ناونیشانی بابەت: زمانی کوردی و ئەکتی سیاسی
ناوی نووسەر: #عادل قادری#
زمانی کوردی، ئەگەر نەڵێین تاقە سەنگەری بەرگری کورد ئەوا دەشێت بڵێین وەکوو یەکێک لە سەنگەرە هەمیشە پته و و قاییمەکان بووە، چ له و کاتانەدا کە هێزی سیاسییە کوردییەکان لە پارچە جیاجیاکانی کوردستاندا شەڕی چەکداری و دەستەویەخەیان لەگەڵ داگیرکەردا کردووە و چ لە دۆخانێکیشدا کە کەشێکی ئاشتی بە شێوەی کاتی لە کوردستاندا هەبووە، واتە دەتوانین بڵێین زمان چەکی لەسەرشان و سەنگەری نەگیراو و ڕۆحی دەستەمۆنەبووی هەر کوردێکی وشیار بووە، هەر بۆیەش لەم ئاستە وجوودییە شۆڕشگێڕانەیەدا هێندە گرینگ دەبێت بۆ ئێمە. ئەگەر لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە زمان ئامرازی پێوەندیی و لە ڕووی زمانناسییەوە کۆمەڵە نیشانەیەک بێت بە مەبەستی گەیاندنی پەیامێک و لە ڕوانگەی زانستی فیزیکیشەوە شەپۆلێکی دەنگی بێت بۆ دروستکردنی شتێکی بیستراو و لە ڕووی فەلسەفییەوە خانەی بوون بێت و لە ڕووی دەروونناسییەوە بنەما و کرۆکی ناوشیاریی مرۆڤ بێت، ئەوا هەموو ئەم ڕوانگە و پێناسانە دەلالەت لەوە دەکەن زمان چەندە بابەتێکی ئاڵۆز و گرینگ و پێناسەهەڵنەگرە، چ بۆ مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی ئاخێوەر و چ بۆ مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی یان سووژەیەکی بیرکەرەوە و ئاوەزمەند.
لە پاڵ هەموو ئەمانەدا ئەگەر دۆخی سیاسیش زیادە بکرێتە سەر ئه و پێناسانە و زمان ببێت بە ڕووبەری ململانێ و ئەکتێک بۆ مانەوە و ڕووبەرێک بۆ بەرگری و پێداهەڵشاخان بە سیستەمی تۆتالیتار و فاشیستیدا ئەوا ئه و زمانە لە کرۆکدا هەم دەبێت بە ئامراز و هەمیش دەبێت بە ئامانج. زمانی کوردی چونکە زمانی ئه و ئاخێوەرە ناڕازی و سەرکێش و شۆڕشگێڕە بووە کە هیچ کات نەزمی داسەپاوی سیاسی و ژیۆپۆلەتیکی و کولتووری و تەنانەت ئابووریشی پەسەند نەکردووە، ئەوا ڕووبەڕووی واقیعێکی سیاسی بووەتەوە کەواتە زمانی کوردی لە مێژە لە ناو کەشێکی سیاسیدا دەژی واتە سەرکەوتن لە ململانێی سیاسی و خەباتی زمانیدا سەرکەوتنێکیشە لە پانتای مێژوو و جوگرافیا و تەنانەت ئه و بوونە دەروونییەی کە ساڵانێکە ئێمە بە دوای وێناکردنیدا دەگەڕێین. “سۆران حەمە ڕەش” لە کتێبی “کورد کێیه؟” دا لە ڕێگەی بەراوردکاریی زمانە جیهانییەکانەوە و لە لێکۆڵینەوەکەیدا دەریخستووە زمانی کوردی و سۆمەری زۆر لە یەک نێزیکن و ڕەنگە یەک ڕەگ و ڕیشەش بن و نموونەی زۆری بۆ ئەم ئیدەعا و بانگەشەیەش هێناوەتەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە لێکۆڵینەوە مێژوویی و شوێنەوراناسانە و زمانناسانەکان تا ئێستا زمانی سۆمەرییان وەکوو زمانێکی مردوو ڕاگەیاندووە، ئەم حاڵەتە ئینکارکەرانە و لێکۆڵینەوە نیوەچڵ و نوقسانانە سەرتاپای مێژوویەکی تەنیوە کە پەیوەستە بە کوردەوە.
