ناونیشانی بابەت: دینداریی بەپێی چوار زاراوە؛ ئەقڵ، ئیشق، ئەخلاق، مەعریفەت
ناوی نووسەر:
کۆساران ئەحمەدکۆساران ئەحمەد
“دینداری لەسەر بنەمای ئەقڵ”
ئەقڵ تاکە شتێکە کە دەتوانێت دیندارییەکی کامڵ وەدەست بخات. ئەقڵ پێوەری جوانترین ئیمانە. ئەگەر دینداری بەپێی ئەقڵ بێت، ئەوە جوانترین یەکتاپەرستیی و ئەخلاق دەهێنێتە ئاراوە. چونکە ئەقڵ دۆزەرەوەی ئەخلاق و تاقانەپەرستییە. جا لەبەر ئەوەی ئەقڵ ناسێنەری خودایە. ئەگەر ئەقڵ نەبێت ئێمە ناتوانین خودا بناسین. خودا وەها ئەقڵی خوڵقاند و بە مرۆڤی بەخشی کە مرۆڤ بتوانێت بەبێ هیچ پەیامێک خودا بناسێت. ئەقڵ گەوهەری بوونی مرۆڤە. بەبێ ئەقڵ هیچ شتێک ڕەخساو نییە بۆ مرۆڤ. تەنانەت مرۆڤ ئەگەر بیەوێت کارێکی خراپ بکات، ئەوە سوود لە ئەقڵی وەهمی خۆی وەردەگرێت. بەڵام مەبەستی من لە ئەقڵ ئەقڵێکی جوان و باشە. واتە پاکیزەیە. کەوابوو ئەقڵ سەنتەری جوانترین لۆژیک و دیندارییە. ئەوەی کە فەرموودەیەک هەیە و دەڵێت: ئەگەر کەسێک ئەقڵی هەبێت ئەوە دینیشی هەیە. ئەقڵانیبوون واتە دینداربوون. بۆیە مرۆڤ چەندە خاوەنی ئەقڵانییەت و ئەقڵ بوو، ئەوا بەو پێوەرەیش خاوەنی دینە.
“دینداری لەسەر بنەمای ئیشق”
دین لەسەر بنەمای ئیشق یاخود عیرفان بریتییە لەوەی کە: دینداری ئەویندارانە بەبێ هیچ مەرج و بەندێک خوداپەرستی ئەنجام بدرێت. ئیشق سەنتەری خوداپەرستییە. خوداپەرستییەک ئەوینی تێدا نەبێت وەک بازرگانییە. ئەمەیش لە سەردەمی ئەمڕۆدا دەبینرێت. دەبینین دینداری ڕواڵەتگەرا خودای کردوە بە بازرگانێک و مامەڵەی سوود و زیانی لەگەڵدا دەکات. کەوابوو دینداری ئەویندارانە بریتییە لە ڕازیکردنی مەعشوق بەبێ هیچ بەرژەوەندییەک. واتە دینداری ئاشق تەنیا مەعشوق لە بەرچاو دەگرێت. من نمونەیەکی جوان دەگێڕمەوە کە پێشترین باسم کردووە. ناوەڕۆکی هۆنراوەیەکی سەعدی دەگێڕمەوە کە دەڵێت: پێچەوانەی ڕێگای ئاشقانە کە لە خودا شتی بەرژەوەندییان بوێت. ئەگەر چاوت بڕیوەتە ناز و نیعمەتی خودا، ئەوە لە بەرژەوەندی خۆتدا بوویت نەک خودا. جا لەبەر ئەوەی دینداری ئەویندارانە بوونییەتی خۆت فەنا دەکەیت و بوونی خودا دەهێڵێتەوە. دینداری ئاشقانە تاکە دیندارییەکە کە زۆربەی مرۆڤەکان ناتوانن ئەنجامی بدەن. لەبەر ئەوەی وابەستەیە بە ئەقڵ و مەعریفەی مرۆڤ کە: چەندە خاوەنی مەعریفەی باش بیت، ئەوا ئەوەندەیش دەبیتە خاوەنی ئەوین و عیرفان. بۆیە وەها دیندارییەک دەگمەنە و بۆ مرۆڤی ئاقڵ و ئاشق دەبێت بە مانای تەواوی وشە.
