نالین حەسەن
جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (#مەسەدە# ) بە ڕووداوی وت هەولێر ڕۆڵێکی گرنگ لە ئارامی و سەقامگیریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی فورات دا دەبینێت.
لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ ڕووداو، عەلی ڕەحموون، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە قسە دەکات و باسی دوا پێشهاتەکانی سووریا و هەوڵەکان بۆ ئاشتی و سەقامگیری دەکات، جەختیش دەکاتەوە لە پێویستیی یەکگرتوویی هێزە سوورییەکان بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ.
عەلی ڕەحموون ئاماژە بە دیدارە گرنگەکانی'' مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و، سەرۆک بارزانی، هەروەها دیداری جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دیمەشق دەکات و پێیوایە ئەم دیدارانە هەنگاوی ئەرێنین بۆ بڵاوکردنەوەی ئاساییش و سەقامگیری لە تەواوی سووریا. ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی هەولێرەش لەم پڕۆسەیەدا دەکات.
جێگری هاوسەرۆکانی مەسەدە هەروەها تیشک دەخاتە سەر کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی داهاتوو، کە تا ئێستا میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی ڕوون نییە. باسی دیدگەی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات سەبارەت بە سووریای داهاتووش دەکات، کە سووریایەکی نامەرکەزیی دیموکراتیی فرەییە.
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ عەلی ڕەحموون، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە):
ڕووداو: با گفتوگۆکە لەو دیدارەوە دەستپێبکەین کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر ئەنجامدرا، چۆن سەیری ئەم دیدارە دەکەن؟ چۆن بوو؟
عەلی ڕەحموون: سەرەتا سڵاوتان لێبێت لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە، بەتایبەت دوای هەڵاتنی ستەمکار و ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆر، بۆیە ئێستا ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات وەک دەستەیەکی سیاسیی سووری بوونێکی شەرعی لە پایتەختەکەیدا هەیە. ڕاستییەکەی وەک ئاماژەتان پێکرد، دۆخی سووریا لە قۆناخێکی نوێدایە کە پێویستە هەموومان یەکگرتوو بین بۆ ئەوەی سووریا بگەیێنینە کەناری ئارامی لە ڕووی ئاساییش و بەشداریی سیاسییەوە، چونکە ڕژێمی ستەمکار ڕێگر بوو لە یەکگرتنی سوورییەکان و لەگەڵ یەکتر بوونیان. بۆیە ئەمڕۆ لەم قۆناخەدا پێویستە هەموو لایەک وەک یەک دەست بن بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ.
دیدارەکەی نێوان جەنەراڵ مەزڵووم وەک فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەگەڵ کاک مەسعود بارزانی، تەتویجی ئەو دیداری پێشتری جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق بوو. ئەمانە هەموویان هەوڵێکن بۆ بڵاوکردنەوەی ئاساییش و سەقامگیری بەسەر تەواوی جوگرافیای سووریادا، چونکە ڕژێمی پێشوو لەسەر بنەمای جیاکاری و پەرتکردن و پەرشوبڵاوکردنی هێز و ناوچەکان کاری دەکرد. بۆیە ئەمانە هەنگاوی ئەرێنین و بە ئاڕاستەی درووستدا دەڕۆن بۆ بڵاوکردنەوەی ئاساییش و سەقامگیری بەسەر تەواوی جوگرافیای سووریادا. ئێمە دەزانین هەولێر ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ئارامی و سەقامگیری باکوور و ڕۆژهەڵاتی فورات، بەهۆی کاریگەریی و پەیوەندیی برایانەی نێوان هەردوو ناوچەکە.
ڕووداو: دیدارەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی سووریا و مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق چۆن بوو؟
عەلی ڕەحموون: خاڵێکی ئەرێنییە کە دانیشتن بۆ گفتوگۆ کرا بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنی هاوبەش و هەنگاوێکی زۆر باش بوو بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادان و گەڕانەوە بۆ بازنەی تووندوتیژی. بۆیە گفتوگۆ سەروەرە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن کە وڵات بگەیێنێتە جۆرێک لە سەقامگیری و ئارامی. کۆمەڵێک خاڵ لەنێوان هەردوولادا تاوتوێکران، وەک دوولایەنی سووری. وەک ڕایانگەیاند، دیدارەکە زۆر ئەرێنی بوو و دیداری دیکەی بەدوادا دێت بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەنێوان سوورییەکان، چ لە ئاستی سەربازی، کارگێڕی، ئەمنی یان سیاسی.
