ناونیشانی بابەت: گیانباز
نووسەر:
دابان عەتاردابان عەتار
گریمانەی یەکەم
ئەگەر کارەکەم سەری گرتبا، خەڵکەکە بەوشێوەیە قسەیان دەکرد:
” بەخوای ئازا و لێهاتووە”
“پیاوێکی شارەزا و پۆڵایینە”
“دڵێکی هەیە لە ڕەگەزی پۆڵا”
“ئەوەیە نموونەی مرۆڤی باڵا”
ئەوانەی لە پەرەپێدانی مرۆیی نووسەر یان وتارخوێن بوون، دەیانگوت یان دەیاننووسی: باوەڕبوون بەتواناکانی خود مرۆڤ دەگەیەنێتە ئەو سەرکەوتن و ناوبانگە.
سینارستەکان شاگەشکەدەبوون، کە بابەتێکی باشیان دەست دەکەوت بۆ نووسینی فیلمێک. ڕۆژنامەنووسەکان دەرگای ئۆفیسەکەیان بەرنەدەدام، دەبووایە دوای ئەوەی بێزار دەبم لە وەڵامدانەوەی پرسیارە بێسەروبەرەکانیان لە هەوڵی ڕاکردن دابم لێیان و کارم ببێتە خۆشاردنەوە. نووسەرانی شەیدای ناوبانگ لە هەوڵی ئەوەدا دەبوون چۆن چیرۆکەکەم بکەنە نووسینێکی وا بتوانن ناوبانگێکی باش به و هۆیەوە پەیدا بکەن
گریمانەی دووەم
ئەگەر کارەکەم سەری نەگرتبایە
قیژەقیژی ئافرەتان ئەو ناوەی بەجۆش دەهێنا. کچێکی گەنجی شیکپۆک هاواری لێ بەرزدەبووەوە:
“دەبوو بەر لەو کارەبگرن”
پیرەپیاوێک سەری لەبناگوێی ئەوەی تەنیشتی دەنا و بە دەنگێکی تژی گاڵتەوە دەیگوت:
“وەللە لە تڕێ سەی چوو”
پیاوێکی خڕکەلانەی سەر ڕووتاوە لە کاتی بیستنی هەواڵەکەدا دۆخی دانیشتنەکەی دەگۆڕی، بەوپەڕی متمانەبوون بە ئاوەزی خۆیەوە ڕوو لە ئەندامانی خێزانەکەی دەکرد و ئەم دێرانەی دەگوت:
“وەرە بەشەر ئەوەندە کەر بی! ئاخر ئەوە کەی کاری کردەیە؟ قوڕعان بەحەقت بە ساحێبت لەوەتەی هەم لەو کەسەی کەرترم نەدیوە”
پۆلیس ئەو هاوڕێیانەم کە دەستیان هەبووە لەو کارەدا دەستگیر دەکەن. ڕاگەیاندنەکان ئەمجارەیان نایەن باس لە پاڵەوانییەتى من بکەن. ڕۆژنامەنووسان بێزارم ناکەن، بەڵکوو ئەم جارە نەیارانە دەدوێنن و فەیلەسوفانی پشتی ڕووداوەکان بێزار دەکەن، بێزارکردن نا، بەڵکوو دەرفەتی زۆربڵێیی زیاتریان بۆ دەڕەخسینن. دوای چەند هەفتەیەکیش ناوی من لە کولەکەی تەڕیش دیار نامێنێت، یان بۆ هەتاهەتایی ناوبزدەبم، یان بۆ هەتاهەتایی وەک هێمای کەریەتی مرۆڤ دەمێنمەوە.
گریمانەی سێیەم
ئەگەر ئەو ڕووداوەی من فیلمێک بوایە، ئەو کاتە دوو دید دەبوو بۆ بینینی ڕووداوەکە:
1- دیدی بینەران ( دیدی دوای مۆنتاژ و فێڵەکانی چاوبەستی سینەمایی)
کوڕێکی گەنجی باڵاڕێک، به و پەڕی متمانە بە خۆبوونەوە لەسەر تاوەرێک وەستاوە، دەچێتە سەر لێواری تاوەرەکە و سەیری خوارەوە دەکات. چاوانی دادەخات و هەناسەیەکی قوڵ هەڵدەکێشێت… دیمەنێکی تر دەردەکەوێت، منداڵێکی هەشت ساڵی دەستی دایکی گرتووە و بە ژێر تاوەری هەورکونکەر تێ دەپەڕن. منداڵەکە دەوەستێ، سەری بەرزدەکاتەوە و بە پەنجەی ئاماژە بۆ چەند خاڵێکی ڕەش دەکات لەسەر لوتکەی تاوەرەکە دەڵێت:
“دایکە ئەمانە چین؟”
دایکەکە: “کوڕی خۆم ئەمانە کرێکارن.”