“دینداری لەسەر بنەمای ئەخلاق”
ئەم جۆرە لە دینداری زۆر وردە. ئەوەندە وردە کە تەواوی دەقی ئاسمانی دینەکان دەگرێتەوە. چونکە ﮪەرچی دەقی دینی ﮪەیە سەرەنجامی ئەخلاقیبوونی مرۆڤە. واتە دین پەیامی ئەخلاقی پێیە بۆ بەشەرییەت. بگەڕێ بەناو تەواوی دەقی دینیدا یەکەم پلە ئەوەیە کە خودایەکی تاقانەت پێ دەناسێنێت. دواتر سەرەتا هەتا کۆتایی بریتییە لە ئەخلاق. لە هەر شوێنێکی دەقی دینیدا هەیە سەرەنجام پێت دەڵێت چاکەکار بە. بەرامبەر بە بوون و بوونەوەر چاکەکار بە. دین و ئەخلاق دەبنە تەواوکەری یەکتر. ئەخلاق سەربەخۆیە. دین بریتییە لە پەیامی ئەخلاقی. بۆیە دەکرێت دین و ئەخلاق جوانترین مرۆڤبوونی مرۆڤ بسەلمێنن. وەک گریمانە ئەگەر کەسێک دینی نەبێت و ئەخلاقی بێت ئەوە لە بازنەی مرۆڤبووندا نابێت بکرێتە دەرەوە. وەک گوتم پەیامی دین هەمان ئەخلاقیبوونی مرۆڤە. دین بۆ ئەوە هات ئەخلاق جوانتر و کامڵتر بکات. کەوابوو دین و ئەخلاق پەیامی چاکەکاری دەبەخشن بە مرۆڤ.
“دینداری لەسەر بنەمای مەعریفەت”
دینداری مەعریفەتگەرا چییە؟ مرۆڤی خاوەن مەعریفەت جوانترین ئەخلاق و ئیمان بەرهەم دەهێنێت. مەعریفەی دینی بریتییە لە ناسینی دەقی دینی. کەسێک کە دینناسە، ئەوە خاوەنی مەعریفەی دینییە. هەر لە مەعریفەی دینییەوەیە کە مرۆڤ دەڕوات بەرە و ئیشق و ئەخلاق و عیرفان. واتە مەعریفەی دینی دەستپێکە بۆ ڕۆیشتنە مەیدانی ئەوین و عیرفان. مەعریفەی دینی هەمیشە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دەقی دینیش جێگیرە. بۆیە هەرچی دیندارە و مەعریفەی هەیە بە دین، ئەوە دەبێتە کۆناسی زانست و زانیاریی و کۆناسی دین یان مەعاریفی بەشەرییەت سەبارەت بە ناسینی دەقی دینی. لە ڕاستیدا مەعریفەی دینی بنەمایەکی زۆر باش و جوانە کە: مرۆڤ دەتوانێت بە مەعریفەی دینی جوانترین و باشترین هەنگاو هەڵگرێت ڕوو بە ئەوین و ئەخلاق. کۆبەندی هەر سێ بنەما وەک ڕیزبەندی بەیان دەکەم. مرۆڤ پێویستە مەعریفەی دینی هەبێت و دەقی دین بناسێت. لە ناسینی دەقی دینییەوە بەرەو عیرفانی دڵانە. لە عیرفانی دڵانەوە بەرەو مەعریفەی عیرفانی. لە مەعریفەی عیرفانییەوە بەرە و عیرفانی عیشقی کە لەسەر بنەمای مەعریفەی چاک بوونیاد دەنرێت. مەبەستم لە خودی مەعریفەیە نەک مەعریفەت بە شتێک. لە عیرفانی ئەوینییەوە بەرەو عیرفان ئەقڵیی و لەوێشەوە ڕوو بە فەلسەفە و ئەقڵ. کەوابوو سەرەتا ئەقڵ سەنتەرە بەسەر بنەمای ناوبراودا کە دەکاتە: مەعریفەت و ئەشق و ئەوین و ئەخلاق. مرۆڤ کە ئەقڵێکی پاکیزەی لە بوونی خۆیدا دۆزیینەوە، ئەوە دەبێتە خاوەنی زاراوە ناوبراوەکانیش.