لەو ڕوانگەیەوە هەموو چاودێران بە ئەرێنییەوە سەیری ئەمەیان کرد، بۆ کپکردنەوەی پێکدادان وەک هەندێک لایەنی دیکە هەوڵی بۆ دەدەن. هەروەها داوا لە ئەحمەد شەرع کرا، وەک سەرۆکی دەسەڵاتی ئێستا و بەڕێوەبردنی وڵات لەم قۆناخەدا، ڕۆڵی نێوەندگیر و پردی پارێزەر ببینێت بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادان لەنێوان، بۆ نموونە، گرووپەکانی بەناو سوپای نیشتمانی و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
لێرەدا، دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە، نەرمیی جەنەراڵ مەزڵووم و ئامادەیی بۆ گفتوگۆ بۆ گەیشتنە بە لێکتێگەیشتن، کە وڵات لە شەڕی ناوخۆی نوێ بپارێزێت بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و ئارامی، بەشێوەیەک کە سەلامەتیی سووریا و گەڕانەوەی سووریای ئاسایی بپارێزێت، بە جۆرێک کە یەکپارچەیی خاک و گەلی سووریا مسۆگەر بکات لەلایەکەوە، هەروەها کار بۆ سەقامگیریی ناوچەکە بکات بە هەموو لایەنەکانییەوە، چ لە باکووری ڕۆژهەڵات یان باکووری ڕۆژاوا.
بۆیە گفتوگۆ لەنێوان سووریاییەکان دا پێویستە و لێرەدا دەبێت جەخت لەوە بکەمەوە؛ لە ڕاستیدا کۆنگرەی دوایی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات وەک دەستەیەکی سیاسی سووری، بڕیاری دا یەکێتی سووریاییەکان تاکە ڕێگەیە بۆ گەیشتنە چارەسەری سیاسی و گفتوگۆ دەمانگەیێنێتە ئەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەم دیدارە سەمام ئەمان' بوو بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەنێوان سوورییەکان بۆ ئەوەی ڕۆڵی سەرەکیمان لە بنیاتنانی سووریادا هەبێت.
ڕووداو: لە قسەکانتەوە تێدەگەم، ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی ڕێککەوتن لەسەر پەنانەبردنە بەر تووندوتیژی و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە، ڕاستە؟
عەلی ڕەحموون: بەڵێ، بەڵێ، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بەردەوام بن لە گفتوگۆ بۆ گەیاندنی وڵات بە کەناری ئارامی لە ڕێگەی چەندین ڕێگەوە. بۆ نموونە، یەکێک لە بابەتە خراوەڕووەکان پێکهێنانی لیژنە بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەکان، یان ئەوانەی دەکرێت ببنە هۆی کێشە. وەک باسمکرد، پێشتر سووریاییەکان بێبەش بوون لە دیدار و گفتوگۆ و مشتومڕ لەنێوان خۆیاندا، بەڵام ئەمڕۆ هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ ئەوە.
بۆیە دیدارەکە پێشەکییەک بوو بۆ دیداری دیکە، کە پێم وایە نزیک دەبن لەنێوان دوو لایەنی سیاسیی سووری لەسەر چەندین ئاست، لەوانەیە سەربازی بێت، ئەمنی بێت یان کارگێڕی بێت. نەرمیی جەنەراڵ مەزڵووم بە ئامادەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە سوپای سووری نیشتمانی داهاتوو، دەرکەوت. هەروەها داوای لە ئیدارەی نوێ کرد ئەو کارگێڕییانە وەربگرێتەوە، کە پێشتر دەسەڵاتی ئەسەد بەڕێوەی دەبردن، هەروەها وەرگرتنەوەی دەروازە سنوورییەکان. بۆیە وەک پێم وایە دڵخۆشییەک هەبوو لە هەردوولا بۆ ئەم دیدار و دانووستانانە.
ڕووداو: ئایا ئەو لیژنانە پێکهێنراون کە باسی دەکەیت، ئەوانەی کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانیان؟
عەلی ڕەحموون: پێم وایە لە قۆناخی پێکهێناندان، وەک دەزانی دەسەڵاتی شەرع دەسەڵاتێکی نوێیە و تاوەکوو ئێستا لە قۆناخی بنیاتناندایە. هەروەها دەسەڵاتی ئیدارەی ئێستا بە بڕوای من شتی زۆری کەمە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی پێویست، بەڵام بابەتەکە لە قۆناخی پێکهێناندایە لەلایەن هەردوولاوە. جەنەراڵ مەزڵووم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، کە ئەم لیژنانە ئامادە بن و پێم وایە تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئیدارەی شەرعدایە.
