ناونیسانی بابەت: بە میدیایی کردنی پانتایی تاکەکەسی
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“خوێندنەوەی هەندێ ڕووداو و ورده ڕووداوی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان”
“کییەرکیگارد” فەیلەسووفی دانیمارکی لە شوینێکدا باسی “مرۆڤی بڵاوکراوە” یان “مرۆڤی دابەشکراو”، دەکات و بەمەش ویست و بەشێک لە خواستی مرۆڤ لە لایەک و هەلومەرجی سەردەمەکەی لە لایەکی دیکە بۆ دوورخستنەوەی مرۆڤ لە ناوەندی کەڵکەڵە و خەون و دڵەڕاوکێکانی، ڕوون بکاتەوە کە ئەمەش له و حاڵەتەدا دێنە ئاراوە مرۆڤ بیەوێت بەر لەوەی خۆی و ئازارە وجوودییەکانی ببینێت خۆی بۆ خەڵک و دونیا نومایش بکات و لە ڕاستیدا ئیتر “ئەو” واتە مرۆڤ(تاک) دەبێت بە خەڵک و لە خۆی بەتاڵ دەبێتەوە، ئەمە ئه و بڵاوبوونەوە یان دابەشبوونەیە کە “کیەرکیگارد” وەکوو مەترسییەک لەسەر وجوودی ڕەسەنی مرۆڤ باسی کردووە، ئێستە و لەم جیهانە نوێیەی خۆماندا ڕووبەری جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بووە بە جۆرێک کیبڕکێی دەرکەوتن و ئارەزووی ناوبانگ دەرکردن و خۆنواندن، جێگەی خواست و ئارەزووە ڕەسەن و ئۆرژیناڵەکانی مرۆڤی ئێمەی گرتووەتەوە.
ڕەنگە مرۆڤ وەکوو “فرۆید” دەڵێت سیخناخ بێت لە ئارەزووی نەزانراو و تاریک، بەڵام کەش و ژینگەکە دەتوانێت لە ئاڕاستەکردنیدا، ماهییەت و چۆنێتی کەسەکە و کەسایەتیی ئه و دیاری بکات. ئێمە وەکوو کورد بەشێوەیەکی بەردەوام دابەشبوون و بڵاوبوونەوەمان ئەزموون کردووە، لە جەنگی چاڵدێرانەوە تاکوو سایکس پیکۆ و لۆزان جوگرافیامان دابەش بووە، بەڵام کێشەکان و گرێکانی ئێمە لە جوگرافیادا کورت نەکراوەتەوە و بووە بە کۆمەڵێک خواستی گرێدار و ناکامیی دەروونیی سەیر و سەمەرە و تووڕەیی، هەروەها هەوڵ و خەباتی شووناسخوازانە واتە ئەم دابەشبوون و بڵابوونەوە لە ئاستە جوگرافییەکەیەوە هاتووەتە ئاستێکی ڕەمزی و سەمبوولییەوە و ئێستەش پێدەچیت بەشێک لەم دابەشبوون و بڵاوبوونەوە میدیاییەش پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئه و مێژوویە بن، ئەگەرچی ناتوانین لە هەمان کاتا کاریگەریی و خاڵە ئەرێنییەکانی ئه و کەش و فەزایەی کە میدیا و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخساندوویەتی بە سووسەیەک کەم بکەینەوە. بەڵام دەبێ لایەنە ڕەش و نەرێنییەکانیشی ببینین و لە درێژەدا و لە ژێر تیشکی ئه و دەستەواژانەوە باسی دەکەم.
