#مەسعود بارزانی# و #مەزڵوم کۆبانێ# لە #پیرمام# قسەی چییان کرد؟
مەسعوود بارزانی سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و مەزڵوم عەبدی کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دیدارەکەیاندا ڕایانگەیاند، پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە ڕێکاری ئاشتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی بارەگای بارزانی، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە #سەڵاحەدین# مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنییەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە ڕێکاری ئاشتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن، فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریادا هاتوون. [1]