ناونیشانی بابەت: #هەڵەبجە# لە چاویلکەی ئێرانییەکاندا
ناوی نووسەر: #عادل قادری#
“پێشەکی”
ئەوەی کە ئەمڕۆ وەکوو شتێکی ڕوونی لێهاتووە ئەمەیە کە هەر سیستەمێکی سیاسی وێژمان و دیسکۆرسی تایبەت بە خۆی بەرهەم دێنێت، سیستەمەکان بە بێ خواست و ئارەزوویەکی سیاسی کە لە هەناوی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراودا خۆی مانیفێست دەکات، هیچ مانایەکیان نییە و ئیتر سیستەم نین بەڵکوو وەکوو هەواڵی تێپەڕ و ڕێبواری لە حاڵی گوزەردان کە دێر یان زوو فەرامۆش دەکرێن و لەبەرچاوان ون دەبن، لێرەدا دوو ئەکت و چەمکی “گێڕانەوە” و “یادەوەری” کە جومگە بزۆز و مانابەخشەکانی شوناس پێکدێنن، چالاک دەبن و بە ئاڕاستەی خواستی دەسەڵات دەچنە پێشەوە، دیارە لێرەدا مەبەست لە “خواستی دەسەڵات”، دەسەڵاتێکی واقیعیی سیاسییە کە جومگە پراکتیکییەکانی کۆمەڵگای لە ژێر دەست و کۆنترۆڵ دایە. ئەمە جەوهەری ئەکتی هەر جۆرە “خود”ێک پێکدێنێت و دیالیکتیکی خودەکان واتە خود و ئەویدی ململانێیەکە کە یان شوناسێکی کراوە و بەهێز بەرهەم دێنێت یان شوناسێکی لاواز و ژێردەستە، ئەم ململانێیە لە ژینگەی سەردەمیانەی ئەمڕۆی ئێمە جگە لەوەی کە دەرخەری ئەمەیە کە جیهان مەکۆی شەڕی نەرم و ڕەقی هێزەکانە بە داخەوە هیچ ئاماژەیەکی دیکەی تێدا نییە. هەر سیستەم و دەسەڵات و هێزێکی سیاسی یاسای کایەی خۆی و گێڕانەوە و خەیاڵکردنی خۆی مانیفێست دەکات و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە بە سەر جومگە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا دەیسەپێنێت. ئەوەی کە ئێمە وەکوو کورد چەندە توانیومانە “خود”ی خۆمان بگێڕینەوە و بینوێنینەوە بەشێکی وابەستەیە به و سیستەم و کایەیەی کە ئەویدی زاڵ و بەدەسەڵات پێناسەی کردووە و بە سەرماندا سەپاندوویە و ئێمە کەمتر توانیومانە لێی دەربچین.
ئێمە وەکوو کورد و جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ناسیاسیمان تا چەندە توانیومانە خۆمان و مێژووی ڕووداوەکان و قووڵایی کۆستەکانمان مانیفێست بکەین؟ تا چەندە توانیومانە ئەم خۆمانیفێستکردنە وەکوو هەیمەنە و هەژموونییەک بخەینە ناو کایەیەکی هاوبەش لە گەڵ ئەویدییەکانمان؟ یەکێک لە ئەویدییەکانی ئێمە ئێران بە گشتی و دەسەڵاتی سیاسیی ئێرانی و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەتییە، ئه و کایەیەکی جیاوازتری لە کایەی داگیرکەران و چەوسێنەرانی دیکەی کوردستان وەکوو ئێراق و سوریا و تورکیا هەیە، ئه و بە پەموو شوناس سەردەبڕێت و خوێنەکەی دەڕژێنێتە ناو دەماری جەستەی خۆیەوە و لێی دەخواتەوە. لەم ئاڕاستەیەدا میدیا وەکوو ئامرازێکی گرینگی مانیفێستکردنی خود (لە ڕێگەی دوو لۆسەی گێڕانەوە و یادەوەری) و ململانێ لەگەڵ ئەویدیدا ڕۆڵ دەگێڕێت، کایەی میدیایی کۆماری ئیسلامیی کایەیەکی هەمووشتخواز و تۆتالیتارە و بە وشیارییەکی لە ڕادەبەدەرەوە لە سەرەوە و لە پێگەی خودێکی پیرۆز و مەزن ئەویدییەکانی سووک و چرووک و بچووک دەنوێنێتەوە. ئەوانەی کە ئاگاداری کایە و شێوازی ئیشکردنی چەندین ساڵەی سیستەمی دەنگ و ڕەنگ و میدیایی کۆماری ئیسلامی بن، دەزانن ئەمە شتێکی تازە و ناوازە نەبووە و تەنها ئاڕاستەی تەقاندنەکەی بەره و کورد چڕتر و بەرهەستتر کردۆتەوە، لە چەندین دەیەی دەسەڵاتی کۆماردا، کورد جگە لە تاقم یان دەستە و ئەوپەڕەکەی خێڵێکی غەوارە و نامۆ کە لە لایەن براگەورەوە(ئەوان واتە خۆیان) قبووڵ کراوه و بە فەخرەوە ژێردەستەیی و براگچکەیی بە دیاری پێدەبەخشێت، وێنەیەکی دیکەی نییە، ترۆپکی ئەم حاڵەتە له و فیلمانەدا خۆی نیشان دەدات کە لەبارەی کارەساتانێکی وەکوو هەڵەبجە یان ئه و شەڕانەی کە کورد بە شێوەیەک لە شێوەکان تێیدا بەشدار و قوربانی بووه، خۆی نیشان دەدات.
لە سەد ساڵی ڕابردوودا شتێک کە بەهای بە شوناس و ڕەنجی ئێمی کورد بەخشیوە ئه و خەبات و گیاندان و کارەساتانە بووە کە ڕووبەڕوومان بووەتەوە و یەکێک لە گرینگترینیان کارەساتی هەڵەبجە بووە. دەبێ بزانین لە ڕووی مێژوویی و تێڕوانینی سیاسییەوە هێزە ئێرانییەکان لە هەڵخڕاندنی سەدام و خووی دڕندە و تۆڵەسێنەرانەی بەعس و سەدام دژ بە هەڵەبجە و کورد بەشدار بوون، بەڵام بەوەش نەوەستاونەتەوە و ئەوپەڕی کەڵک و سوودیان لە قوربانیبوونی کورد لە هەڵەبجەدا بینیوە، هەم لە نواندنی خۆیاندا لە میدیاکانی جیهان وەکوو ڕزگارکەر و بەهاناوەچووی لێقەوماوانی هەڵەبجە و هەمیش وەکوو کردنەوەی سنوور بۆ تیماری برینەکانیان لە نەخۆشخانەی هەندێ شاری وەکوو کرماشان. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە زەقترین و قێزەونترین ڕەفتارێکە کە تۆ بتوانی لە کایەیەکدا بیبینیتەوە! ئه و لە زمان قوربانییەکەوە قسە دەکات کە خۆی مردووه یان کوژراوە، واتە بەشێک لەوەی کە کەڵکی خراپ لە کارەساتێکی نەتەوەی ئێمە وەرگیراوە ئەمەیە کە نە قوربانییەکانمان توانیان قسە بکەن و نه ئێمەش توانیمان بە باشی باسی قوربانییەکانمان بکەین و بیگێڕینەوە. لێرەدا نموونەی ئەم سووکایەتیکردن و دابەزاندنەی قووڵایی کارەساتێک لە فیلمێکی سینەمایی بە ناوی “حیکایەتی عاشقی” نوێندراوەتەوە، دەخەمە ڕوو. فیلمێک کە تەنانەت ڕەخنەگرەکانی نێزیک لە دەسەڵاتیش بە فیلمێکی بێ ناوەرۆک و لاواز لە ڕووی پێکهات و فۆرم و فیلمنامەنووسیەوە لێکی دەدەنەوە بەڵام چونکە ئەوان لە ناو دیسکۆرسی “شەڕی پیرۆزی ئێرانی “یان “سینەمای شەڕی پیرۆز” چاوی لێدەکەن ناتوانن قووڵایی ئه و شێواندن و دابەزاندنە لە کارەساتێکدا ببینن کە بە سەر کورددا هاتووە.
