ئەم چینەدا ڕەگئاژۆ بووە.
بەڵام ئەم دوو تێڕوانینە لە ناو کایەی گشتیی تەکنەلۆژیا و مۆدێڕنیتەدا دەژین و مەترسیی هەرە گەورە نەک ئەم تێڕوانین و مومارەسەکردنانه، بەڵکوو لەکیسچوون و لەناوچوونی زمان و وشە وەکوو ڕۆح و هەڵگری مانا و تێفکرینه بەهۆی ئامێرەکانی جیهانی تەکنەلۆژیاوە، ئەمە زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وەکوو نموونەی زەق لە ئینستاگرامدا دەردەکەوێت کە بەر لەوەی جێگە وشە و ڕستە و مانا و بیرکردنەوە بێت، جێگەی وێنە و خەیاڵکردنی نابەرهەمهێنە و ئەم وێنە و خەیاڵکردنەش لە یەک ڕەهەندی سەرەڕۆ واتە پۆرنۆگرافیدا زیاتر زەق دەبێتەوە، بابەتەکە تەنها کاریگەرییەکانی پۆرن نییە، بەڵکوو بەرتەسککردنی خەیاڵی بەردەنگ یان بینەر بۆ ڕەهەندێکی دیاریکراو و کوشتنی وشە و زمان و مانا و ڕەسەنایەتیی مرۆڤە وەکوو بوونەوەر و وجوودگەرا. بۆ نموونە ئێمە وێنەیەکی مارکس یان مەسعود محەمەد لە ئینستاگرام دەبینین بە کەمترین لایک و پێشوازیکردن و سەرنجدانان و کۆمێنتەوه، بەڵام وێنەیەکی هیلی لۆڤ هەزاران لایک و کۆمێنت تێدەپەڕێنیت ئەمە لە حاڵێکدایە ئەوان خزمەتی بیرکردنەوە و وشەیان کردووە و لە ئاستی خۆیاندا بە نسیبەت کێشەکانی کۆمەڵگا و سەردەمی خۆیاندا خەمسارد و بێ لایەن نەبوونە، بەڵام من لە 16 ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستە هێلی لۆڤ موتابەعە دەکەم نە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی، نە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا، نە شۆڕشی ژینا، نە دۆخی کورد لە باشوور و هیچ پارچەیەکی دیکە، نە ڕووداوەکانی فەرەنسە، نە دۆخی پەنابەران و نە هیچ شتێکی دیکە لە دونیادا لە پەنەجره و ئەکاونتی ئەودا نابینرێت.
ئەوەی هەیە بانگەشەی زۆر بۆ جۆرەکانی پێڵاو و جانتای ژنانە و و هەورەها پیشاندنانی سمت و حاڵەتەکانی سمتە، ئەمە ئه و لایەنە بەڕواڵەت دەرهەستەی پۆرنۆگرافییە کە دوژمنی جەوهەریی وشە و بیرکردنەوە و زمان و خەیاڵ بە مانا بەرفراوانەکەیەتی. لەڕێگەی ئینفلۆئینسێرێکی وەکوو هیلی لۆڤ و دەیان هەزاری دیکە لە دونیادا بە بێ هەبوونی هیچ گۆشەنیگایەک بۆ دونیا و قەیران و ئاریشەکانی باشترین کەسابەت و قازانج بەسەر تەکنەلۆژیا و بە سەر لاشەی زمان و وشەوە دەکرێ، ئەمە ئه و لایەنە ڕەشە درەوشاوه و هاوکات دەمامکدار و مەکیاجکراوەی تەکنەلۆژیا ومۆدێڕنەیە کە هاوکێشەی دژەزمایی تێیدا بیچم دەگرێت و فورمولە دەبێت. هەر بۆیە مانا و بەهاکان لە هەناو و توێ ئاڵۆز و ئەفسووناوییەکانی وشە و پیتەکان گوازراونەتەوە بۆ وێنەی پۆرن و لا سمت و نێو مەمکە نەشتەرگەری کراوەکان و ئەمە کارەساتی مانا و زمانیی تەکنەلۆژیایە لە سەردەمی ئێمەدا کە بە هەبوونی ئینفلۆئینسێرەکان یان هەمان ئەکتەرە نیوەپۆرن و بەبرەندکراو و کاڵاگەراکان کە دونیا لە پەنجەرەی پێڵاو و سەفتە دۆلار و پشتگوێخستنی هەموو شتیکی وجوودیانەی مرۆڤەوە دەبینن، بووە بە ئاکارێکی سەرتاپاگیر و بەشیکی زۆری کۆمەڵگا و کولتووری ڕەسەنی خوێندن و نووسین کاڵ و سڕ و مڕ دەکات، کۆی ئەم دیمەنە گوازرانەوەی ئەقڵ و ئاوەزە لە وشە ڕۆحبەخشەکانەوە بۆ ئەبڵقەکردن و زۆپبوونەوەی چاوە بە سەر شاشە ڕەنگاڵەییە بێڕۆحەکاندا.