ئێمە کە ڕۆژانە بۆ کاروباری ژیانی ڕۆژانەمان هەڵدەستین تا کاتێک دەخەوین بەزۆری لەگەڵ هەواڵ و باس و خواسانێکدا ڕووبەڕووین کە پەیوەستن بە دونیای ئێمەوە، ئێمە ڕۆژانە وێنەکان دەبینن و پەرچەکردارمان تێدا دروست دەکەن، من وەکوو ئەزموونی خۆم لەم دە ڕۆژەی ڕابردوودا ئەوەی پەیوەست بێت بە کوردستانەوە زۆرترین هەواڵم لەسەر کوشتن و لێدان و تووندوتیژی بینیوە، هەڵبەت وە نەبێت ئەم شتە هەر تایبەت بێت بە کوردستان، جیاواز لەوەی شتێکی جیهانگیره، بەڵام دەرکەوتنی لە میدیای کوردیدا زۆر ڕووشێنەر و بریندارکەرە، من ئەم هەواڵانە دەخوێنمەوە، وێنەکان دەبینم و ئەم زام و برینانە دەگوازرێنەوە بۆ دەروونی منیش، ئەمە بڵاوبوونەوەی مرۆڤە لە ئاستێکی دیکە و بڵاوبوونەوە و گشتگیرکردنی زامەکانە کە خۆی دەتوانێت وەکوو جۆرێک پەرەپێدانی تووندوتیژیی ببینرێت، بەدڵنیاییەوە ئێمە نابێت و ناتوانین ئه و ڕووداوانەی کە لەم چەشنەن لە کۆمەڵگاکەمان پشتگوێ بخەین، بەڵام شێوازی گەیاندنی هەواڵەکە لە لایەک و هەروەها شیکاری و ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی هەواڵ و ڕووداوەکە لە لایەکی دیکە، دەتوانێت لەوەی کە من لەم تووندوتیژییە تێفکرم و جۆرە هیورێیەک لە ڕێگەی تێڕامان بگەڕێتەوە بۆم کاریگەر بێت.
مەبەستمە بڵێم ڕووداوەکان لە ناو میدیاکاندا مانا وەردەگرن و هەست و سۆز دروست دەکەن و هەر لەوێشەوە بە ئاسانی دەگوازرێنەوە بۆ بینەر و بەردەنگ، ئەگەر ئێمە وشیار و ئاوەزمەند نەبین ئەوا دوای ماوەیەک ئیتر سوژەبوون و ئاوەزمەندێتی خۆمان لە کیس داوە و بووین بە بووکەشووشەی یاری دەستی میدیاکان، میدیاکانی ئێستاش چوارچێووە و پێوەرێکی دیاریان بۆ کارکردن نییە ئەگەریش هەیان بێت ئەوا بەهۆکاری سیاسی، حیزبی و… ناوە ناوە لێی لادەدەن و ئێمە شتی لەناکاو و تازەباویان بەردەوام لێ دەبینن. لێرەدا دەکەوینەوە بیر ئه و ڕستەیەی نیچە کە دەڵێت ئەگەر (چاو لە چاڵێک بکەی ئەویش چاو لە تۆ دەکات!) مادام ئێمە خۆمان لە ناو میدیادا دەبینینەوە ئەوا میدیاش لە ئێمەدا خۆی دەبینێتەوە واتە پەیوەندییەکە دوولایەنە و لەم ململانێیەشدا بێگومان میدیا ماندوونەناسترە، میدیا بە شێوەیەک لە شێوەکان هۆش و زیرەکیی دەسکردە، زۆر شت دەتوانێت بەرهەم بهێنیت، دەبێت بە دەمڕاست و تریبۆنی زۆر لایەن و دەستە و کەسایەتی و گرووپ، لە کەسێکی خوێندەوارەوە بگرە تاکوو کەسێکی ئایینی یان بازرگان یان مۆدێل و بەگشتی لەڕێگەیەوە جۆرە مەعریفەیەکی بێ کەڵکی تێکەڵ پێکەڵ دەرخواردی بەردەنگ دەدرێت کە لە ئەنجامدا جگە لە ماندووبوونی هیچی دیکە بۆ مرۆڤ نامێنێتەوە.
