ناونیشانی بابەت: کۆماری کوردستان لە یاداشتەکانی “قوام السلطنە”دا
ناوی نووسەر:
عادل قادریعادل قادری
“خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی موحاکەمەکردنەکەی
پێشەوا قازی محەمەدپێشەوا قازی محەمەد لە یاداشتەکانی قوام السلطنەدا”
“پێشەکی”
لەبارەی مێژوونوسیی کورد یان مێژوونوسیی کوردی زۆر قسە و باس هەیە و لەبارەی پێوەرەکان و بوون و نەبوونی، پسپۆڕانی ئەم بوارە زۆر شتی بەنرخیان باس کردووە و زۆر پێودانگی گرینگ و جێگەی تێڕامانیان خستۆتە ڕوو، هەروەها پرسیاری بیربزوێنی باشیشیان ئاڕاستە کردووە، من لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە ئەمانە کە لە دەرەوەی شارەزایی منە و باسێکی پان و بەرینی دوورودرێژیشە شی بکەمەوە، بەڵام مەبەستمە دیسان بیری خوێنەر و خۆم و تۆی بخەمەوە کە مێژوو چۆن دەکرێت بە ئاڕاستەیەکدا بەڕێوەببرێت و بنوسرێتەوە کە کەمترین ڕاستیی تێدا بێت، ئەمە بەتایبەتی بۆ مێژووی کورد واتە نەتەوەیەک کە لە زۆر لایەن و ڕووەوە کەمترین دەسەڵات و هەلی هەبووە بۆ گێڕانەوەی خۆی و ڕووداو و بەسەرهات و واقیعی ژیان و ژیاریی خۆی، ڕاستتر دەگەڕێ، بەڵام هاوکێشەکە تەنها بەم گۆڕمەنی و جەمسەرەوە نابەسترێتەوە، نەنوسینەوەی مێژوو و جیهان-ژینی “خود” وەکوو نەتەوە یان هەر جڤاک و کۆمەڵێکی دی چەندە دەربڕینی بێدەنگی و بێدەسەڵاتی و تۆمارنەکردنی خود و ئامادەنەبوونە لە پانتای مێژووی سیاسیی و ژیاریی جیهان، ئەوەندەش گەرادان و دەمارکردن و بەدەنگهێنانی “ئەویدی”ییەکی سەرەڕۆ و سەرکەوتوو یان “فاتیح”ە کە ڕووداوەکان لە گۆشەنیگای خۆی دەنووسێت.
مێژوو هاوکات هەڵگری دوو پانتای بوونناسانە (ontologic) و مەعریفەناسانە (epistemologic) یە. پانتایی یەکەم سەربەخۆیە لە زەینی مرۆڤ و مێژوونوس و لە ناو دونیای واقیع دایە، ئەم پانتایە مێژوو(history)ە. بەڵام پانتای دووەم بە زانستی مێژوو (science of history) ناوبردە دەکرێ. ئەمە لە حاڵێکدا دێتە ئاراوە کە ئێمە دەبێ ئاگاداری ئەم ڕاستییە بین کە مێژوونوس ناتوانێت بچێتە دەرەوەی بازنەی شوێن-کاتییانەی خۆیەوە و لە سەرووی جیهان و کاتەوە واقیع ببینێت، ئه و لە ناو شوێن و کات و جیهانی تایبەتی خۆیدا گیری خواردووە و کاتێک مێژوو وەکوو واقیعێک بە ناو بێژنگی زەین و تێڕامان و مەعریفەیدا تێدەپەڕێت، زانستی مێژوو دێتە ئاراوە. هەربۆیە زانستی مێژوو، واقیعی کۆمەڵ و کۆمەڵگا، پاش ئامادەیی و دەرکەوتن لە زەینی مێژوونوس و شیکاری و لێکدانەوەیەتی.