“کورد و نووسین و تەکنەلۆژیای پۆرنئامێز”
کێشەی گەورەی ئێمە وەکوو کورد، هەر ئه و دۆزەیە کە لە شەڕی چاڵدێرانەوە زەق کراوەتەوە و تا سایکس پیکۆ و لۆزان درێژ کراوەتەوە، ئەم بێدەوڵەتی و بێدەسەڵاتییە تاک و کۆمەڵگایەکی پەشێو و سەرلێشێواویش بەناچاری بەرهەم دێنیت، سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆحی بەرگریکار و دانەسەکناوی کورد تا ئێرەش سەنگەری پاراستووە و هێشتا کورد و زمانی کوردی بە زیندوویی ماوەتەوە، باشوور دوا دەرئەنجامی ڕۆحی کوردپارێزەرانەی ئێمەیە لە مێژوودا کە بەداخەوە هەم دەسکەوتی زۆری هەبووە و هەمیش قەیرانی زۆر دەژی.
ئێستە دوای چەند دەیە لە ئازادی و حوکومداری لە پاڵ کۆمەڵێک نووسەر و چالاک و بیرمەند هەزاران زڕەنووسەر و چالاکی فەیک و بیرمەندی دەڵەمە و ساختە هەنە، کە ئینفلۆئینسێر و سیلیبێرتییەکانیش دەکەونە ناو ئەم تۆڕە بەربڵاوەوە. خۆی تاکی کورد بە شێوەیەکی ئاسایی بەر دونیایەک برین و قەڵشتی مێژوویی و لەتبوونی شوناس کەوتووە، ئیتر ئەم زڕە دەرکەوتانەی ناو جیهانی دیموکراسیی و تەکنەلۆژیا و جیهانگیریش دۆخەکەی زۆر ئاڵۆز کردووە، نموونەیەکی وەکوو هیلی لۆڤ کە لە سەرەوە باسم کرد تەنها یەک نموونەیە، ئێمە ڕۆژانە دەیان و سەدان کەس دەبینین کە بەناوی هونەرمەندی میللی و شرۆڤەکاری سیاسی و بیرمەند و بانگخواز و جیهادی دەردەکەون کە مرۆڤی ئێمە دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمە بەدەوی و پێشنەکەوتووکان، بانگخوازی وامان هەیە بە دوو ڕستە مێژووی ڕۆژئاوا و فەلسەفەکەی و هونەر و ئایینەکەی بە تەواوەتی ڕەت دەکاتەوە، شرۆڤەکاری وامان هەیە هەموو کورد بە نابەشەر و گەمژە ناو دەهێنێت و بێ ئەوەی چوار قامکەکەی دیکەش کە ئاماژە بۆ خۆی دەکەن ببینێت، وەک بڵێی ئه و تەنها کوردی ژیر و ئاقڵە کە هەڵکەوتووە و هاتووە گەمژەیی کوردان بە ئێمە بسەلمێنیت.