کاتێک ئیمە کتێبی”مادەکان” لە نووسینی جۆرج ڕاڤلینسۆن دەخوێنینەوە ئەمە دەبینین کە ئەگەرچی تا ڕادەیەک بە ئینساف و ئامانەتەوە باسی مێژوو دەکات بەڵام قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریی ماد و کاریگەریی و هەیمەنەیان و زمانەکەیان دەخاتە ژێر سێبەری هێز و ئیمپراتۆر و شارستانییەتە کۆنە گەورەکانی دیکەی وەکوو ئاشوور و بابێل و هەخامەنشییەکان، ئەمە لە ڕوویەکەوە دەرگای ڕەخنە لە کتێبەکەی “ڕاڤلینسۆن” دەکاتەوە و لە ڕوویەکی دیکەوە دیسان دەمانباتەوە سەر هەواری پڕ هاواری ئەم ڕستەیە کە “مێژوو لە لایەن براوەکانەوە دەنووسرێت” بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەمەش بە تەواوی بە دروست دابنێین ئەی یەکگرتنی ماد و بابیل بۆ ڕووخاندنی ئیمپراتۆری شەڕئاشۆ و شەڕەنگێز و خوێنڕێژی ئاشوور و سەرکەوتنی ماد بەسەر ئه و ئیمپراتۆرییەتە بۆچی پێگە و جێگەیەکی وەهای لە باس و شیکاریی و گێڕانەوە مێژوویەکاندا پێنادرێت؟ ئەمە لە ڕاستیدا ڕەخنەیەکە نەک تەنها ڕووبەڕووی مێژوونووسێکی وەک ڕاڤلینسۆن (1812-1902) دەبێتەوە بەڵکوو زیاتر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە لەگەڵ میتۆدێک لە مێژوونووسیی کە ڕاڤڵینسۆن و مێژوونووسانی وەکوو ئه و پێڕەوەیان کردووە و دەیکەن واتە قسەکردن له و شتانەی کە هەیە لە ژێر تیشکی نەبوونی شتانێکی دیکەدا بوون و هەژموونیان سەلماوە. یان کاتێک کە کتێبی “ئێرانی کەونارا” لە نووسینی “م.م دیاکۆنۆف” کە ساڵی 1945ی زاینی نووسراوە، دەخوێنینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پرۆسەیەک لە سڕینەوە و پشتگوێخستن بە نسیبەت ماد و شوێنەوار و گێڕانەوەکانیان دەبینرێت، هەموو ئه و قەڵەمڕه و و جوگرافیایانەی کە مادەکان لە سەردەمی کۆن و میدیای گەورەدا دەسەڵاتیان تێدا هەبووە هیچ بەڵگە و شوێنەوارێکی بۆ نابینرێتەوە بەڵام بۆ هۆزە کۆچەرەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای بچووک وەکوو باکتێریا و بەڵگە و ئاسەوار دەبینرێتەوە، ئایا ئەمە جێگەی گومان و هاوکات سەرسووڕمان نییە؟ له و دوو کتێبەی ئاماژەم پێداوە لە چەندین شوێن هەر دوو نووسەر دان بەوەدا دەنێن کە زۆر شوێن هەیە کە دەشێت شتی بەنرخ و بەڵگەی زۆر لە سەر مادەکانی تیدا ببینرێتەوه؛ بەڵام کاریان لەسەر نەکراوه چونکە کەشی سیاسیی ڕێگرە له و کارکردنە.
ئەمە ڕاستییەکە کە ئەوان لە سەدەی نۆزدە و بیستدا ئاماژەیان پێداوە و ئێمە لە مێژە هەست بەم پێوار و غیابە دەکەین، واتە ئێمە سیاسییانە لێمان ڕوانیوه و بۆمان ڕوون بووە و ئەوان مێژوونووسانه، جا ئەگەر سیاسەتیشیان لە بن هەگبەی مێژوونووسییەکەدا شاردبێتەوە و ڕەهەند و لایەن و ئاڕاستەکردنیان نەدیتبێ، ئەوا باج و تێچووەکەی کورد داویەتی، بۆیە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە بوونی ئێمە لە مێژووی کەوناراشدا سیاسی بووە و بە دەربڕینێکی دیکە سیاسیبوونی زمانمان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسیبوونی بوونمان لە ژیۆپۆلەتیک و ناوچەیەکی مەزن بە ناوی میدیای گەورە کە دیاریکردنی قەڵەمڕه و و ڕووبەرەکەی و ڕووداوە باسکراوەکان و هاوکێشە و هەوراز و نشێوەکانی مەبەستی ئەم نووسینەی من نییە. مەبەستی من ئەوەیە بڵێم کە زمانی ئێمە هەر لە مێژە لە دۆخێکی سیاسیدا بووە و تا ئێستەش لە بەرگری و ڕاسان و مانەوە نەکەوتووە و هەر بەم پێیەش داگیرکەرانی کوردستان پلان و پیلانیان لە پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا جیاوازە. لە تورکیا هەموو بوونی کورد و زمانەکەیان ڕەت دەکرێتەوە و دەکرێن بە تورکی کێوی و زمانەکەیانیش بە لقی کێویی زمانی تورکی ناو دەبەن، چونکە دەزانن زمان هەڵگری نەریتە، هەڵگری یادەوەری و فەنتازیا و خەونی کۆنی باوباپیران و مێژووی کۆن و نوێیە، مرۆڤ دەکوژرێت، دەمرێت بەڵام هەموو ئه و چرکەساتە تراژیکانەی بە زمانی دایکیی خۆی ئەزموون دەکات، هەموو ئەوانە وەردەگێڕیتە سەر زمانێک کە دایکی لایەلایەی بۆ کردووە و یەکەمین هەست و دەنگ و وێنە و چێژ و ترسەکانی پێداوە.