ئەگەر کەمێک لەم دێڕانە ورد ببینەوە تێدەگەین ئێمە لە گەڵ دوو چەمکی حەقیقەت و واقیعدا ڕووبەڕووین، یەکیان زۆر زۆر دوورە و مەودایەکی ناکۆتا و نادیاری لە ئێمە هەیە و ناتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین کە تەعبیری لێ بکەین کە ڕووە ئۆنتۆلۆژیک و بوونناسانەکەیە و حەقیقەتە و ئەوی دیکەیان واقیعە کە بمانەوێ و نەمانەوێ هەڵگر و لەخۆگری ڕێژەگەرێتی و ڕاڤە و شرۆڤەی جیاواز و جۆراوجۆرە، جا لە هاوکێشەیەکدا کە گێڕانەوەی ئەم واقیعە و نووسینەوەی و تۆماربونی و مانەوەی بۆ داهاتوو بەند بێت بە دەسەڵاتی سیاسیی و هێزەوە ئەوا مێژوو بە شیوەیەکی ئۆتۆماتیکی و کۆلۆنیالیستانە لە لایەنە زانستییەکەی دادەتەکێنرێت و بەره و سیاسیکراوی و سیاسەتزەدەبوون دەچێت، بە تایبەتی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە هەر لە سەرەتای هەوڵە ساختە و زۆرەملییەکان بۆ دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوە تاکوو نوسینەوەی مێژوو بۆ ڕەوایی بەخشین بەم پرۆسە زۆرەملییە و دواتر بەخشین ڕەهەندی جادویی و سوریالی بەم نەتەوە و مێژووانە، ئێمە لە ناو کۆمەڵێک گێڕانەوەی مێژوو بە خۆپەرستی و خۆئەڤینی و نارسیزم خۆمان دەبینینەوە کە بنەما و بیرە بنەڕەتییەکەی لە فاشیزمەوە هەڵدەقوڵێت. بە داخەوە مێژوو و مێژوونوسی هیچ کام لە وڵاتانی ناوچەکە لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیەدا نین و هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕەچەڵەک و ڕۆحانەتی خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ سەردەم و ڕۆژگارێکی کەونارا و کەونینە کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بیری فاشیزمە و، بەم شێوەیە قودسییەت و پیرۆزییەک بەرهەم دێنن کە جەوهەرەکەی نەک لە سەر بنەمای هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی و گێڕانەوەی واقیع و لە دواجاردا دیالۆگ و دونیاگۆڕینەوە و دانوستانی بیروڕاکان، بەڵکوو لە سەر کۆڵەکەی ڕەتکردنەوە و سڕینەوە و ئینکار دامەزراوە و ئەمەیە کە زەنگی مەترسی کوشتن و قڕانکردن و هەڵگیرسانی شەڕ و تێکبەربوونێکی سەرتاسەری لە ناوچەکەدا بە گوێماندا دەدات.
بەداخەوە کورد لەم هاوکێشەیەدا هەر وەکوو چۆن لە باشوور ئەنفال و کیمیایی کرا و لە باکوور”دەرسیم” کۆمەڵکوژی و قەڵاچۆ کرا و لە ڕۆژهەڵات کیمیایی و ژینوساید “
سەردەشتسەردەشت، قاڕنێ و قەڵاتان” و لە ڕۆژئاوا بێ ناسنامە و بێ بەری لەهەر حەق و مافی ئینسانێکی مەدەنی سادەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی بوو، نووسینی مێژوویشیان هەر بەم ڕوانگەی نەهێشتن و نەمانکردنەیە. ئەم پرۆسێسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەگەڵ دەسپێکردنی ڕەوتی بە مۆدێڕنکردن یان مۆدێڕنیزاسیۆن دەستی پێکرد، بەهۆی پێکهاتی خێڵەکی و چەقبەستووانەی کۆمەڵگاکان و بەها کۆنە عەشایرییەکان ئاڕاستەی زۆرەملانەیان بۆ یەکدەستکردنەوە و یەکسانسازییان بەسەردا سەپا و ئەنجامە هەرە تاڵەکەی بۆ کورد وەکوو یەکێک لە کۆنترین دانیشتووانی ناوچەکە بوو. هەر لە سەردەمی ڕەزا شابوو کە فەرمانی نوسینەوەی مێژوو بە ئاڕاستەی ئەم یەکسانسازییە دەرکرا و کۆمەڵێک مێژونوسی فارس و تورک و کوردی خڕ کردەوە کە مێژوو بەم ئاڕاستەیە بنوسن و فارس وەکوو نەتەوەی سەردەست و زاڵ، بوون و کولتوور و زمان و ئەدەب و کەونارابونی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا فەرز کات و بیسەپێنیت. ئەگەر قایل بەمە بین کە فرۆید وتەنی-بەشێوەیەکی ڕەمزی-خواست(هێز، خەڵک، و…) سەرکوتکراوەکان بەردەوام دەگەڕێنەوە ئەوا شۆڕشە یەک لە دوای یەکە کوردییەکان لە سەرتاسەری سەدەی بیستەم شایەتی ئەم گەڕانەوەیەن. دیارە کۆماری کوردستان لە مەهاباد یەکێک لەم گەڕانەوە وشیارانە و بەهێزەیە کە دیسان لە ناو بازنەی ئایدۆلۆژیک و سیاسیی مێژونووسیی فارسدا ئاڕاستەیەکی چەواشەکارانە یان لانیکەم شێوێنەرانە و نیوەچڵیان پێ داوە.
