ناونیشانی بابەت: دین؛ ئەخلاق و مەعریفەت و ڕەفتار
ناوی نووسەر: #کۆساران ئەحمەد#
“دین و ئەخلاقی کۆمەڵگا”
هەموو شتێک ئەقڵ و ئەخلاق دەیکات هەتا مرۆڤ بتوانێت ئەو بوونە ڕەسەنەی خۆی بهێڵێتەوە و نەیخاتە بەردەم ناکەس و نامەرد. مرۆڤ ئەگەر خاوەنی ئەقڵ و هۆشیاریی و ئەخلاق بوو چ پیاو بێت یاخود ئافرەت، ئەوە دەتوانێت بە جوانی بوونی خۆی بپارێزێت. ئیدی کارەساتی وەها لە نەبوونی ئەو هۆشیاریی و ئەخلاقەیە.
گریمانەی ئەوە بکە ئەم پیاوە خاوەنی ئەو حەوت ژنەیە، بەڵام کوا توانای دەروونی؟ توانای ئەخلاقی هەیە کە بە یەک چاو سەیری هەموویان بکات و لەڕووی ئەخلاقەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات؟ نە دەرەکی توانای ﮪەیە نە دەروونی. بۆیە نەفس و ئارەزوو نەبوونی ئەقڵ و ئەخلاقە. ئەگەر ئەخلاق هەبێت ئەوە دەتوانێت بە یەک هاوسەر ژیانێکی ئارام تێپەڕێنێت. بەڵام ئەوە تا مەرگیش هێشتا بۆی کەمە. بۆیە لە هەر شوێنێک ئەخلاق و هۆشیاری نەبوو، ئەوە چاوەڕوانی خوێنڕشتنیش بکە نەک ئەم کارەی ئێستا. کۆمەڵگا هەر لە بنەڕەتەوە بە نەزانی هێناویەتی. شتێک کە بنەما و پایەی نەبوو هەتا قیامەت شتی تری لە سەر بونیاد بنرێت سەرەنجام دەڕووخێت. هەموو پەیامی دین بریتییە لە ئەخلاق. دین ئەگەر ئەخلاقی لێ دەرکەیت، ئەوە دەمێنێتەوە ڕواڵەتگەرایی. گەوهەری دین ئەخلاقە. بۆیە ئەخلاق پێشترە لە دین و سەربەخۆیشە. کەسێک کە ئەخلاقی نییە ئەوە دینیشی نییە. دین وەک ئەرک برتییە لە ڕووکرنە خودا و بەندایەتی. بەڵام وەک گەوهەر بریتییە لە ئەخلاق و پاراستنی هەموو بوون و بوونەوەر لە هەموو ڕوویەکەوە.
سیستەمی هەموو ئایینەکان بریتییە لە یەک خاڵی ئەخلاقی کە: ئەوەی بۆ خۆت پێت خۆشە بۆ ئەوانی دیکەیش پێت خۆش بێت. من پێم وایە ئەوەی کە خودا لە ئێمەی دەوێت وەک ئەرک و بەندایەتی، ئەوە فەلسەفەکەی شتێکی دیکەیە بەدەر لەوەی کە پاداشتێک هەیە. فەلسەفەکەی ئەوەیە کە: هەر ئەرکێک جێبەجێ دەکەین، ئەوە دەبێت لە ئەخلاقدا ڕەنگ بداتەوە. بەندایەتیی و ئەرکی دینی کاتێک مانایان هەیە کە: لە ڕەفتار و ئەخلاقدا ڕەنگ بداتەوە، ئەگەر نا خودایەکی ڕەها بەندایەتی مرۆڤی بۆچییە. جا لەبەر ئەوەی وەک ئەرکی دینی چەندە ڕوو بە خودا بیت دەبێت ئەوەندەیش ئەخلاقییەن ڕوو بە مرۆڤ بیت و بە هەموو شێوازێک و لە هەموو ڕوویەکەوە مافی بپارێزیت.
