ناونیشانی بابەت: ئەقڵ و وەحیی
ناوی نووسەر: #کۆساران ئەحمەد#
لە ڕاستیدا ئەم دوو زاراوەیە مانایەکی زۆر باڵایان هەیە، کە دەکرێت چەندین کتێبی لەسەر بنووسرێت و هێشتا هەر بە تەواوی فەزای خاڵی بمێنێتەوە. ئەقڵ باڵاترین بوونەوەری ئەم کەونەیە. هەر لە بنەڕەتدا بووەنەوەرێکی دیکە بوونی نییە لە ئەقل باڵاتر بێت. ئەوەی کە من لە شوێنێکدا گوتوومە کە: ئەقڵ گەورەترین پێغەمبەری مرۆڤە. تاکە شتێک کە تاقانە بێت و وەک ئەو بوونی نەبێت خودی ئەقڵە کە خودا خوڵقاندوویەتی. بەبێ ئەقڵ نە مرۆڤ مرۆڤە و نە جیهان جیهانە. بەبێ ئەقڵ دەکرێت لە ڕوانگەی ئەقڵ و ئیشقەوە بگووترێت خودی وەحییش بوونی نییە. لەبەر ئەوەی وەحیی و ئیلهامیش دەرکەوتەی خودی ئەقڵن.
دەکرێت بەم شێوەیە پلەبەندی بکەم بۆ ئەم زاراوانە کە بریتین لە: خودا، ئەقڵ، گەردوون، بوونەوەران. خودا لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە. دواتر ئەقڵ، پاشان گەردوون و بوونەوەران. ئەگەر ئەقڵ نەبێت، ئەوە نە گەردوون دەخوڵقێنرا نە مرۆڤ و تەنانەت وەحیش نەدەهات بۆ پەیامبەران و هیچ شتێک بوونی نەدەبوو. تاکە شتێک پیرۆز بێت ئەقڵە. چونکە هیچ کەس نییە بەبێ ئەقڵ بتوانێت بژیت یاخود بتوانێت بیر بکاتەووە. تاکە شتێک کە مرۆڤ بتوانێت پەنای پێ ببات ئەقڵە. ئەقڵ تاقانەیە و پێکنەهاتووە لە دیاردە. هەر بۆیە هەتاکوو ئێستا کەس نەیتوانیوە پێناسەی بکات، ئەسڵەن هەر لە بنەڕەتدا ئەم کەونەیش دەرکەوتەی خودا و ئەقڵە، ئەمن کاتێک ناوی ئەقڵ دەبەم، ئەوە مەبەستم ئەقڵی گشتە نەک ئەقڵ مرۆڤ، چونکە مرۆڤ بۆ خۆی لە ئەقڵی گشتەوە نوور وەردەگرێت نەک ئەوەی کە بەتەواوی مرۆڤ ئاقڵ بێت، خۆی مرۆڤ ئەگەر بە کامڵی ئاقڵ بێت، ئەوە خودا وەحیی نانێرێت وەک یاسایەک بۆ ژیانی مرۆڤەکان. لەبەر ئەوەی وەحیی پەیامێکە بۆ مرۆڤەکان بۆ ئەوەی بتوانن بەو پەیامە ئاقڵ ببن. کەواتە مرۆڤ بە کامڵی ئاقڵ نییە گەرچی باڵاترین بوونەوەرە لە هەموو بوونەوەرانی دیکە. بەڵام بە فکرەی بوونی تاقانەی مرۆڤ یاخود بە فکری خۆی دەتوانێت لە ئەقڵی گشتەوە نوور وەربگرێت و کارەکانی بە ئاقڵانە ئەنجام بدات.
بەڕاستی هەتا لەسەر ئەقڵ قسە بکەین، ئەوە فەزای فراوانتر دەردەکەوێت و دەکرێت بزر ببین و نەگەین بە ئەنجام. لەبەر ئەوەی ئێمە هەتاکوو ڕوو بە ئەقڵ بڕۆین، ئەوە ئەقڵ خۆی بەرەو باڵاتر دەبات و پێی ناگەین بەتەواوی. بەڵام دەتوانین نووری لێ وەربگرین و ئاقڵانە مامەڵە بکەین. هەنووکە تاکە شتێک گرنگ بێت بۆ مرۆڤ بۆ ئەوەی بگات بە هەقیقەت و ڕاستی ئەقڵە، بە دەربڕینی مەولانا: ئەقڵ سوڵتانی دەروونی مرۆڤە. ئەسلەن نەک تەنیا سوڵتانی دەروونی مرۆڤە، بەڵکوو سوڵتانی هەموو شتێکە. وەک ئەوەی کە دەگوترێت: ئەقڵ پێوەری هەموو شتێکە. من دەمەوێت جیاوازی نێوان وەحیی و ئەقڵ بەیان بکەم و پاشان پێگەیان دیاری بکەم بۆ ئەوەی بتوانین بە دەقی وەحیی یان خودی ئەقڵ بگەین بە هەقیقەت. کێشە ئەوە نییە کە بە چی بگەین بە هەقیقەت، بەڵکوو کێشە ئەوەیە کە دەبێت چۆن بگەین بە هەقیقەت. هەقیقەت ڕێگای زۆرە. خودی هەقیقەتیش دەرکەوتەی ئەقڵە. هەموو شتە باشەکان وەکوو: ئەخلاق، ئیشق، ئیمان، وەحیی…هتد سەرچاوەکەیان ئەقڵە. هەروەها هەموو شتێکی خراپیش سەرچاوەکەی لە بوونی نەفسانیەتی مرۆڤەوە. ئەقڵ وەکوو زات هەڵە ناکات. ئەگەر وەک گریمانەش هەڵە بکات، ئەوە خاکەڕایە و دەزانێت هەڵەی کردووە.
