بەشار عەزیز
مەلا بەختیارمەلا بەختیار بۆ ڕووداو ئاشکرای دەکات، لەنێو یەکێتیدا هەوڵی کوشتنی دراوە لە ڕێگەی ژەهرخواردن، جەختیش دەکاتەوە ڕۆژێک ئاشکرای دەکەم کە وەکوو قومبەلە بتەقێتەوە.
مەلا بەختیار، سیاسەتڤان و ڕۆشنگەر، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ڕۆژی هیوا جەمال، جەختیکردەوە لەوەی ڕەخنەی زۆری لە سیاسەتی یەکێتی هەیە و، جیاوازیی زۆرم لەگەڵ هەڵوێستەکانی هەیە، بەڵام هەرگیز ناکەومە دژایەتیکردنی و ناچمە بەرەیەک لە دژی یەکێتی.
لەبارەی دۆخی ڕۆژاوای کوردستان، مەلا بەختیار ڕوونیکردەوە پێشتر و ئێستاش بە بەرپرسانی ڕۆژاوای کوردستانم گوتووە دەبێت کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
مەلا بەختیار لەو هەڤپەیڤینەدا، باسی دەستبەکاربوونەوەی ترەمپ، دۆخی سووریا، ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا و چەند بابەتێکی دیکەش دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
ڕووداو: دەمەوێ بۆچوونت لەبارەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ و دەستپێکردنەوە و ستراتیژیی ترەمپ بەتایبەتیی لە جیهان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بزانم.
مەلا بەختیار: زۆر سوپاس بۆ چاوپێکەوتنەکەت، بە داوای لێبوردنیشەوە بەڕاستی پێنج، شەش مانگە جەنابت پەرۆشیت، بەڵام وەکوو خۆت فەرمووت، نەمدەزانی چی بڵێم. دۆخەکە، زۆر ڕۆتین بوو، داخراو بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە کراوەتەوە. سەبارەت بە ترەمپ، ڕەنگە بۆچوونێکی جیاوازم لە خەڵکی دیکە هەبێت، ترەمپ ئەمە نییە بە هەڵبەز و دابەز بڕیار بدات، ئەمە ئەم جۆرە عەقڵیەتی سیاسی حوکمڕانی لە لووتکەی یەکێک لە گەورەترین دەوڵەتەکانی دونیا، ئەمە زادەی دونیای جیهانگیرییە، لە دونیای جیهانگیری بەرژەوەندییەکان تێکپرژاون، جەمسەرەکان هێشتا ساخ نەبوونەتەوە، لەم لاوە ئەمریکا لاولاوە یەکێتیی ئەوروپا، لاولاوە برێکس لەنێوان چین و سۆڤێت و 15، 16 وڵات لە دەوریانن، ململانێکان مەترسیی گەورەیان پەیدا کردووە لەسەر بەرژەوەندییەکان. زۆر کەمتر لەم کێشانەی ئێستای دونیا لەسەر ئابووریی سیاسی جەنگی لەسەر بەرپا دەبوو، ئێستا کێشەکان زۆرزۆر زیاترن لە سەردەمی جەنگی یەکەم و جەنگی دووەم و جەنگی سارد، کەچی شەڕی سەربازی ڕوونادات، بەڵام ترەمپ قەرەبووی ئەوە دەکاتەوە، بەم بڕیارانە بەم نەهجە ئەمریکییە، ترەمپ هەموو بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی ئەمریکا چڕدەکاتەوە لەم بڕیارانەی ئێستا بۆ ئەمریکای دەدات. من زوو وتارێکم لەسەر ترەمپ نووسی هەر یەکەم ڕۆژ کە دەرچوو، دووەم ڕۆژ وتارێکم لەسەر نووسیوە، لەو ڕۆژانەدا چاودێر دیسان وتارەکەیان لێدایەوە، چونکە وتارەکەی خوێندەوە، لە دوای سوێندخواردن هەر ئەو قسانە بوو کە من کردبووم لە وتارەکەدا، ڕێک ئەوانەی گوتەوە بە شێوەیەکی ترەمپی.
ڕووداو: یانی ئەوەی دەڵێن بۆ نموونە ئەوەی ترەمپ بڕیاری لێدەدا و دەیکات، ئەوە ڕۆحی ئەمریکایە؟
مەلا بەختیار: ڕۆحی ئێستای بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمریکایە، لە هەموو دونیا و لە ناوخۆی ئەمریکاش دا، بەڵام ئەو وەکوو سەرۆکی ئەمریکا، زۆر گرنگە ئێستا لەو دونیایە. سەیرکە هەر دوو ڕۆژ دوای دەرچوونەکەی، جێنشینی شای سعودیە، بڕیاریدا پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بگۆڕێت، تا 600 ملیار دۆلار عەربوونی دا، پارەیەکی زۆرزۆرە.
ڕووداو: کەواتە ئەو ڕۆحەی ئەمریکا چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا دەبێت؟
مەلا بەختیار: زۆر دەیبێت، لە ڕووی سیاسی و ئابووری، لە ڕووی دیزایینکردنی هەندێک سیستم و دەسەڵاتەوە، چارەسەرکردنی هەندێک کێشەکان و یەکلاییکردنەوەی هەندێک لە کێشەکان، پێم وایە دەمێکە موتابەعەی من دەکەی کە گوتوومە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکوڵێت، دووگیانە بە گۆڕانکاری، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو گۆڕانکارییە، ئەمە قسەی چوار ساڵ لەمەوبەرمە، ئێستاش دەیڵێمەوە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کوڵینەکەی خەریکە لێی دەڕژێ و بەرگە ناگرێ، بۆیە دەبێت دەرچەی بۆ بدۆزنەوە و چارەسەری بکەن، چارەسەرەکەش دەرکەوت بەم حکومەتە لۆکاڵی و نیشتمانی و پاشایەتی و ئەمانە، تەنیا دەردی خۆیان دەتوانن چارەسەر بکەن، ناتوانن ئەو جیهانبینییە نوێیە کە لە دونیا دەگوزەرێ، وەربگرن و ستراتیژێک بۆ خۆیان داڕێژن، بۆیە دیسانەوە سەیرکە؛ ئەمە خاڵێکە ڕەنگە خاڵێکی تازە بێ بیڵێن، دیسانەوە چارەنووسی دونیا کەوتەوە دەست زلهێزەکانی دونیا.