ئەخلاقی کۆمەڵگا شوێنکەوتەی عادەتە. بۆیە شتێک کە نەبووبێتە داب و نەریت و خوو، ئەوە لایەنی ئەخلاقییەکەی کامڵ دەبێت. ئەوەی کە دەڵێن: عادەت دوژمنی ئەخلاقە. بۆیە ئەوە عادەتە کە دەبێت پەیڕەوی لە ئەخلاق بکات. ئەخلاق هێڵێکی ڕاستە. بەڵام عادەت و هەتا ڕادەیەکی زۆر دینداری ڕواڵەتگەرایی دوژمنی ئەخلاقە. ئەخلاق ئەو شتەی کە بەگشتی مافی هەموو بوون و بوونەوەر دەپارێزێت. بەڵام عادەت وەها نییە. دەشبێت کەسانی دیندار و کۆمەڵگایش پەیڕەوی لە ئەخلاق بکەن. ئەخلاقی کۆمەڵگاش کاتێک لە ڕواڵەتگەرایی دادەماڵرێت کە: ڕووی کردبێتە بەدەستهێنانی زانست و مەعریفەت، بەم شێوەیە دڵ و دەروونی پاکیزە ڕادەگرێت و دەبێتە خاوەنی ئەخلاق و دیندارییەکی کامڵ.
“خوێندنەوەی پەرتووک؛ ئەخلاق و مەعريفەت”
ئەخلاق ئەو زاراوەی کە بۆ هەموو مرۆڤایەتی پڕ خەیر و بەرەکەت و بێ وێنەیە. مەعریفەت ئەو چەمکەی کە خوڵقێنەری: ئەخلاق و ئەوین و ئیمانە. مەعریفەت بە دوو شێواز بەدەست دەهێنرێت. یەک: خوێندنەوەی کتێب. دوو: بیرکردنەوە و تێڕامانی دەروونی. لەم دوانەیش باڵاتر هەیە کە گفتوگۆی کراوەیە و بەم ڕێگایە خێراتر بەدەست دێت. مەبەستم ئەوە بوو بڵێم: خوێندنەوەی کتێب و بوون بە ئەهلی کتێب چەند ئامانجێکی هەیە. هەر کەس بۆ ئامانجێک دەخوێنێتەوە. خوێندنەوەی پەرتووک دوو دیوی هەیە کە بریتین لە: دیوی مەعنەویی و دیویی ماددی. هەر ئەوەی کە دەخوێنیتەوە و دەتەوێ فێری مەعریفەی باش بیت، ئەوە بۆ خۆی دیوێکی مەعنەویت پێدەبەخشێت. بەڵام دیوی مادیی دەکرێت بۆ خۆشگوزەرانی ژیانت بێت.هەتا ڕادەیەک دەبنە تەواوکەری یەکتر. بەڵام خوێندنەوە ئەگەر دیوی مەعنەویی و ئەخلاقیاتمان فێر نەکات، ئەوە سوودێکی ئەوتۆی نییە.
