ناونیشانی بابەت: ئەدەب لە نێوان جەنگ و ئایدۆلۆژیدا: بەشی یەکەم
ناوی نووسەر: #عادل قادری#
“پێشەکییەکی تیۆریک”
ئەوەی کە ئەدەب لە ژێر ناوی جەنگ یان بەرگری و بەرخۆدان یان هەر پێناسەیەکی دیکەی له و چەشنە بێت، زیاتر ناونانێکە کە دەبەسترێتەوە بە دوو دۆخ یان هۆکار؛ یەکەمیان ئەوەی کە کۆمەڵگا یان نەتەوەیەک لە ناو فەزا و دۆخێکی جەنگیی بەردەوامدا بێت و دووهەم ئەوەی کە کۆمەڵگا یان زمان یان کەلتوورێکی گشتیی ماناتەوەر لە پشت ئەم ئەدەبەیە؛ یانی کەڵکەڵەی فۆرم و پێکهات پێگەیەکی بنەڕەتی و سەرەکیی لە دۆخی جەنگی و ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ لایەنی بەرانبەر و دژبەر داگیر ناکات و ئەمەش مەترسییەکی گەورە لە سەر ئەدەبی جەنگ یان بەرگری و بە گشتی و لە پلەی یەکەمدا لە سەر جەوهەری ئەدەب دروست دەکات کە بیخاتە ناو بازنە و ئاڵقەی دروشم یان هەڵوێستی ڕووت یان هەندێک دیسیپلینی فەرمیی ئایدۆلۆژیکی بریقەدار، به و مانایەی کە بازنەی خەیاڵ و ئاسۆی زمان و ڕوانین لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا دەنەخشێندرێت و هیوای بزۆزیی و داڵغەی گۆڕان، کز و قەتیس دەکات.
لەڕاستیدا پۆلێنکردنی ئەدەبیش لە ژێر ئه و ناوانە زیاتر ناونان و تیۆریزەکردنێکی ماناتەوەرن تا فۆرمخواز، ئەمەش بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ ئه و ژینگەیەی کە وڵاتانی جەنگزەدە و شەڕئامێز تێیدا ژیاون و دەژین، ڕەنگە هەستیارترین دۆخ و ناسکترین جووڵە و ئەکتی ئەدەبی، بەتایبەت شیعر و ئاڵۆزترین حاڵەتی هۆنینەوە لە دۆخی جەنگیدا بێت، ئەستەم و سەختە کە شاعیر هاوکات بەرگری لە شتێک بکات و دژی شتێک بێت کە دواتر ئەدەبییەت و ئاسۆکانی خوێندنەوەی دواڕۆژی لێ لەبار نەبات!
بە گشتی پۆلێنبەندیکردنی ئەدەب، زیاتر کارێکە بۆ ناسینی ئەم دۆخە هەستیارە و ئه و ئەدەبەی لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارەدا لە دایک دەبێت و به ڕادەیەکیش پۆلێنبەندییەکە گشتی و کۆییە، دەکرێت بۆ بەشێکی زۆری مێژووی مرۆڤ گریمانەی کەین، بەڵام واپێدەچی ئەم دەستەواژانە زیاتر پاش جەنگە جیهانییەکان و لە هەوڵەکانی ڕەخنەکردنی مۆدێرنیتە و دەرکەوتنی ئەدەبی مۆدێرن و شێوازەکانی هاتبێتنە ئاراوه، بۆیە خودی چەمکەکان دیسان و لە قۆناغی دواتردا کەوتنەوە بەر تەئویل و خوێندنەوە، هەر وڵاتێک بە پێی دۆخێک کە تێیدا تووشی جەنگ و شەڕ بووە، پێناسەیەکی بۆ شێوازی ئەدەبەکەی بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدییەکی دوژمن و داگیرکەر بە کارهێنا، وەکوو لە درێژەدا باسی دەکەم.
لە ڕاستیشدا ئەدەبی بەرگری، دەکرێت وەکوو پاشکۆ و سەرباری ئەدەبی جەنگ بناسرێت و زیاتر دەربڕینێکی ئایدۆلۆژیکە بۆ کردەوە و ئەکتی سووژەی شاعیر، تاکوو دیاریکردنی دۆخ و ژینگەی ئەدەب و شاعیر و ئەدیب، هەرچەند تێڕوانینی واش هەیە کە ڕێک بەپێچەوانەوە شتەکە دەبینێت و پێی وایە ئەدەبی بەرگری، دایک و زایینگەی ئەدەبی جەنگە بەتایبەتی ئەم تێڕوانینە لە لایەن هەندێک ڕەخنەگر و ئاکادیمیی ئێرانی و فارسەوە کە ئەدەبی پەیوەست به و شتەی کە خۆیان ناویان لێناوە “بەرگریی پیرۆز” بەدیدەکرێت و هۆکارە بنەڕەتییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوان بە قسەی خۆیان بەرگرییان کردووە، بەڵام ئەمە چاوبەستکردنێکە کە بە هۆی بڤە و تابۆیەک کە لەسەر ڕەخنەکردن و خوێندنەوەی ئه و جۆرە ئەدەبە هەیە یان بە ئەنقەست زیاتری لە سەر ناڵێین یان ناوێرن شەقڵی ئه و وەهم و بنەوا ئایدۆلۆژیکە بشکێنن و شتێکی دیکە بڵێن! کە بێ گومان هەردووک دیوی دراوێکن. هۆی سەرەکی ئەم تێڕوانینە لە ناو ڕەخنەگرانی فارسدا ئەوەیە کە ئەدەبی بەرگری لە دۆخی جەنگیی هەشت ساڵەی ئێران – ئێراقدا و پاش ئه و جەنگە گەشەی سەند و لە هەموو بوارەکانی شیعر، سینەما، شانۆنامە، ڕۆمان و چیرۆکدا خۆی پیشان دا، بەڵام ئەمە پێناسەیەکی تەواو ئایدۆلۆژیک بوو کە لە سەر بنەمای تێڕوانینی ئایینی و جۆرە