کەنداڵ جودی
ساڵح موسلیمساڵح موسلیم ، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە ڕایگەیاند، هەسەدە بە یەک وشە درووست نەبووە، و بە یەک وشەش ناڕوات، ئەمڕۆ دەسەڵاتی هەیە.
موسلیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس باسی لەوەشکرد، دیدارەکەی مەزلوم عەبدی و
مەسعود بارزانیمەسعود بارزانی زۆر گرنگ بوو و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان دژی تێپەڕاندنی هێزی پێشمەرگە نین بۆ ناو ڕۆژاڤا، بەڵکوو پێویستە لەگەڵ هەسەدە دیالۆگ بکەن و ببنە یەک هێز و لەوێدا جێگیربن.
شارپرێس: پەیوەندیی ئیدارەی ڕۆژاوای کوردستان و حکومەتی نوێی کاتی لە دیمەشق چۆنە؟
ساڵح موسلیم: وەک کاک مەزلوم عەبدی ئاماژەی پێکرد، لە ڕۆژانی سەرەتادا کۆبوونەوە هەبوو، بەڵام تەنیا لەسەر ئاستی سەربازی بوو، بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوان ئێمە و ئەوان لە حەلەب و دێرەزوور نەهێڵین. دیدارەکان بەردەوام بوون و دواتر کاک مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دانیشتن. کۆبوونەوەکە بە باشی بەڕێوەچوو. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن کرا کە لیژنەیەکی نوێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی پێکبهێنرێت. ئەم لیژنانەی کە پێکدەهێنرێن لەسەر ئاستی سیاسی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ پێکهێنانی ئەو لیژنانە چونکە دەمانەوێت هەمووان لەو لیژنانەدا جێگیر بکرێن، واتە پێکهاتەکانی کوردی و عەرەبی و سریانی دەچنە پاڵ ئەو لیژنانە. لە لایەکی ترەوە دەمانەوێت هەموو هێزە کوردییەکان لەو لیژنانەدا بەشداری بکەن.
لە لایەکی دیکەوە گرووپەکانی دەوڵەتی تورک کە بە سوپای نیشتمانی ناسراون، هێشتا بەردەوامن لە هێرشەکانیان و شەڕەکە نەوەستاوە و ئەم هێزەش لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی نوێدا نییە. هیوادارین ئێمە و حکومەتی نوێ بەرانبەریان بوەستینەوە.
لە ساڵی 2012ەوە ئێمە لە سەرێ کانییەوە تا کۆبانێ و عەفرین شەڕێکی سەختمان لە دژی جیهادییەکان و سەلەفیەکان، چ داعش یان نووسرە ئەنجامداوە. ئەو خەڵکەی لە دیمەشق هاتنە سەر دەسەڵات لەوانەن. بۆ نموونە جۆلانی خۆی پێشتر بەشێک بووە لە قاعیدە، دواتر بووە بە داعش، دواتر بووە بە نووسرە و دواتر تەحریریی شامی پێکهێناوە. بەڵام لەگەڵ ئەو دەرفەتانەی لە سووریادا هاتوونەتە ئاراوە، لەگەڵ ڕووخاندنی ڕژێمێک کە چەندین ساڵە دەسەڵاتدارە، و قسە نەرمەکانی ئەحمەد شەرع، هیوادارین شتەکان بگۆڕدرێن. من باوەڕم وایە ئەم کەسانەی ئاڵای داعشیان هەڵگرتبوو هەموویان دەڕۆن، ئەگەر نەڕۆن دەرئەنجامی خراپی دەبێت و شەڕێکی ناوخۆی نوێ سەرهەڵدەدات. چاوەڕوان دەکرێت کە تەحریر شام ئەو گرووپانە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام بەداخەوە ڕووداوەکانی حمس، کەناراوەکانی (لازقیە)، هیوایەک نابەخشن. ڕوونە کە کۆمەڵێک لەوان هەرچی لە مێشکیان بیانەوێت دەیکەن و ئەمەش زیانێکی گەورە دەگەیەنێت.
شارپرێس: وەزیری دەرەوەی حکومەتی نوێ لە دیمەشق چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە هەسەدە هەڵبوەشێتەوە و چیتر پێویست بە هەسەدە ناکات لەسەر ئەمە چی دەڵێیت؟
ساڵح موسلیم: هەبوون یان نەبوونی هێزەکانی (هەسەدە) پەیوەستە بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ هەموو سووریا، واتە (هەسەدە) بەیەک وشە دانەمەزراوە تا بەیەک وشەش (هەسەدە) بڕوات. هەسەدە ئەمڕۆ لەشکرێکە نەک گرووپێک کە پێیان بڵێن بچنەوە ماڵەوە.
