ناونیشانی بابەت: بوون و هەبوون
ناوی نووسەر:
کۆساران ئەحمەدکۆساران ئەحمەد
دەمەوێت چەند پرسیارێک گەڵاڵە بکەم و وەڵامیان بدەمەوە. بلوغی ئەقڵانی چییە؟ ئایا مرۆڤ کەی دەگاتە بلوغی ئەقڵانی؟ ئایا کێشەی بۆ دێتە سەر ڕێگای؟
“بوون چییە؟ هەبوون چییە؟”
چەندە پرسیاری بەشەکی جوان و باشت گەڵاڵە کردن. دەتوانم بە دوو شێواز بلوغی ئەقڵانیت بۆ بەیان بکەم. شێوازی یەکەم ئەوەیە کە: مرۆڤ هەر بە سرووشتی ئەقڵی پێ بەخشراوە. تاکە دادپەروەرییەک هەبێت بەخشینی ئەو ئەقڵەیە بە مرۆڤ. ئیدی ئەوەی دەمێنێتەوە هەمووی ویست و هەڵبژاردن و بەکارهێنانی ئەقڵییەتی. شێوازی دووەم من وەهای بۆ دەچم کە هەم بەکارهێنانی ئەقڵە هەمیش تێپەڕکردنی تەمەنی مرۆڤە هەتا بگاتە سی تا چل ساڵ بلوغی ئەقڵانییەتی دەردەکەوێت. لە تەمەنی سی ساڵیدا مرۆڤ ئەقڵی کارا دەبێت. ئەمە بۆچوونی من و دەکرێت کەسانی تر بۆچوونی جیاوازیان هەبێت. مەبەستم لە تەمەن ژمارە نییە بەڵکوو ئەزموونییەتی. واتە دەتوانین لە تەمەنی سی ساڵیدا ئەزموونی ئەقڵانی باشمان هەبێت. ئەگەر نا منداڵی وەها هەیە کە نە تەمەنی هەیە نە ئەزموون کەچی باشترین ئەقڵانییەتی هەیە. جا لەبەر ئەوەی من وەک ئەزموونی خۆم، مرۆڤ دەتوانێت لە تەمەنی سی ساڵیدا بگاتە بلووغی ئەقڵانی. بوونی مرۆڤ بە ئەقڵ و نەفسەوە هەمیشە لەمپەڕ دێتە سەر ڕێگای. واتە ڕێگا هەمیشە دڕکاوییە. ئەگەر بتەوێ بگەیت بە گوڵی ویساڵ، ئەوە دەبێت دڕکوداڵی ڕێگا قەبووڵ بکەیت. بوون و هەبوون چین؟ لە ڕاستیدا دژوارترین پرسی بنەڕەتی فەلسەفی بوونە. بوون و هەبوون تەواوی فەلسەفەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایان داگیر کردووە. لە بابەتێکدا بەناوی “بوون و هەقیقەت” ڕوونکردنەوەم داوە. بوون وەک عیرفان خودایە و وەک فەلسەفە گەردوونە. گەردوون و خودا چین؟ وەها پرسیارێک وەڵامی نییە، چونکە بوون و خودا هەتا بڵێن ئەوەیە، ئەوە ئەوان باڵاتر دەبنەوە. هەتا لەسەر زاتی خودا قسە بکەین ئەوە هەر سیفەتمان گوتووە. هەتا لەسەر بوون قسە بکەین ئەوە لەسەر بوونەوەر دواوین.
