ناونیشانی بابەت: دۆخی زارا؛ دۆخی زمانی کوردی
ناوی نووسەر:
عادل قادریعادل قادری
گوشارخستنە سەر مامۆستایانی فێرکاریی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ماهییەتێکی تەواو سیاسی هەیە و لە چوارچێوەیەکی ڕەمزی و هێماتەوەرانەدا دەخوێنرێتەوە، نابێت ئەم ئاستە ڕەمزییە دابەزێنین بۆ گیران و سزادان و گوشار و ئەشکەنجە دروستکردن، بە دڵنیاییەوە ئەم پێشێلکردنانەی مافی مرۆڤ لەئارادایە و کەس ناتوانێت نکوڵی لێ بکات، بەڵام باسی من ئەوەیە ئێمە لەناو دۆخێکدا دەژین کە هەر لە محەمەد قازی و ئیبراهیم یونسی (وەکوو دوو نووسەری کورد کە بە زمانی فارسی نوسیویانە و وەریانگێراوە) تاکوو زارا و هاوسەرەکەی و دەیان کەسی ناسراو و نەناس و سەدان خەڵکی تامەزرۆی زمانی کوردی لە ناو کۆمەڵگا، شۆڕ بووەتەوە، کەواتە بە مانایەک هەموو ئەم کەسایەتییانە و ئه و گرووپە زمانی و نەتەوەییە لە ناو بازنەی هاوکێشەیەکی گەورەتر و ڕەمزیدا پێگە و هەلومەرجیان دیاری دەکرێت کە ئەویش “دۆخ”ە.
دۆخێک کە بەردەوام چەوساندنەوە و پلانی گەورە و بەردەوامی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوەی لەگەڵ خۆیدا بەرهەم هێناوەتەوە و بەداخەوە ئیلیت و نوخبەی کورد تا ئێستەش نەیتوانیوە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم پرسە یەکلا بکاتەوە و، زمان لە ئاستە سیاسی و ئەمنییەکەی ئایدۆلۆژیی سیاسییەوە پەلکێشی پانتای دەرەوە بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ ئاستە کولتووری و وجوودییەکەی، هەڵبەت ئەمە شتێکی ڕوون و حاشاهەڵنەگرە کە زمانی کوردی بەهۆی ئه و نەزمە سیاسییەی دەمێکە لە ناوچەکەدا دژی کورد وەکوو نەتەوە یان قەوارەیەکی کولتووری و زمانی جیاواز ڕۆنراوە مۆرکی سیاسیبوون و ئەمنیبوونی لێ دراوە، واتە لە بنەمادا ئایدۆلۆژییە سیاسییەکانی ناوچەکە و ڕێکەوتنە ژێر بە ژێرەکان و خوێندنەوەی واقیعی کورد وەکوو مەترسییەکی گەورە لە هەموو ئاستەکاندا لە لایەن داگیرکەرانەوە هۆکاری ئەم دۆخە بووه، بەڵام باسی من لە بەرپرسیارێتی و ئەرکی ئیلیت و نوخبەی کوردی وەکوو لە سەرەوە تیشکم خستە سەری پەیوەستە بە بیرکردنەوە لە ڕێگەچارەیەک کە پێش بە بەرهەمهێنانەوەی ئەم دۆخە بگرێت، باسەکەم پەیوەندیدارە لەگەڵ داڕشتنی پلانێکی گشتگیر بۆ ئەوەی زمانی کوردی و مامۆستاکانی هەناسەیەکی ئاسوودەتر و قووڵتر بکێشن نەک ئەوەی بڵێم دەسەڵات هۆکاری سەرەکی نییە، بۆیە ڕەنگە بیرکردنەوە بۆ پێشگرتن لە بەردەوامیی ئاوەها دۆخێک لە پلانێکی فرەڕەنگ و فرەدەنگی کۆمەڵایەتی-کولتووری و تەنانەت ئایینیدا بتوانێت وەکوو دەریچەیەکی سەرەتایی بۆ داهێڵانی نوور و ڕووناکی و تیشکاوێژ کردنی زمان و زمانزانان و مامۆستایانی زمانی کوردی چاوی لێ بکرێت، بەر لەمەش دەبێت درک بە ڕاستی و ڕەهەندەکانی ئەم “دۆخە” بکەین.