ئینفلۆئێنسێری واشمان هەیە کە تەنها شتێک کە مانای نییە بۆی وشە و پیت و نووسینە، ئه و تەنها وەکوو بڕاندناسێک دەردەکەوێت، هێندە بڕەندەکان دەناسینێت کە خۆی و جەستەی بەکاڵاکراوی بە تایبەتی دەبێ بە براند، ئەمە نەک لە کوردستان، بەڵکوو لە هەموو جیهان کەم و زۆر وایە بەڵام ئێمە چونکە هێشتا لە دۆخی دۆزینەوەی ئایدینتیتی و شوناسیی مرۆیی و نەتەوەیی خۆمان لە سەختترین سەردمداین، ئایا لۆژیکی نییە چاوەڕان بین ئەوانیش لە ماوەی هەر پێنج ساڵ بۆ ده ساڵێک باسێکی کورد یان پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی یان شۆڕشی ژینا کە لە بەلووچستانەوە تا کۆلۆمبیا دەندگدانەوەی هەبوو یان دۆخی ژینکەی جیهان بکەن؟ ئەمە تەنها فۆرمێک لە فۆرمەکانی سیلبێرتی و ئینفلۆئینسێرن و فۆرمەکانی دیکە کە بە زۆری بڵاو بوونەتەوە ئه و گچکه ئینفلۆئینسێر و کچە مۆدێلە سادە و بچووکانەن کە لەمانەی سەرەوە کۆپی وەردەگرن و ئاکارەکانی ئەوان بە شێوازێکی دیکە بڵاو دەکەنەوە، بۆ نموونە ئێستە ئێمە بڕۆینە سەر ئەکاونت یان هەژماریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینین وەکوو ناساندن نووسراوە: نووسەر، ئەکتەر، چالاک، ژینگەپارێز، وەرزش، سەفەر و…(ئەمانە هەمووی بۆ یەک کەس نووسراوە) و فاڵۆوێرێکی زۆریشی هەیە کاتێک بەدواداچوونی بۆ دەکەی هەڵوێستەکانی لەسەر ڕووداوێکی وەکوو ئاگرکەتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان بۆ نموونە لە ئاستی قوتابییەکی ناوەندیشدا نییە و تەنها بۆ جۆرە هاونەواییەک شتێک ستۆری دەکات.
ئەمە دەستوپێ سپی بوون و داماویی وزەی کۆمەڵایەتیی ئێمە ئاشکرا دەکات، لایەنەکانی ئەم کێشەیە هێندە فراوان و سەیر و سەمەرەن کە بابەتی چەندین لێکۆڵینەوەیە، ئەوەی کە هەیە ئه و سەردێڕانەی کە ئەمانە بۆ خۆیان هەڵیدەبژێرن سووککردن و بچووککردنی بابەتێکی وەکوو نووسین، زمان و وشە و بیرکردنەوەیە کە نە بواری کاریی ئەوانە و نە شایستەی ئه و سەردێڕانەش هەن بەڵام لە زەینی زۆرینەدا وەکوو گریمانەیەک قبووڵ کراوە و کەس دەنگی لێ هەڵنابڕێت. بۆ ئێمەی کورد ئەمە مەترسییە نەک تەنها لە لایەن چەند کچە مۆدێل یان پیاوانی گەڕاڵی بێ مەبەستی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڵکوو مەترسییە، چونکە ئێمە ڕەنگە بەڕادەی میللەتانی دیکە تەیار و پڕچەک نەبین بۆ هەستانەوە لە هەمبەر ئەم شەپۆلە چرووککەرە جیهانییە، بۆیە دەسەڵاتی کوردی و ناوەندە کولتوورییەکان دەتوانن بە کردنەوەی خولە جیاوازەکان ڕۆشنگەریی پێویست بەم بابەتە بڵاو بکەنەوە تاکوو لە جیهانی وشە و بیرکردنەوە دانەبەزێینە جیهانی وێنەی بێ ناوەرۆک و بێ بەرهەمهێن بەڵام کاریگەر.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!