ئیسلامێکی سیاسیی تایبەت بوو کە دەبێت ئێمە بۆ تێگەیشتن لە بنەمای تێڕوانینەکە زیاتر بگەڕێینەوە دواوە و ڕابردوو لێکدەینەوە، لە ڕاستیدا تێڕوانینی ئەم سیستەمە سیاسییە و بەپێی ئەوەش ئه و ئەدەبەی کە پاشکۆ و شوێنکەوتەی ئایدۆلۆژیاکەی بوو لەسەر بنەمای “جەنگی پیرۆز” بوو و ئەمە لە دروشمە گشتییەکان و بەتایبەت لە دروشمی “جنگ جنگ تا پیرووزی/ جەنگ جەنگ تا سەرکەوتن”دا بە دیاردەکەوت و لەم تێڕوانینە ئایینی – سیاسییەشدا جەنگ کاتێک کۆتایی پێ دەهات کە هەموو ئه و وڵات و کەلتوورانەی کە ئه و لە ژێر ناوی “ئەویدی و شەیتانی بچووک یان گەورە” و یان “داشی دامەی وڵاتانی غەیری موسڵمان “بوو پێناسەی دەکات، بە چۆکدا بێن و حەقبوون و ڕاستیی جیهان لە مانیفێست و پێکهاتێکی بەرتەسکی ئایدۆلۆژیکی سیاسی خۆی بەسەر دونیادا بسەپێنێ! بۆیە له و شتەی کە بە سینەمای “بەرگریی پیرۆز” ناوبراوە هەموو هەوڵ ئەوەیە کە خودی جەنگ و هەبوونی جەنگ بە شتێکی پیرۆز ناوببات نەک بەرگریکردن و خەبات بۆ وەستاندنی جەنگ و نەمانی نەهامەتییەکانی جەنگ کە هەر لەسەر ئه و ڕێڕەوەش تا ئێستە مەکینەی بەرهەمهێنانەوەی مانای پیرۆز و قودسیی ئەم سیستەمە ئیش دەکات و زۆربەی زۆری ئه و بەرهەمانەی کە دەکەونە ناو پێناسەی ڕەخنەگرانی باڵی سیستەم لە ڕووی ستاتیکی و جوانیناسیی هونەرەوە کۆڵەوار و دۆشداماون و هیچ شتێکی ئەوتۆ لەسەر لایەن و ڕەهەندەکانی جەنگ ناڵێن جگە لەوەی کە ئێوە لە (سەرزەمینێکی پیرۆز دان)! و دەتوانن ئەم پیرۆزییەش لە هەر ڕێگەیەکەوە ببەخشنە وڵاتانی دیکەش!
تەنانەت کوشتن و خوێنڕشتن و ناردن بۆ بەهەشت! ئەم تێڕوانینە کاتێک ڕوخساری چەندفاقییانە و هەزەلیی خۆی دەردەخات کە ئێمە وەکوو کورد لە قەوارەی پێناسەی “ئەدەبی جەنگ” بۆ بەرگریی لە مانەوە و کیانی خۆمان لە دژ و بەرامبەر داگیرکەرێکی ئاوەها وەستاوینەتەوە، ئەوان ئەدەبێکیشیان لە پشتی خۆیان ڕاداوە کە ساڵانێکە ناوی لێنراوە ئەدەبی بەرگریی پیرۆز! لە هەموو ئه و بەرهەمانەی کە لە ناو فەزای جەنگی و لەسەر جەنگ نووسراون، کورد وەکوو بەرکار و دامەیەکی لاوەکی یان وەکوو هێزێکی کافر و شەیتانی پێناسە کراوە، چ لە ڕۆمانی زەرد و سووکی “عەشقی ساڵەکانی جەنگ” چ لە فیلمی سینەمایی “چ” یان گوڵ و گوللەکان یان دەیان بەرهەمی سینەمایی و ئەدەبی دیکە!
بۆیە دەشیت بە ئاسانی ئەم ئەدەبی بەناو بەرگرییە ببەینە ژێر پرسیارەوە کە بە شێوەیەکی خوازراو یان نەخوازراو جاڕی داگیرکاریی و سڕینەوەی ئەویدی دەدات نەک بەرگری، هەڵبەت لە دیدی ئەم ئایدۆلۆژیایه، سڕینەوە چڵەپۆپە و لووتکەی بەرگرییە! لێرە دایە هێڵی ناسکی نێوان ئەدەبێک کە کەوتۆتە ناو تۆڕەکانی دەسەڵات و پلانەکانی داگیرکردنەوە و ئەدەبێک کە بەرگریی لە دۆخێک دەکات کە خەونەکانی ئازادی و داد و یەکسانی لە دەرەوەی ئایدۆلۆژیاکانی ناو جەنگن، دەردەکەوێت، دەشێت بە نیسبەت کوردەوە ئەدەبی تورک و فارس و عەرەب لە ناو ئەم کایە ئاڵۆز و شێوێندراوەدا دابنێین. ئەمەش هۆکاری مێژوویی و سیاسییان هەیە و لە ناو کایەیەکی کۆلۆنیالیستیشدا گووراون و تا ئێستەش یاسای ئه و کایەیە دۆخی ئینسانی و ئەدەبیی ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕادەپەڕێنێت و هەمووان لە وەهم و ترسێکی گەورە دەژین بەپێی ژینگە و شوێنگەی تێگەیشتنیان لە خۆیان و ئەویدی، چ داگیرکەر و زاڵم و چ داگیرکراو و ستەملێکراو! ئەمە ئه و فاشیزمەیە کە خەریکە دواهەناسەکانی ئازادی و ڕزگاریی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت و بوونی دەخاتە نێو قومار و مەترسییەکی گەورەوە و ئارەزووی بەره و جەنگێک دەجمێنێت کە ڕەنگە خەیاڵی شاعیران و هونەرمەندان بە شێوەیەکی سامناک یەم مەترسییە وێنا بکەن، گرێپوچکەی هاوکێشەکە وەکوو وتم ئەوەیە کە ئەدەبێک ئێمە دەگێڕێتەوە کە هی ئەویدییە و ئێمە لەوێدا کۆمەڵێک چەتە و دەسوەشێنین یان لە ئاستێکی باشتر و سیاسیدا تاقمێک برا و هاوکارین کە بە گومانەوە دەمانکەن بە هاوڕێی خۆیان!