بۆیە دەبێت بزانین؛ لە مێژە ئیتر وای لێهاتووە کاتێک ئێمە باسی تاکێک یان چالاک و نووسەرێک دەکەین پێش لە هەر شتێک باسی هەلومەرج و دۆخێک دەکەین، واتە لە جیهانێکی بەرهەست و بینراوەوە دەپەڕینەوە بۆ دونیایەکی دەرهەست و ڕەمزی. ئەم حاڵەتە زیاتر لە کۆمەڵگایەکدا دێتە ئاراوە کە بە پلەی یەکەم ئازادی لێ سەندراوەتەوە و کەوتووتە ناو هاوکێشەیەکەوە کە هەر جۆرە جووڵە و هەناسەدانێکی لە لایەن لایەنی دژه ئازادی و داگیرکەرەوە وەکوو کردەیەکی گوماناوی و تاوانبارانە دەخوێنرێتەوە، زمانی کوردی لانیکەم بە درێژایی یەک سەدەی ڕابردوو لە ناوی ئاوەها دۆخێکدا ژیاوە، بێگومان لێرەدا زمان تەنها وەکوو ئامرازێک وێنا ناکرێت کە ئێمە کاروباری ڕۆژانەمانی پێ هەڵدەسووڕێنین، بەڵکوو ژینگە و بوونگەیەکە واتە کەپر و کۆڵیت و کۆشکی ئێمەشە کە هەر کامەمان لە حاندی خۆی بەپێی چەشە و مرخی خۆی لە کۆڵیت و کەپر یان کۆشک و تەلارەکەی یان هەر تۆپۆس و بیناکراوێکی دیکەیدا نیشتەجێ دەبێت، نیشتەجێبوونێکی ڕەمزی کە ڕەهەندە مەعریفی و بوونناسەکان پڕ بە هەموو توانستەکانی زمان و ئەندێشە لەخۆ دەگرێت، تا سنوورە نادیارەکانی خۆی.
زمان بۆ ئێمە بوو بە مەتەرێزی مانەوە و داکۆکیکردنمان لە بوون و “ژیان” و “ئازادی” بەتایبەت لە گەروو و بە زایەلەێ “ژن”ێکەوە ئەوکات لەوە تێدەگەین کە زمان و دەسەڵاتی زاڵ بە دونیایەک مەعریفەی یەدەگ و دەکارنەکراو بۆچی هەست بە مەترسی لەسەر خۆی دەکات؟ بۆچی زمانی فارسی و گوتاری فارستەوەرانەی پان ئێرانیستەکان بە سەدان ساڵ ئیشکردنی زمانیان لە جیهانی کۆن و نوێدا، زمانی کوردی وەکوو مەترسییەک لەسەر شوناس و کیانی خۆیان دەبینن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر هەڵدەگرێت بەڵام دەکرێت وەکوو سەرەداوێکی ناسک ئاماژە بە “دۆخی ئایدۆلۆژیکیی زمان” بکەم. دۆخی ئایدۆلۆژیکی زمان مەرج نییە وەکوو تەنها دۆخی زمان، سووڕان و چالاکی و گێڕانەوەی زمان ئاراستە بکات بەڵکوو دەکرێت وەکوو تایبەتمەندییەکی زاڵ و دیکتاتۆرانە سنوورەکانی مەعریفەی زمان وردەوردە دیاری و تەلبەند بکات و بیرکردنەوە و بەرهەمهێنانی مەعریفی لە دەرەوەی ئه و هەرێمە دیاریکراوە قەدەغە بکات. زمانی فارسی لە دۆخێکی ئاواهیدا جێگیر بووە، بۆیە ئێمە لەناو چەپ و ڕاستیان و لە حکوومەتییەکانیان و لەناو ڕۆشنبیران و ئازادیخوازەکانیاندا هەوڵێک نابینین بۆ دیالۆگکردن لەگەڵ زمانی کوردی، چون لە بنەوەڕا زمانی کوردی وەکوو ژێردەستەی زمانی فارسی دەبینن، تەنانەت ئەگەر ئەمەش بە بەڵگە ساغ نەکەنەوە هەر وەکوو گوزارەیەک بە پێوەری باوەڕ و ئیمان بەشێوەی بەردەوام لە ناو زمانی فارسیدا بەرهەمی دەهێننەوە.