لە هەمبەر ئەوەها ناوەند و ناوکێکی وجوودیدا تورکیا تیۆرەی “زمانی خۆری” خستە ڕوو کە به و پێیە هەموو زمانەکانی جیهان لە تورکییەوە بەشاونەتەوە و کوردیش لقێکی بچووکی کێویلەیە له و زمانە، دوای نیو سەدە زیاتر ئەم پرۆژە مێژوونووسییە درۆزنە کە لە زانستگا و ئەکادیمیای سەربازی و سیاسییانەوە نگرە تاکوو هێرشی تانک و تۆپ و مووشەک هاوکاربوون لە پیادەکردنی شکستی هێنا، چونکە زمانی کوردی ئامێرێکی میکانیکی و دەسکرد نەبوو تاکوو بە ئاسانی لە سەر زاران لایبەن، یادەوەری و خەون و فانتازیاکان کە بەستراوە به و زمانەوە چۆن لەناو دەچێت؟ وەکوو هانس گیۆرگ گادامێر؛ فەیلەسووفی ئاڵمانی دەڵێت: “زمان لە کرۆکدا هەڵگری نەریته”، و نەریت لەخۆگری شێوە ژیانێکە کە ئینسان لە ماوەیەکی لەمێژینەوە تاکوو ئێستا خەریکە ئەزموونی دەکات. لە ئێراندا ئەم پرۆژەیە بە شێوەی دیکە پیادە کرا، ئێران وەکوو تورکیا بە ڕاستەوخۆ پەلاماری زمانەکەی بۆ نەدرا و مێژووسازیی زۆرەملی و رەقی بۆ نەکرا و به و تووندی و خەستییەوه لە دەمی ئاخێوەرانی نەدا. لە ئێران سیاسەتێکی نەرمی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن پێڕه و کرا کە هەر لە سەردەمی ڕەزاشای میرپەنجەوە واتە سەردەمی پەهلەوی یەکەمەوە دەستی پێکرد و تا ئێستەش بەردەوامە.
کۆی ئەم ڕەوتە دوور و درێژە نەک سڕینەوەی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای زمان بەڵکوو تواندنەوە و هەڵلووشین و پەراوێزخستن و سووککردنی زمانی کوردییە بە نەرم و نیانی. نموونەی ئەم حاڵەتە لە هەموو ئه و دراما و سینەماییانەی کە ئێران بە تایبەتی پاش شۆرشی گەلان لە 1979 زاینی بەرهەمی هێناون، دەردەکەوێت. لە فیلمی سینەمایی گلها و گلولەها، کاڵێ، چ، و…هتد، ئه و کەسانەی کە بە کوردی قسە دەکەن یان خائینن یان زەبوون و مەزڵووم و لەوێش لە ڕێگەی لەحن و پێگەی ئەکتەر و بە بەردەنگ و بینەر دەڵێن کە لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی دیرۆکی و کۆچەری ناو ئه و شاخانەدا ڕووبەڕوون کە زمانێکیان هەیە هەر فارسییە، بەڵام شکاوە و زمانێکی جیڕە و وەکوو فارسی نەرمونۆڵ و نیان نییە، ئەمە لە هەموو ئه و فیلمانەی کە سینەمای فەرمیی کۆماری ئیسلامی دەنوێننەوە دەردەکەوێت. لە فیلمێکی وەکوو “سەرداری جەنگەڵ” بە دەرهێنەری ئەمیری قەویدل لە ساڵی 1985دا ئه و کەسانەی کە لەگەڵ خاڵۆ قوربانن و قسە دەکەن لە هەندێ شوێندا تەنها وەکوو گیاندارێکی کێوی دەنەڕێنن و وشە و پیت بە کار ناهێنن، بەڵام سەر و فەساڵ و جلوبەرگیان کوردانە و کوردییە، ئەمە پێناسە و ئاڕاستەی کۆماری ئیسلامییە بۆ بوونی کورد لە ناو زماندا و لە ئاستی ئاکادیمی و ڕەسمی و ژورنالیزیمیشدا زۆربەی جار باسی زاراوەکانی ئێران دەکرێت نەک زمانەکان، ئه و زمانەی کە لە ئێراندا لە سەرووی هەموو زمانەکانی دیکە وەکوو بەلووچی یان تورکی یان تەنانەت تورکەمەنی هێشتا قیت و قۆز و بە پێوە ڕاوەستاوە زمانی کوردییە چونکە هێشتا لە ڕووبەرە سیاسییەکەدا وەدەر نەکراوە و نەبووە بە بەشێک لە ئەندامی سیستەم و هەڵنەلووشێنراوه، بەڵام ئه و ئاستەنگ و تەگەرانەی لە زەینی گشتی و یادەوەری خەڵکیدا چەقاندوویە ئەمەیە کە ئەم زمانە هاوتەریبە بە هەڕەشە بۆ سەر زمانی فارسی وەکوو ئه و شتەی مامۆستایەکی زانکۆ بە ناوی شەفیعی کەدکەنی چەند ساڵ پێش ئێستا باسی کرد و وەکوو ئه و بڕیارەش ماوەیەک پێش ئێستا لە بارەی زاراری محەمەدی؛ مامۆستا زمانی کوردی فێرگەیەکی فێرکاریی زمانی کوردیدا بینیمان.