ئه و وێنایەی کە ئەدەب و هونەری فارس لە کوردی خستووەتە ڕوو، تەواو وێنەیەکە کە لە تێڕوانینی داگیرکەر و خواستی دایگیرکارییەوە هەڵدەقوڵێت، بەڵام مەکینەی ڕاگەیاندن و سیستەمی ئایدۆلۆژی، ئەم سڕینەوە و داگیرکارییە بەرگری و ڕاوەستان لە هەمبەر ئەویدییەکی شەیتان دادەنێت کە ئێمە بین! لێرەدا چرکەساتی ڕۆحی فاشیزم دەردەکەوێت، زۆر سەیرە کە لە درێژایی سەدەی بیستەمدا به و هەموو کۆست و ڕووداوانەی کە بەسەر وڵاتێکی کۆلۆنیال و داگیرکراوی وەکوو کوردستاندا هات، بەدەگمەن ئەدیبی فارس و تورک یان عەرەب بەرگرییەکی لە چارەنووس و دۆخی کورد کردبێت! قووڵایی کارەسات لە ئەدەبی دراوسێکانی کورد ئەوەیە کە لە ناو جوانیناسی و ئیستاتیکایەکی ئاڕاستەکراو و ئایدۆلۆژیکدا هەناسە دەکێشن، ئەمە چ بە پێی دۆخی سیاسیی وڵاتی خۆیان بێت یان هەیمەنە و دەسەڵات و نەزمێکی کۆلۆنیال کە کورد بە پلەی یەکەم و لە دۆخێکی تایبەت و ئاوارتەدا بەر هەلاهەلابوون و پرزۆڵ پرزۆڵبوونی کەوتووە! لەم دۆخە ئاڵۆزەدا ئەستەمه ئەدەبی جەنگ پێناسەیەکی ڕاستەقینە و ئاسانی بۆ بدۆزرێتەوە چوون بە شێوەیەک لە شێوەکان ئایدۆلۆژی و مەبەستێکی سیاسی، سێبەری بەسەردا دەخات.
بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتری ئەم باسە دەبێ سەرەتا پێناسەیەکی گشتیمان لەسەر ئەدەبی جەنگ هەبێت. “ئەدەبی جەنگ بە ئەدەبێک دەگوترێت کە دەپەرژێتە سەر دیاردەی جەنگ یان کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکانی لەسەر کۆمەڵگا و مرۆڤەکان – وەکوو دۆخی پشتەوەی بەرەی جەنگ، کاریگەریی جەنگ لە سەر شوێن و ژینگە و کەسانی مەدەنی و خەڵکی ئاسایی، و بەدواداهاتەکانی جەنگ وەکوو قاتوقڕی، هەژاری، بێکاری و…دەگێڕێتەوە.” بەپێی ئەم پێناسەیە لە ئێران تەنها ئەدەبێک بە ئەدەبی جەنگ هەژمار دەکرێت کە لە بەرەی پێشەوەی جەنگ بووبێت و دژی بەعس و هێزەکانی دیکە جەنگابێت. بۆیە ئەدەبی فارسی لەم ڕووەوە تا بڵێی ئەدەبێکی کۆڵەوار و ئایدۆلۆژیکە و سەرەتای دەرکەوتنی ئەم ئەدەبەش زۆرتر وەکوو یادەوەرینووسین و گێڕانەوەی سەرگوروشتە بوو کە ئه و شەڕکەر و پاسدارانەی بەرەکانی پێشەوە بە بێ هیچ تێگەیشتنێک لە ئەدەب و ئیستاتیکا و جیهانبینییەکی کراوە، نووسیویانە و کارەسات ئەوەیە ئەمە کراوە بە بنەمای ئەدەبی جەنگ لە ناو فارس و ئەدەبەکەیاندا.
بێگومان لە پاڵ ئەم پێناسەیە ئەدەبی دژەجەنگیش هەیە کە ئەگەرچی وەکوو پێناسەیەک بە ناوەرۆکی دیاریکراوی خۆیەوە باسی لێدەکرێت، بەڵام هەر لە ناو پێکهاتی ئەدەبی جەنگدا دەشێت خۆی مانیفێست بکات و ئه و ناوەرۆکەی کە ئەدەبی جەنگ دەیخاتە ڕوو، دەشێت بەشێک لە ناوەرۆکی ئەم ئەدەبە دژەجەنگەش بێت. وەکوو باس دەکرێت ئەدەبی دژەجەنگ دەپەرژێتە سەر ئاشتیخوازی، دژەجەنگبوون و…لە دواجاردا دەشێت بڵێین هەر وڵاتێک بەپێی مێژوو و دۆخی سیاسی و تەنانەت شارستانیی خۆی ناونان و تێڕوانینی تایبەتی خۆی بۆ جەنگ بیچمدەدات و دەیناسێنێت. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکوو فەرانسە کە لە دواهەمین جەنگی خۆیدا داگیرکرا، دەستەواژە و نەریتێک بە ناوی “ئەدەبی هەستانەوەی بەرگری” لە دایکبوو، بەڵام لە ئاڵمان کە هەم دەسپێکەر و هەم دۆڕاوی جەنگ بوو دیاردەی “ئەدەبی دژە جەنگ” دەبینین واتە لایەن و ناوەرۆکی زاڵ لەم ئەدەبە زیاتر دەربڕین و گێڕانەوەی تاڵی و ناخۆشییەکانی جەنگە. ئەمە لە حاڵێک دایە کاتێک ڕووسەکان هێرش کرایە سەر وڵاتەکەیان لە دەستەواژەی “جەنگی مەزنی نیشتیمانی” کەڵکیان وەرگرت کە ناوەرۆکی زاڵ بە سەر ئەم ئەدەبەدا دەربڕین و گێڕانەوەی دلێری و گیانبازی و پاڵەوانێتییەکانی خەڵکی ئه و وڵاتە لە هەمبەر دەسدرێژی و داگیرکاریی دوژمن بوو و باسکردن و گێڕانەوەی تاڵی و دزێوییەکانی جەنگ، لەم وڵاتەدا ئەگەرچی بەشێوەی گشتی پشتگوێ ناخرێت بەڵام زۆریش دیار و زەق نابنەوە و لە پلەی دووهەمی گرینگی دان.
