ناونیشانی بابەت: هونەر، سیاسەت و شۆڕشی کوردی
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
ئەوانەی تۆزێک یادەوەریی مێژووییان بێت، دەزانن کە هونەر و شۆڕشی کوردی بەردەوام لە پەیوەندیدا بوونە، ئەمە نەک تەنها لە هاوکێشەی دوو گۆشەی هونەر-شۆڕش ئەم دەرکەوتەیە دیار دەکەوێت، بەڵکوو دەتوانین بڵێین هونەر جومگەی سەرەکیی بوونی کورد و کوردستان لە سەرتاپای جوگرافیای گەورەکەیەوە بووە، ڕاستییەکی تاڵ یان شیرین یان ڕەنگە مزر هەیە، کە ئەویش ئەمەیە زۆربەی نەتەوەکانی دەوروبەر زیاتر ئێمە بە هونەر و هەڵبەت مێژووەوە دەناسن، ئەمەش بە مانای ئەوە نییە لە پانتای سیاسەت و شۆڕشدا چالاک نەبووین، بەڵکوو به و مانایەیە کە هونەر وەکوو فۆرمێک لە فۆرمەکانی وجوودی کورد سەرچاوەیەکی کەونینە و دێرین بووە، هونەری کوردی لە گۆرانی، بەیت و لاوک و حەیرانەوەڕا دەست پێدەکات و هەڵپەڕکی و جۆرە جیاواز و جوانەکانی و تەنانەت تەونکردن و شیعر و هەڵبەت و …دەگرێتەی خۆی.
بۆیە لەم هاوکێشەیەدا هێندە هونەر مێژووی دێرین و کۆڵەکەکانی پته و و قاییمە ڕەنگە شۆڕش و سیاسەت لای ئێمە وا نەبێت، ئەگەر چاوێک بگێڕین به و پێناسەیەی کە نەتەوەکانی دەوروبەر لە ئێمە هەیانە زیاتر بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ و ئەدەبەکەمانەوە ناسراوین و لە سەدەی نۆزدە و بیستدا ئەگەرچی چەندین شۆڕش و سەرکردەی شۆڕشگێڕ و هەزاران شەهید هەبوونە بەڵام قورسایی هونەر وەکوو جومگەیەکی سەرەکیی وجوود و ڕۆح و زەینییەتی کورد حاشاهەڵنەگرە، بەڵام جیاواز له و دوو گۆشەیەی وجوودی کورد، واتە هونەر و شۆڕش، سیاسەتیش بەمانایەک پیی لەناو هاوکێشە و کایەکەدایە. بۆیە هاوکێشەکەی سەرەوە لە سێ گۆشەی ئاواهی بە ڕیز پێک دێت: هونەر، شۆڕش، سیاسەت. جیاوازی دانان لە نێوان شۆڕش و سیاسەت بەم شێوەیەی خوارەوەیە کە ڕوونی دەکەمەوە.
شۆڕش دۆخێکی سەرتاسەری بووە کە بە درێژایی سەدەی بیستەم بە سەر هەموو کوردستاندا زاڵ بووە، یان دەتوانین بڵێین سەپێنراو بووە، ئەمەش لەوەوە دەخێزێت کە کوردستان لە لایەن کۆلۆنیالیستان و داگیرکەرانەوە داگیر کرابوو و خەڵک و خاکەکەی دەچەوسێنرانەوە و دەستدرێژییان دەکرایە سەر، بۆیە وەکوو دەڵێن لە هەر شوێنێک چەوساندنەوە و داگیرکاری هەبوو، ڕابوون و شۆڕشێکیش دەبێت، شۆڕش بەم واتایە بەرگری لە خاک و خەڵک و نیشتمان لە هەمبەر داگیرکاری و دەستدرێژیی دوژمناندایە، خودی ئەمەش لە ڕوویەکەوە ڕۆحی زوڵمنەویستی و دژەداگیرکاریی کورد دەسەلمێنێت و پێمان دەڵێت کە ئێمە تەنها بەرگریمان لە کیان و بوونی خۆمان کردووە، وەکوو ئەوەی لە هەموو وڵاتانی دراوسێ و داگیرکەردا هەیە هێرشمان نەکردووەتە سەر خاک و خەڵکی هیچ وڵاتێک، کانیاو و دار و درەخت و جۆگەلە و ڕووبار و باڵندە و ئاسمانی هیچ وڵاتێکمان نەخستووەتە مەترسی و دەستی ڕەشمان بۆ نەبردوون، لەم نەوا بێگەرد و جوامێرانەیەدا هونەر هەمیشە هاودەنگی شۆڕش بووە، ئێمە ئەگەر تۆزێک خەرمانی یادەوەری خۆمان هەڵدەینەوە بەشێکی زۆرمان بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گۆرانی و سروودە شۆڕشگێڕانەکان بوون یادەوەرییەکی دەستەجەمعی و گشتییان بۆ دروست کردین و کوردستان وەکوو شاوشە و شاچەمکی دونیای زەین و هەستمان جێگیر بوو.