ڕووداو: کەواتە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، ترەمپ یان ئەمریکا هاوبەشی هەیە؟
مەلا بەختیار: هاوبەشی هەیە، هاوبەشی ئابووریی زۆرە، بەڵام کۆسپە سیاسی و ئەمنی و تێنەگەیشتنەکان لە دونیای جیهانگیری و بازاڕی ئازاد کە 25 ساڵە هەیە، وردەوردە لایدەبەن. لە هەندێک شوێن دا بە هێز لە هەندێک شوێن بە بڕیار.
ڕووداو: هەرچەندە ڕکابەریشی هەیە، بۆ نموونە چین ڕکابەریەتی لە کۆمەڵێک بواردا، ڕووسیا ڕکابەرێتی، ئەم ڕکابەرانەی ئەمریکا دەتوانن، بەربەست درووستکەن بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
مەلا بەختیار: لەبارەی ڕووسیاوە، خۆزگە ڕووسیا ئەم شەڕەی ئۆکراینای نەکردایە، شەڕی ئۆکراینا ئێستا ڕەنگە بۆیان دەرکەوتبێ کە پەرژینێکی پتەوی لە دەوری ڕووسیا درووستکردووە، ناهێڵێت لەم دەرفەتانەی هاتوونەتە پێشەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێگەی خۆی بکووتێت، ڕووسیا دڵی زۆر خۆش بوو و بەرنامەی زۆری هەڵچنی بوو لەسەر ئەوەی لە سووریایە، بەڵام سووریا ئەو دۆخەی بەسەریدا هات و لەگەڵیدا، ڕووسیا و ئێران پێگەیان زۆر لاواز بوو. چین زۆر زیرەکانە سیاسەت دەکات. وەکوو جاران نییە، چین لە دوای مردنی باوستۆنگ ستراتیژییان بریتییە لە چۆنیێتی دابینکردنی بەرژەوەندیی ئابووری. ماوسوتۆنگ ستراتیژەکەی برەوپێدانی ئایدۆلۆژیایەکی شۆڕش بوو، شکستی خوارد. ئێستا چین لە ئابووریی بچووکەوە هەنگاوی ناوە، لە درووستکردنی سەدان ملیۆن بووکەشووشەی بچووکەوە هەتا دەگاتە ئابووری هەرە زلهێزی دونیا. چین خۆشی تووشی هیچ شەڕێک ناکات، بەڵام ستراتیژیی هەیە، لە دەریا، لە ئاسمان و سوپا، بەڵام یەک فیشەک ناتەقێنێت، یەدەگە سەربازییەکەی بۆ ئەوەیە چۆن بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بپارێزێت. ئەمریکا تا ئێستا وای دەنوێنێ یان لە سەردەمی جەنابی بایدن دا وای دەنواند چین هیچ ترسێکی لەسەر ئەمریکا و ڕێککەوتننامەی برێکسیش نییە کە ڕێککەوتنی زۆر گرنگە، 53%ی دونیا لەنێو ئەو ڕێککەوتنەدایە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا ئەوەی دەنوێنێت، بەڵام پێموابێ ئەم سیاسەتانەی ترەمپ دەیانگرێتەبەر و ئەو بڕیارانەی دەیاندات، بەڵگەی ئەوەن ترسیان لێ نیشتووە و لەسەر ئاستی دونیا دا کێبڕکێیەکی گەورەیان هەیە و لە لێوارێکدان کە دەبێت یەکلایی بکەنەوە، ئەم بەرژەوەندییانە بەڕاستی مەترسییان لەسەر نەبێت، مەترسییان زۆرە، مەترسیی چین لەوەدایە زلهێزە. ڕووسیاش خۆ نابێت چاوەڕێ بکەین ڕووسیا شەڕی ئۆکراینا بدۆڕێنێت. ئەمریکا دەزانێت و دەبێت بزانێت وڵاتی ئەتۆمی، شەڕی بچوک نادۆڕێنێت.
ڕووداو: کەواتە ئەگەر وا بێت ترەمپ لەم یەک دوو ڕۆژەدا و پووتینیش باسی کردووە ئامادەن یەکدی ببینن، کەواتە دەتوانیت بڵێی ترەمپ ئۆکراینا دەدۆڕێنێت بە ڕووسیا؟
مەلا بەختیار: نا، بەڵام هەندێک لەو پێشکەوتنە سەربازی و بابڵێن دەستەبەری هەندێک جوگرافی ئۆکراینیا لە کەریمیا و دەریای سوور، بە ڕێککەوتن دەیبات.