ڕووداو: دیدارێکی دیکە لەنێوان هەردوولا دەبێت؟
عەلی ڕەحموون: سەبارەت بەم بابەتە، من نازانم دیدارێکی دیکە دەبێت یان نا، بەڵام بێگومان پەیوەندی بەردەوامە، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر خاکی سووریا ڕوودەدات، هەوڵێکە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاشتی و سەقامگیری و بەبێ دیدار ئەمە ناکرێت. بەتایبەتیی وەک دەزانین هەوڵ هەیە لەلایەن هەندێکەوە، چ ڕۆڵی هەرێمی بێت یان ناوخۆیی، بۆ درووستکردنەوەی ئاژاوە. بۆیە بۆ کپکردنەوەی هەر پێکدادان یان شەڕێکی ناوخۆ، پێویستە پەیوەندی و دیدارەکان بەردەوام بن و کاتێک پێویست بکات، بەدڵنیاییەوە بە ڕای من ئەمە بەردەست دەبێت. بەتایبەتیی دوای دیداری شەرع لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم، بینیمان جەنەراڵ مەزڵووم پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی هەولێر کرد و پاشان سەردانی حکومەتی هەولێری کرد.
پێم وایە حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق ڕۆڵی نێوەندگیری سەرکەوتوو و باش و ئەرێنی دەگێڕێت و ئەم ڕۆڵە زۆر گرنگە و ڕاستییەکەی بۆیان تۆمار دەکرێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە بە گشتی و لە سووریا بە گشتی، نەوەک تەنیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی فورات.
ڕووداو: با بچینە سەر کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی، ئایا بەشداری لەم کۆنفرانسەدا دەکەن کە لە دیمەشق دەبەسترێت؟
عەلی ڕەحموون: بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی وەک ئیدارەی سیاسی بانگەوازی بۆ کردووە، یان وەک پڕوپاگەندە بۆ ئەم کۆنفرانسە کراوە، تاوەکوو ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا بانگهێشت نەکراوە و کۆمەڵێک پێداویستیی کەمە. سەرەتا هیچ لیژنەیەکی ئامادەکاری ڕاگەیێندراو نییە. وەک هەموو سووریاییەکانی دیکە بیستوومانە کە بانگەوازێک هەیە بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی، کە لە 1200 کەس پێکدێت، بەڵام کێن ئەو کەسایەتییانە؟ میکانیزمەکان چین؟ کێ نوێنەرایەتیی گەلی سووریا دەکات؟ هەموو ئەمانە تاوەکوو ئەمڕۆ نادیارن.
ئەوەی ئاماژەی پێکراوە یان بانگەوازی بۆ کراوە، تەواو ناڕوونە لەلایەکەوە و لەلایەکی دیکەوە وەک ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، دەیبینین وەک خۆڕسک وایە. بۆیە بانگەوازەکە چەندین جار دواخرا بەهۆی ئەو تێبینییانەی ئاڕاستەی ئەم بانگەوازە نهێنییە کراون، جگە لە ڕاگەیاندنی کەسایەتییەکان. تاوەکوو ئەمڕۆ وەک دەزانی هیچ لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ ئەمە و هیچ میکانیزمێکی ڕوون نییە. هێزە سیاسییەکان و نوێنەرایەتیکردنیان لەم کۆنفرانسەدا دوورخراونەتەوە. بۆیە ئەوانەی بانگهێشتکراون وەک دزەی کردووە، لەسەر بنەمای کەسی یان ئایینی یان تایەفی یان جوگرافی بووە. زۆر کەسایەتی هەن کە ڕەتیانکردووەتەوە لەسەر بنەمای ئەم بانگەوازە (بەشدار بن). بۆیە ئەمڕۆ هەرکاتێک تێبینییەک ئاڕاستە کراوە، ئەم بانگەوازە دواخراوە و تاوەکوو ئەمڕۆ پێم وایە کۆنفرانسەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە، سەرەڕای ئەوەی بە شێوەیەکی نافەرمی دزەی کردووە کە لە 20ی شوبات دەبێت. دووبارە جەخت دەکەمەوە کە ئەوە دزەی کردووە.
کەواتە هیچ بانگەوازێکی ڕوون نییە بۆ ئەم کۆنفرانسە، چونکە میکانیزمەکانی بەستنی ڕوون نین و ڕاستییەکەی ناڕەزایەتییەکی گشتی هەیە لەلایەن هێزە سیاسییەکان و هێزەکانی کۆمەڵگەی سووری، تەنانەت لەلایەن چالاکڤانان و کارمەندانی کاروباری گشتییەوە لەسەر ئەم میکانیزم و ڕێگایە. بۆیە پێم وایە ئەم کۆنفرانسە ئەگەر میکانیزمی ڕوونی نەبێت، لە کات یان داهاتوویەکی نزیکدا کاری لەسەر ناکرێت.
