محەمەد عزەدین
وێنەی
شێخ سەعیدی پیرانشێخ سەعیدی پیران بە لە سێدارەدراوی، لە تورکیا کراوە بە مەدالیای بۆنخۆشی ناو ئۆتۆمبێل، چەندان شۆڤێنی و دژە کورد لەنێو ژوور و ئۆتۆمبێلەکانیان هەڵیانواسیوە و، وێنە و ڤیدیۆی دەگرن و بڵاوی دەکەنەوە.
ئاڵپ ئارسڵان یەڵماز، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای بەلتاشی هاوبەشی شارەوانیی ئەنقەرە، کە خۆشی ئەندامی شارەوانییە. وێنەی شێخ سەعیدی پیرانی بە لە سێدارەدراوی وەک بۆنخۆشی لە ژوورەکەی هەڵواسیوە، لە هەژماری ئێکسەکەشی نووسیویەتی، لەو شوێنە هەڵمواسیوە کە شایەنییەتی.
سەید قاسم فورات، نەوەى شێخ سەعید کە لە هەمانکاتدا سەرۆکی کۆمەڵەی شێخ سەعیدە، پەیوەندی بە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئێستای جەهەپە کردووە، داوای وەڵامیان لێ دەکات، بەرانبەر ئەو کارەی بەرپرسەکەی جەهەپە کردوویەتی.
ئەو کەسەی مەدالیاکەی درووستکردووە لە ئێکس بە ناوی خوازراو وێنە و ڤیدیۆکان بڵاودەکاتەوە.
محەمەد سابیر فوڕات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران لە بارەی ڕووداوەکەوە بە ڕووداوی ڕاگەیاند: ئەو کەسەی ئەو مەدالیایەی درووستکردووە دەڵێت: 'من لەو ڕێگەیەوە بڕێک پارە قازانج دەکەم' و بۆ خۆی کردوویەتی بە کارێکی بازرگانی. ئێمەش وەکوو ماڵباتی شێخ سەعید داوایەکمان لە دادگە لەسەر کردەوە، بەرانبەر ئەو سووکایەتییەی بە شێخ سەعیدی پیران دەیکات وەکوو سیمبوڵێکی گەلی کورد. ئێستاش دۆسییەکە لە دادگە بەردەوامە و هێشتا دادگە هیچ بڕیارێکی لەبارەوە دەرنەکردووە.
نەوەکەی شێخ سەعید باس لەوەشدەکات: شێخ سەعید و هاوڕێکانی 100 ساڵ بەر لە ئێستا دەستیان بە شۆڕشێک کردووە و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە. ئێستاش چەند کەسێک بە چەند کارێکی وەها دەیانەوێت ئەو ئامانجەی ئەوان هەوڵیان بۆ دەدا بەو کارە ناشرینانە کۆتایی پێبهێنن. بەڵام ئەمڕۆ بە ملیۆنان کەس دوای 100 ساڵ هێشتا لەسەر ڕێبازەکەی ئەو دەڕۆن. ئەو کارەش لە تورکیا لەلایەن نزیکەی 100 تاوەکوو 150 کەس بەو کارە هەڵستاون و ئێمەش لە ڕێگای یاساوە سکاڵامان لەسەر تۆمار کردوون. داواکاری گشتیش دۆسییەک لەوبارەوە دەکاتەوە. بە پێی یاساکانی تورکیا هەر کەسێک سووکایەتی بە کەسێک بکات سزاکەی تاوەکوو دوو ساڵ زیندانی دەبێت.
محەمەد سابیر فوڕات سەبارەت بەو کەسەی ئەو مەدالیایەی درووستکردووە دەڵێت: ئێمە ئەو کەسەمان دۆزیوەتەوە کە بەناوی خوازراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕێکلامی بۆ ئەو مەدالیایە کردبوو. ئەو خەڵکی قەیسەری تورکیایە.
سەبارەت ئالپئارسلان یەڵماز کە جێگری سەرۆکی کۆمپانیای بەڵتاشی هاوبەشی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەنقەرەیە کە ئێستا ئەو شارەوانییە لای پارتی گەلی کۆماری، جەهەپە-یە، ئەو نەوەیەی شێخ سەعید وتی: من خۆم لەگەڵ ڕاوێژکاری سەرۆکی جەهەپە قسەم کرد و پێم گوت، ئێمە نزیکەی 100 ساڵە شەر و ناخۆشی لەنێوانمان هەبووە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئاشتی هەبێت. بەڵام تا ئێستا چەندان کەسایەتی هەن لەناو جەهەپە سووکایەتی بە سیمبوڵەکانی ئێمە دەکەن. بۆیە ئێمە ئەوە قبووڵ ناکەین. ئەوانیش لە وەڵامدا پێیان وتین ئێمەش پێمان ناخۆشە ئەندامانمان ئەو کارە بکەن. بەڵام بەداخەوە لەناو ئێمەش کەسایەتی نەتەوەگەرا هەن و ئێمەش ناتوانین پێیان بڵێین، ئێوە ئاوا بکەن و ئاوا مەکەن. بەڵام ئێمە چیمان لەدەست بێت بۆتان دەکەین.
[1]