“خوێندنەوەی کتێبەکه”
ئەم جۆرە مێژوونوسییە لە کتێبی “موحاکەمەکردنەکەی پێشەوا قازی محەمەد”(لە یادداشتەکانی قوام السلطنەدا)”یشدا دەبینرێت. ئەم کتێبە کە لە 112 لاپەڕە پێکهاتووە و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس ساڵی
2007 بۆ جاری چوارەم چاپی کردووە ئه و شێوە لە مێژوونوسی و گێڕانەوەی ئەویدی بۆ ئێمه (کە بە قەڵەمی کەسێک نوسراوە کە لە دوو دەوڵەتی قەجەر و پەهلەویدا سیاسی و سەرۆکوەزیران بووە) دەردەخات کە لە هەمانکاتدا کە دەیەوێت وا پیشانی بدات دەنگێکی ڕاستبێژ و مونسیف و بەویژدانە-چ وشیارانە و چ ناوشیارانە- بەڵام هەم بە سەر زۆر شتدا تێدەپەڕێت و هەمیش تۆوی زۆر شت لە پەیوەندی بە پەیکەرەی شکڵگیری کۆمار و بیری نەتەوەیی و کۆمەڵەی (ژ.ک) و بە تایبەتی پەیوەندی نێوان بارزانییەکان و قازی یان ڕوانینی قازی بۆ ژن و دەربڕینی نەریتییانەی قازی و …هتد دەخاتە ڕوو، کە بە شێوەیەکی وردبینانە و شارەزایانە ئەم زایەڵە و تەقینەوە مێژووییە کە هاوسۆزی و هاودەنگی زۆربەی زۆری عەشیرەتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە جوانڕۆ و پاوەوه (بەپێی قسەی خودی قەوام) تا ورمێ و شکاکەکان لەگەڵدا بوو، دەیەوێت دابەزێنیتە سەر سەرکێشییەکی سادە و ئاسایی چەند خێڵ و کەسێک کە لە دژی باوک (ئێران) نواندوویانە ئەویش بە یارمەتی ئەجنەبی و بێگانەکان کە لێرەدا ئەجنەبی تەنها مەبەستیان یەکێتی سۆڤییەت و باقیرۆف و سەلیمۆف و…هتد نەبوو، بەڵکوو بارزانییەکانیشی لەخۆ دەگرت، لێرەدا بە هێنانەوەی هەندێ نموونە لە یادداشتەکانی قەوام له و کتێبەدا ئه و میتۆدەی ئه و بۆ فریودانی خوێنەری کنجکۆڵ و پرسیارکەر و لۆژیکمەند (چ فارس بێ یان تورک یان کورد یان…)بەکاری هێناوە، واتە هەمان تەکنیکی سواوەی “ڕاستی بڵی بەڵام ناتەواو” دەخەمە ڕوو.