ڕووداو: ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا داوای فیدراڵی دەکات، ئایا مەسەدە (ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات)یش داوای فیدراڵی دەکات؟
عەلی ڕەحموون: ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات سەرەتا بەپێی دیدگا سیاسییەکەی بۆ سووریای داهاتوو و وەک لە نەخشەڕێگاکەیدا خستوویەتییەڕوو، ئەوەی گونجاوە بۆ سووریا ئەوەیە؛ سووریایەکی دیموکراتیی فرەیی نامەرکەزی بێت. نامەرکەزی، گەلی سووریا، دەستووری سووریا و پەڕڵەمانی سووریا دایدەڕێژن، بۆیە دیدگەیەکی گەڵاڵەکراویان لەوبارەیەوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە سووریا دەبێت لەبەر کۆمەڵێک هۆکار کە دەگەڕێمەوە سەری، نامەرکەزی بێت لەسەر بنەمای جوگرافی.
ئەمەش لە دوو خاڵی گرنگە و سەرچاوە دەگرێت: یەکەم بۆ نەگەڕانەوەی ستەمکاری، چونکە دەسەڵاتی ناوەندی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ستەمکاری بۆ حوکمی سووریا. لەلایەکی دیکەوە، گەشەپێدانی هاوسەنگی لەسەر ئاستی جوگرافیی سووریا دەتوانێت لەسەر بنەمای نامەرکەزیی جوگرافی زۆر باشتر بێت.
واتە دەکرێت سووریا لەسەر بنەمای هەرێم بێت، لەنێو کەوانەدا وەک پێشتر لە سەردەمی ڕژێم وەک پارێزگا بوو، بەڵام ڕاستییەکەی تاوەکوو ئەمڕۆ هیچ دیدگایەک لەلایەن ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتەوە نییە کە بانگەشەی فیدراڵی لە سووریا دا بکات. وەک باسمکرد، ئەوەی سوورییەکان لەسەری ڕێکدەکەون چ لە پەڕڵەمان یان لە دەستووری سووریا، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لەگەڵ دیدی گەلی سووریا هاوئاهەنگ دەبێت.
ڕووداو: لەبارەی چارەنووس و داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئایا وەک هێزەکانی پێشمەرگە (لە هەرێمی کوردستانی ئێراق) دەبن، واتە بەشێک لە سیستمی بەرگریی سووریا دەبێت و پارێزگاری لە کیانی تایبەتیی خۆی لەنێو هێزەکانی سووریا دا دەکات؟
عەلی ڕەحموون: وەک هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایدەگەیەنن، سەرەتا ئەوان هێزێکی نیشتمانین و لە دیدی ئەوانەوە هێزە چەکدارەکان دەبێت بۆ پاراستنی سنوور بن. لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی بەشێکی جوگرافیای سووریا و بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنی داعش درووستکراون وەک دەزانن. دوای تەواوبوونی تێکشکاندنی داعش، هێزەکانی سووریای دیموکرات ئامادەیی خۆیان دەربڕی لەوەی ببنە بەشێک لە سوپای سووریا.
پێم وایە ئەمڕۆ ئەمە لە قۆناخی پێکهێنانی سوپای سووریای خوازراودایە تاوەکوو ببێتە بەشێک، چۆن دەبێتە ئەم بەشە و میکانیزمەکان چین، پێشموایە ئەمە کەوتووەتە ژێر گفتوگۆ و دیالۆگ لەسەر ئەم میکانیزمانە. دووبارە جەخت دەکەمەوە وەک جەنەراڵ مەزڵووم ڕایگەیاند، ئامادەیی هەیە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات ببنە بەشێکی سوپای نیشتمانیی خوازراو.
ئەمڕۆ زەحمەتە بڵێم بە واتای بەراوردکردن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانی ئێراق، ئەوەش بەهۆی سرووشتی پێکهاتەی نەتەوەیی لە کوردستان. وەک دەزانن هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزی هاوبەشی فرەنەتەوە و فرەئایینن. هێزەکانی سووریای دیموکرات عەرەب، کورد، ئاشووری، سریانی، چەرکەس و تورکمان لەخۆدەگرێت. هەروەها هێزی دیکە هەن کە گرووپی سوپای ئازاد بوون لە تەواوی جوگرافیای سووریا دا.