ئەم سیاسەتەی تواندنەوە و هەڵلووشانی زمانەکانی دیکە بۆ ژێر سێبەری زمانی فارسی و خەساندنیان وەکوو وتم دەمێکە کاری پێدەکرێت و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی ناوچە کاریگەریی جیاوازی هەیە بۆ نموونە له و ناوچانەی کە شاخاویترن و ڕێگەی هاتوچۆیان کەمترە و نێزیکن لە سنوور واتە هاوسنوورن لەگەڵ باشووری کوردستان کاریگەریی زمانی فارسی زۆر کەمە وەکوو سەردەشت و مەریوان و بانە و و له و ناوچانەش کە ڕێگەی هاتوچۆی ستراتیژیکن وەکوو سنە و کرماشان کاریگەرییەکە زۆر خەستە و لە کرماشان و ئیلام بە هۆی فاکتەری ئایینییەوە و شیعەبوونی ئەم ناوچانە کاریگەریی و ئاسیمیلاسیۆنەکە جیاوازتر و قووڵترە. بۆیە ساڵانێکی زۆرە کۆماری ئیسلامی بە هەموو هێز و توانای میدیاییەوە و لە ڕێگەی نووسەرە مزبگیرەکانییەوە زاراوەیەکی ناحەز و پەشێو و ناتەندرووستی بە ناوی “فارسی کرماشانی” پەرە پێداوە و ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە خودی زاراوەی کەلوڕی کە زاراوەیەکی زمانی کوردییە کەم کەم و لە ناو بەشێک لە بنەماڵەکاندا شوێن پێی لەق بووە و دایکان بە فارسی لەگەڵ منداڵەکانیان قسە دەکەن، بەڵام هەر بە کوردی لە گەڵ یەک دەدوێن، نموونەیەک لە فارسی کرماشانی: “بشت بگم” یانی پێت بڵێم، واتە بە کەڵوڕییەکەی دەبێتە: بووشمە پیت، ئەمەی کە لێکدانی فارسی کرماشانی خۆی دەبێتە باس و بە شیوەیەک قسەکردنی گاڵتەئامێز و سووکەوە دەلکێندرێت خەریکە ئەم واتایە بگەیەنێت کە کرماشان شێوەی زمانێکی هەیە کە فارسییە و بەرەبەرە کوردی تەواو جێپێی لەق بێت و ئەم پلان و پرۆژەیە تاڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بووە.
یادکردنەوەی ڕۆژی زمانی کوردی بیرخستنەوەی ئەم مەترسی و کارەساتانەیە لە سەر زمانی کوردی لە هەموو پارچەکاندا. بیرخستنەوەی ئەم ڕاستیەیە کە زمان ئێستە ئامانج و ئامرازە لە یەک کاتدا، و ئەم ئامانج و ئامرازە لە دەستی هەڵگری ڕاستەقینە و ڕەسەنی خۆی واتە دایکان و ژنانە، ئەگەر ئەوان کەلتوور و کایەی زمانی سەردەست وەربگرن ئەوا زمانیش دەکەوێتە مەترسی ڕاستەقینەوە. ئەرکی ئێمە وەکوو کورد وشیاری زیاتری دایکان و ژنانی کۆمەڵگای کوردییە و پاراستنی ناسکی و وردەکاریی زمانەکەمانە له هەمبەر هەیمەنە و هێرش و دەسدرێژیی سیستەماتیکی زمانی سەردەست.
ژێدەرەکان
1-مادها، جورج راولینسون؛ ترجمەی هاشم کرمی، تهران، پانیز، 1394
2-ایران باستان، م.م. دیاکونوف، ترجمە روحی ارباب [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!