بوون و خودا وێناکراوی ئەقڵ و ئاگایی مرۆڤ نین. بە هیچ شێوازێک نە دەزانین چییە نە دەتوانین پێناسەشیان بکەین. چونکە ڕەها و تاقانەن. بوون و خودا ڕوون و ئاشکرا و بەڵگەنەویستن. جگە لە بوون و خودا هیچ شتێکی دیکە بوون نییە و هەرچی هەیە بوونەوەرە. تاکە پرسی بنەڕەتی ئەقڵانیی مرۆڤ “بوون و هەبوون”ە. ئا لێرەدایە کە بوون و هەبوون بە مەعریفەی مرۆڤ قسەیان لەسەر دەکرێت. مەعریفەتناسی مرۆڤ کاری ناسینی “بوون و هەبوون”ە. ئایا بوون مەعریفەت دەناسێت یان مەعریفەت بوون دەناسێت؟ ئەمەیش زۆر دژوارە. خودی بوون کە بەڵگەنەویستە ئەوە ناسێنەرە یاخود ناسکارە. تەنانەت ناسکاری هەموو شتێکە. دووبارە ئەوەش دێتەوە مەیدان کە بوون هەم لێرەدا کە گەردوونە ئەوە دەشکرێت ئەقڵی گشت بێت. بوون ڕووناکە و ئاشکرایە. دەمەوێت لەسەر بوونەوەر بدوێم هەتا بگەم بە سیفەتی بوون کە لایەنی کەم بوونەوەرەکانن. هەر چی بوونەوەر هەیە بە گوتەی دینانی: لە ناوەندان. بۆیە نە سەرەتایان هەیە نە کۆتایی. هەموو شت لە ناوەنددا لە دۆخی جووڵەدایە. ئەمە وەک فەلسەفە. بەڵام وەک دەقی دینی شتەکان لە ئەزەلەوە خوڵقێنراون. مەبەستم ئەوەیە کە هەرچی بوونەوەر هەیە لە ناوەنددا هەیە. بەڵام بوون نە سەرەتای هەیە نە کۆتایی. بوون و هەبوون ئاوێتەی یەکدین کە بابەتی: “وحدت الوجود، یەکبوونی بوون، یەکێتی بوون” پێک دەهێنێت. کەواتە بوون “گەردوون” جگە بوون هیچی دیکە نییە و سات بە سات بوونە و نوێ. هەبوون “خودا” هەر هەبوونە و سات بە سات نوێ و پێگەی نوێی هەیە.
ئایا مەعریفەت خودی بوونە یان بوون مەعریفەی بنەڕەتییە؟ هەتا ئەم ئاستەیش کە «14» ساڵ ئەزموونی عیرفانیی و فەلسەفیی و دینیی و ئەخلاقیم هەمە، ئەوە تاکە شتێک مێشکمی گیرۆدەی بیرکردنەوە کردووە بوون و هەبوون و ئەقڵە. جا لەبەر ئەوەی ئێمە چۆن بوون ڕاڤە بکەین؟ بۆیە بوون تەنیا ڕاڤە دەکرێت و بەس. ئێمە تەنیا بە مەعریفەت دەتوانین بوونناسی ئەنجام بدەین. زانست ناتوانێت بوون بناسێت. بەڵکوو بە گوتەی ئیبراهیم دینانی: بوونەوەر دەناسێت. بۆیە بوونناسی کاری ئەقڵ و فەلسەفەیە. دووبارە بوون دەبێت بە دوو جۆری دیکە ڕاڤە بکەین کە بریتین لە: زەین و عەین. یان کردەیی و هێزەکی. بوون تەنیا لە زەینی ئێمەدا هەیە یاخود ئەسڵەن بوون بۆ خۆی کردەییی و عەینییە؟ ئەمەیش توێژینەوەی زۆری دەوێت. ئایا بوون لە زەینی مرۆڤدایە یان زەینی مرۆڤ لە بووندایە؟ ئایا بوون تەنیا وەک زەین دەتوانین پەی پێ ببەین یان دەزانین و دەناسین کە چییە؟ ئەمەیش پرسیاری دژوارە کە من ناچمە ناو وەڵامەکانییەوە. بەڵام بوون وەک ڕەسەنییەت و بنەما هەم دەرەکییە هەم زەینی. ئەمە وەک بنەما و زەین بوون هەیە. بەڵام وەک چییەتیی و پێناسە تەنیا لە زەینی مرۆڤدا هەیە. چونکە مادام بوون کە بوونە و تاقانەیە ئەوە نە ماهییەتی هەیە نە پێناسە. بۆیە بوون هەم لە زەیندا هەیە هەم لە دەرەوەش هەیە. جا لەبەر ئەوەی بوون وەک زەین پلەبەندی هەیە، بەڵام بوون وەک عەینیی و دەرەکی پلەبەندی نییە.