“نموونەیەک لە نیشانەناسیی هەلەبجە لە فیلمێکدا”
ناوی فیلم: حیکایەتی عاشقی.
نووسین و دەرهێنان: ئەحمەد ڕەمەزانزاده.
ئەکتەرە دیارەکان: بارامی ڕادان، شیلان کەریمی، قوتبەدین سادیقی، #شوان عەتۆف#.
ئەم فیلمە ساڵی 2016 دروست کراوە و لە ناو سینەمای گیشە و بەردەنگتەوەردا جێ دەگرێت و ڕەخنەگرانی سینەمای ئێرانیش هیچ دانێکی باشیان پێدا نەناوە، چونکە ئەم فیلمە “دەبوو لە ناو سینەمای جەنگدا خۆی ببینێتەوە بەڵام بە لاڕێدا چووە”، هەروەک لە سەریشەوە ئاماژەم پێدا ئەم فیلمە به و هۆیەوە لە ناو فەزای سینەمایی ئێراندا پەسەند نەکرا، چونکە هیچ لایەنێکی هونەری ئەوتۆی تێدا بەدی نەکراوە چ لە ڕووی پلات و فۆرم و گێڕانەوەوە و چ لە ڕووی کارئەکتەر داڕێژییەوە بۆیە فیلمەکە تەنها چەند ئەکتەری ناوداری وەکوو ڕادان و قوتبەدین سادیقی و شوان عەتۆفی کردووە بە ئامراز تاکوو جێی سەرنجی بینەر بێت، دەرهێنەری ئەم فیلمەش کوردە و خەڵکی بیجاڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
“چیرۆکی فیلمەکه”
فیلمەکە بە دیمەنی “پاسداران” و “ڕەزمەندەکانی” کۆماری ئیسلامی لەمانگی ڕەشەمەی ساڵی 1988 دەستپێدەکات کە خەریکن بەعسییەکان لە دەروبەری هەڵەبجە ڕاو دەنێن و هێرشیان کردووەتە سەریان، هەواڵنێرێکی سوورکەڵەی لووسکەی فارس بە ناوی عەلی کە برایەکی شەهید بووە و دایکیشی لە بۆردومانەکانی تاراندا کوژراوە ئاگادار دەکرێتەوە کە هەڵەبجە کیمیاوی لێی دراوە و ئەویش بە “هەستی مرۆڤدۆستانە و لادان لە فەرمانی فەرماندە” بەره و هەڵەبجە بە پێ بەڕێدەکەوێ، پاش سەد مەترێک یەکێک لە ڕەزمەندەکان جیپێکی سوپایی بۆ دێنێت و بەڕێدەکەوێت. سیکانس و دیمەنی دواتر کە لە ڕووی زەمەنی گێڕانەوە و ڕووداوەوە دەبوو پێش دیمەنی پاسدار و سوپای کۆمار بایە ئه و دیمەنەیە کە “چیمەن”ی دەنگبێژ و مۆسیقار و بووکی هەڵەبجە لەگەڵ “شاهۆ”ی پێشمەرگە(ڕۆڵەکەی شوان عەتۆف دەیگێڕێت) و دەنگبێژ و ژەنیار ڕووبەڕوو دەبێتەوە، شاهۆ خەریکە چەک و تەقەمەنی باری ماشینەکەی دەکات تاکوو بیگەیەنێتە پێشمەرگەکان و چیمەن دەڵێ دەبێ بێم لەگەڵت و ئەویش دەڵێ نابێ، بڕۆ بۆ لای باوە گەورە و منداڵەکانیش لەوێن (ئه و منداڵە هەتیوانەی کە ماڵی باواگەورە و چیمەن سەرپەرشتی بەخێوکردنیان قبووڵ کردووە) چیمەن لەگەڵ شاهۆ بە ماشین بەڕێدەکەوێ تا دەگەنە لای گۆڕستانەکە، شاهۆ چیمەن قەناعەت پێدەکات کە لەگەڵی نەیەت، چیمەن هەموو سۆز و دەربڕینێکی عاشقانە لە هەڵسوکەوت و سیمایدا شەپۆلان دەدات، ئەمانە ڕۆحێکن لە دوو جەستەدا.