پەیوەست بەم لێکهەڵپێکرانەی شۆڕش و هونەر و ڕەگئاژۆبوونی گوتاری کوردستانی لە زاکیرە و یادەوەریی دەستەجەمعیماندا ئێمە دەتوانین چەندین وشە و تێرمی باڵا دەربهێنین کە بە داخەوە دواتر لە پانتای سیاسەت و قۆناغی سیاسەتدا هەندێ لایەن دەلالەتەکەیان بەلاڕێدا برد و له و چاوگە زوڵاڵ و لەقووڵە ڕەسەنەی خۆی ترازاندیان، یان لانیکەم زەخت و خەساریان لێ دان، دەستەواژە و وشەگەلی وەکوو پێشمەرگە، نیشتمان، خاک، ئاڵا، شەهید، شاخ، کانی، دایک و…دەیان دەستەواژەی دیکە کە بە شێوەی ڕەمزی یان واقیعی دەلالەت لە پڕوزە و خرۆشبوونی ئه و گوتارە دەکەن و هونەری کوردیش بە جوانیناسانەکردنیان، تەعبیری لە شۆڕش و شۆڕشگێڕی کردووە، سەیر نییە ئەگەر چاوێک بە مێژووی هونەری گۆرانیماندا بخشێنین زۆربەی دەنگ و سیما هونەرییەکانی سەردەم و قۆناغی شاخ ئێستەش وەکوو سەرچاوە و کۆڵەکەی ڕەسەن ماونەتەوە و هونەرمەندان یان بەشێکی زۆریان کە لاساییکەرەوەن لە ڕاستیدا نەیانتوانیوە ئه و قۆناغە تێپەڕێنن، بۆ نموونە (تەحسین تەها و ئەیاس زاخۆیی) وەکوو دوو هونەرمەندی نیشیمانپەروەر، کێ توانیوێتی تەنانەت بە سەرکەوتووییش لاساییان بکاتەوە؟ یان دوای (حەمە جەزای ڕەوانشاد و ناسری ڕەزازی) چەند دەنگی دیکە وێنەی ئەوان هەڵکەوتوون و دەنگی خەڵک و نیشتمان بوون؟ دیارە مەبەستی من نکۆڵیکردنی لێهاتوویی و توانایی کۆمەڵێک هونەرمەندی نوێ نین بەڵام ڕاستییەکیش هەیە و ئەمەیە کە بە بەراورد لەگەڵ ئه و سەردەمە ناتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین کە زیاتر سەرکەوتوو و پێشکەوتووین، ئەم خەسارەم باسکرد لە دووتوێی ئەم گێڕانەوەیەدا، تاکوو بێمە سەر گۆشەیەی کۆتایی هاوکێشەی بەرباسم کە ئەویش سیاسەتە.
بەداخەوە بمانەوێ و نەمانەوێت لەم قۆناغەدا سەرەڕای کۆمەڵێک بووژانەوە و دەسکەوت و سەربەرزی بەڵام لە ئاستی هونەردا ئێمە خەسارمان دیت، ئەویش بە سێ هۆکار یەکەم ئەوەی کە سیاسەتێکی هونەریی پشتبەستوو بە مێژووی هونەری شاخ و شۆڕشمان نەبوو یان ئەگەر هەبوو زۆر برەوی پێ نەدرا و لە ئاستی جەماوەری و گشتیدا کەمتر دەرکەوت و دەردەکەوێت. هۆکاری دووەم بەبازاڕیکردنی هونەر کە هونەری لە بەها مەعنەوی و بەرزەکانەوە گواستەوە بۆ مادەخوازی و پارەتەوەری، دیارە پارە و هونەر دەتوانن تەواوکەری یەکتری بن و تەنانەت هونەرمەندێکی پارەدار باشتر پێش بکەوێت لە هونەرەکەیدا بەهۆی زەنگینبوونییەوە بەڵام بەداخەوە لێرە بە هەر هۆکارێک بوو وا دەرنەچو و بەشێکی زۆری وزە و توانستی گەنج و دەنگە هونەرییەکانمان لە گەعدەکان و بەندبێژیی و شەڕەبەند کە لە راستیدا شەڕجنێو و بێڕێزیگەلی سەیر و سەمەرە و دوور لە کولتوور و شارستانییە، بەفیڕۆ چووە. هۆکارێکی دیکە دەشێت دۆخەکە هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتی و هەم لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە تووشی قەڵشت و دابڕان بکات بەسیاسیبوونی هونەرە، یان بەسیاسیکردنی هونەرە، دیارە لێرەدا ئه و هاوکێشەیەی نێوان هونەر و شۆڕش بەرقەرار و جێگیر نییە بەڵکوو ئەوەی هەیە گیرخواردنی هونەر و هونەرمەند لە بەرداشی نێوان ململانێی سیاسی و حیزبییە و ئەمە ڕچەی قەڵشتی کۆمەڵایەتی دادەنێت و مەترسییەکە بۆ سەر یادەوەری دەستەجەمعی و کیانی کوردی بە گشتی.