بەڵێ، ئەمەیش جۆرێکە لە ڕاڤەکاری مەعریفی مرۆڤ بۆ بوون. من بەپێی هەندێک بۆچوون باس لە بوون دەکەمەوە. وجوود لە “وجد”ەوە هاتووە بە مانای دۆزینەوە دێت. بوون شتێکی بەڵگەنەویستە و بێ نیازە لە پێناسە کردن. من پێم وایە بوون تەنیا یەک مانای هەیە. ئەویش واتایەکی تاقانەیە. چەمکی بوون واتایەکی فەلسەفییە و ئەقڵیش پەی بەوە نابات و تەنیا دەزانێت بوون وەک نەبوون ڕەت ناکرێتەوە. بوون تاکە شتێکە پێویستی بە سەلماندن نییە. وەک ئەوەی کە گوتم بەڵگەنەویستە. بوون ڕۆشنترین و ئاشکراترینە و هیچ شتێکیش وەک بوون ڕووناک نییە. هەڵبەت دەتوانین بوون هەم خودا هەمیش گەردوون مانای بکەین. ئەوەی کە بوون پێناسەی نییە هەتا بزانین چییە، ئەوە بۆ خۆی دژوارە مەگەر ئەوەی کە: هەر مرۆڤێک بۆ خۆی بە ئەزموون و شهوود دەرکی بکات و ئەو دەرکەیش ناتوانرێت بگوێزرێتەوە. ئەمەیە هەقیقەتی بوون کە شاراوەیە و بۆ مرۆڤ بەدیار ناکەوێت هەتا بزانێت چییە. زۆربەی کاتیش بوون تەنیا لە زەینی مرۆڤدایە و هەڵەکەیش لێرەدایە کە: ئەو بوونەی لە زەینی مرۆڤدایە بەراوردی دەکات بە بوونی دەرەکیی و عەینی. هەڵبەت بوون و خودا بوون دەبەخشێت بە شتەکان. واتە بوون مانابەخشی بوونەوەرەکانی گەردوونە. بێ هۆکار نییە کە بوونیان بە نوور لێکچواندووە، چونکە نوور بەر هەر شتێک بکەوێت ڕووناکی دەکاتەوە.
ئەم بابەتە زیاتر فەیلەسوفانی ئیسلامی جەختی زۆریان لەسەر کردووەتەوە. وەک ئیبن سینا و سورەوەردیی و مەلا سەدرای شیرازی. ژیلسۆن دەڵێت: “لە مێژووی فەلسەفەدا هیچ پرسیارێک بە پێوەری بوون چییە؟ دژوار نەبووە”. بەڕاستی بوون و خودا چییە؟ لە فەلسەفەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا هەموو فەیلەسوفانی گیرۆدەی خۆی کردووە. چونکە بوون و خودا کە شتێکی تاقانەن ئەوە نە پێناسە دەکرێن نە دەزانرێن کە چین و چی نین.
کاتێک کە دەڵێم بوون ڕووناک و ئاشکرایە، ئەوە مەبەستم ئەوە نییە کە پێناسە بکرێت و بزانین چییە، نەخێر بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە کە: بوونە کە مانابەخشی بوونەوەرانە و پێویست بە سەلماندن ناکات کە هەیە یان نییە. بوون ئاشکراترین بوونە. ئێمە دەبێت شتێک پێناسە بکەین کە تەمومژاوییە یان ناڕوونە بەڵام بوون کە ڕوون و ئاشکرایە چۆن پێناسەی بکەین؟ کەواتە شتێک نادۆزینەوە کە بوون پێناسە بکات. مەگەر ئەوەی کە هەبوویەک «خودا» هەبێت و لە بوون ڕووناکتر بێت هەتا پێناسەی بکات. لە جیهاندا جگە لە بوون شتێکی دیکە شک نابەین هەتا بوون ڕووناکتر بکاتەوە. خودا کە بێ شوێنە و بێ کات، ئەوە چۆن بیدۆزینەوە هەتا بوونمان بۆ ڕوون بکاتەوە؟ بێگومان خودا بوونبەخشە و مانابەخشی جیهانی بوونە. دەتوانین بڵێن خودا هەرەمی بوونە. جگە لە خودا هیچ شتێک نییە.