ئه و لە سەرەتادا باسێکی خێرا و زۆر گشتی لەسەر کورد و دەرکەوتنیان لە پانتای ڕووداوەکان دەکات و زۆر بە خێرایی دێتە سەر شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم، لەوانەش شۆڕشی سمکۆ کە سەرەڕای ئەوەی کە باسی لایەنی ئازایی و بوێرانەی سمکۆی شکاک دەکات بەڵام لە ئاستی هێزێکی تاڵانکار و فەرهودکەردا دەیبینێت کە دەبێت بە داوی هێزەکانی ئێرانەوە و سەری خۆی تیا دەبات:
“گوردون بادوک” کۆنسولی ئەمریکا لە تەورێزدا لەگەڵ سمکۆ گفتوگۆ دەکات و پێی دەڵێ کە ئامادەیە بایی پەنجا هەزار دۆلار دراوی زیوی بداتێ بە مەرجێ چاوپۆشی لە فەرهود و تاڵانکردنی نێردراوەکانی ئەمریکا لە تەورێزدا بکات. حکومەتی ئێران بەشێوەیەکی زیرەکانە فەرمانڕەوایی سمکۆی بەسەر بەرزاییەکانی ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێ بەڕەسمی ناسی، ئەم کارەش بووە هۆی ئەوەی کە بۆ داچەسپاندنی جێ پێی خۆی بیری هێرش بردنە سەر تاران لە مێشکی خۆیدا بخەمڵێنێ. سمکۆ لە ساڵی 1931دا هیزەکانی خۆی بەره و مەهاباد برد، لەم هێرشەیدا نزیکەی 600 کەسی ژاندارم و یەک نێردراوی پرۆتستانی ئەمریکای کوشت. بەڵام ڕەزا خان توانی هێزێکی سوپایی بە فرماندەیی سەرلەشکەر “عەبدوڵڵا تەهماسبی” و بە هاوکاری ئێلی تورکی ئازەربایجانی شاهسەوەن بە سەرکردەیی (ئەمیر ئەرشە) بنێرێتە سەر سمکۆ و ناچاری کەن لە خۆراواوە پاشەکشێ بکات و تا خاکی تورکیا نەوەستێ، سمکۆ چوو بووە ئەوێ تا لە لایەن دەوڵەتی مەرکەزی ببەخشرێ و چاوپۆشی لە ڕابردووی بکرێ. ملکەچی خۆی بۆ مەئمورەکانی حاکمی وەقت بنوێنی کەچی کەوتە نێو داوەوە.”
وەکوو دیارە لێرەدا نیوەی حەقیقەت ئەڵێ و ناڵی سمکۆ بۆ سەری هەڵداوە؟ ناڵی داواکارییەکانی چی بوون؟ تەنها باسی تاڵانکاریی دەکات، تایبەتمەندیی جووڵانەوەکەی سمکۆ قەت لەبەرچاو ناگرێت و هەتا دوایی. تەنها وێنەیەکی گشتی لە بوێریی سمکۆ دەدات بە دەستەوە کە لەگەڵ چەتەگڕیتی و تاڵانکاریی و ڕیگری دەینەخشێنێت کە لە ئەنجامیشدا لە ڕیگەی باوکی بەهەیبەتەوە واتە ئێران (قۆناغی ڕەزاشا) دەمکوت دەکرێ و لەناو دەبرێت. قەوام لە لاپەڕەی 21ی ئەم کتێبەدا لە سەر تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی قازی و فەزای کۆمەڵایەتی ئه و سەردەمە ئاوەها قسان دەکات:- “بەپێچەوانەی قازییەکانی دی کە هەمیشە ڕای خۆیان دەگۆڕن، قازی محەمەد لە هەر مەسەلەیەکدا-پاش سەرنجدان و لێکۆڵینەوە-کە ڕاو و حوکمی خۆی دەدا جارێکی دی نەیدەگۆڕی. لە ڕوودا قەڵافەتی بە شێوەیەک بوو هەر کەسێ ئەوی دیبا ناچار دەبوو ڕێزی لێ بگرێ. ماڵەکشیان پەناگەی هەموو ئه و کەسانە بوو کە گرفت و کێشەیان هەبوو. زۆربەی ژنان یان کچان دووچاری ناهەمواری دەبوون و پەنایان دەبردە ئەوێ. هەر بە هۆی ئەم شتانەوە جارجار دەبووە قاو کە گوایە قازی پیاوێکی خواناس و زاهید نییه، بەڵکوو خۆشگوزەرانترین کەسی دنیایە. ئەڵبەتە ئەم جۆرە قسانە کاری دەکردە سەر شەخسیەتە مەزهەبییەکەی، بەڵام کە بێوەژنێکی خواست کۆتایی بەم قسەڵۆکانە هێنا، کەسێکی پته و و تا ڕادەیەک ڕەفتار دیکتاتۆر بوو، ئەگەرچی لە ڕوودا ئەوەی نەدەنواند، قازی زاتێکی چاک و بەدەم و زمان بوو”