ڕووداو: باسی ڕووسیات کرد، ڕۆڵی کەم بووەتەوە لەگەڵ ئێران لە دوای سووریاوە؟ لە سووریا کێ دۆڕاندی؟
مەلا بەختیار: بەبۆچوونی من لە دوای بەعسی ئێراق، سووریا دواقەڵای ناسیۆنالیزمی عەرەبی دۆڕاندی. ئاخر قەڵای ناسیۆنالیزمی شۆڤێنیی عەرەب لە سووریا بوو کە بەشار و بەعسی بەشار بوو. دەرکەوت هیچ جیاوازییەک لەنێوان دوو بەعسدا نییە، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەم دوو بەعسانەدا نییە، هەردووکیان دیکتاتۆر و شۆڤێنی و تۆتالیتارن، سڵیان لە هیچ قەڵاچۆیەک، کوشتنێک و وێرانکارییەک نییە، چی جیاوازییەک لەنێوان سووریا و ئێراق هەبوو؟ ئەسڵەن ئەم بەیانییە لێکۆڵینەوەیەکم لەبارەی زیندانەکانی سووریا، تلیاک فرۆشتن و ئەمانە خوێندەوە، سەدام ئەمەشی نەبوو. کاریگەریی تلیاکی نەبوو.
ڕووداو: فریای ئەوە نەکەوت...
مەلا بەختیار: ڕەنگە فریای ئەوە نەکەوتبێت، بەڵام کاکە ئەوەی لە زیندانە گەورەکەی ئەوان ڕوودەدا باوەڕبکە لە سەردەمی هیتلەریش هەر وابووە، مەعقولە 60 هەزار کەس لەوێ کوژراوە، بە بەردەوامی هەموو هەفتەیەک 20 بۆ 25 کەس لە برسیێتیدا لەژێر ئەشکەنجە دا مردوون، یەکەم شکست، شکستی ئەوانە، دووەم شکست هەموو ئەو دەوڵەتانە بوون کە پێیان وابوو بەشار ئەسەد دەمێنێت و بەشێک دەبێت لەو ستراتیژییەی لە ڕۆژهەڵاتی نێو ڕاستدا هەیە و کۆنترۆڵی هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی پێ بکرێت، پێم وابێت ئەوانە لە پێش هەموویانەوە ئێران و ڕووسیا دۆڕان.
ئێران ساکاوە، وەرە سەرۆکی کۆمار سەرۆکی خێزانی عەلەوی، وەرە کوڕی حافز ئەسەد وا هەڵبێت، براکەی خۆی نەکردبێتە فڕۆکەوە، من زانیاریی وردم هەیە، هیچ نەبێت سەدام، 9 بۆ 8 ڕۆژ پێش ڕووخانی بەعس، هەموو ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی کۆکردبووەوە و پێ گوتوبوون ئێمە لە لەنێوچوونین و بەرگری دەکەین، هەریەکێک لەوانە 10 بۆ 20 ملیۆن دۆلاری پێ دابوون و پێی گوتبوون بڕۆن دابەشبن بە ئێراقدا و سەرکردایەتیی بزووتنەوەی موقاوەمە بکەن، تەبعەن بەرگریی (مقاوەمە) لە ڕوانگەی سەدامەوە مەبەستمە، ئەمە ئەگەر مێژوو بنووسیتەوە و بەراوردی بکەی بە بەشار ئەسەد، سەدام دووربینتر و خۆڕاگرتر بووە و ڕۆحییەتی هەبووە بۆ بەرگرییکردن لە بەعس، ئەم براکەی خۆی پێ دەرباز نەکراوە. ئەمە ڕۆژگاری سیاسەتە کە پێموابێت وەزیری دەرەوەی ئێران باشترین گوزارشتی لێکرد کە سێ هەفتە لەمەوبەر وتی 'هەرەسی سوپای سووریا بەوشێوەیە هۆشدارییەکە بۆ هەموو لایەکمان.'
ڕووداو: مەبەستی خۆشیانە؟
مەلا بەختیار: وای گوت.
ڕووداو: ئەوە دەنگۆیەک هەبوو بۆیە دواتر لەبارەی ئێرانیشەوە هەندێک قسە دەکەین، بەڵام با لە سووریا بمێنینەوە، ئێستا دۆخەکە چۆن دەبینی بەتایبەتیی ئەم دەسەڵاتە نوێیەی سووریا و ئەم کارگێڕییەی کە ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتیی دەکات و ئەو گرووپەی پێشتر گرووپێکی لە لیستی ڕەشی ئەمریکا و زۆر شوێنی دونیادا بوون، داهاتوویان چۆن دەبینی؟
مەلا بەختیار: یەکەم با ئەوە بڵێم ئەحمەد شەرع کارێکی زۆر عاقڵانەی کردووە کە زوو خۆی لە داو و تاوانی داعش ڕزگارکردووە، لە ڕەشەکوژی داعش خۆی ڕزگار کردووە، ئێستاش کە لە دەسەڵاتە، دەبێت بیسەلمێنێت مەبادئی ئەو جیاوازە لە مەبادئی داعش، بۆیە جیابووەتەوە لە داعش. کاتی خۆی زۆر کارێکی جوانی کردووە، دووەم خۆیان دەڵێن تاوەکوو مانگی سێ حکومەتێکی ڕاگوزەریان هەیە، ئەم حکومەتە ڕاگوزەرە ناتوانین زۆر باری کەین، بارگاوی نەکەین، چونکە ڕەوشی سووریا زۆر شڵەشاوە، داهاتی وێرانە، وڵاتەکە وێرانە تا ئێستا 6 بۆ 7 ملیۆن سووری لە دەرەوەی وڵاتن و کێشەیان زۆرزۆرە. شەرع هەموو قسەکانی جوانن، مەدەنین، ئارامن و هەموو قسەکانی جوانن، بەڵام دوای مانگی سێ، دوای یەکی سێ دەبێت بزانین ئەم قسانە چەند دەچنە چوارچێوەیەکی یاساییەوە، ئێستا لە حاڵەتی قۆناخی ڕاگوزەری تایبەتن، ئەی دوای ئەوە، دەستوور دەنووسن... ڕێککەوتنی سیاسی دەکەن بۆ ئەو دەستوورە؟ ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی سووریا نەکەن بۆ نووسینی دەستوور، کەواتە سووریا تووشی زیانی گەورە دەکەن و خۆشیان تووشی هەڵدێڕێکی گەورە دەکەن.