پێگەی ئەقڵ دیارە کە چەندە مەزنە، مەگەر ئەوەی کە کەسێک بە ئەقڵ کار نەکات و بەکاری نەهێنێت. پێگەی ئەقڵ ئەوەیە کە ئەم گەردوونە بەڕێوە دەبات لەسەر بنەمای هەقیقەت و لۆژیک. واتە ئەوەی هەقیقەت و لۆژیکی بێت لە ئەقڵەوەیە. بە گوتەی مەولانا: ئەم گەردوونە یەک فکرەیە لەسەر ئەقڵی گشت. هیچ شتێک لەم گەردوونەدا بە هەوانتە نەخوڵقاوە. لەبەر ئەوەی هەموو شتێک بەپێی زاتی خۆی لە شوێن خۆیدایە و حیکمەت تێدایە. سیستەمی گەردوون ئەقڵانییە، وەحیی شتێکی نادیارە و لە نادیاریشەوە دێت بۆ کەسانی تایبەت، ئیدی نادیار یان ئەوەتا میتافیزیکە یان ئەوەتا بوونی نادیاری مرۆڤە، واتە قووڵایی دەروونی. خودی زاراوەی وەحیی واتە ئاماژە کردن بەشێوەیەکی شاراوە کە بەدەرە لە دەرکی مرۆڤە سادەکان. واتە دەبێت وەک بەفر بوونت پاکیزە بێت هەتاکوو بتوانیت هەم بیسەری وەحیی بیت هەمیش بینەری دیمەنی وەحیی بیت، چونکە وەحیی تەنیا بیستن نییە، بەڵکوو بینینە. زۆربەی کاتیش دڵانەیە، وەحیی و ئیلهام لە یەکەوە نزیکن ئەگەر وەحیی لە نادیاری دەروونی مرۆڤ یاخود لە نادیاری ئەودیوی سرووشتەوە دێت، ئەوە ئیلهام لە دڵەوە سەرچاوە دەگرێت ئەگەر چی وەحیش لە قووڵایی دڵی مرۆڤەوە هەڵدەقوڵێت. ئەم قووڵایی دەروونەی مرۆڤ تاقانەیە. واتە ئەوەی کە عاریفان دەڵێن ئێمە دڵانە دەگەین بە هەقیقەت و خودا، یاخود فەیلەسوفان دەڵێن ئێمە بە ئەقڵ دەگەین بە خودا. بەڵێ ئەمەش شتێکی نایابە و دەکرێت و کراویشە کە بە ئەقڵ و دڵ بگەین بە هەقیقەت. بەڵام ئەگەر بە جوانی بڕوانیت، ئەوە زۆر بە جوانیی و باشی تێدەگەی کە بوونی تاقانەی مرۆڤ نە دڵە نە ئەقڵ، بەڵکوو بوونی تاقانەی مرۆڤە کە هەم دڵانەیە هەمیش ئاقڵانە. واتە ئەوەی بوونی تاقانەی مرۆڤە یان بوونی خودایی مرۆڤە کە هەم دڵی هەیە هەمیش ئەقڵ. کەواتە وەحیی و ئیلهام لەو بوونە تاقانەوە سەرچاوە دەگرێت.