بە کورتی و کوردی وەکوو ئاماژەم پێدا هەر وڵاتێک بەپێی دۆخی مێژوویی خۆی دەستەواژە و تێڕوانینی تایبەت بۆ ناسینی ئەدەب دەخاتە ڕوو.
لە پەیوەندی ئەدەب بە جەنگەوە دەتوانین ئاماژە به و گەڕیان و باڵانەی خوارەوەی ئەدەب بدەین:
1-ئەدەبی دژە جەنگ (زیاتر له و وڵاتانەدا بەرچاوە کە لە یەک کاتدا دەسپێکەر و دۆڕاوی جەنگن وەکوو ئاڵمان لە دوو جەنگی جیهانیدا).
2-ئەدەبی بەرگری (زیاتر له و وڵاتانەدا بەرچاوە کە قوربانی و داگیرکراوی جەنگ بوون وەکوو فەرانسە لە جەنگی جیهانیی دووهەم).
3-ئەدەبی بەرگریی نیشتیمانی (له و وڵاتانەی دەسدرێژییان کراوەتە سەر، بەڵام لە دواجاردا براوە و سەرکەوتوو بوون وەکوو یەکێتی سۆڤییەت).
4-ئەدەبی بەرەی جەنگ کە دەپەرژێتە سەر بەرەکانی پێشەوەی شەڕ، جەنگێک کە لە نێوان دوو هێزی شەڕکەردا دێتە ئاراوە.
5-ئەدەبی پشتەوەی بەرەی جەنگ کە دەپەرژێتە سەر کاریگەریی جەنگ لەسەر کەش و دۆخی خەڵکی مەدەنی و ئاسایی.
6-ئەدەبی زیندانی یان بەندی کە دەپەرژێتە سەر ئەزموون و بەسەرهاتی زیندانیان و گیراوانی جەنگ.
7-ئەدەبی هەڵاتن کە حەکایەت و گێڕانەوەی هەڵاتووانی جەنگە.
8-ئەدەبی تاراوگە کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئاوارەکان و پەڕیوەکان بە هۆی جەنگەوه.
9-ئەدەبی شەڕی ناوخۆ کە زۆرتر لە باتی دوژمنێکی دەرەکی دەپەرژێتە سەر ئه و گرووپانەی کە لە ناوخۆی وڵاتێکدا پێکەوە دەکەونە جەنگ و شەڕەوە.”
بێگومان دەکرێت شتی دیکە زیاد بکەینە سەر ئەم سەردێڕانە و باڵی دیکە بۆ ئەدەبی جەنگ و ئەدەبی دۆخی جەنگ قایل ببین.
“کورد و ئەدەبی جەنگ”
بە سەرنجێکی خێرا لە سەر ئەم باس و بەراییە و ئه و دێڕانەی پێشوو و هەڵوێستەیەکی کورت لە سەر مێژووی کورد و دۆخی کورد لە سەرەتای سەدەی بیستەم و ئه و کارەساتانەی لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا (پاکتاوی ڕەگەزی، ئیعدامە گشتییەکان، کیمیاباران، ئەنفال، هەڵەبجە،کۆڕەو، ڕەو، ڕاگواستن، قاڕنێ و قەڵاتان و…) بە سەری هاتووه، دەتوانین دۆخێکی جیاواز و پۆلێنبەندییەکی سەربەخۆ بۆ ئەدەبی جەنگیی کورد قایل بین، لانیکەم وەکوو هەوڵێک دەتوانین هێڵ و تایبەتمەندیی بوونی مێژوویی و ئەدەبی و زمانی کورد لە ناو دۆخی جەنگیدا دیاری بکەین. ئەگەر چاوێکی خێرا بخشێنینە مێژووی کۆن و نوێی کورد، بۆمان دەردەکەوێت ئەم ئەدەبە ئەگەر نەڵێین هەمیشە بێگومان زۆربەی کات لە دۆخی جەنگیدا بووە، هەڵبەت به و مەرجەی ئەدەبی جەنگ تەنها و تەنها نەبەستینەوە بە جەنگە گەورەکانی سەدەی بیستەم، ئەدەبی ئێمە هەر لە پارچەنووسراوەی (هورموزگان) کە لە باشووری کوردستان دۆزراوەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەکەمی کۆچی تا مەم و زینی خانی و بەیت و ڕۆمانی قەڵای دمدمی عارەب شامیلۆڤ و ڕۆمانی پێشمەرگەی د.ڕەحیمی قازی و ئافات و گۆڕستانی چراکانی شێرکۆ بێکەس و سەرەتانی براکوژی عەبدوڵلا پەشێو و دەیان و سەدان بەرهەمی دیکە کە پێویست بە ڕیزکردنیان ناکات، ئەدەبێک بووە لە ناو دۆخی جەنگیدا بووە، دۆخی مرۆڤی کورد دۆخێک بووە کە بەردەوام لە ئاوارەیی و پەڕینەوە و گرتن و لێدان و کوشتن و شەڕ و فڕۆکە و پێشمەرگایەتیدا بووە.