ڕووداو: پێشبینی دەکەیت؟
مەلا بەختیار: ئەم پیاوەم نەبینیوە، زانیاریم لەسەری نییە، چونکە وەکوو وتم یاخی بووە و کەمترین زانیاریی لەسەری هەیە. من پێم وایە ئەم پیاوە تێگەیشتووە لەوەی لەم سەردەمەدا ئەو جۆرە دەسەڵاتەی هەندێک لە سەلیفییەکان بیری لێکدەنەوە، ناچێتەسەر، بۆیە زۆر باسی مەدەنیێتی و ئارامی دەکات، باسی یەکخستی سوپا و باسی ئەوە دەکات کە سووریا سووریای هەموو پێکهاتەکانە. باسی ئازادی دەکات، باسی ئەوە دەکات، ژن لە سووریا تەواوی مافی خۆی دەدرێتی و لە کارەکان سەرەکی دەبن، دیارە ئەفغانستانی لەبەرچاوە. خۆشی وتی، نابینە ئەفغانستان.
ڕووداو: ئەوەی ئێستا دەیبینی کورد لەمکاتەدا بارودۆخی چۆنە؟ بەتایبەتیی کۆمەڵێک هەوڵ هەیە بۆ یەکخستنیان؟
مەلا بەختیار: من پێم وابێت، بەڕێز ئەحمەد شەرع، وەزیری هێزی چەکدارییان، وەزیری دەرەوەیان و هەموو کاربەدەستانی ئێستا لە سووریا دەبێت یەک ڕاستی بزانن، ئەویش ئەوەیە؛ چۆن لە هەندێک شوێندا لە کاتی هاتنی داعش سوپای ئێراق داڕما، پێشمەرگە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو، پێشمەرگە لە موسڵ، دیالە، کەرکووک ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو، بۆیە دەبێت بزانن ئەم هێزە چۆن درووست بووە، بە ناشەرعیی نەزانن، ئەم هێزە لە داڕمانی سوپای سووریا درووست بووە، ئەگەر سوپای سووریا نەڕووخابێت، بۆ 50٪ی زیاتری سووریا لە کۆنترۆڵی سوپاکە لەدەستچوو؟ بۆ سوپایەکی 600 هەزاری گەیشتە 170 هەزار؟ ئەگەر سوپاکە نەڕووخابێت چۆن ئیدلب و دەوروبەری هەموو بەدەست ئەمانەوە بوو؟ 12 ساڵ بەدەستیانەوە بوو، چۆن خۆیان لە حاڵەتێکی تایبەتدا درووستبوون و توانییان بە پشتیوانی تورکیا و زۆر لە وڵاتانی دیکە کە لەژێرەوە یارمەتییان دەدان، سەرکەوتووبوون. دەبێت ئەوان بزانن ئەو هێزەی لە ڕۆژاوای کوردستانیش درووستبووە، دژی داعش لە هەموو ئەو ڕێکخراوە چەکدارانەی کە لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەرعدان، قوربانییان زۆرتر داوە و توانیان ناوچەکە بە قارەمانانی شەڕەڤانەکانیان بپارێزن، ئێستا بارودۆخێکی دیکە هاتووەتە پێشەوە تورکیا وردەوردە خەریکە تێدەگات، بارودۆخەکە نوێیە و ئەو هەڕەشانەی کردی یان خۆتان بەدەستەوە بدەن، یان بە چەکەکانیان دەیاننێژین، کە جەنابی ئەردۆغان ئەم هەڕەشانەی کرد، هیچ نەبێت دوایخستووە. سوپاس کە دەرفەتێکی داوە، بزانێت بەرەو چارەسەر دەڕوات یان نا. ناردنی حەمید دەربەندی، نوێنەری جەنابی کاک مەسعود و دانیشتنی لەگەڵ ئەنەکەسە، پەیەدە و قەسەدە و ئەوانە و، هاتنی برای بەڕێز مەزڵووم کۆبانێ بۆ لای کاک مەسعود و دانیشتنیان، خۆی هەنگاوە بەرەو چارەسەر، ڕەنگە ئێمەومانانیش پەیاممان گەیاندبێت بە هەموولایەک، کە ئەم ڕێگەیەتان چارەسەرە. بۆ مێژوو دەیڵێم، یەکەمجار من، ساڵح موسڵمی بەڕێزم بۆ سلێمانی بانگهێشت کرد.
ڕووداو: کەی؟
مەلا بەختیار: 13 بۆ 14 ساڵ لەمەوبەر، کاک مەحموودی حاجی ساڵح لە کۆبوونەوەکە بووە، کاک عومەر ئەحمەد کە ئێستا بەرپرسی مەڵبەندی شارەزوورە لە کۆبوونەوەکە بوو، لەوێ دوو، سێ پێشنیارم بۆ کرد: یەکەم- تکایە، تکایە ئایدۆلۆجییەت بۆ ویژدان هەڵبگرن، ئایدۆلۆجییەت مەسەپێنن، ئیدارە خزمەتی دەوێت. دووەم- وتم، سەردانی بەغدا، تاران و ئەنقەرە بکە، لە دەرگای دەوڵەتە گەورەکان بدە. وتی 'چۆن بیکەین؟' ئەوەی بە ئێمە کرا، هاوکاریمان کرد و ئەنجاممان دا، ئەو کاتە و دوای ئەوەش زۆر پێداگر بووم لەسەر ئەوە، لەگەڵ ئەوان، قەندیل، پەیەدەش. کە بۆ قامیشلۆش ڕۆیشتم، پێداگیریم کرد و وتم ئێوە یەک قوڕگتان هەیە، ئەو قوڕگە بەدەست پارتییەوەیە، قوڕگی ئابووری، بۆیە نێوانی خۆتان لەگەڵ پارتی چاک بکەن. ڕەنگە لە ژیانی خۆم دا لە دەرەوەی وڵات لە سووریا و لێرە، لایەنی کەم 30 بۆ 35 جار ئەمانەم بینیوە و ئەو قسەیەکم بۆ کردوون، پێم گوتوون ئەگەر کێشەکانتان لەگەڵ پارتی چارەسەر نەکەن، ئێوە هەڵە دەکەن. خۆشبەختانە ئێستا ئەزموون و زەمەن دەریخست دەبێت کێشەکان چارەسەر بکەن. چی دەبێت؟
ڕووداو: ببورە بەر لەوەی بڵێت چی دەبێت، بەمنزیکانە هیچ پەیوەندیت لەگەڵیان دا نەبووە؟
مەلا بەختیار: پەیامم ناردووە.