ڕەنگە ئه و چەند خولەکەی سەرەتای فیلمەکە بکرێ بەرگرییان لێبکرێت، بەڵام زۆربەی دیمەنەکانی دیکە و ڕەوت و ڕیتمی چیرۆکەکە وا نیشان دەدرێت کە بە زۆر و زەبر پێکەوە لکێنراون و هیچ لۆژیکێکی گێڕانەوە و پلانێکی چیرۆکانەی تێدا نییە، بۆ نموونە پاش کیمیابارانەکە و ئاوارەبوونی بنەماڵەی باواگەورە و چیمەن و گواستنەوەیان لە ڕێگەی عەلی هەواڵنێری سوورکەڵە و وێنەگرەوە لە ناو ڕێگادا کاتێک هەموویان سواری جێپەکەن چەند خۆمپارە لە نێزیکیان دەدرێت و ماشێنەکەش خرا دەبێت و عەلی پێیان دەڵێت دەبێ باقی ڕێگا بە پی بڕۆن و چیمەن هێشتا دڵی لای شاهۆ و پێشمەرگەیە و دەیەوێت بگەڕێتەوە بەڵام عەلی پێشی پێدەگرێت و خومپارەیەک لە نێزیکیان دەدرێت و هەر دووکیان لە هۆش دەچن. کاتێک چاو دەکەنەوە لە نەخۆشخانەی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتن کە هێزەکانی سوپای کۆمار بە هەموو مرۆڤدۆستییانەوە، گواستوونیانەوە بۆ ئەوێ تاکوو تیمار بکرێن، ئەگەرچی پاش گەڕانەوەی چیمەن لە نەخۆشخانە بۆ کەمپی ئاوارەکان و گەڕانەوەی عەلیش بۆ وێنەگرتن لە کارەساتەکە و دواتر ناردنەوەی وێنەکان بۆ بەرپرسی گۆڤارەکە و پارەوەرگرتنی باش لە باتی وێنەی کارەسات(کە قوتبەدین سادیقی ئەکتەر و سینەماکاری ناوداری کورد، ڕۆڵەکەی دەگێڕێت)، لە ئۆردووگاکەدا کە عەلی سەردانی خێمەی باواگەورە دەکات تێدەگات کە ناوی شاهۆ لە ڕۆژنامەدا هاتووە و وەکوو پێشمەرگەیەک کە تیرباران کراوە مەرگی ڕاگەیەندراوە، عەلی هەوڵ دەدات لە چیمەن نێزیک ببێتەوه، هەڵبەت ڕۆمانسیانە و ئێرانیانە، بۆیە باوا گەورەش دەیەوێت زەمینەکەی بڕەخسێنیت و بە چیمەن دەڵێت: کوڕێکی باشە، چیمەنیش بە توندی وەڵام دەداتەوە کوڕە باشەکان هەموویان لە ژێر خاکدا خەوتوون، چیمەن بە هەڵوێستێکی زەق و زۆپەیەوە ڕوو لە شاخ و شاهۆ(پێشمەرگە) وەرناگێڕێت بەڵام عەلی چەند جارێک سەرپێیی و ئاسایی قسەی لەگەڵدا دەکات و بە شێوەیەکی ناسرووشتی و نالۆژیکی دەبینین کە چیمەن ئانوسات عاشقی عەلی دەبێت و بە بێ هیچ زەمینە و گێڕانەوەیەکی چیرۆکی هەر لە ئۆردووگاکەدا شایی دەگرن و شیوەن و کارەسات دەکەن بە شایی و هەڵپەڕکێ.