سەرەڕای هەموو ئەم نەهامەتی و مەرگەسات و دابڕان و ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و ئاسیمیلە و تەفریس و تەعریبە، هێشتا ئێمە لە ڕووی تیۆرییەوە نەمانتوانیوە ژانرێکی تایبەت بە خۆمان مانیفێست بکەین؛ بۆ نموونەی ژانێری کارەسات یان شەهید یان … ڕەنگە وەکوو نموونەی دەق بەشێکی زۆر لە کارە ئەدەبییەکانی شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشیو لە لووتکەی ئەم نموونانەدا بن بەڵام وەکوو دەستەواژە و باڵ یان ژانێرێکی ئەدەبی، ئێمە زۆر کەمتەرخەم و کۆڵەوار بووین بۆیە وەک چۆن لە سەردەمی شاخا و بەپێی ئەزموون و ژینگەی شاعیرێتی و پێشمەرگایەتی کەشکۆڵەکانی پێشمەرگەی شێرکۆ بێکەس وەکوو دەق و دەستەواژە هاتە ئاراوە و هێندەش پڕ و پاراو بوو کە بەشێکی زۆری ئه و پۆلێنبەندییانە واتە هەر لە ئەدەبی گیراوان لە قەسیدەی تەقینەوه، تاکوو ئەدەبی ناوخۆ لە “کۆتایی داستانێ(بۆ شەهید غەریب هەڵەدنی)” تاکوو ئەدەبی پشتەوەی شەڕ لە گۆڕستانی چراکان و کورسی تاکوو ئەدەبی بەرگری نیشتیمانی وهتد…لە شانۆنامەی کاوەی ئاسنگەر تاکوو ئەدەبی دژە جەنگ لە کتێبی ئافات و هەتا دوایی.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی جەنگ وەکوو وتم داکۆکیی زۆر و زەبەندێتی لەسەر ناوەرۆکخوازی و ماناتەوەری، بۆیە لە زۆربەی پارچەکانی کوردستان و بەتایبەتی ڕۆژهەڵات و باشوور دۆخی جەنگی لە زۆرێک لە قۆناغەکاندا هاوکات بووە و زەمینە و بەستێنی هاوبەش و ئاڵۆزیان هەبووە و لەم ڕووەوە یەک جیاوازیی گرینگ دەبینرێت، ئەویش ئەمەیە ئەدەبی جەنگ یان دژە جەنگی باشوور زیاتر لە شاخ و ئه و ناوچانەی لە ژێر دەستی پێشمەرگەدا بوون، باڵای کرد و دواتر دوای ڕاپەڕینی ساڵی 91 و دامەزراندنی حوکومەتی کوردی ئاڕاستەی دیکە لە ڕەخنەگرتنی شێوەی دەسەڵاتداری و نەریتی کۆمەڵایەتی و گوتاری ناسیۆنالیزم دەستی پێکرد، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش ئەوەی کە دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران بەهێز دەبێ و هێزە کوردییەکان لە کوردستان دەچنە دەرەوە و هێزەکان بۆ تیانەچوونی چارەنووسی خەڵک لە شارەکان و ئه و ناوچانەی ئازادیان کردبوو کشانەوە، ئەدەبی ڕۆژهەڵات پەیوەست بە دۆخی جەنگییەوە دوو ئاڕاستەی وەرگرت:-
1- ئەدەبێک کە ئاڕاستەیەکی ڕاشکاوی بەره و شاخ و ڕاسانەوە و ڕاوەستانی ڕاستەوخۆ دژی داگیرکەر وەرگرت
2- ئەدەبێک کە لە ژینگەیەکی شاری بەڵام لە ناو ترس و فۆبیایەکی ئەمنی و بەدواداهات و بیرەوەرییەکانی جەنگ و زام و برینەکانی جەنگ و چەوساندنەوە ڕاستەوخۆ و نێزیکەکانی داگیرکەردا دەژیا بە کەڵکەڵە و پەلەقاژەیەکی ئاڵۆزی شوناستەوەرەوە.
لێرەدا من ناپەرژێمە سەر هیچ کام لەم دوو ڕەوتە و شاعیرە دیارەکانیان و تەنها هەندێ ئاماژەی گشتی بە ڕەوتی دووهەم دەدەم. بۆ نموونەی ئەدەبی شار، جەلال مەلەکشا نموونەیەکی مامناوەندی و بەینابەینییە کە چاوێکی لە شاخە و پێیەکیشی لە شار و قەرباڵغێکانێتی و دواتر ڕەوتی بەرەی چوار یان پێوەر جیاواز یان بەرەی نوێترخواز ئاڕاستەیەکی ئاڵۆزتر و ئابستراکتر لە ناو جۆرێک کایەی دەرهەست و زمانیدا وەردەگرێت و لە فەزای جەنگی دوور دەکەوێتەوە و زیاتر لەوەی باسی داگیرکەر بکات باسی تەون و داوەکانی دەسەڵات دەکا. ئەدەبی شاخ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەرچی لە ڕووی چیرۆک و ڕۆمانەوە زیاتر دەردەکەوت و جگە لەم ساڵانەی دوایی بە سەختی دەگەیشتە شار و خوێنەران، بەڵام لە ڕووی شیعر و ناساندن و قۆناغەکانی، ڕەنگە بەڕادەی پێویست کاری لەسەر نەکرابێت، ئەگەرچی نموونەی دەق کەم نین بەڵام ڕێباز و ڕەوتێکی ڕەخنەیی نەفەسدرێژ و بنەمایی، نەپەرژاوەتە سەر دەقەکان و ڕەنگە لە پلەی یەکەمیشدا خودی ئه و دۆخە جەنگی و فەزا ئەمنییە کاریگەر بووبێت. خودی ئەم فەزا و دۆخە دوو گوتاری دروست کردووە؛
1-گوتارێک کە ڕاستەوخۆ دەپەرژێتە سەر ئەدەبی شاخ و هێماکانی.