ڕووداو: لەبارەی؛ چی دەبێت؟
مەلا بەختیار: پەیامم ناردووە چی بکەن باشە کە بە ڕای من، بە مۆڵەتی خۆیان ئەم قسەیە دەکەم، نە دەبوو بچنە حەلەب، چوون و دەریانکردن، نەدەبوو بچنە دێرەزوور و منبج، چوون و دەریانکردن، بەڵام لەو شوێنانەی هەن، شوێنی حەڵاڵی خۆیانە. ئێستا بەرگری لە خۆیان دەکەن، ئەم بەرگرییە هەقی خۆیانە. هەر لە سەرەتاوە ڕام وابوو کە بەشار ڕووخا، ڕاگەیێندراوێک دەربکەن و بڵێن ئێمە لە بارودۆخێکدا درووست بووین و ئێوەش لە بارودۆخێک دا درووست بوون، ئێمە ئێستا لە سەنگەری بەرگریی خۆمان دەمێنینەوە و دەرگامان بۆ هەموو چارەسەرێک کراوەیە، یەکسەر ئەم ڕاگەیێندراوەیان دەرکردبا، هەرچەندە دوای ئەوە بە چەند هەفتەیەک، دوو هەفتە ئەمەیان گوت، وتیان ئێمە فیدراڵیمان ناوێت، لامەرکەزیمان دەوێت و ئامادەین لەسەر بابەتی سەربازیش گفتوگۆ بکەین و ئامادەین بێنە شام، ئەوەتا چەندین گفتوگۆشیان کردووە. ئەمە بە کارێکی عاقڵانە دەزانم، عەقڵانییەتی سیاسی ئەمەیە.
ڕووداو: واتا، وەکوو دەگوترێت داهاتووی ڕۆژاوای کوردستان لەگەڵ سووریا ڕوون دەبینی؟
مەلا بەختیار: 50٪ بەڵێ.
ڕووداو: بەڵام سووریا جگە لە ئەوروپا، دوو هێزی گەورە لەوێ ئامادەییان هەیە، کە یەکێکیان تورکیایە و ئەوەی دیکە ئەمریکایە کە ڕەنگە بەرژەوەندیی هەردوولایان بە شێوازی جیاجیا بەریەکێکەوتنی تێیدا ڕووبدات، جا لەوەوە دەمەوێت بۆچوونت بزانم لەسەر ئەوە، دواتریش خۆشت باست کرد؛ لەبارەی ئەو پڕۆسەی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستی پێ کردووە، ئەم دوو هێزە لە سووریا چ بەرژەوەندییەکیان هەیە، کە وایان لێبکات پێکدادان درووست بێت؟
مەلا بەختیار: زۆر جوانە با لە باکوورەوە دەستپێبکەین، دەرفەتتێکی مێژووییە هاتووەتە پێشەوە، ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە. لەگەڵ پەکەکەش ئەم قسانەم کردووە؛ 10 ساڵ، 15 ساڵ لەمەوبەر. یەکەمین دیداری من لەگەڵ یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکە کە ناوی فەرهاد ئۆجەلان بوو، برای عەبدوڵڵا ئوجەلان بوو، پێم وت کاکە لە دوای جەنگی سارد خەباتی چەکداری ستراتیجیی ڕزگاری گەلان نییە، جەنابی ئۆجەلانیشم لە ماڵی مام جەلال لە دیمەشق بینی، ئەم قسەیەم پێگوتووە، گوتوومە تەواو، خەباتی چەکداری ئەو ستراتیجییە بەدی نەهێنێت، هیوا گیان، تۆ دەزانی ساڵی
1989 پەرتووکێکم بە ناوی شۆڕشی کوردستان و گۆڕانکارەکانی سەردەم نووسیوە، لەوێدا گوتوومە ستراتیجیی چەکداری کۆتاییهات. دوێنێ گوێم لە چاوپێکەوتنی کاک مەسعود بوو، هەمان قسەی کرد، زۆرم پێخۆش بوو هەمان قسەی کرد، پەکەکە 40 ساڵە هەن و خۆیان گرتووە، نە تورکیا توانی پەکەکە لەنێوبەرێت نە پەکەکەش توانی بەشێک لە ئامانجەکانی لە باکوور بەدیبهێنێت. کەواتە دەبێت ناوەڕاستی ڕێگا ببینن، جارێ لەسەر مافە سیاسییەکان دەبێت دەسەڵات بدرێت بە جەنابی ئوجەلان گفتوگۆ بکات. دووەم دیدار لە ئیمرالی باشتربوو لە یەکەم دیدار. وابڵاوکراوەتەوە پەیامی هەیە بۆ قەندیل، سڵاوی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش ناردووە، منیش لێرەوە سڵاوم بۆ هەردووکیان هەیە و بۆ هەموو هاوڕێ گیراوەکان و ئومێدی بەردان و