لە ماوەی 44 ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی و 44 ساڵ قۆرخکردنی میدیا و فیلتەرکردنی گەڕیان و ڕەوتی ئازادی زانیاری، مێژوویەک نووسینەوەی ساختەی مێژوو، ئه و وردەوێنانەی کە لە کورد خراونەتە ڕوو؛ تێکدەر، سەربڕ، بەدەوی، گوندی، ساویلکە و سادە، بێچارە و داماو و…هتد لە ناو وێنەیەکی گشتیدا پیشان دراوە؛ تەجزیە تەلەب یان جوداییخواز. ئەمە تەنانەت نزیک نییە له و وێنە گەورەیەی کە بەعس لە کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشوور دەیخستە ڕوو و پێیان دەوت “موخەڕیبین” یان تێکدەران. ڕاستە لە باشووری کوردستان کارەساتی زۆر بەهۆی بەعسەوە هاتە ئاراوه، بەڵام لە دواجاردا و تەنانەت پێش ئەنفاڵ و هەڵەبجەش لە بەیانی 11 ئازاردا دان بە بوونی کورد و مافەکانی بەشێوەیەکی گشتی وەکوو نەتەوەیەک نرا، ئەمە لە ئێرانی زمانی فارسی نەک لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی پەهلەوی یەکەم و دووەم بەڵکوو لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیشدا وەکوو تابۆ و بڤەیەک بووە و وەکوو چۆن بابەتەکانی پەیوەست بە ئەندێشە دژە ئایینییەکان لەوانە سەلمان ڕوشی و مارکس و فرۆید دەخوێنرانەوە و چەواشە دەکران، بوون و دۆخی کوردیش هەر ئاوەها نومایش کراوە واتە بە شێوەیەکی بژاردەکەرانە و پاژپاژ و پچڕ پچڕ، هیچ فیلمێک لە ئێرانی پاش کۆمار و پێش کۆمار نابینیتەوە کە وێنەیەکی جیاواز لەوەی سەرەوە کە باسم کرد لە کورد پیشان بدات.
قووڵایی کارەساتەکەش کاتێک دەردەکەوێت خەڵکی ئێران(زۆرینەی) بەم وێنە و مەعریفە میدیاییانە گۆش کراون و، لە تۆڕێکی چەند گۆشەی میدیایی، سیاسی و مەعریفی ئاوەهادا ئایدۆلۆژیابوونی زمان دێتە ئاراوە و جێ پێی خۆی قایم دەکات هەر بۆیە ئێستە وەڵامی مامۆستایەکی زانکۆی تاران یان ئیسفەهان و هەمەدان و شیراز بۆ پرسیاری “بۆچی زمانی کوردی وەکوو زمانی وانەوتنەوە لە زانکۆ و قوتابخانەکان بەکار ناهێنرێت؟” هەمان وەڵامە کە وەزیری فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی یان ڕۆشنبیرێکی سیکولار یان چالاکێکی مافی ژنان و تەنانەت هاوڕەگەزخوازێکیان و یان کوڕی حەمەڕەزای پەهلەوی ئێستە لە ئەمریکا بە فیگەری ئۆپۆزیسیۆنەوە دەیداتەوە. تەنانەت لەوەش زیاتر هێشتا ئەم باسە دەورووژێنن کە ئایا کوردی زمانە یان زاراوەیەکی فارسی؟ دەیان بابەتی هاوشێوەی دیکە، بێگومان ئەمانە تەنها و تاقە تێڕوانینی ناو جوگرافیای ئێران و مەعریفەی ئایدۆلۆژیکی زمانی فارسی نین، بەڵام زاڵترین و بەبرەوترینیانە. بەڵام ئەمەش هەڵەیە کە وابزانین مەعریفەی زمانی فارسی تەنها لە هەمبەر کورددا ئەم هەڵوێست و باوەڕەی هەیە، ئەوان بەشێوەی دیکە هەمان ڕوانگەیان بۆ زمانەکانی تاجیک، ئەفغان و بەلووچی هەیە، ئینجا بەفارسی هەژمارکردنی هەر کام لەمانە لە سۆنگەیەکەوە بیچمبەندیی تیۆریک و میدیایی و مێژوویی دەکرێت.