بۆیە لێرەدا جیاوازە لە هێزەکانی پێشمەرگە، چونکە ئەوان هێزێک بوون لە هەرێمی کوردستانی ئێراق بۆ ڕزگارکردنی هەرێمی کوردستانی ئێراق، کەواتە هەریەکەیان ئەرکێکی جیاوازی لەوی دیکە هەیە. بۆیە زووە بڵێم کۆپییەک دەبێت لە هێزەکانی پێشمەرگە، یان کۆپییەکی ئامادە هەیە کە ئەمڕۆ لەسەری ڕێککەوتوون، یان بیروڕا لەسەر بوون و میکانیزمەکەی جێگیر بووبێت. ئەمەش پێم وایە دەکەوێتە ژێر جۆرێک لە گفتوگۆی قووڵ، بەڵام دووبارە جەخت دەکەمەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات سوورن لەسەر ئەوەی ببنە بەشێک لە پاراستنی جوگرافیای سووریا و بەشێک لە پاراستنی گەلی سووریا بە هەموو چین و پێکهاتە سوورییەکانییەوە، چ عەرەب، کورد، چەرکەس، سریان، ئاشووری و هتد بن.
ڕووداو: ئامانجتان چییە لە هەوڵەکانتان لە دیمەشق بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی سیاسیی سووری؟
عەلی ڕەحموون: وەک دەزانن ڕژێمی پێشوو و ڕژێمی دیکتاتۆر ڕێگر بوون لە بوونی هەر هێزێکی سیاسی لەسەر خاکی سووریا. بۆیە وەک ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات و وەک دەستەیەکی سیاسی کە لە کۆمەڵێک حیزب و کەسایەتی پێکهاتووە، بۆی نەدەکرا لە دیمەشق بێت. ئەمڕۆ دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆر، بوون و شوێنی سرووشتی لە پایتەختدایە. بۆیە یەکەم هەنگاو بوونییەتی لە پایتەخت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە، کە ڕژێمی پێشوو کاری لەسەر پەرتکردن و پەرشوبڵاوکردنیان دەکرد، تاوەکوو بەتەنیا لەگەڵ هەر هێزێکدا مامەڵە بکات. ئەمڕۆ، ئێمە لە پێویستترین کاتداین کە یەکدەست بین بۆ بنیاتنانی سووریا و بەشداریکردن لە چارەنووسی سووریا و چۆنییەتی ڕۆڵمان لە بەشداریمان لە بنیاتنانی سووریا لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە دا.
بۆیە ئێمە لێرەین تاوەکوو لەگەڵ گەلەکەمان، هێزە سیاسییەکان و هێزە کۆمەڵایەتییەکانمان بین تاوەکوو ڕۆڵی کاریگەرمان هەبێت لە بنیاتنانی سووریاکەمان، بۆ ئەوەی هەموومان سووریایەکی دیموکراتی و فرەیی بنیات بنێین، بەبێ هیچ دوورخستنەوە و پەراوێزخستنێک. ئەمە مافی سرووشتیی ئێمەیە پێم وایە کە لێرە لە پایتەختی دیمەشق بین تاوەکوو ڕۆڵمان لەگەڵ نوێنەرانی دیکەی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سووریا بگێڕین.
ڕووداو: ئایا ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، نووسینگەی خۆی لە پایتەختی دیمەشق کردووەتەوە؟
عەلی ڕەحموون: بەڵێ، ئێمە ئەمڕۆ لە دیمەشقین و ئەمە مافێکی سرووشتی و یاسایی و شەرعییە، مادام دیدگا سیاسییەکەمان لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان ناکۆک نییە و وەک هەموو هێزە سیاسییەکان بۆ بنیاتنانی سووریای داهاتوو کاردەکەین، سووریایەک کە مافی هەمووان مسۆگەر بکات. وەک دەزانین یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات بنیاتنانی دەوڵەتی هاووڵاتیبوونی یەکسانە لەنێوان هەموو سوورییەکان. بۆیە ئەمە مافی ئێمەیە و ئەمە خواستی ئێمەیە لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە. بۆیە بانگەواز دەکەین بۆ دیداری ڕاوێژکاری لەگەڵ هێزە سیاسییەکان تاوەکوو ڕۆڵی گرنگمان هەبێت لە بنیاتنانی سووریاکەمان. سووریا لایەنێک بنیاتی نانێت، بەڵکوو دەبێت هەموو هێزەکان بە هەموو چینەکانیانەوە بنیاتی بنێن، بەبێ هیچ دوورخستنەوە و پەراوێزخستنێک.[1]