ئازادیم بۆ ئەوانە. پێم وایە ئەگەر پەکەکە، ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لەسەر ئەو مافە سیاسییانە ڕێکبکەوێت، ئینجا لەسەر بابەتە سەربازییەکانی پەکەکە ڕێکبکەوێت، ئەوا ڕۆژاوای کوردستان زیاتر گەرەنتی دەکرێت بۆ چارەسەر، ئەگەر ڕێکنەکەون و لە باکوور، گارە، قەندیل و کوێ و کوێ شەڕ بەردەوام بێت، من ترسم هەیە بۆ ڕۆژاوای کوردستان. باسی ئەمریکا و تورکیات کرد، تورکیا بەرژەوەندیی جیۆپۆلیتیکی هەیە، سووریا بۆ تورکیا زۆرزۆر گرنگە، نابێت بە ڕۆمانسییەتی شۆڕشگێرانە ئەمە وەلابنێین، تورکیا وڵاتێکی گەورەیە، دوو وڵاتی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوراست هەن ئەوانیش تورکیا و ئێرانن، کە کاریگەرییان لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان، تورکیا لە سووریا بەرژەوەندیی زۆرە و ئەمنیشی لەوێ هەیە، ئەمنی گەورەی لەوێ هەیە، بۆیە ئەم دەرفەتە، هەرگیز ئەم دەرفەتە لەدەست نادات. چارەسەر ببێت ئەوە تورکیاش تێدەپەڕێنێت، چارەسەر نەبێت، بێگومان ئەجێندای سەربازی لە تورکیا تا ئێستا بەهێزە. ئەمریکا جیایە، ئەمریکا پێچەوانەی تورکیا سەیری پەیەدە دەکات و پێشموایە بوونی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان بڕیارێکی سەرپێی نییە، ئەمە پەیوەندیی بە هەموو هاوکێشەکانەوەیە، لە زۆر شتدا تورکیا و ئەمریکا ناکۆکن لە داگیرکردنی قوبرسەوە ناکۆکن هەردووکیشیان ناتۆن، لەمەشدا ناکۆکن.
ڕووداو: باشە باسی ئێرانت کرد، پرسیارێک لەوە دەکەم، بەڵام بەرلەوە هەر لەبارەی باکوورەوە زۆرجار کورد هەندێک بە قورسی دەزانێت بڵێت فڵانە شت مەکە، واتا ئەمەی کە دەگوترێت با پەکەکە چەک دابنێت کە ناوی چەک دانانی لێبنرێت، ڕەنگە قورس بێت بۆ مێنتاڵییەتی کورد و هەر نایەوێت ئەمە ببیستێت؟
مەلا بەختیار: هەر خۆی بۆ سایکۆلۆجیەتی کورد قورسە، ئێمە لە شاخ مەرگی خۆمان دەخواست نەوەک چەک دابنێن.
ڕووداو: بەڵام ئەمە دەتوانرێت بە ناوی دیکە و ڕێککەوتنی دیکەوە جێبەجێ بکرێت، وانییە؟
مەلا بەختیار: بەڵێ وایە، من وتم بە ڕێککەوتنی سیاسی دواتر بڕیاری یاسایی لە پەڕڵەمانی تورکیا جەخت لە ڕێککەوتنەکە بکاتەوە.
ڕووداو: باسی ئێرانت کرد، گوتت لەگەڵ تورکیا دوو وڵاتی گرنگی ناوچەکەن، ئەو گرنگییە یان بابڵێن ئەو هەژموونەی کە ئێران وەک وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە هەیبوو لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، ماویێتی؟
مەلا بەختیار: نەخێر، ئەو هەژموونەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکوو دەگاتە یەمەن، کەنداو، دەریا سوور و ئەوانە هەیبوو، بە ڕووخانی بەشار لایەکی دیوارەکە ڕووخا، بێگومان ڕووخا ناکرێت ئەمە نکۆڵی لێ بکرێت، بە نکۆڵی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوی سیاسی ناکرێت، بە خوێندنەوەی قووڵ مامەڵەی لەگەڵ دا دەکرێت، لەبەر ئەوە ئێران بمانەوێت یان نا، وەکوو لە پێشەکی گوتوومە و لە وتارێکیش دا نووسیمە، ئێران ساکاوە. بە ڕای من ئێران دەبێت دەرفەتێک بدات و بزانێت ئەم حکومەتەی سووریا چۆن حکومرانی دەکات، دژایەتیی ئەم حکومەتە لەلایەن ئێران یان هەر گرووپێکی دیکەوە، هەڵەیە.