دەمەوێت بوونی مرۆڤ و بوون ئاوێتە بکەم. من هەم بۆیە دەشزانم بوون هەیە. ئەگەر من بوونم نەبێت ئەوە ناشزانم بوون هەیە. بۆیە بوونی مرۆڤ و بوون وەک بابەتێکی فەلسەفی شتێکی نایابە کە ئاوێتە بە یەکدی بکەین. چونکە بوونی مرۆڤە کە مانا دەدات بە بوون و بوونیش مانا دەات بە مرۆڤ. ئەگەر مرۆڤ نەبێت ئەوە بوون چۆن ڕاڤەکاری بۆ دەکرێت؟ بێگومان بوونی مرۆڤ گرنگە کە بە ئەقڵی مانا دەبەخشێت بە شتەکان. بەڵام بیرمان نەچێت بوونی مرۆڤ هەڵڕەخساوە و بوونی گەردوونی پێویستییە. واتە بوونی مرۆڤ دەکرێت هەبێت و ڕۆژێک نەمێنێت. بەڵام بوون ناکرێت نەبێت. وەک خودا کە ئەرکە هەبێت. بەڵام ڕەسەنییەتی بوون نازانین خودا کەی گەردوون تێکوپێک دەکات، ئەوە دەڕواتە بەرەی پێویستییەوە ئەگەر نا بوونیش وەک هەڵڕەخساندن وایە کە دەکرێت ڕۆژێک هەبێت و دەکرێت ڕۆژێک خودا بیخاتە نەبوونەوە. بەڵام بوونی خودا ئەرکە و پێویستییە. جا لەبەر ئەوەی منی مرۆڤ بوونەوەرم و لە بووندا دەژیم و مانابەخشی بوونم وەک هەڵڕەخسانی بوون. هەتا ئەو کاتەی بوونم هەیە دەبمە مانابەخشی بوون و ئەو کاتەیش نەمام ئەوە بوون لە مانای خۆی ناکەوێت. ئێستا کە بوون دەبینین، ئەوا وەک پێویستیی و ئەرکە هەبێت. دەشکرێت پێچەوانە مامەڵە بکەین کە: بوونی مرۆڤ بەبێ بوون مانای نییە. بوونی مرۆڤ بەبێ خودا و بوون مانای نییە. بۆیە مرۆڤ هەتا تەمەنی هەیە ئەوە لە دۆخی بووندایە. جا لەبەر ئەوەی بوون بە زاراوە مانا ناکرێت. هەر چەندە مانا و زاراوە بەکار بهێنین، ئەوە لە بوون تێناگەین و ناتوانین پێناسەی بکەین. چونکە بوون بەدەرە لە چەمک و واتاش.
پێناسە و زانین پێویستی بە زاراوە و چەمک هەیە. بەڵام بوون چەمک هەڵناگرێت. هەر شتێک بهێنین ناتوانین پێناسەی بوون بکەین. بوون بە خۆی پێناسە دەکرێت. واتە بوون مانابەخشی بوونییەتی خۆیەتی. بونییەت مەبەستم ئەوە نییە بوون دابەش بکەم. تاقانەیی دابەش ناکرێت. بۆیە جگە بوون هیچ شتێکی دیکە نییە هەتا بتوانێت بوون پێناسە بکاتەوە. بوون و خودا خۆیان بە مرۆڤ دەناسێنن. چونکە ئێمە ناتوانین ئەوان “بوون و خودا” بە پێناسە کردن بناسین. هەر بۆیە کاتێک کە بوون و خودا هەیە، ئەوە تێگەیشتنی مرۆڤیش وەک ئەقڵانییەت دێتە ئاراوە. شتێکی دیکەیش کە تێگەییشتنی ئێمە فراوان دەکات سەبارەت بە بوون خودی سیستەمی بوونە. بوون سیستەمی هەیە کە ئەقڵی گەردوونی یان ئەقڵی خوداییە. ئەگەر بوون سیستەمی نەبێت، ئەوە دژوارتر دەبوو کە هەر نەماندەزانی ئایا بوون هەیە یان نییە. یان هیچ لە هیچ دەبوو. بۆیە بوون کە سیستەمی هەیە ئەوە وێنای ئەقڵانی خۆمان بەیان دەکەین.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!