“ڕێزی مرۆڤ”
لەناو کتێبدا یاخود لە زاری فەیلەسوفەوە ئەگەر جوێن بدرێت یاخود بنووسرێت و هەر حوکمی جنێوی هەبێت وەک قسەی نابەجێ، ئایا چ حوکمێکی دیکەی هەیە؟ بەگشتی ئەم بابەتە کە: جوێندانە بە بەرامبەر، ئەوە زیاتر دەڕواتە بواری ئەخلاق و دینەوە نەوەک بڕواتە بواری فەلسەفەوە. بەڵام فەلسەفە و دین و ئەخلاق پێکەوە ئاوێتەیان دەکەم و وەڵامی پرسیارەکەت دەدەمەوە. جوێندان بە کارێکی نائەخلاقی هەژمار دەکرێت. واتە ئەوەی کە کەسی جوێندەر لە زارییەوە شتی نابەجێ دێتە دەرەوە، ئەوە مامەڵەیەکی نائەخلاقی ئەنجام داوە. کەواتە بۆچی دەبێت مرۆڤ خۆی بپارێزێت لەم کارە نائەخلاقییە کە جوێندانە؟ بێگومان ئەگەر بەکورتی باسی ئەخلاق بکەم بۆت ئەوەیە کە: ئەخلاق پێک دێت لە: دادپەروەری، ویژدان، ڕاستگۆیی، درۆ نەکردن، پاراستنی مافی خەڵکی، وەفاداری….هتد. کەواتە ئەگەر وشەی نەشیاو بەرامبەر بە تۆ بەکار بهێنم ئەوە لایەنی کەرامەت و حورمەتی تۆم نەپاراستووە. بۆیە مرۆڤی باوەڕدار پێویست دەکات خۆی دوور بگرێت لە وشەی نەشیاو. واتە جوێندان. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ چ شتێک کە مرۆڤەکان جوێن دەدەن؟ دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئەقڵ و مەعریفەت. ڕیشەی هەموو خراپەکارییەک نەزانینە بە گوتەی حەزرەتی عەلی. کەواتە من ئەگەر بە ئەقڵ بجووڵێمەوە لەگەڵ بەرامبەر، یاخود ئەگەر ئەقڵ بکەمە سەنتەری کاروبارەکانم، ئەوە بێگومان وەها کارێکی خراپ ناکەم. ئەم پرسیارە گرێ نادەم بە کەسایەتی فەیلەسوفەوە. لەبەر ئەوەی فەیلەسوفە کە هەموو کارەکانی بە ئەقڵانی هەژمار دەکرێن. کەواتە بوونی فەیلەسوف هەم ئەقڵانییە و هەمیش ئاوەزمەندە و ئاگاییی هەیە بەو شتەی کە لە زارییەوە دێتە دەرەوە. بۆیە من چاوەڕێ ناکەم لەوەی کە زاری فەیلەسوف بە جوێندان بکرێتەوە، چونکە کەلامی ئەو هەمیشە ئەقڵانییە. کاتێک کەلامی ئەقڵانیی بوو، ئەوە هەرچی بڵێت باشەیە. بەڵام سەبارەت بەوەی کە لەناو کتێبدا وشەی نەشیاو هەبێت، ئەوە بێگومان هەیە، بۆ نمونە شەڕی نێوان فەلسەفە و دین.