ڕەنگە ئەمە دەرخەری ئەوە بێت کە ئێمە میدیای جیدیی کە بەها بە بابەتە مێژووسازەکان بدات نیمانە یان ئەگەر هەمانە ناسراو و جێگرتوو نییە، کام میدیای ئێمە پرۆژەیەکی جیدی مەعریفی و ڕۆشنگەرانەی لەبارەی دۆخی ئێستای تاکەکان لە جیهان و کوردستاندا، پەیوەندی مرۆڤ و میدیا لە کوردستان و جیهان، مەعریفەی میدیایی و مەعریفەی غەیری میدیایی و دەیان باس و بابەتی پەیوەندیداری دیکەی خستۆتە ڕۆژەڤەوە و سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوه؟، هەر ئێستە کە من ئەم بابەتە دەنووسم خواناس؛ کوڕە گەنجێکی خەڵکی چەمچەماڵ لە لایەن کەسێکی تووندڕەوی ئایینییەوە بە پاساوی جیاوازیی بیروڕا کوژراوە! ئەم ئاستە لە تووندوتیژی و خوێنخۆریی بۆچی دوای سی و چەند ساڵ سەرهەڵدانی گوتاری مۆدێرنیتە لە کوردستان بە ئاسانی ڕوو بدات؟ و ئەمەش هەموو ڕووداوەکە نییە، بە داخەوە لە زۆربەی زۆری ئه و پەیجە فەرمی و نافەرمییانە کە ڕووماڵی هەواڵە کراوە زۆربەی زۆری کۆمێنتەکان دەستخۆشی لە بکوژ بووە! ئەمە دیسان کوشتنەوەی خواناسەکان و ئێمە و کەسانێکە کە لە دەرەوەی بازنەی بیرکردنەوەیکی تووندڕەانە و تووندئاژۆیانەی وادا هەناسە دەکێشین، تەنانەت کوشتنی ئه و ڕەهەندەی ئایینە کە قائیل بە چاکسازی و نەرمینواندن و چەمانەوە لە هەمبەر ڕووداو و نەزمە نوێکان هەیە.
لێرەدا ئێمە لە ناو تۆڕێکدا گیر دەخۆین کە وا دەزانین بە ئاگاداربوون لە نەفسی هەواڵەکان و ئاستی خەم و ئازاری مەکیاجکراویان و هەڵوێست نواندنێکی سەرپێیی ئەوا کێشەکە چارەسەر بووە! لانیکەم هەستێکی ناوشیار و ناسکی وا دەمانگرێت و پێم وانییە کەسێک کە ئەزموونی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەبێت حاشا لەم بابەتە بکات، بەڵام ئەمە پرۆسەیەکی چاو بەستبوونە، پرۆسەیەکە کە کۆمەڵێک پەیج و سیستەمی هەواڵسازییان ئاڕاستەی ئێمەی دەکەن و هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە ئێمە ببین بە لۆگۆی ئەجێندا و ناوەرۆکی ئایدۆلۆژییەکانی ئەوان، شتێک کە لەم نێوانەدا دەفەوتێت وەکوو لە زاری “کییەرکیگارد”ەوە گێڕامەوە ئینسانبوون و کەڵکەڵە ڕەسەنەکانێتی، ڕاستە هەموو کەسێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندایە بە ڕەهایی شموولی ئەم بابەتە نابن، بەڵام بۆ زۆرینە بەڕاست دەگەڕێت و تەنانەت لێکۆڵینەوەکانی ئەم دوایی دەریانخستووە ئالوودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوشێوەی ئالوودە بوونە بە مادەی هۆشبەری کوکائین و ئەمە زەنگی مەترسییە ڕاگەینەدراوەکەی ئه و فەیلەسووفە زیاتر بە گوێماندا دەدەن! و خودی ئه و ئالوودەبوونی دەستپێکی بەمیدیایی بوونیشە، ڕەنگە نموونەیەکی هەرە دیار کە پەیوەندیی زیانباری میدیا و مرۆڤ لە کۆمەڵگای ئێمەدا زیاتر بەرجەستە بکاتەوە ئه و نموونەیە بێت کە ماوەیەک پێش ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت پەیجی کەناڵە زەبەلاحە تەلەڤیزیۆنییەکانیش ڕووماڵیان کرد، ئەویش ڕێوڕەسمی ژنهێنانی پیاوێک بوو لە سیدەکان کە لە لایەن ژنی یەکەمییەوە ژنی دووهەمی خوازبێنی کراوە بۆی و دیدار و لێدوانیان لێ وەرگرتوون و بە جووت ئەم جووتە خوشکە سەربەرزیی و بەختەوەریی خۆیانیان بۆ هەموو گەلی کورد لە سەر شاشەکان دووپات کردەوه.