بە ئاسانی لێرەدا شکستی پێشمەرگە لە هەمبەر سەرکەوتنی داردەستێکی سوپا(عەلی هەواڵنێر) دەنوێنرێتەوە، واتە بە تووندترین و سووکترین شێوە هاوکێشەی پێشمەرگە و ئازادی لە هەمبەر فاشیزمی بەعسی و داگیرکارییان دابەزاندووە بۆ پێشمەرگە و عەلی لووسکەی هەواڵنێر کە لە ئەنجامیشدا شاهۆ(پێشمەرگە) لە هەمبەر عەلی(ئامرازی ڕاگەیاندنی سوپا) دەیدۆڕێنێت، چیمەنیش خودی هەڵەبجەیە کە ناڕاستەوخۆ لە لایەن سوپاوە(عەلی) داگیر دەکرێت هەرچەندە بە تۆزێک ناڕازیبوون و پرتەوبۆڵەی چیمەنەوە! دواتر چیمەن و عەلی دەچن بۆ تاران و لە ماڵی عەلیدا ئەویندارانە خەریکن دەژین و چیمەن مەست و مەدهۆشی ژیانە لەگەڵ عەلی هەواڵنێر، له و لاشەوە شاهۆ گەڕاوەتەوە و نەمردووە، باواگەورە هەموو هەوڵی ئەوەیە کە ژیانی چیمەن و عەلی تێکنەچێت و زیندووبوونی شاهۆی پێشمەرگە بشارێتەوە و زۆر پێداگری لەوە دەکات کە چیمەن و عەلی نەیەنەوە بۆ ئۆردووگا و سەردان نەکەن بۆیە باواگەورە خۆی منداڵەکان دەبات و لە تاران سەردانی ئەم دوو کۆترە بەختەوەرەی تاران واتە عەلی و چیمەن دەکات بەڵام ئەوان لەناکاو دەگەڕێنەوە و چیمەن گوێی لە دەنگی گۆرانی شاهۆ دەبێت و تا دواخێمە دەچێت بە شوێن دەنگەکەدا کاتێک لۆ و چمکی خێمەکە بەحاڵ لادەدات، لە پشتەوە شاهۆ دەبینێت، چیمەن و عەلی بە سەرلێشێواوی دەگەڕێنەوە بۆ تاران و چیمەن تووشی دۆخێکی عاتیفی ئاڵۆز و دژواز دەبێت و نێوانی لەگەڵ عەلیدا تێکدەچێت و عەلیش ئه و ئازاد دەیهێڵێت لە بریاردان کە ئایا بمێنێتەوە یان بڕوات؟ چیمەن ئەڵقەی هاوسەرگیری و ئەویندارێتی دادەنێت و دێتەوە بۆ هەڵەبجەی تازە، پاشان شاهۆ چەندین جار دێتە بەر دەرگای ماڵیان لە هەڵەبجە بەڵام باواگەورە پێی دەڵێ چیمەن نایەوێت بتبینێت و لە دیمەنێکدا چیمەن دەڵێت دڵم هێشتا لای عەلییە.
دوابەشی فیلمەکە ساڵی 2014 پیشان دەدات کە عەلی پێشانگایەکی بۆ وێنەکانی جەنگ و هەڵەبجە کردۆتەوە لە تاران و دەستە دەستە خەڵک خەریکن ئیمزای لێوەردەگرن و شاهۆش هەر بە هەمان شێوە. دواتر شاهۆ چاوی بە وێنەی چیمەن و منداڵەکان لە کاتی بۆردومانی هەڵەبجە دەکەوێت و عەلی دەچێت لێی دەپرسێ لێرە چ دەکەی؟ شاهۆ ئێستە ئیتر پێشمەرگە نییە و قات و بۆینباخی هەیە، عەلی دەڵێ چیمەن چۆنه؟ ئەویش دەڵێ ئاگام لێی نییە، عەلی باوەڕ ناکات و مشتومڕێک لە نێوانیاندا ڕوو دەدات و فیلمەکە وای دەنوێنێت کە عەلی زیاتر لە شاهۆ عاشقی چیمەنە، لە دیمەنێکی دیکەدا و هەر له و زەمەنەدا چیمەنی دەنگبێژ و ئەوینداری جاران دیسان دەنگی بەڕواڵەت وردەوردە چاک بووەتەوە و خەریکە لە هەڵەبجە کۆنسێرتێک بۆ منداڵان بکات کەچی لە هۆش خۆی دەچێت و دەیبەنەوە بۆ نەخۆشخانەی کرماشان، ئانوسات عەلی دێتە لای و ئاڵقەکەی بۆ دێنێتەوە و بووکی هەڵەبجە دەبێت بە هی ئه و و پرۆژەی داگیرکاریی خاک و جەستەی مێینەی نیشتمان کامڵ و یەکلا دەبێتەوە.