بەڵام ئەمە سەرێکی گەورەی هاوکێشەکەیە و سەرێکی سەرکیی دیکەی ستراتیژی هونەرمەندانە لە نێوان ئەم گۆشانەی هاوکێشەکەی سەرەوە کە باسم کرد. ئەویش ئەتەکێت و ئاکار و ڕەوشتی کەسی هونەرمەندە، بۆ نموونەی هونەرمەند ناسری رەزازی له و هۆنراوانەی کە هەڵیبژاردوون بۆ گۆرانییەکانی یان خۆی دایناون ژن هەمیشە ڕۆڵێکی پێشەنگ و بەرزی هەیە، لە پاڵ نیشتمان و وڵاتدا و لە کردەوەشدا ئێمە دەبینین کە ئه و لەم دواییانە و لە بەرنامەیەکی هونەریدا دەستی هونەرمەندێکی ژن ماچ دەکات و لە وەڵامی هەندێ ڕەخنەی سەیر و نەرێتیشدا دەڵێت ئەم کردەوەیەی من بەهایەکە دایکم فێری کردووم لە مناڵییەوە کە ڕێز لە ژن بگرم، خودی ئەم کردەوەیەی و دونیای هونەرەکەی هاوتا و هاوقەبارە دێنەوە و هەم لەگەڵ کولتووری کوردیدا گونجاوە و هەمیش هەڵگری ڕۆحێکی سەردەمیانەیە. ئەمە تەنها نموونەیەکە کە بڵێم ڕەوشت و هەڵسوکەوتی هونەرمەند دەتوانێت جۆرە پێوەندییەکی باش یان خراپ لە گەڵ کۆڵەکەکانی ئه و سێ گۆشەیەی هاوکێشەکەی سەرەوە دروست بکات و ئەویش هەمان ئه و بەهایانە کە سەدان ساڵە کۆمەڵگای ئێمە لە فۆرم و خەیاڵدانێکی ئەخلاقی و ئینسانیدا پێناسەی کردووە و پێی ژیاوە، له و لاوەش ئێمە دەیان بەناو هونەرمەند دەبینین کە ڕەنگە هەڵبەستی فولکۆریس بڵێنەوە بەڵام لە ڕووی ژێستی هونەری و ئەخلاقی کۆمەڵایەتیدا ئێمە ناتوانین بەرگرییان لێ بکەین و وردوردەش لە درێژایی زەمەندا ئه و بەشە گچکەیەش لە هونەر بەریان کەوتوو بەپێی پێوەرانێکی دیکە بڕیار و قەزاوەتی لەسەر دەکرێت، هەڵبەت ئەمە تەنها ڕەهەندی ئاکاری کۆمەڵایەتییە و ڕەنگە بە پێی ڕەهەندی سیاسیی زۆر زەق و خەسارساز نەبێت، بۆ نموونە ئەگەر هونەرمەندێکی لە فەزایەکی دوو جەمسەریی سیاسیدا لە باتی پێڕەوکردنی بەها شۆڕشگێڕی و نیشتیمانییەکان بداتە لانی سیاسەت و لایەنگری لەم باڵ و ئه و باڵ ئەوە هەم هونەرەکەی دەباتە ژێر پرسیار و هەم کەساتیشی لە ڕووی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی گومان دەکاتەوە، ئێستە ئێمە گەعدەی زۆر و زەبەند دەبینین کە لایەنێک لە پشتییەوەیەتی ئەگەر لەم حاڵەتەدا گۆرانیبێژ لە بەها شؤڕشگێڕی و نیشتیمانییەکان لا نەدات ئەوا خاڵێکی درەوشاوە لە ئاستە سیاسییەکەشدا بۆ خۆی تۆمار دەکات و ڕەنگە هەر ببێت بە ئەکتێکی جوولەساز و کارامە لەسەر کۆمەڵگا و تەنانەت گوتاری سیاسیش.