لەو کاتەدا یەکێک لەو خاڵە ڕەشانە بەردەبێتەوە و تا دێت قەبارەی خاڵە ڕەشەکە گەورەتردەبێت. چەند مەترێک لە دووری ئەوان پیاوێک دەکەوێتە سەر زەویەکە و خوێن دەپڕژێت. چەند قەترە خوێنێک بەر دەموچاوی منداڵەکە دەکەوێت.
دایکەکە دەقیژێنێت و دەستی بەچاوی منداڵەکەوە دەگرێت. گەنجەکە ڕاچڵەکی! سەیرێکی خوارەوەی کرد، لەژێر لێوەوە گوتی: “دەبێت سەرکەوم.”
بێتەلەکەی دەرهێنا و پەیوەندی بەچەند ژمارەیەکەوە کرد: “دەست پێ بکەن.”
لەو کاتەدا چەند پۆلیسێک لەناو بەرزکەرەوەکەدا بوون و زۆریان نەمابوو بگەنە سەرەوە، ئەفسەرەکەیان بێ تەلەکەی لە لێوی نزیک کردبووەوە: “بەزووترین کات بگەنە شوێنی مەبەست. دوای چەند خولەکێکی تر ئێمە دەگەینە شوێنەکە.”
کچێک و کوڕێکی گەنج لەسەر شەقامەکە هاواریان دەکرد: “سەرنج بدەن، لەسەر تاوەرەکە گەورەترین سەرکێشی لە مێژووی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت.”
کوڕێکی موو زەردەی لاواز لە شاشەی چەند کەناڵێکی پڕبینەری جیهانی دەرکەوت:
“بینەرانی بەڕێز ببورن ئەگەر لە کاتێکی خراپدا دەرکەوتووم، تەنیا دەمەوێ سەرکێشیەکی گەورەتان بۆ بگوازمەوە.”
لەنێو ستۆدیۆی تەلەڤزیۆنەکان شڵەژانێک ڕووی دا، بەڕێوەبەری ئەو کەناڵانە بەتوڕەییەکی زۆرەوە دەیگوڕاند: “ئەوە چییە؟! ئەوە چ مەهزەلەیەکە!”
جێبەجێکاران سەریان لەو ڕووداوە دەر نەدەکرد. بەڕێوەبەری پەخشی یەکێک لە کەناڵەکان لە پشتی کۆمپیوتەرەکەیەوە ئاگری لێ دەباری و خەریکی جنێودان بوو. چووبووە ناو بایۆزی کۆمپیوتەرەکەیەوە ، تا ئەو دەستە نهێنییە ئاشکرا بکات، کە دزەی کردبووە ناو کۆمپیوتەرەکانیانەوە و دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە. خێزانێک بەدیار یەکێک لەو کەناڵانەوە حەپەسابوون و سەرنجیان دەدا. خێزانێکی تریش بەهەمان شێوە. تا ئێرە بەرنامەکان بەپێی پلانەکە بەڕێوە دەچوون، بەوەی لە ڕێگای هاکەرێکی لێهاتووەوە دەستیان گرت بوو بەسەر پەخشی چەند کەناڵێک و ئەو سەرکێشیەیان پەخش دەکرد. لە شاشە گەورەکەی ڕێکلامی ئەو بەری شەقامەکەشەوە هەمان دیمەن پەخش دەکرا. یەکێک هاواری لێ بەرزبووەوە:
“سەرنج بدەن! ئەوە هەمان ئەو پیاوەی سەر تاوەرەکەیە”
خەڵکەکە پێکڕا ڕووی خۆیان سووڕاند و لە شاشە گەورەکەی ئەو بەری شەقامەکەیان ڕوانی. کامێراکە گوازرایەوە سەر کوڕە گەنجەکەی سەر لێواری تاوەرەکە، کوڕەکەش چارپایەکی هەڵگرت و چووە گۆشەیەکی تاوەرەکە، چارپایەکەی خستە سەر یەک پایە، بەهێواشی لەسەری دانیشت و دەستەکانی لێک کردنەوە، تاکوو هاوسەنگی خۆی بپارێزێت. لەو دەمەدا یەکێک لە دیار تەلەڤزیۆنێک دانیشتبوو هۆڕەهۆڕ دەگریا، لەوەیە وایزانیبێت ئەوە بۆخۆیەتی ئەو سەرکێشییە ئەنجام دەدا و سەرکەوتوو بووە… لەو دەمەدا چاوی چووە سەر پۆلیسێک لە دەرگایەکی تاوەرەکە هاتە دەر و هاواری کرد:
“وریابە!”
