سیپان ڕۆژهەڵاتی
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە واشنتن وتی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم داواکارییەکی نەتەوەیی بوو.
ئەمڕۆ (شەممە، #18-01-2025# ) سینەم محەمەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە واشنتن، لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژیری 17:00ی تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕایگەیاند، بڵاوبوونەوەی وێنەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم دڵی هەموو کوردێکی خۆش کرد.
سینەم محەمەد وتی، ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەم قۆناخەی ئێستای ئێمە لە سووریا و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە دا ڕوو دەدەن، گرنگە، بۆ ئەوەی گەلی کورد بتوانێت لەو گۆڕانکارییانە دا جێگەی هەبێت. گرنگە کورد لە ڕۆژاوای کوردستان بە یەکدەنگی گفتوگۆ لەگەڵ شام دا بکات.
لەبارەی کاریگەریی ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر یەکڕیزی کورد لە سووریا و ڕۆژاوای کوردستان، سینەم محەمەد وتی، لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوە لەنێوان لایەنە کوردییەکان دەکرێت، گفتوگۆ لەسەر زۆر خاڵی جیاواز دەکرێت.
سینەم محەمەد وتیشی، چەند ساڵ بەر لە ئێستا کۆبوونەوەی لایەنە کوردییەکان هەبوو، کاک مەسعود هەمووکات جەختی دەکردەوە، پێویستە کورد بە یەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنن.
سینەم محەمەد دەڵێت: بەڕێز مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم خواستی ئەوەیان هەیە دیالۆگی کوردی-کوردی ئەنجامی هەبێت و جەختیانکردووەتەوە لەوەی هەموو کورد چۆن بتوانن لە ڕۆژاوای کوردستان پێکەوە کار بکەن و چۆن بەیەکەوە لەگەڵ شام گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەمە هاوکاری باشوور و سەرۆک مەسعوود بارزانی زۆر گرنگە.
نوێنەری مەسەدە دەڵێت ئەگەر کورد یەکدەنگ بن، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا دەتوانن زیاتر پشتگیری ڕێڤەبەری خۆسەر بکەن. لە ماوەیەکی نزیکدا لایەنە کوردییەکان کۆدەبنەوە، جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی لەگەڵیان دا دادەنیشێت و باسی ئەنجامی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکات.
لەبارەی داهاتووی سووریا، نوێنەری مەسەدە ڕایگەیاند، سووریا ناتوانێت بە سیستەمی ناوەندی بەڕێوەببردرێت، سیستەمێکی ناناوەندی دەتوانێت کێشەکانی سووریا چارەسەر بکات. سیستەمی ڕێڤەبەریی خۆسەر تاکە سیستەمە کە بتوانێت بۆ بەڕێوەبردنی سووریای داهاتوو بەکار بێت.
لەبارەی پشتگیریی ئەمریکا بۆ کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، سینەم محەمەد وتی، هەردوو لایەنی کۆماری و دیموکراتەکان، بۆچوونێکی باشیان بەرانبەر کورد هەیە، بەتایبەت کە لە تێکشدانی داعش دا سەرکەوتوو بوون.
نوێنەری مەسەدە دەڵێت: ئەمریکا و ئەوروپا ترسیان لەوە هەیە جارێکی دیکە داعش ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاساییشی ئەو وڵاتانە، ئەمریکییەکان گەیشتوونە ئەو بڕوایەی کەس جگە لە کورد ناتوانێت کێشەی داعش چارەسەر بکەت.
لەبارەی بۆچوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەبارەی کورد، سینەم محەمەد وتی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە فەرمی هیچی نەگوتووە، بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی لە ئیدارە نوێیەکەدا هەن، پشتگیریی گەلی کورد دەکەن و دەیانەوێت مافی کورد پارێزراو بێت.
لە بارەی هەڕەشەکانی تورکیاش، سینەم محەمەد ڕایگەیاند، تورکیا پێگەیەکی گرنگی هەیە، ئەمریکا بە ڕێگەی دیپلۆماسی کار دەکات بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و بە لایەنی تورکیای گوتووە دەبێت ئەو هێرشانە ڕابگرن و ڕێکەوتنێک بکەن، بەڵام تورکیا و ئەردۆغان دەیانەوێت پێش دەستبەکاربوونی ترەمپ، هەندێک دەستکەوت بەدەستبهێنن.
لە بارەی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی تڕەمپ، سینەم محەمەد دەڵێت: جەنەراڵ مەزڵووم و هیچ شاندێک لە ڕۆژاوای کوردستانەوە بەشداری ڕێوڕەسمەکە نابن و ئەو وەک نوێنەری مەسەدە بەشدار دەبێت.[1]