ڕووداو: باشە، گوتت بەشێکی دیوارەکەی ئێران ڕووخاوە، دەمەوێت لەوەوە بچمە سەر بابەتی ئێراق، کاریگەریی ئێران بەسەر ئێراقیشەوە هەر بەشێکە لەو دیوارە ڕووخاوە و نەماوە؟ یان کەمبووەتەوە؟
مەلا بەختیار: ئێران، سەرەڕای ئەوەی ڕووخانی بەشار گورزێکی گەورە بوو بۆی، بەڵام بێگومان هێشتا ئێران پێگەیەکی بەهێزی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا هەیە، توانایەکی بەهێزی لە ڕۆژهەڵاتی نێو ڕاست دا هەیە، بەتایبەتیی لە ئێراق
250 بۆ 260 هەزار هێزی چەکداری حەشدی شەعبی، فەسائیل و ئەوانە هەن، کە ئەمانە بە پشتیوانیی و دۆستایەتیی ئێران کاری خۆیان دەکەن، لەبەر ئەوە پێم وایە ڕەنگە ئێران لە سووریا وانە وەربگرێت و وەکوو جاران مامەڵە لەگەڵ ئێراق نەکات، هەوڵیش بدات ئێراق بپارێزێت لە لێدانێکی کوشندە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە. ئاگادارم پێش ڕووخانی بەشار زۆر دەترسان حەشدی شەعبی و فەسائیل هەڵەیەکی وا بکەن، بەشار دژی ئیسرائیل تووش بکەن و فریانەکەوتن و دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە گۆڕا. سەیر ئەو سەفەرەی بەڕێز سوودانی بۆ لای مەقامی ڕابەری گەورەی ئێران ئەنجامەکەی چی بوو؟ ئایا جەنابی خامنەیی هیچ گفتێکی بە سوودانی دا کە حەشدی شەعبی یان فەسائیل دابین بکات؟ نا یەکسەر پێی گوتبوو پشتیوانیی حەشدی شەعبی بکە و دەستیان واڵا بکە، ئەمانە هێزێکی گرنگن دژی ئیسرائیل و دژی ئەمریکا وای پێگوتبوون. من دەروون شیکاریم بۆ ئەم پەیامە کرد، یەکسەر سوودانی دەستێکی کەوتبوو بەملا و دەستێکی کەوتبوو بەو لایە، یانی چی بڵێت؟ ناتوانێت لەوێ بڵێت نا، چونکە سیاسەتەکە ڕۆشن بوو، کە سوودانی دەبێت پشتیوانی ئەمانە بکات، بەڵام وردەوردە دەرکەوت ئەم حەشد و فەسائیل تێدەگەن دۆخەکە زۆر هەستیارە و وەکوو جاران داشەهارە نین بە عەرۆجی خۆیان مامەڵە بکەن.
ڕووداو: زۆر سەرکردەیان خۆیان شاردووەتەوە؟
مەلا بەختیار: هەواڵ هەیە کە زۆربەیان خۆیان شاردووەتەوە.
ڕووداو: کەواتە ئێستا حەشدی شەعبی و فەسائیلەکان وەکوو مەترسی لەسەر ئێراق ماون؟ مەترسیشن لەسەر ئێران؟
مەلا بەختیار: بەڵێ ئەگەر فەسائیل و حەشدی شەعبی دۆخەکە وەکوو خۆی نەخوێننەوە و توانای کاردانەوەی تەکنەلۆجی جەنگیی ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمریکا وەکوو خۆی نەخوێننەوە و هەڵەی قورس بکەن بەرانبەر ئیسرائیل، ئەوە پێم وایە ئیسرائیل دەستێکی کوشندە دەوەشێنێت، دەرکەوت لەتەکنەلۆجیای جەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیسرائیل شاسوارە.
ڕووداو: نەک شاسوار عەبدولواحید...
مەلا بەختیار: ئەویش ڕێزێکی هەیە.
ڕووداو: لە بابەتی ڕۆڵی ئێران بەسەر ئێراق بەتایبەتیی لە هەندێک پڕۆژەیاسا کە دەگوترێت لەژێر کاریگەریی ئێرانە و بەتایبەتیی شیعەکان زۆرتر باڵادەستن، لەو ماوەیەدا سێ هەموارە یاسا و بڕیار لە پەڕڵەمان دەنگیان لەسەر درا لە پەڕڵەمانی ئێراق مەبەستمە، ئەوانە بەسترانەوە بەیەکەوە و بەشێکیان پەیوەندییان بە زەویوزار و مافی خەڵکی کورد و تورکمانەوە هەبوو، بەشێکیان پەیوەندییان بە ژن و ژنخوازی و یاسای باری کەسی و ئەوانەوە هەبوو، بەشێکیشیان پەیوەندییان بە سووننەکانەوە هەبوو. لە گرێدانی ئەم سێیانە بەیەکەوە، کورد زەرەری کرد یان قازانج؟ ڕات چییە لەسەر هەمواری یاسای باری کەسی؟
مەلا بەختیار: یەکەم لەوە دەستپێدەکەم پەڕڵەمانی ئێراق بەو پێکهاتەی ئێستا هەیە، بڕیار دەدات، 300 هەزار دۆنم زەوی بداتەوە بە جووتیاری کورد و تورکمان، ئەمە یانی چی؟ یانی لەوەتەی دەوڵەتی ئێراق هەیە، لەوەتەی بەعس هەیە، ستەمی کردووە، بیرت نەچێت، بەعەرەبکردن سەرەتا لە سەردەمی پاشایەتییەوە هاتووەتە حەویجە و دەوروبەری کەرکووک، لەوەوە هاتووە.
ڕووداو: لە 1927ەوە هاتووە.
مەلا بەختیار: لە 27ەوە هاتووە، باشە ئێستا ئەمە یانی چییە؟ یانی ئەمە ستەمێکی گەورەیە، هەمیشە کورد گوتوومانەی ئەی هاوار.. ستەممان لێدەکەن و ئێمە بەرگری لە خۆمان و خاکمان دەکەین، کەس باوەڕی نەدەکرد، ئێستا خۆیان دانی پێدا دەنێن. بەڵام بەڕاستی من تۆزێک سەرسووڕمانم هەیە لە پاکێجی هەر سێ یاساکە بەیەکەوە. ئەمە بەڵگەی ئەوەیە لەم وڵاتەی ئێمە دا، لەم پەڕڵەمانە بڕیارێکی تەندرووست تێناپەڕێت ئەگەر ڕێککەوتنی پێکهاتەکان نەبێت و هاوسەنگییەکەی ڕانەگرن، کورد، سوننە و شیعە هەریەکە و بەشی خۆی برد، دەستوورەکەشمان وانووسراوە هاوبەشین لە ئێراق. دەرکەوت هێشتا فیلتەرەکان وەکوو خۆیانن، ئەم سێ بڕیارە سێ خانەی جیاوازن، جارێ زەوی جووتیاری کورد و تورکمان مافی خۆیەتی، لێبوردنی گشتیش بڕیارێکی مرۆییە و مافی خۆیەتی. ئەوەی تایبەتە بە بەشوودانی منداڵی تەمەن 9 ساڵ، ئەمە بڕوای ئایینییە و ناتوانین بەرپەرچی بدەینەوە، زۆر شت سەتان ساڵ لەمەوبەر سەپێنراوە و وردەوردە فەزاکەی گۆڕاوە، پێم وایە لە کۆتاییدا ئەم بڕیارە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.