تەواوی زانست و مەعریفەی دونیات هەبێت، ئەگەر بە ئەخلاق و ئیمان و ئەوین مامەڵە نەکەیت، ئەوە هیچ سوودێکی نەبووە بۆت. هەر چی هەوڵ و تێکۆشانی ئێمەیە سەبارەت بە بەەستهێنانی زانست و مەعریەت، ئەوە بۆ ئەوەیە ببینە بوونەوەرێکی: ئەقڵانی، ئەخلاقی، ئیمانی. ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت جگە لە سەرگەرمی شتێکی دیکە نییە. بۆیە هەموو ئەوانەی کە: ئەهلی خوێندنەوە و زانست و مەعریفەن، ئەگەر لە خاڵێکی ئەخلاقیدا یەک نەگرنەوە کات بەفیڕۆدان زیاتر شتێکی دیکە نییە. بنەما بەدەستهێنانی زانست و مەعریفەت نییە بەڵکوو بنەما ڕەنگدانەوەی کرداری ئەخلاقییە لە ژیانی ڕۆژانەدا. ڕاستە خویندنەوە کەسێکی ئەقڵانی یان جیاوازییەکی سەرەکی دەخوڵقێنێت لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام ئەگەر خوێندنەوە مانا نەبەخشێت بە ژیان هیچ سوودێکی نییە. خوێندنەوە دەبێت لەسەر بنەمای ئامانجێکی ئەقلانیی و ئەخلاقی بونیاد بنرێت. ئامانج لە خوێندنەوە واتە ئەوەی کە خوێنەری جدیی و ڕاستەقینە دەیەوێت مەعریفە و زانستێکی چاک بەدەست بهێنێت ئەوەیە کە: دەبێت هەموو بوون و بوونەوەرانی خۆشبوێت، ئەخلاقییانە مامەڵە بکات لەگەڵ گەردوون و ئەوەی کە لەناو گەردوونیشدا هەیە. ئەمەش ئەوەبوو کە لە سەرەوە وەک خاڵێکی ئەخلاقی بەیانم کرد. هەمووان دەبێت لە ئەخلاقدا یەکسان مامەڵە بکەن. بە خوێندنەوەی کتێب ئەگەر کەسێکی هۆشیار، ئیمانی، ئەویندارانە، ئەخلاقیمان لێ دەرنەچێت ئەوە سەرگەرمیی و بێهوودەییە. ئەمەیش وانەیەکی چاکە بۆ ڕەنگدانەوەی ئەخلاقی خوێنەران. بۆیە چەندە تێکۆشانی مەعریفی هەبێت، ئەوە دەبێت بە پێوەری هەوڵدانیش ڕەنگی ئەخلاقیش هەبێت.
“ڕەفتاری ئەخلاقی”
ئێمە کە زانیمان ئەخلاق چییە ئەوکاتەش دەتوانین ڕەفتار و هەڵسووکەوتیش پێناسە بکەین بە جۆرێک لە ئەخلاق، بەڵام ناکاتە خودی ئەخلاق خۆی. ئەخلاق باڵاترە لەوەی کە من و تۆ، تەنانەت ئایینەکانیش باسی دەکەن. ڕێکوپێک ئەخلاقیش وەک چەمکی خودا وایە، خودا باڵاترە لەوەی کە ئایین باسی دەکات، خودا لە زەینی مرۆڤدا ڕێگەی نابێتەوە، خودا عیشق و ئەوینە. ئەخلاق چیيە؟ ئەخلاق پێشترە لە ئایین. ئەخلاق بریتییە لە: ویژدان، دادپەروەری، ڕاستگۆیی، پاراستنی مافی مرۆڤ، بەڵێندان و وەفا کردن بەو بەڵێنە، چیت بۆ خۆت پێ پەسەندە بۆ ئەوانی دیکەیش پێت پەسند بێت. بەڵام ئایا ئەخلاق سەرچاوەکەی کامەیە؟ ئەخلاق سەرچاوەکەی ئەقڵە. خودا بە دەربڕینی حەلاج: هەمووی نازە نەک ڕاز. ڕاز درووستکراوی زەینی مرۆڤە، بەڵام ئەی ناز چۆن پێناسە دەکرێت؟ دەگەڕێتەوە سەر هەمان چەمکی ئەخلاق کە پێناسەی دژوارە و نابێت سنووردار بکرێت. مرۆڤ کە ڕاز درووست دەکات بە زەینی خۆی، بەو ڕازە لەخۆبایی دەبێت و لەخۆبایبوونیش بە ڕەزیلەتی نائەخلاقی هەژمار دەکرێت. بەڵام نازی خودا چۆنە، خودا نازەنینە و دەبێت نازی بکێشرێت. کاتێک نازی کێشرا نەک ئەوەی کە مرۆڤ بەرەو خودا دەڕوات بەڵکوو خودا بەرەو مرۆڤ دێت. ئەخلاقيش بەهەمان شێوەیە کە دەبێت بیهێنینە بوونی خۆمان بۆ ئەوەی بتوانین ژیانێکی ئەخلاقیمان هەبێت بەرامبەر بە بوونەوەران بەتایبەت مرۆڤ. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!