وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئێراق، ژمارەی ئاوارە سوورییەکانی لە ئێراق ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەوان ئازادن لە چوونەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان و هیچ فشارێکیان لێ ناکرێت بۆ گەڕانەوەیان، هەروەها ژمارەی ئەو سوورییانەی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی #بەشار ئەسەد# گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان دیار نییە.
لەوبارەیەوە، عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئێراق ڕایگەیاند سوورییەکان لە ساڵی 2011ەوە هاتوونەتە ئێراق بە تایبەتیی هەرێمی کوردستان، کە پێشوازییان لێ کرا و کەمپیان بەگوێرەی ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان بۆ دامەزرێندرا.
ئاماژەی بەوەش کرد هیچ ئامارێک نییە لەسەر ژمارەی ئەو ئاوارە سوورییانەی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان؛ لەبەر ئەوەی بژاردەی گەڕانەوە پەیوەستە بە خۆیانەوە، ئەوان وەزارەت لە گەڕانەوەیان ئاگادار ناکەنەوە، هەروەها وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران هیچ شتێکیان بەسەردا ناسەپێنێت، بەڵکوو ئازادن لە گەڕانەوە.
باسی لەوەش کرد سوورییەکان لە ئێراق بە پەنابەر هەژمار ناکرێن، بەڵکوو بەپێی یاسای ئێراقی ساڵی 1971، بە ئاوارەی سەر سنوور هەژمار دەکرێن. لە بڕگەی دووەمی یاساکە هاتووە ئاوارەکانی وڵاتانی دراوسێ بە ئاوارە هەژمار دەکرێن، جا بارودۆخیان سرووشتی بێت یان شەڕی ناوخۆ، یان هەر شتێکی دیکە.
دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە سووریا لە ساڵی 2011، ئێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، پێشوازییان لە ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانی سووریا کردووە، بەگوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 260 هەزار ئاوارەی سووری لە کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین. هەروەها زیاتر لە پێنج ملیۆن و 500 هەزار سووری ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون، لەوانە تورکیا، لوبنان، ئوردن، ئێراق و میسر، هاوکات زیاتر لە 850 هەزار سووری پەنایان بۆ ئەڵمانیا بردووە.[1]