مۆسیقایەکی خێرا تەماشاکارانی فیلمەکەی ڕاچڵەکاند! ژنێکی گەنج لەڕیزی پێشەوە دانیشت بوو، لەگەڵ یەکەم نۆتەی مۆسیقاکە خزیە ژێرباڵی ئەو پیاوەی لە تەنیشتی دانیشتبوو، پیاوەکەش تووند شانەکانی گوشی و گوتی: “ئارام بە.”
مۆسیقاکە تادەهات خێراتر دەبوو… کوڕە گەنجەکە بۆ ساتێک خەیاڵی ڕۆیشت، خەریک بوو هاوسەنگی لەدەست بدات، بەڵام توانی بەسەر ترسەکەیدا زاڵ بێت. پۆلیسەکان بەرەبەرە نزیک دەبوونەوە و بەدەنگێکی پڕ لە ترس و هێواش دەیانگوت:
“وریابە! وەرەخوارەوە”
بەڵام کوڕەکە پێداگری لەوە کرد لەجێگاکەی خۆی نەبزوێ… سەری سووڕاند و ئیشاڕەتێکی هاوڕێکەی دا، هاوڕێیەکەی مایکەکەی بۆ فڕێ دا، ئەویش گرتییەوە و دەستی بەقسان کرد. لەو بەرزاییەوە قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد. دوای سەرکەوتنی کارەکە کوڕەکە ناوبانگێکی باشی پەیدا کرد. بینەرانی فیلمەکە لە کۆتاییەکانی فیلمەکە بە خرۆشاویەوە سەرنجیان دەدا و ترسی کەوتنەخوارەوەی ئەو کوڕە لەسەر ئەو تاوەرە بەرزەوە بەری نەدەدان. فیلمەکە بەشێوەیەک وێنەی گیرابوو، بینەر ئەوەی لەبیردەچوو لە فیلمێکی ئاوایی چاوەڕوانی کەوتنەخوارەوەی کاراکتەرە سەرەکییەکەی زۆر لاوازە.
2- ڕاستەقینەکان
(ئەودیو فێڵە سینەماییەکان)
دەبوایە بچمە ناو ستۆدیۆ سەوزەکەوە، شتێک نەبوو بەناوی سەرکێشی، بەڵکوو هەر بەتەنیا ئەوەندە بوو بتوانم بە جوانترین شێوە شێوەی ڕووخسارم بگۆڕم بۆ دۆخەهەستییەکان و تەواو. دەبوو بچمە گۆشەیەکی ژوورەکە و تەماشای ژێرپێی خۆم بکەم و چاوانم دابخەم، هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژم. دواتر چارپاکە هەڵبگرم، لەسەری دابنیشم و وەکوو باڵندەیەک باڵەکانی خۆم لێک بکەمەوە. دواتر داوای مایکەکەم دەکرد، دوای ئەوەی چەند قسەیەکم بە دەنگی بەرز دەگوتەوە، داوای چەند دارێکی یاریکردنم دەکرد، دەکەوتمە هەڵدان و گرتنەوەی دارەکان و یاریکردن پێیان. تەنیا ئەوەندەم لەسەر بوو بتوانم بەباشی ئەو یارییە ئەنجام بدەم، ئەوەکەی تر کۆمپیوتەرەکە ڕێکی دەخست.