شارپرێس: ڕۆڵی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان چییە لە پاڵپشتیکردنی ڕۆژاوای کوردستان، چۆن دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ گەیشتن بە مافەکانی کورد؟
ساڵح موسلیم: ئەو پڕۆسەیەی ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت و ئەوەی بەسەر کورددا هاتووە، ئەرکێکی خسووەتە سەر شانی کورد، ئەو ئەرکەش ئەوەیە کە گەلی کورد دەبێت پڕۆسەیەکی دیموکراسی بەڕێوەببات. بە واتایەکی تر ئەو هەڵانەی لە سەدەی ڕابردوودا سەبارەت بە کورد و گەلانی دیکە کران، ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە ئەو هەڵانە چارەسەر بکرێن. ئایا ئەمڕۆ بەرپرسانی کورد لە باکوور و باشوور و ڕۆژاوا ڕووبەڕووی ئەم بەرپرسیارییەتییە دەبنەوە کە بەداخەوە دەبینم زۆرێکیان بەهۆی بەرژەوەندی کەسی یان ترسەوە ئەم بەرپرسیارییەتییە جێبەجێ ناکەن، بە واتایەکی تر کورد هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە پێویستە ڕۆڵێکی مێژوویی بگێڕێت. ڕاستە پەیوەندی و هاتن و ڕۆشتن هەیە، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە. کورد دەتوانێت ڕۆڵی گەورەتر ببینێت و ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی یەکڕیزییەوە ڕوودەدات. ئەوەی دەترسێت ناتوانێت یەکڕیزی درووست بکات. داوا لە هەموومان دەکرێت بە ژیری و ڕوانگەیەکی نوێ لە ڕۆڵی مێژوویی کە چاوەڕوان دەکرێت لە گەلی کورد مامەڵە بکەین.
شارپرێس: ماوەی زیاتر لە 40 ڕۆژە هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا، بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا، بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاک بەردەوامە و بەرخۆدانی هێزەکانی هەسەدە لە دژی ئەو هێرشانە لە بەرزترین ئاستە، بۆچی هێزەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان کاردانەوەیان نییە؟
ساڵح موسلیم: سەرەتا پێویستە بزانین بۆچی ئەو هێرشانە ئەنجام دەدرێن؟ لەگەڵ هاتنی تەحریر شام بۆ دیمەشق، دەوڵەتی تورکیا ئەمەی وەک دەرفەتێک بینی و چەکدارەکانی ڕەوانەی ناوچە کوردنشینەکان کرد بۆ قڕکردنی کورد. ئەم پلانە لە شەَهباوە دەستی پێ کرد بۆ داگیرکردنی مەنبەجَ، ئەوانەی ئەمڕۆ هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین پاشماوەی داعشن کە پێشتر هەڵاتوون و لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لەوێ کۆکراونەتەوە و چەکداریان کردوون. هۆکاری زیادبوونی هێرشەکان لەم ماوەیەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پلانەکەی دەوڵەتی تورک شکستی هێنا.
سەبارەت بە هێزە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر بنەمای شەڕی تیرۆر ڕێککەوتوون و نایانەوێت بەناوی ئێمەوە شەڕی تورکیا بکەن. بەڵام دەبێت بڵێم هێزە نێودەوڵەتییەکان زۆر ناڕەحەتن بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا. چونکە هێزەکانی ئێمە ناچار بوون هێزەکانیان لە شەڕی داعش بکشێننەوە وەک دێرەزۆر و ڕەقە و بیابانی سووریا و ئێستا وەڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەدەنەوە. لە ئەنجامدا داعش جارێکی دیکە بەهێزتر بووەتەوە، هەر بۆیە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان لەم بابەتە ناڕەحەت دەبن و دەیانەوێت شەڕی ئێستای دەوڵەتی تورکیا ڕابگرن بۆ ئەوەی هێزەکانی هێزەکانی (هەسەدە) بتوانن درێژە بە شەڕی داعش بدەن.
شارپرێس: کەواتە هەوڵی ئەمریکا هەیە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا؟
ساڵح موسلیم: بەڵێ هەوڵ و نێوەندگیری هەیە، دوێنێش فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا سەردانی کرد. ئەمریکا ناچارە ئەم کارە بکات، چونکە هێرشەکانی تورکیا ڕێگە بە سەرهەڵدانەوەی داعش دەدات. بەڵام هێشتا بەرپرسیارییەتی خۆی بەتەواوی جێبەجێ نەکردووە. لە لایەکی ترەوە ئەمریکا خۆی دەزانێت ئەوانەی ئێستا هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاک پاشماوەی داعشن. تورکەکان خۆیان لەنێو پاشماوەکانی داعش هێرش دەکەن.