دەڵێن: “وەحیی بە هۆی نێوەندگیرییەوە دێت بۆ پەیامبەران، بەڵام ئیلهام ڕاستەوخۆ دێتە بوونی مرۆڤەوە. وەحیی تایبەتە بە پێغەمبەرایەتییەوە. بەڵام ئیلهام تایبەتە بە ئەهلی دڵەوە. لە وەحیدا مرۆڤ ئاگامەندە کە لەکوێوە وەحیی بۆ دێت. بەڵام لە ئیلهامدا ئاگامەند نییە”. بەڵام لێرەدا دەمەوێت جیاوازی نێوان وەحیی و ئەقڵی مرۆڤ بەیان بکەم. هەڵبەتە ئەقڵی بەشەکی. وەحیی ڕاڤەی فراوان وەردەگرێت و هەتا ئەم گەردوونە بوونی هەبێت ئەویش “وەحیی” بەردەوامە لە هەڵگۆزینی مەعریفە و ڕاڤەکاری. لەبەر ئەوەی دیاردەیەکە باڵاترە لە ئەقڵی بەشەکی مرۆڤ. هەقیقەتی وەحیی بۆ ئەو کەسانە کەشف دەبێت وەکوو خودی پەیامبەران کە مەعریفەیان هەبێت بە خودی دەقی وەحیی. واتە وەحیناسن یان پەیوەندییان بە جیهانی غەیبەوە هەیە. ئەوانەی خوار پەیامبەرانیش بەپێی فکر و ئەقڵی بەشەکی خۆیان لە وەحیی تێدەگەن. هەڵبەت لە هەمووی تێناگەن. چونکە دەقی وای تێدایە کە فەرائەقڵیە. واتە لە ئەودیوی ئەقڵی بەشەکی ئێمەدایە. بەڵام هەر لە بنەڕەتیشدا ئەقڵی بەشەکی مرۆڤ پیرۆزە، چونکە لە ئەقڵی گشتەوە نوور وەردەگرێت. لە شوێنێدا دەقێکم بینی کە ئەمەیە: “قورئان جێگای تێڕامانە و ئەقڵ پێمان دەڵێت پێویستە پێش ئەقڵ گوێ بگرین بۆ دەنگی وەحیی و ئەقڵ لە تێگەییشتی وەحیی و دواتر لەو بابەتانە بەکاری بهێنین کە تایبەتەمەندی وەحیی نییە. وەحیی بڕیاری خاڵقە و ئەقڵ بیرکردنەوەی مەخلوقە. کەواتە بە ڕیزبەندی وەحیی و پاشان ئەقڵ”.
ئەمەش دەقێکی باشە بۆ ئەوەی مەعریفەی قورئانیی و وەحیی یاخود مەعریفەی ئەقڵانی زیاتر بەرهەم بهێنرێت. زۆر باشە. هیچ کتێبێک بە پێوەری قورئان زیاتر جەخت ناکاتەوە لەسەر تێڕامان و بیرکردنەوە. بەردەوام پێمان دەڵێت: بیر بکەنەوە. تێڕامانتان هەبێت. ئەمەش باڵاترین فەلسەفە و ئەقڵانییەتە. ئەی باشە مرۆڤ لێرەدا چ شتێک شک دەبات بۆ ئەوەی بیر بکاتەوە جگە لە ئەقڵی؟ بێگومان هیچ شتێک شک نابەین بۆ ئەوەی بیر بکەینەوە جگە لە ئەقڵ، خۆ هەر دەشبێت بە ئەقڵ گوێ بگرین بۆ دەنگیی وەحیی. مەگەر دەگرێت بە گوێی سەر گوێگری وەحیی بین؟ هەر بەڕاستی کاتێک گوێی ئەقڵ و ڕۆحیی مرۆڤ کرایەوە، ئەوە ڕاستەوخۆ دەبێتە گوێگری وەحیی خودا. وەک ئەوەی کە گوتم: بوونی تاقانەی مرۆڤە کە دەتوانێت هەم ئاقڵانە بێت و هەمیش دڵانە.
جا لەبەر ئەوەی بوونی تاقانەی مرۆڤە کە وەحیی وەردەگرێت، دەبیستێت و دەشبێتە بەرهەمهێنەری وەحیی و ئیلهام. ئەگەر ئەم دەقە مەبەست لە ئەقڵی بەشەکی مرۆڤ بێت کە وەحیی خالقە و ئەقڵ مەخلوق، ئەوە بێگومان ڕاستە. بەڵام ئەگەر مەبەست لەو ئەقڵە ئەقڵی گشت بێت، ئەوە بە هیچ شێوەیەک نابێت فەزڵی وەحیی بدەین بەسەر فەزڵی ئەقڵدا. ئەگەر ڕیزبەندیت دەوێت، ئەوە: خودا، ئەقل، گەردوون، وەحیی. من بە هیچ شێوازێک نە وەحیی نە ئەقڵ نە ئیشق و عیرفان بە کەم دانانێم. ئەسڵەن لە بنەڕەتدا ئەگەر ئەقڵ نەبێت هیچ شتێک بوونی نییە. هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدا پێگەی باڵای هەیە. بەڵام پێگەی ئەقڵ لە هەموو شتێک باڵاترە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!