لە حاڵەتێکی دیکەدا ئەگەر هونەرمەند لە بەها گشتییەکان لا بدات و لە ناو بازنەی بەها بەرتەسکەکاندا بسووڕێتەوە و دەلالەتەکانی نیشتمان و شۆڕش و هونەر بە یەک ئاقاردی دیاریکراودا ببات بێگومان هیچ ئاسۆیەکی زەمەنی و ئەگەر نەلێین نەمری ئەوا مانەوەیەکی درێژخایەن بۆ خۆی دەستەبەر ناکات، پێم وایە هونەرمەندانی گەنجی ئێمە دەبێت بە شێوەیەکی جیدی و قووڵ بیر لەمە بکەنەوە و لە خۆیان بپرسن بۆچی دوای زیاتر لە نیو سەدە هێشتا “حەسەن زیرەک” دەنگێکی چێژبەخش و ڕەسەن و تازەیە بۆمان؟ بۆچی عەلی مەردان و تایەر تۆفیق و فواد ئەحمەد و گوڵبەهار و…هتد بوون بە بەشێک لە یادەوەریی دەستەجەمعی و خەیاڵدانی گشتیی ئێمە بەڵام دەیان و بگرە سەدان هونەرمەند پاش ئەمان و بە تایبەتی لە سەردەمی کراوەیی و فراوانیدا سەریان هەڵدا کەچی ژمارەی ئەوانەی جێگەی خۆیان لە خەیاڵدانی گشتیدا چەسپاندبێت بە ئەندازەی قامکەکانی دەستیش ڕەنگە نەبن.
پێم وایە بەگشتی ئێمە دەبێت ڕەشبینانە لە دۆخی هونەری کوردی لە ئێستەدا بڕوانین، ڕەشبینانە نەک به و مانایەی ئیرادەی ڕەسەنی هونەری کوردی نەماوە، بەڵکوو به و مانایەی ئه و ئیرادەیە لە لایەن چەندین فاکتۆر و هۆکاری وەکوو دابەزاندنی هونەر بۆ ئاستی تاکەکەسی و حەز و خولیاکانی هونەرمەند، بەبازاڕی بوونی هونەر، پۆرنۆگرافیکردنی هونەر، کەسایەتیی بازرگانانەی هونەرمەندان، خولانەوە لە ناو مانا و شیعر و هەڵبەستی بێ بنەما و بێ مانا و هیچ و چەندین هۆکار و فاکتۆری دیکەوە تەنگی پێ هەڵچنراوە و لە لەیەکی دیکەشەوە هونەرمەندە ڕەسەنەکان کە لەم فەزایەدا ناتوانن ئیش بکەن و بە پێی پێوەرە ئەخلاقی و ستاتیکییەکانی ئەوان نییە گۆشەگیری هەڵدەبژێرن، کۆی ئەم دۆخە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر شوناسی کورد چون هونەر یەکێک لە کۆڵەکە ڕەسەنەکانی شوناسی کوردی و پەیوەندیدار و ڕایەڵەیەکی لەق و پۆ هاوێشتوو و تێکئاڵاوە لەگەڵ کۆڵەکەکانی دیکە، بۆیە دەبێ لەم ڕووە هەڵوێستە بکرێت و بیری ورد بکرێتەوە و پلانێکی بۆ دابنرێت، ئەگینا پاش نیو سەدەی دیکە ئه و دەنگە ڕەسەنانەش لە لایەن داگیرکەران و دزانی هونەر و کولتوورەوە دەبرێن و ئەمەش ڕۆڵی هەموومانە لە منەوە تاکوو تاک بە تاک کۆمەڵی کوردەواری و هونەرمەندان و کەرتی پەروەردە و حکوومەت و هەر جومگەیەک کە پێکهێنەری کەسایەتی و شوناسی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەیەوە و کۆی ئەم ڕەوتە لە درێژخایەندا دێتە ئاراوە و تەنها و تەنها ڕۆحی شوناسخوازانە و جوانیناسی پێکەوە پشتگیریی دەکەن!
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!