ڕووداو: لە دوای هەموو ئەوانە، بە دڵنیاییەوە خەڵک ئێستا ئەو پرسیارەی هەیە، بەڕێز مەلا بەختیار ئێستا چی دەکات و سەرقاڵی چییە؟
مەلا بەختیار: من پەرۆشی کوردم، پەرۆشی دیموکراسیم، پەرۆشی ڕۆشنگەریم، دەنووسم، هێشتا ماڵپەڕی چاودێر و ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر بە هەموو پێکهاتەکان هەیە و بەڕێوەیدەبەم، زۆرزۆر چاودێریی دۆخی سیاسی دەکەم، پەیوەندیی سیاسیم لەگەڵ هەموو لایەک باشە. دیارە ڕەخنەیەکی زۆرم هەیە لە سیاسەتی یەکێتی، هەڵوێستێکی زۆر جیاوازم لەگەڵ سیاسەتی یەکێتی دا هەیە، بەڵام دڵنیا بن هەرگیز نایگەیێنمە ئەوەی بکەومە دوژمنایەتیی یەکێتی، یان بچمە پاڵ لایەک دژی یەکێتی، ئەمە ناکەم.
ڕووداو: یان واز لە یەکێتی بێنم؟
مەلا بەختیار: من تاوەکە سێیەم کۆنگرە و نووسینی بەرنامە و پەیڕەوی یەکێتی لە سێیەمین کۆنگرە، کە خۆم سەرپەرشتیم کردووە و پێشەکییەکەشی خۆم نووسیومە، شانازی بە یەکێتیبوونی خۆمەوە دەکەم، بەڵام دوای ئەوە، خۆتان دەزانن وەکوو هەموو حیزبێک لە دونیا کێشەی گەورە کەوتووەتە نێوی، جیاوازیی زۆر قووڵ کەوتووەتە نێوی، باوەڕ بکە ئەم جیاوازییە و بەئاشکرا هەڵوێستی من، زۆر باشترە لەوەی کە خۆیان لەنێو خۆیاندا کێشەیان زۆرە و بەشێکیان لە من زیاتر نیگەرانن، بەڵام ناوێرن بیڵێن.
ڕووداو: ئەمە لە کوردیدا پێ دەڵێن ژیلەمۆ، خۆڵەمێشێکی بەسەرەوە...
مەلا بەختیار: ژیلەمۆ، ڕەنگە شەماڵێک بیخڵێشێنێتەوە. من ڕێزم هەیە، هیچ ئەملاولای نییە، حەزدەکەم ئەمە لە ڕێگەی ڕووداو ڕابگەیێنم، ئەوپەڕی شانازی بە مێژووی یەکێتی دەکەم، سەریشم لە ئاستی کێلەکانی شەهیدەکانی یەکێتی دادەنەوێنم، کە هەر لەنێو مەفرەزەکانی من ڕێکمخستوون، 28 کەس شەهید بوون. خۆم لەنێو یەکێتی و لە پێناو یەکێتی 7 جار، بە ژەهردخواردکردنەوە کە یەکێتی خۆی کردی، 8 جار هەوڵی کوشتنم دراوە، هەرگیز دەستبەرداری ئەو مێژووە نابم، کەسیش چاوەڕوانی ئەوە نەکات دەستبەرداری بم. کەسیش لەو مێژووە، دوای مردنی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، لە خۆم شارەزاتر نابینم، ماندووشم لەو مێژووە، بەڵام تووشی هەڵدێر و هەڵە نابم، کەس پێشبینیی ئەوە نەکات بە پڕوپاگندە و درۆ هانم بدەن تووشی هەڵەم بکەن، نا من ئەوە ناکەم.
ڕووداو: باسی ژەهرخواردنت کرد، کاتی ئەوە نەهاتووە ئاشکرای بکەی؟
مەلا بەختیار: باوەڕ بکە ڕۆژێک ئاشکرای دەکەم، وەکوو قومبەلە بتەقێتەوە، ئێستا لەوە زیاتر قسە ناکەم.
ڕووداو: پەیوەندیت، یانی هیچ گوشارێکی یەکێتیت لەسەر نییە؟
مەلا بەختیار: جگە لەو تاوانەی بەرانبەر چاودێر کردیان، هەروەها ئەو شانۆگەرییە شەرمەزارییەی بەناوی فێستیڤاڵی گەلاوێژ کردیان، هیچ گوشاری دیکەم لەسەر نییە.
ڕووداو: پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی، یان ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان چۆنە؟
مەلا بەختیار: ناتوانم مێژووی هاوبەشمان عەیبدار بکەم، لەبیرمە و ڕێزی دەگرم.
ڕووداو: لە کاتی داخستنی چاودێر، زۆر کەس هاتنە لات و پشتیوانییان کردیت، ئەوانە وەکوو خۆیان ماون؟
مەلا بەختیار: یەک کەسم نەزانیوە پەشیمان بووبێتەوە.
[1]