2-گوتارێ کە بە یارمەتی میتافۆڕ و تەکنیک و فیگۆرە جۆراوجۆرە ئەدەبییەکان هەوڵ دەدا لە چاودێری و داو و تۆڕەکانی دەسەڵات خۆی دەرباز بکات کە ئەمە نەک تەنها کردەوەیەکی ئاسایی شاعیر و نووسەرانی شارە بەڵکوو لە هەندێ حاڵەتیشدا بووە بە هۆی چەندتوێ و فرەڕەهەندبوونی دەقی ئەدەبی و تەئویل هەڵگری و فرەخوێندنەوەیی.
خودی ئەم دۆخە گشتییەی جەنگ و مەودای نیوان شاخ و شار دوو جۆرە گوتاری ڕەخنەییشی دروست کردووە، کە لە هەندێ حاڵەتدا ڕووبەڕووی یەکدی دەوەستنەوە. ڕەنگە ئەگەر باسی جۆرێک دابڕان بکرێت لە نێوان شاخ و شاردا ئەوا هێڵ و سەرەداوەکانی لێرەدا ببینینەوە. بەهەرحاڵ باسی من لێرەدا لەسەر ئەزموونی ئەدەبیی شاخە کە ئەگەر بەردەوام لە دۆخی شەڕ و چەکدارییانەی جەنگ نەبووبێت، ئەوا بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ جەنگ بووە و سێبەری جەنگ باڵی بەسەر ژیان و هەناسەدانیدا خستبووە و دواتر دۆخی کەمپنشینی و ئۆردۆگانشینیشی بەسەردا سەپاوە. ئەوەیە کە دەبێ لە سەر هەموو ئەمانە هەڵوێستە بکەین تاکوو ئەدەبێک کە ڕاستەوخۆ لە ناو فیشەک و تفەنگ و دووکەڵ و دڵەڕاوکی و کەمپ و ترس و هیوا و خەبات و گیانبازیدا باڵای کردووە، باشتر بناسین.
ڕەخنەی ئەدەبیی ئێمە بە هۆکاری زۆر، چوارچێوەیەکی تیۆریک و تێرمینۆلۆژییەکی تایبەت بە خۆی بەرهەم نەهێناوە تاکوو بەپێی ڕەوتی بەرهەست و دیاری خۆی، دەستەواژە و چەمک بەرهەمبهێنێت، ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاوارتە و دانسقەی کورد خۆی، دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی نموونەی دەقەکان لە ژێر پێوەرە گشتی و ناگشتییەکان و لە دواجاردا بۆ جۆرێک دابڕانی ئەگەر نەڵێین قووڵ، بەڵام دابڕانێک کە بووەتە هۆی دوو جۆرە لە دەربڕین و گێڕانەوە و دەرکەوتن. بۆ زەقبوونەوە و دەرکەوتنی ئەدەبی جەنگیی شاخ، دەبێ لە هەڵسەنگاندن و ناساندن و ڕەخنەکردندا بایەخ بە هەموو دەقەکان بدەین تاکوو ئاڕاستە و جیهانبینییەک کە لە پشت فۆرم و ناوەرۆکی دەقەکاندا خەوتوون، بناسرێن و بۆ ئەمەش هیچ شتێک بە ڕادەی پێشمەرگەیەک کە ئەزموونی شیعری بۆ خۆی کردبێتە بەشێک لە تەعبیرکردن و گێڕانەوە و مانیفێستی تێڕوانینی خۆی لە دۆخی جەنگ، سوودمەندتر و بەکەڵکتر نابێت. ڕەنگە ئێمە لە ساتی ڕووبەڕووبوونەوەی شیعرییەت و شاخ نموونەی هەرە باشمان هەر ئه و ئەزموونانەی شێرکۆ بێکەس بێت کە شاسوار هەڕەشەمی نووسەر و وەرگێڕ لەدایکبوونی یەکێک لە شیعرەکانی لە ساتەوەختی ڕووبەڕووبوونەوەی گوللە و وشەدا وا دەگێڕێتەوە:
شێرکۆ بێکەس زۆری لەسەر نوسراوە. کەمترین لایەنی ژیانی کە تیشکی خرابێتە سەر، ئەوا ڕۆژانی پیشمەرگایەتییەتی. ژیانی سەختی پێشمەرگایەتی لای شێرکۆ بۆتە هۆی بەدیهاتنی کۆمەڵێک لە شیعرە هەرە جوانەکانی، شیعری “قۆپچە” یەکێکە لەوانە کە دەمەویت هۆکاری نوسینی ئه و شیعرەتان بۆ ئاشکرا بکەم:-
بەرەبەیانییەکی ساڵی 1986ز بوو. شێرکۆ لە ژوورەکانی بەشی ڕاگەیاندن بوو لە (بەرگەڵو). شاخێکی زۆر بەرز ڕێک لە بەرامبەر بەرگەڵو هەڵکەوتووە. فڕۆکەکانی ڕژێم هاتن و کەوتنە بۆردومانی هەردوو سەرگەڵو و بەرگەڵو. من ئه و کات لە نێوان هەردوو بەرگەڵو و سەرگەڵو، بە کارێکەوە لە لای کاک نەوشیروان بووم. گەر لەبیرم مابێت لە بۆردومانەکەی ناو (سەرگەڵو)، کچێک شەهید بوو. هەرچی بۆردومانەکەی بەرگەڵو بوو، کە بە بەر چاوی شێرکۆ بێکەس ڕوویدا، تەنیا بەر لوتکەی شاخە بەرزەکە کەوت، کە شێرکۆ هەموو بەیانیان بەرامبەری ڕادەوەستا و لە هەڵکەوتە و دیمەنی جوانی ئه و شاخە تێر نەدەبوو.