بەرزەفڕی
ئامادەسازی تەواوم بۆ کارەکە کردووە، تەنانەت ژیاری هاوڕێم بەڵێنی پێ دام لەو کاتەدا وێنەکان بگوازێتەوە بۆ چەند کەناڵێکی پەخشکاری جیهانی، بەم ئاوهایە دوای سەرکێشییەکە تواناکانی خۆم بۆ هەموو جیهان دەسەلمێنم و بەناوبانگ دەبم. دەبێت ترسی ئەو خەڵکە لە سەرکێشی کەم بکەمەوە و پەیامێکیان پێ بدەم . با تێیان بگەیەنم هیچ شتێک نەکردە نییە. بەڵکوو بیسەلمێنم گەورەیی مرۆڤێک بەپێی باوەڕبوونییەتی بەخۆی و بەپێی هەوڵدان و بەرەنگاریەتی لە پێناوی باوەڕەکانیدا…
تا ئێرە هەموو شتەکان باش جێبەجێبوون. دوای دوو خوولەکی تر دەچمە سەر لێواری تاوەرەکە و بینای هاوڕێم لە بەردەمی کامێراکەدا دەردەکەوێت، بەپێی قسەکانی ژیاریش بێت توانیویەتی دەست بەسەر ئای پی (IP) کۆمپیوتەری چەند کەناڵێکی پەخشی جیهانیدا بگرێت و لەو کاتەدا وێنەکان دەگوازێتەوە بۆ پەخشی ئەو کەناڵانە. بەڵێ دڵنیایتکردمەوە لەوەی دەتوانێت ئەو کارە بکات، تەنانەت دڵنیاشی کردمەوە توانیویەتی دەستبەسەر شاشە گەورەکەی ئەوبەری شەقامەکەشدا بگرێت و وێنەکان لەوێشدا بەدەردەکەون. لەو کاتەدا من بەبێتەل هاوڕێیانی خوارەوەی تاوەرەکە ئاگاداردەکەمەوە، ئامادەبن و خەڵکەکە ئاگادار بکەنەوە، بینا لە بەردەمی کامێراکەدا دەستی بەقسان کردووە:
“بینەرانی بەڕێز ئێستا گەورەترین سەرکێشیتان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆ دەگوازمەوە، سەرکێشی لەسەربەرزترین تاوەری جیهان، تاوەری هەوربڕی بەناوبانگ.”
نما ڕووی کامێراکەی لەمن کرد، منیش چوومە سەر لێواری تاوەرەکە و پیێیەکی چارپاکەم لە لێوارەکە گیرکرد، بەهێواشی لەسەری دانیشتم و باڵەکانم لێک کردنەوە، تا هاوسەنگی خۆم بپارێزم. چەند چرکەیەک چاوەکانم لێک نا و هاوسەنگی خۆم ڕاگرت. هەموو بیرکردنەوە نەرێنییەکانم لەخۆم دوور خستەوە، هاوارێک ڕایچڵەکاندم:
“وریابە!”
لەگەڵ دەنگی هاوارەکە هاوسەنگیم لەدەستدا و چەرپاکە کەوتە جوولەجوول، پایەکەی لە قەراغی تاوەرەکە ترازا، ویستم خۆم فڕێ بدەمە بەری تاوەرەکە و بەرنەبمەوە، بەڵام نەمتوانی و بەخێراییەکی زۆر بەرەو شەقامەکە بەربوومەوە… هاوار هاوار لەناو خەڵکەکە بەرزبووەوە. تادەهات هەناسەم تەنگتر دەبووەوە.
گریمانەی دووەم وڕوکاسی کردم
حەزێکی لەمێژیینە و وروژاندنی گێڕەرەوە:
ئەو ڕۆژە بە شەقامی سەتوبیستییەکەدا تێ دەپەڕیم، بەنیازبووم بچمە ماڕکێتەکەی بەرانبەر تاوەری هەورکونکەر بۆ ئەوەی هەندێک پێداویستی بکڕم. وەک چەند جارە شتەکان زۆر ئاسایی دەهاتنە پێش چاو. بەهۆی کۆنتڕۆڵە بچووکەکەی دەستمەوە ئەو چارپایە ئەلکتڕۆنییە بزۆکەی لەسەری دانیشتبووم ئاڕاستە دەکرد. بەژێر تاوەرەکەدا ڕەت بووم. ویستم لە شەقامەکەوە بپەڕمەوە، لەناکاو گوێم لە دەنگێک بوو، کوڕێکی ڕەشتاڵەی باڵابەرز بوو، هاواری دەکرد:
“سەرنج بدەن! ئێستا سەرکێشیترین دیمەن دەبینن.”