جیاواز لەمەی کە خودی بە میدیاییکردنی ئەم ڕووداوە لێدانە لە پانتای تاکەکەسیی تاکەکان و بەزاندنی ڕووبەری ژیانی تاکەکەسیی مرۆڤە، گاڵتەکردنێکیشە به و هەموو چالاکی و مافخوازییەی ژنان کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا هەزران کەس و دەیان ڕیکخراوی ناوخۆیی و بیانیی لە پێناویدا کاریان کردووە، سەدان کتێب و نامیلکە و وتاری ڕۆشنگەرانە پەیوەست بە فیمینیزم و وشیارکردنەوەی ژنان بەرهەم هاتووە کەچی میدیایەکی زۆر زەبەلاحی مۆدێڕن دادەنیشێت بە پڕوپاگەندەی ئاوەها بەهاگەلێکی سواو و نا ئەوڕۆیی و دەبێت بە تریبۆن و بڵیندگۆی کەسانێک کە قایل بە پاراستنی سنوورەکانی ژیانی خۆیان نین، ئەمانە نە هونەرمەندن نە سیاسیین نە ئاکادیمین بۆیە حەقمانە پرسیار بکەین شووکردنێک بە پیاوێکی ژندار یان ژنهێنانی پیاوێکی ژندار و ژنهێنان بۆ مێردی خۆت، دەچیتە خانەی کام بابەتی سەرنجڕاکێشەوە لە جیهان تاکوو میدیا فۆکۆسی بخاتە سەر؟ لێرەدا کارەساتی بە میدیاییکردنی ڕۆتینات و ژیانی سوواوی ڕۆژانە ئه و ڕستە دیسان بە گوێماندا دەدات کە مرۆڤی بڵاوکراوە هەمان مرۆڤی دابەشبووە کە دیسان لە میدیادا دابەش و دابەش و دابەش دەبێت و ڕەنگە سبەی نموونەی هاوشێوەی وا دیسان خۆی بنوێنێتەوە، ئەگەرچی بەپێی یەکێک لە پەیجەکان ئەم ڕێوڕەسمە لە نومایشکردنێک زیاتر هیچی دیکە نەبووە و مێردەکەی بڕیاری داوە ئەگەر ڕازی بێت ژنی دووهەم بهێنیت دەیباتە سەر شاشەکان و ناوبانگی بۆ پەیدا دەکات، ئەگەر ئەمە گاڵتەجاڕێ و سووکایەتیی بە تێگەیشتن و ئەقڵی خەڵک نەبێت کەواتە چییە؟ میدیا و میدیازەدەکان دەبن بە یەک و دەیانەوێت کۆی زەین و مێشک و بەهاکانی جیاواز داگیر بکەن و یەکدەستیان کەن و ئەمە مەترسییەکی گەورەیە، هەر میدیایەک لە سەرەتادا وەڵامی ئەم پرسیارەی پێ نەبێت و پێڕەوی لە تیشکی ئەم پرسیارە نەکات کە شتی گرینگ کامەیە لە کۆمەڵگا؟ ئەوە بێگومان نە میدیایە و نە خزمەتیش دەکات!
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!