شارپرێس: پێشبینیت لەسەر ئاییندەی سووریا چییە؟ سووریایەکی دیموکراسی دادەمەزرێت؟یان سووریا دەبێتە نموونەیەکی تری ئەفغانستان؟
ساڵح موسلیم: لەگەڵ هاتنی تەحریری شام بۆ دەسەڵات و ڕۆیشتنی ڕژێمی سووریا و ئێران و ڕووسیا، دەرفەتی نوێ هاتۆتە ئاراوە. پرسیارێک کە دێتە پێشەوە ئەوەیە، ئایا تەحریر شام خۆی دەسەڵاتی بنیاتنانی ئەو سووریا نوێیەی هەیە کە گەلی سووریا دەیەوێت؟ کێشەکە لێرەدایە. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە تەحریری شام بە بیری خۆیەوە ناتوانێت سووریایەک بنیات بنێت کە لەگەڵ خواستی گەلی سووریادا بێت. بەڵام دەرفەت هەیە بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ و گرنگە بۆ ئێمە وەک کورد.
ئەمڕۆ ئێمە هێزێکین کە دەکرێت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرگری بکەین و خۆمان جێگیر بکەین، هێز هیی ئێمەیە. پڕۆژەکەمان بۆ هەموو سووریاش کاریگەرە. بە بڕوای من سووریایەکی نوێ درووست دەکرێت، بەڵام چۆن درووست دەکرێت و تا چەند دەخایەنێت، پێویستی بە زۆر شتی هەیە. ئەمڕۆ داوامان لێدەکرێت پێشانگەیەتی بکەین لە ناساندنی سووریای نوێ و سووریای نوێ دەبێت چۆن بێت. ئێمە هیوامان بە سووریایەکی ئارام هەیە، بەڵام نازانم ئەم ئاشتییە لە ساڵێک یان دوو ساڵی تردا ڕوودەدات یان نا. بەڵام بیری تەحریر شام هیی ئەوە نییە، دەبێت بگۆڕدرێن.
شارپرێس: لە ئێستادا پرسێکی دیکە لە بەرنامەی کاردایە و ئەویش دیالۆگی کورد و کوردە، بەتایبەتیی دیالۆگی ئەنەکەسە و پەیەنەکە دەمانەوێت بزانین دیالۆگی کورد و کورد گەیشتووەتە چ ئاستێک؟
ساڵح موسلیم: هەر لە سەرەتاوە بەشدار بووین لە هەوڵەکانی یەکخستنی هێزە سیاسییە کوردییەکان و هەمیشە دەستمان درێژ کردووە. بەڵام بەداخەوە لایەنی بەرانبەر ئازاد نەبوو، واتە کێشەکە لە دیوەکەی ترەوە سەریهەڵدەدا. بەڕای من کۆبوونەوەی نێوان مەزلوم عەبدی و کاک مەسعود بارزانی کۆتایی بە هەموو کێشەکان دەهێنێت، ئەگەر ڕاستگۆ بین. چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین، بەڵام دەتوانین بڵێین کۆبوونەوەی نێوان عەبدی و بارزانی زۆر گرنگ بوو. بەڕای من لە پڕۆسەیەکی نوێداین.
شارپرێس: دەگوترێت مەسعود بارزانی داوای لە مەزلوم عەبدی کردووە کە ڕێگە بە هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ بدات بچێتە ڕۆژاوای کوردستانەوە، بوونی هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژاوا چۆن دەبێت ؟ بە واتایەکی تر بوونی دوو هێز لە ڕۆژاڤا چی دەهێنێت بۆ ناوچەکە؟
ساڵح موسلیم: پرسی پێشمەرگەی ڕۆژ لەژێر گفتوگۆدایە، ڕاستگۆیانە نازانم لە کۆبوونەوەی نێوان عەبدی و بارزانیدا باسی چی کرا؟ ئێمە دەمێکە دەڵێین، هەموو خەڵکی کوردستانیش دەڵێن دوو هێز لە وڵاتێکدا خراپن، بەتایبەتیی لە بواری سەربازیدا، پێویستە هەموو هێزەکان یەکگرتوو بن. ئەوەی لە باشووری کوردستان ڕوویدا بۆ ئێمە نموونەیە. کاتێک دەچووینە باشووری کوردستان پێمان گوترا کە ئەزموونی باشووری کوردستان نابێت لە ڕۆژاوای کوردستان دووبارە ببێتەوە. ئەگەر پێشمەرگەی ڕۆژ بیەوێت بێنە ڕۆژاڤا، دەبێت دیالۆگێک لەگەڵ هەسەدە سەبارەت بە چۆنییەتی پەیوەستبوون بە هەسەدەوە بکەن. پێشمەرگەی ڕۆژ کوردی ئێمەیە، دەتوانێت بچێتە ناو هێزەکانی هەسەدەوە و ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.
[1]