“لێکدانەوەی فیلمەکە”
هەموو فیلمەکە لە ڕاستیدا له و دوو دیمەنەی سەرەتادا کە پاسداران لە بەعسییەکان دەدەن و بەعسییەکانیش لە کورد دەدەن و پاسداران ڕزگاریان دەکەن کورت دەبێتەوە و درێژەی فیلمکە ململانێیەکی وێنە و ڕۆڵ و دیالۆگ بە شێوەیەکی زۆر ناشیانە و دەسکردە کە دەیەوێت ڕۆڵی ڕزگارکەر و براگەورە بۆ ئێران بنوێنێت، بەڵام ئەم ڕزگارکردنە بە بێ تێچوو نابێت، حەقدەستی دەوێت، لە سینەمای ستراتیژیک و بواری جەنگ و سیاسەتدا، ژن هەمیشە هێما و ڕەمزی نیشتمان و خاکه، لە کۆی فیلمەکەدا چیمەن سەرەڕای ئه و هەموو هۆگرییەی بە شاهۆ و پێشمەرگە و گۆرانی و هونەری کوردی زۆر بە ئاسانی و ناسرووشتی خۆی دەدات بە دەستەوە و تەسلیمی سۆز و داوای عەلی دەبێت، شاهۆ ئەگەرچی نەمردووە و هێشتا گڕەی دەنگ و سۆزی هاواری دێت بەڵام چیمەن وەریناگرێتەوە چونکە سێبەر و موگناتیسێکی دیکە دڵی داگیرکردووە و ڕایکێشاوه، عەلی سوورکەڵەی لووسکەی هەواڵنێر، وێنەگری ناو سوپا و برای شەهید، پەیامی فیلمەکە زۆر کورت و ڕوون و قێزەونە و ناهونەرییە: لە سەر گۆڕی هەڵەبجە دەیکەین بە شایی و هەڵپەڕکێ نەک لە بەر ئەوەی ئینساندۆست و کورددۆستین، بەڵکوو لە بەر ئەوەی رێگای کەربەلا و نەجەف بەناو خاکی هەڵەبجەدا دەڕوات، هەڵەبجە کارەسات نییە بۆ ئەوان بەڵکوو فەرهود و دەسکەوتە، ئەنفالکردنە لە ناو قەوارەی ئایینی شیعەی کۆماری ئیسلامی، ئەم فیلمە دابەزاندنی هەڵەبجەیە لە ئاستی کارەسات و ڕووداوی دژە ئینسانیی گەورە بۆ بابەتێکی ڕۆتین و سواو وەکوو عەشقی ئێرانی و داگیرکەرانە، ئەم فیلمە جگە لە شێواندنی سیما و شوناسی هەڵەبجە و بە سیاسیکردنی مێژووی کارەسات لە خزمەت ڕۆحی ئێرانی-شیعیدا هیچ پەیامێکی دیکەی نییە بەڵام به و حاڵەش چونکە زۆر ناهونەری و ناشیانە دروست کراوە تەنانەت سینەمای ئێرانیش پەسەندی نەکرد و وەکوو فیلمێکی تووڕدراو و تۆزلێنیشتوو ماوەتەوە، ڕۆژێک دەبێ بەرهەمهێنەرانی ئەم فیلمە و ئه و ئەکتەرە کوردانە لە سەر ئاوەها سووکایەتی و ڕووشاندنێک وەڵام بە کورد و هەڵەبجە بدەنەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=