دوای نەمانی بۆردومان و ڕەوینەوەی دووکەڵ و تەپوتۆز، شێرکۆ بە پەرۆشەوە کەوتە سەرنجدانی لوتکە شاخە خۆشەویسته زامدارەکەی. دواتر لە پاڵێکەوە، لەسەر بەردێک دانیشت. پارچەکاغەزێکی دەرهێناو بە خامەکەی دەستی کەوتە ڕەشکردنەوەی. ئیدی بیرۆکەی ئەم کورتەشیعره کە لە مێشکیدا پەنگی خواردبووەوە، خستیە سەر کاغەز. دوای ئەوە لەسەر سفرەی نانی نیوەڕۆ، کاغەزەکەی دەرهێنا و بۆمانی خوێندەوە:-
قۆپچە
ئەم شاخە وا هەڵکەوتووە
ئەڵێی پیاوێکی درێژە و
ساڵ دوانزەی مانگ سەرمایەتی و
پاڵتۆیەکی خۆڵەمێشی ئاودامانی
تەسکی لەبەر خۆی کردووە.
پاڵتۆکەشی بە چوار قۆپچەی
گابەردی زل داخستووە.
ئەم شاخە وا هەڵکەوتووە.
– – –
ئەمڕۆ شەبەق بۆردومان بوو
من هەر خەمی ئه و پیاوەم بوو
دواتر کە سەرنجم دایە
وەک خۆی چۆن بوو
هەر بە پێوە ڕاوەستا بوو
تەنها یەک قۆپچەی پاڵتۆکەی
لە شوێنی خۆی ترازا بوو.
خودی ئەم شیعرە هێندە بارگاوییە بە شیعرییەت و هاوکات گیانی بە بەر کێو و مرۆڤ و بەرگری و جەنگدا کردووه، ئەستمە ڕۆژێک لە بیر بچێت و فەرامۆش بکرێت، بەدەر لەوەش لە ڕووی فۆرم و بەکارهێنانی وشەوە جیاوازیی و تایبەتمەندیی خۆی دەرخستووە. ڕەنگە ئەمە یەکێک له و هۆکارانە بێت کە ئەدەبێکی وەها کە هێشتا لە گەڵ شاخ و سرووشت وەکوو هێمایەکی زیندوو و بەدەوی و کەونینەی گۆی زەوی، هەناسە دەکێشێت لە ئەدەبی فارسی و عەرەبی کە لێوانلێون لە عەرەبپەرستی و فارسپەرستی جوێ بکاتەوە، بە پێچەوانەی ئەدەبی ئەفغانی کە هێندە خەون و زایەڵەکانی جیهانی و دەرەجوگرافییە کە دەکرێت بڵێین تووشی ئه و داو و خەسارە ئایدۆلۆژییەی فارس و عەرەب نەبووە. خاڵێکی جەوهەریی جیاوازیی نێوان ئەدەبی جەنگ و بەرگریی کوردی و ئەویدییەکانی(عەرەب، فارس و تورک) ئەمەیە کە لە ڕۆحی زمانی ئەواندا بە تایبەت عەرەب “خودا” یەکی پشتیوان و نێزیک و یارمەتیدەر هەیە ئەم حاڵەتە میتافیزیکییە لە ناو کورددا زۆر کەمڕەنگە و ئەگەریش ئامادەییەکی ڕەمزە ئاسمانییە بەرزەکان هەبووە، بۆ لێپرسینەوە و ڕەخنە و بڕێکیش لۆمەکردن بووە! ڕەنگە هەر ئەمە یەکێک له و هۆکارانە بووبێت کە ئه و ئەدەبانەی بە زایەڵە و ڕەگێکی فاشیستی هێناوەتە دەنگ.
دەتوانم بڵێم ژیانی شاخ و پێشمەرگایەتی و ژینگەی مانایی شاخ و پێشمەرگایەتی، جۆرە جیهانبینییەکی دروست کردووە کە لە هەمان کاتدا کە دژەجەنگە لە پێناو ڕزگاریشدا دەجەنگێ و ئاشتی دەوێت، بەدەگمەن ئێمە ئەدەب واتە شیعر یان پەخشانێکی وا بدۆزینەوە کە خەونی داگیرکردن و ڕەتکردنەوە و سڕینەوەی ئەویدی هەبێت. ئێمە لە جیهان – ژینی جەنگدا بەختەوەرانە یان نابەختەوەرانە زۆر دەوڵەمەندین و ئەمە دەتوانێت هەم بۆ دۆزی خۆمان وەکوو نەتەوەیەک کە وڵاتەکەی بووە بە کۆلۆنیالێکی نێودەوڵەتی و هەم بۆ پاراوبوونی ئەدەبمان لە گەیاندنی مانا و جیهانبینی و سوبژێکتیڤیتەی خۆمان، کەڵکی لێوەربگرین.
کاک نەوشیروان مستەفا ئەمین لە کتێبی “لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ” ل 250 دەڵێت:
بە درێژایی ساڵی 77 بەعس بەوپەڕی دڕندایەتییەوە تێکۆشەرانی گەلەکەمانی لە سێدارە ئەدا. گیراوەکان خۆیان لیستەکانیان بۆ ئەناردین و ڕێکخستنی شارەکانیش هەوڵ و دەنگوباسەکانیانی ئەنارد. زۆری ئەم ئاگادارییانەم لەگەڵ ئه و ئاگادارییانە کە خۆم لە سەر شەهیدانی پێشمەرگە کۆ کردبوونەوە لە یەکدا و لە نامیلکەیەکدا ئامادەم کرد بە ناوی “دەفتەری سەروەری”. گیراوەکانی یەکێتی، بەتایبەتی ئەندامانی کۆمەڵە لە زینداندا نەریتێکی ئازایانەیان داهێنا: نەریتی (نامەنووسین لە ژووری خنکاندنەوە) کە تا ئەوسا باو نەبوو. نامەکان ئەوەندە بەرز و بەسۆز بوون هەستیان ئەبزواند و کاریان لە ناخی دەروون ئەکرد. من هەر کە وەڕەس ئەبووم، هەندێ لەم نامانەم ئەخوێندەوە، سەر لە نوێ تین و تاوم تێ ئەگەڕایەوە.
