#ئەدهەم بارزانى# لەبارەى دۆخى ڕۆژاواى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کێشەى کورد یەک کێشەیە و پێکەوە بەستراوە، دەشڵێت:ئێستاش شەڕڤانانى ڕۆژاوا لەسەنگەرى بەرگریدان و پێویستە لەسەر هەمومان لەگەڵ هێزى ئەم شەڕڤانانە ڕابوەستن و بەرگریى لەو بەشەى کوردستان بکەن.
ئەدهەم بارزانى لەدواى کۆتاییهاتنى پرسەى دایکى لە شارى سلێمانى قسەى بۆ میدیاکان کرد و لە وەڵامى پرسیارێکى چاوەڕوان مەحمود پەیامنێرى شارپرێس سەبارەت بەدۆخى ڕۆژاواى کوردستان و هەڵوێستى لایەنە سیاسییەکانى کورد، وتى:پێویستە هەمومان لەگەڵ شەڕڤانانى ڕۆژاواى کوردستان بجەنگین و بەرگریان لێبکەین.
وتیشى:ئێستا شەڕڤانان لەسەنگەرى بەرگریدان و بەرگریى لەدۆزێکى پیرۆز دەکەن، پێویستە پاڵپشت و هەماهەنگییان لەگەڵ بکەین بۆ ئەوەى نەشکێن و سەرکەوتوبن، چونکە بەچەکى قورس و هێزێکى گەورەوە هێرشیان دەکرێتەسەر.
ئەوەشى وت:پرسى کورد لە هەر چوار بەشى کوردستان یەکە و جیاوازى نییە، بەڵام ئێستا ڕۆژاواى کوردستان لەدۆخێکى هەستیاردایە، بۆیە پێویستە لە هەر پارچەیەکى کوردستان ناڵین هەبێت، لە هەموو پارچەکانى دیکەش بناڵین لەگەڵ ئەو پارچەیەدا.[1]