فەلسەفە و دین بە بۆچوونی دیندارە ڕواڵەتبینەکان، کە هەرکەس بۆ خۆی هەڵدەستێت پەرتووکێک دەنووسێت و لە دژ یەکتر ڕادەوەستن و ئەم ئەو بە ناهەق دادەنێت و ئەویش ئەم بە ناهەق دادەنێت و بگرە لێرەشەوە سەر ڕابکێشێت بۆ وشەی نەشیاو. بەڵام بەگشتی من نەمدیوە لەناو کتێبدا وشەی نەشیاو بەکار بهێنرێت. مەگەر ئەو ساتە نەبێت کە مرۆڤ کارێکی نائەقلاقی کردبێت. سەبارەت بەوەی کە جوێندان چ حوکمێکی دیکەی هەیە. جوێندان هەر ئەو حوکمە نائەخلاقییەی هەیە. بۆ نمونە ئەگەر تۆ جنێوت پێ بدەن، ئەوە بەپێی ئەو ئیمانەی لە دڵتا هەیە، دەبێت وەڵامیان نەدەیتەوە. کەواتە کەسی باوەڕدار خراپە بە خراپە وەڵام ناداتەوە. لە سەردەمی پەیامبەری ئازیزدا لەنێوان کافر و باوەڕداردا ئەم جنێودانە باو بووە. دواتر ئایەتێک، یاخود وەحیی هاتووەتە خوارەوە بۆ پەیامبەر کە: ئەی باوەڕدارەکان ئێوە جنێو مەدەن بە بتی کافرەکان، لەبەر ئەوەی ئێوە ئەگەر جوێن بدەن بە بتەکانیان، ئەوە ئەوانیش جنێو دەدەن بە خودای ئێوە. ئەمەش ئایەتی قورئانی پیرۆزە کە پڕە لە حیکمەت و زانست. واتە ئەگەر منی باوەڕدار جنێو بدەم بە کەسێک کە کافرە، واتە جنێو بدەم بە بتەکەی کە دەیپەرستێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ئەقڵ بەکار ناهێنێت و تووشی بتپەرستی هاتووە، ئەوە هەمان جنێوم پێ دەداتەوە. کەواتە وا باشترە من بێدەنگ بم و وەڵامی نەدەمەوە.
پرسیارەکە بۆیە دەڕواتە بواری دین و ئەخلاقەوە، لەبەر ئەوەی منی تاک کاتێک کە حەز دەکەم حورمەت و کەرامەتم پارێزراو بێت و کەس وشەی نەشیاوم پێ نەڵێت، ئەوە دەبێت لە ڕووی ئەخلاق و عەدالەتەوە، پێشم خۆش بێت وشەی نەشیاو بەکار نەهێنم بۆ بەرامبەرم. لەبەر ئەوەی بە گوتەی فەیلەسوفێکی ئەخلاقی، کانتی ئەڵمانی وەڵامت دەدمەوە و ئیتر فەزای پرسیارت بۆ دەهێڵمەوە.
کانت دەڵێت:- ئەگەر ئاسمان چەسپی زەویی ببێت، ئەوە دەبێت کەرامەت و حورمەتی مرۆڤ پارێزراو بێت. حورمەتی مرۆڤ بە جوێندان لەکەدار دەبێت. بۆیە دەبێت وەها باوەڕێکمان هەبێت کە وشەی نەشیاو بەکار نەهێنین بۆ بەرامبەر. خودا خۆی کەرامەتی پێ بەخشیوین بە گوتەی قورئان. کەواتە دەبێت هەم کەرامەت و حورمەتی خۆمان بپارێزین هەمیش حورمەت و کەرامەتی ئەوانی دیکە.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!