دیارە ئه و نامانە پێشمەرگە زیندانییەکان پێش لە سێدارەدان و لە ژێر ئەشکەنجە و گوشاری دەروونیدا بە زایەڵەیەکی بەرزی شۆڕشگێڕانەوە نووسیویانە، خودی ئەمە دەتوانێت بەشێکی بەرز و بڵیند لە ئەدەبی جەنگ بێت بەڵام ئایا بەهایەکی ئەوتۆی پێ دراوە؟ ئایا هەوڵێکی شیاو دراوە بۆ بڵاوکردنەوە و ناساندنیان؟ ئایا لایەنە جیاوازەکانی ئه و نامانە کە بە خوێن و حەماسەت و ترس و ڕەنج و مەرگەوە نووسراون شی کراونەتەوە؟ ئەمانە و دەیان بابەت و پرسیاری دیکە دەتوانێت بە دواداچوونی وردیان بۆ بکرێت تاکوو ببێت بە هەوێنی پاراوکردن و دەوڵەمەندکردنی بەشێک له و ئەدەبەی ئێمە کە بەردەوام لە فەزای جەنگدا هەناسەی کێشاوە.
“ئەدەبی جەنگ و ئایدۆلۆژیا”
( نموونەی یەکێتی سۆڤییەت، ئەدەبی بەرگریی مەزنی ڕووسیا)
نوکتەیەک هەیە لەبارەی ئەدەبی ڕووسیا لە سەردەمی یەکێتی سۆڤییەتدا کە دەڵێت کێشەی ئەدەبی یەکێتی سۆڤییەت ئەوەبوو کە دەوڵەت لەباتی ئەوەی کە نووسەرەکانی بکات بە کۆمۆنیست، کۆمۆنیستەکانی کرد بە نووسەر! لە دەروازەی ئەم نوکتەیەوە دەتوانین باسی زیانەکانی ئایدۆلۆژی و دیسکۆرسی سیاسی لەسەر سووژەی شاعیر و تاکانەیی دۆخ و چرکەساتی وجوودی شاعیر و شیعر بکەین.
پێشینەی ئەدەبی جەنگ لە ڕووسیا وەکوو زۆربەی وڵاتە ئەورووپییەکان بنج و بنەوانێکی قووڵی هەیە و تەمەنێکی بە قەد مێژووی ئەدەبی ئەم وڵاتە هەیە.
هۆنراوەی داستانی یان مەنزوومەی حەماسیی “ئیگۆر”(سەدەی چواردەی زاینی) له و یەکەمین بەرهەمە ئەدەبییە ناسراوانەی ڕووسیایە و هەروەها “زادونشچیا” یان چیرۆکی “زۆرانبازی لەگەڵ مامای ڕووسەکان” بۆ ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەلتوورە لاتینی –ژێرمەنییەکانی ئەورووپا، هاتە ئاراوە، بە دەربڕینێکی دیکە ڕووسەکان لە کاتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەدەبێکی جیاواز و سەربەخۆ لە ئەدەبی ئەورووپی واتە ئەدەبی نەتەوەیی، لە جەنگەوە دەستیان پێکرد. ئەم دۆخ و بەستێنە مێژووییە وایکرد لە کاتی هێرشی نازییەکان بۆ سەر یەکێتی سۆڤییەت، تێڕوانینی ئایدۆلۆژیک و بەرتەسک و دیاردەی ژێدانۆفی لێبکەوێتەوە و هەر شێوەئەدەبێک لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژییەکانی وان نەبایا، نووسەرانیان لە سێدارە دەدران یان ڕەوانەی ئۆردووگا زۆرەملییەکانینان دەکران، واتە ئەدەب جگە لە ڕێبازی ڕیالیزمی سوسیالیستی بۆ و بواری دەرکەوتن لە شێواز و شێوەکانی دیکەیدا نەبوو. کاریگەری ئەم ئایدۆلۆژیایە بەڕادیەک بوو کە زۆرێک لە نووسەرانی ئێرانیش بە هەمان ڕێباز و شێواز دەیانهۆنیەوە و دەیاننوسی و دەوڵەتی یەکێتی سۆڤییەتیش تەنها و تەنها پشتگیری له و نووسەرانە دەکرد کە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیست بوون، ئەوە بوو کە ئەدەبی ڕووس له و قۆناغە لە هەر شێوازێکی دیکەی وەکوو سورریالیزم و مۆدێرنیزم خاڵی بوو و هەر بەرهەمێک بە پێچەوانەی ئەمە بایە تووشی شکست و پشتگوێخستن دەبووەوە.
ئەم حاڵەتە مەرج نییە تەنها لە دۆخێکی ئاوادا بێتە ئاراوە بەڵکوو هەر ئایدۆلۆژییەک کە خۆی لە ئەدەبدا مانیفێست بکات و ڕێگە بە لایەنی یاخی و ڕۆحی سەربزێوانەی ئەدب بگرێت و یاسای دیالیکتیک پێشێل کات، تووشی هەمان کەوتن و نسکۆ دەبێت، ئەدەبێک کە تووشی دروشم و قسەی بە بریق و باق دەبێت تا شوێنێک ئێمە جیاوازیی لە گەل مانیفێست و هەڵوێست و ئەدەبدا نابینین!
بە گشتی یەکێک لە بەدواداهاتەکانی ڕێکخراوەیی و حیزبی یان دەوڵەتیبوونی ئەدەب لە یەکێتی سۆڤییەت، هەژاریی باری ناوەرۆکی بەرهەمەکانە. ڤیلادیمیر ناباکۆف نووسەری ناوداری کۆچبەری ڕووس لە یەکێک لە کتێبەکانیدا بە زمانێکی تەنز دەڵێت: چەندە نووسینی ڕۆمانێکی کۆمۆنیستی لە یەکێتی سۆڤییەت دژواره! چوون خوێنەران پێشتر دەزانن حەق کامەیە و باتڵ کامەیە و ئەمەش کە لە کۆتاییدا بێ گومان دەبوو فیسار پرۆلتەری قارەمان سەرکەوێت. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!