ئه و بەم شێوەیە باسی کەسایەتی قازی دەکات تا کاتێک کە قازییەکی ئه و شارە بووە و لە گەڵ یەکێتی سۆڤییەت و باقیرۆف و پیشەوەری دەستی تێکەڵ نەکردووە و، کەسێکی کۆمەڵایەتیی بەئەخلاق و بەدەم و پل و جێگەی ڕێز و متمانەی هەمووانە بەڵام هەر لێرەدا کە دەڵی قازی کەسێکی بەدەم و پل بووە، لە شوێنی دیکەدا واتە لە کاتی موحاکەمەکردنەکەیدا لە دادگایەکی سەحراییدا ئاوای لەسەر دەنووسێت:- “ڕووداوەکانی دادگا 48 ساعەتی کێشا. کارەکانی گەلێ ئاسایی بوو هەر کاتێ تاوان خراوە پاڵەکان یەکێ لە تۆمەتەکانیان ڕەت دەکردەوە یان ئینکاریان دەکرد. بەپەلە لە لایەن مودەعی عامەوە بەڵگە و شاهیدی بۆ دەهێنانەوه، تەنها یەک دوو جارێ مودەعی عام بە تووندی هاتە گۆ و بەوانی گوت(کوردەکانی سەگ سیفەت) قازی محەمەد دەمارگیر بوو هێرشی بردە سەر دادگا ناچاری کرد بۆ هەناسە وەرگرتن و پشوودان دادگا بۆ چەند سەعاتێ ڕاگرن. قازی قسەزانێکی لێهاتوو بوو، جێ و شوێنی قازی لە ئاست ئه و دوو نەفەرە (سەدر و سەیفی قازی) وەکو ئاغا و نۆکەر وابوو”
وەک دەبینین لێدان لە ناڵ و بزمارەکە بەردەوامە و نیوێکێ ناتەواوی ڕاستی دەڵێت و نیوەی دیکەی چەواشە دەکات و نیوەی دیکەی لە ڕوانگەی خۆی دەگێڕێتەوە و دژوازییەک لە گێڕانەوەکەیدا دەردەکەوێت: “قازی بە ئاشکرا ئەوەی درکاند بۆ فیراری نەکردووە، لە سنوور دەپەڕیمەوە و خۆم نەجات دەدا بەڵام دەبێ بزانن منیش وەکوو پێشەوەری-سەرۆکی فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان-ژن سیفەت نەبووم لە کاتی مەترسیدا فیرار بکەم؟ بۆ کوێ فیرار بکەم؟ ئێرە خاکی کوردستانە. گۆڕی هەشت پشتی باوباپیرانمی تێدایە.”
هەڵبەستنی ئه و ڕستەیە بە دەمی قازییەوە شتێکە نە ئەقڵ دەیپێکێت و نە لۆژیکی ئه و گێڕانەوە و بەڵگانەی لە سەرچاوەکانی دیکەدا هاتووە، ئێمە لە کتێبی مێژووی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان نووسینی قاسم قازیدا دەخوێنینەوە:- “لە ساڵی
1922 تا
1931 قازی محەممەد بوو بە سەرۆکی دایرەی فەرهەنگی مەهاباد و 5 قوتابخانەی دیکەی دامەزراند، کە یەکیان کچانە بوو بە ناوی “پرماس” کە یەکەم قوتابخانەی کچانە بوو لە سەرانسەری کوردستاندا. ئەو کارەی قازی محەمەد لە لایەن کۆنەپەرەستانەوە دژایەتی زۆری کرا و بە دژایەتی کردن دەگەڵ دین و ئایین بە ئەژمار هات و کەس کچی خۆی بۆ خوێندن نەدەنارد و بە ناچار قازی محەممەد دوو خوشک و چەند خزمی خۆی ناردە قوتابخانە. لە پاش دامەزرانی کۆماری کوردستان، پێشەوا هەڵسوکەوتی تووند و پێداگری ئیجباری خۆێندن بە تایبەت بۆ کچان دەکا کە بەو شێوەیە نزیک بە چل کەس لە کچان و ژنان بۆ خوێندن لە مەدرەسەی ئەکابیری یایان ناونووسی دەکەن.”
بەم شێوەیە ئێمە لەگەڵ جۆرە مێژوونوسییەکدا ڕووبەڕووین کە بە دەمامکێکی نەرمونیان نەخشیندراوە و بەویژدان و ئەخلاقەوە خۆی مانیفێست دەکات، بەڵام لە پشتەوەی ئەم دەمامکە فاشیزمێک خەوتووە کە دەسەڵات و خواستی دەسەڵات هیچ ویژدانێکی بۆ نەهێشتۆتەوە.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!