لە دیدی زمانی فارسییەوە عەرەب بەدەوی و کوللەخۆرە و بیابانییە بەڵام زمانی عەرەبی پیرۆزە چون هی قورئانە ئەگەرچی تەنانەت مافی ئەوەش نادات بە عەرەبەکان کە له و مافانە بەهرەمەند بن کە فارسێک بە زمانی فارسی و بە ئایینی شیعەوە لێی بەرهرەمەندە، گیلەک و مازەنی و تەبەرییان تەقریبەن بە تەواوەتی تواندووەتەوە، ئەوان ئیتر شتێک بە ناوی بەرخۆدان و خۆڕاگریی زمانییان نییە، و، وەکوو زمانی دانیشتووانی شار و گوندەکانی شوێنە جۆراوجۆرەکانی جوگرافیای ئێران وێنا دەکرێن، زمانی تورکی هەیه، بەڵام هیچ مەترسییەکی نییە چون بە زمانێکی “کەر” و گەلحۆ وێنا کراوە، زمانی بەلووچی زمانی ڕێگر و چەتەکانە، خەڵکێکی بیاباننشین کە هێشتا سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆیان بە شێوەی سەردەمییانە لە جوگرافیا بەرینەکەیان نەبینینوە و..هتد. ئەمە پانۆرامەی مەعریفەی ئایدۆلۆژیکی زمانی فارسییە کە مەلا و شێخ و کۆمۆنیست و سیکولار و قەحبە و هاوڕەگەزخواز و شازادەیان لەسەر ئێرانێکی یەکپارچە و زمانێکی تاقانە و ئاڵایەکی دانسقە کۆ دەکاتەوە. زارا (و دواتر هاوژینەکەی) وەکوو گرێ و زامێکی فیچقەکردووی زمانی کوردی بە بیانووی زمانەوە دەگیرێت، زمانی ئه و مەترسی دەخاتە سەر جوگرافیای دڵی دوژمن، باوکی دەمرێت و تەنها ڕۆژێک کەمتر ڕێگەی دەدەن بێتەوە لای گۆڕی باوکی و دواتر ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێتەوە بەم حاڵەشەوە هیچ میدیایەکی فارس زمانی ناوخۆ و دەرەوە بە ڕاست و چەپ و خوار و ژووریانەوە واقیعی ئەوەی کە زارای زمان و زمانی زارا ئەزموونیان کردووە نابینن! یانی نایانەوێت بیبینین! دۆخی زارا جیاواز لەوەی کە دۆخی مرۆڤێکی کوردە، ژنێکی خۆڕاگر و بوێر و دەرەوەستی کورد بە چاو و دەنگێکی کوردانە بە زایەڵەی بوێری و توێژاڵێکی تەنکی شاراوەی چەوسانەوەیە کە لە چاوانیدا شاردراوەتە، دۆخی زمانی کوردییە، دۆخێکی هەیە، هەناسە دەدات، هاوار دەکات، دەگێڕێتەوە، زیندانی دەکرێت، بریندار دەکرێت، بەڵام نە فیمینیستەکانی زمانی فارسی و نە زمانەکانی ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان و نە زارەکانی دیموکراسیخوازانیان مێشێک نابێت بە میوانینان! ئەگەرچی هەمیشە لە ئیستاتیکای یونیڤێرساڵ و جیهانگیر و دەرەکاتیی حافیز و مەولەوی و سەعدی و خەیام دەدوێن و جاڕنامەی کوروشی گەورە بە چاوی زمانان و کولتوورانی دونیا دەدەنەوە! زارا دەنگی بڵندەوە وەکوو خۆی بە زایەڵەی شیعری
قانعقانعەوە دەنگی زمانی کوردی بە چەند چرکە پاش دەرکردنی(ئازادکردنی گوماناوی) لە زیندان دەدرکێنێت:-
گەرچی دوژمن وادەزانێ من بە دیلی لاڵ ئەبم
باش بزانێ کونجی زیندانم قوتابخانەیە
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!