کاتێک گوێم لە وشەی سەرکێشی بوو، لەجێی خۆم ڕەق بووم، ئاڕاستەی ڕۆیشتنەکەم بەرەو ڕووی کوڕەکە گۆڕی. لە ماوەی چەند خوولەکێکدا ژمارەیەکی زۆر خەڵک کۆبوونەوە. ئاماژەی بۆ لووتکەی تاوەرەکە دەکرد. سەرنجم دا، یەکێک لەسەر لێواری تاوەرەکە وەستا بوو، وەکوو خاڵێکی بچووک دیار بوو. لەشاشە گەورەکەی ئەو بەری شەقامەکەوە وێنەی کوڕێک بدەرکەوت، دەیگوت:
“بینەرانی بەڕێز ئێستا گەورەترین سەرکێشیتان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆ دەگوازمەوە، سەرکێشی لەسەربەرزترین تاوەری جیهان. تاوەری هەوربڕی بەناوبانگ.”
کاتێک گوێم لە وشەی سەرکێشی بووەوە مچوڕکێک بە موغەرەی پشتمدا تێپەڕى. کامێراکە وێنەی خاڵە ڕەشەکەی گواستەوە. کوڕێکی لاوازی موزەرد چارپایەکی لەسەر یەک پایە لەلێواری یەکێک لە گۆشەکانی تاوەرەکە گیر کرد بوو، خۆیشی لەسەری دانیشت بوو باڵەکانی لەیەک کرد بوونەوە. گوێم لە دەنگی چەپڵە و فیکەی خەڵکەکە بوو. خۆمم بیرهاتەوە ئەو کاتانەی لەناو یاریگا بەهۆی هاندانی هەوادارانمەوە دەخرۆشام، وەکوو پڵینگێکی بەهەڵمەت پەلاماری بەرانبەرەکەمم دەدا و لەدەست و پێم دەخست. فیکە و چەپلە کاسی دەکردی، گوێم لە هاوارێک بو:
“وریابە”!
لەودەمەدا سەرنجم دا، خەڵکەکە چەند هەنگاوێک دەکشێنەوە و هاوار هاوار لەناویاندا بەرزبووەوە. چەند چرکەیەکی نەبرد کوڕەکە لەسەر تاوەرەکە بەربووەوە، چەند مەترێک لە دووری منەوە دەمەوڕوو بەر زەویەکە کەوت و شەقی برد. خوێن فیچقەی کرد. گوێم لێ بوو یەکێک هاواری دەکرد:
“دەبوایە کەسێک بەر به و کوڕە بگرێت.”
یەکێکی تر هەڵیدایێ: “بەر بەچی بگرین کاکه؟ تازە شتەکە لە دەستی کەسدا نەمابوو.”
پیاوێک لە لای چەپی منەوەبوو سەری لەبناگوێی کەسەکەی تەنیشتی ناو بە گاڵتە پێکردنەوە گوتی: “وەللە لەتڕێ سەی چوو”
چەند کەسێک خۆیان گەیاندە سەر لاشەکەی. کچێک وەک شێتی لێ هات بوو، هاواری دەکرد و لەخۆی دەدا، بەکەس نەدەگیرا. پۆلیسەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و چەند کەسێکیان قۆڵبەست کرد، خەڵکەکەیان دوورخستەوە. چەند هەفتەیەک باس باسی ئەو ڕووداوە بوو، دواتر بەرەبەرە لەبیرچووەوە، لەبیری کەسدا نەما. ئێستا من ئەو چیرۆکە دەنووسمەوە، هیچ کەسێک باسی ئەو ڕووداوەی لەبیر نەماوە، تەنیا کاتێک ئەگەر ئەو چیرۆکە بخوێننەوە لەبیریان بێتەوە. منیش هەرچەندی دەکەم ناتوانم ئەو چیرۆکەم بیربچێتەوە، نازانم هۆکارەکەی چییە! لەوانەیە هۆکارەکەی ئەوەبێت هیچ نەبێت ڕووداوێکی نزیک لەو ڕووداوە بەسەر من هاتووە. من باشترین یاریزانی مشتەکۆڵەبووم. هیچ یاریزانێک نەبوو خۆی لەبەرم ڕابگرێت. تەنیا من دەزانم چەپڵەی هەوادارانم چ وزەیەکیان پێ دەبەخشیم. ئەوەی حەزی پەیداکردنی هێز و ناوبانگ لەکەللەی نەدابێت ئەو کارەی بە خۆکوژی و کەرایەتی لێکدەداتەوە، بەڵام ئەوە بۆ من جیاوازبوو. منێک لەنیوەی ڕێگاکە لە چێژی گەیشتن بێبەش کرام. وامدەزانی کەس ناتوانێت خۆی لە بەرانبەرم ڕاگرێت و دەتوانم بەسەر هەمووکەسێکدا زاڵ بم. وام لێ هات گوێم بەسەرزەنشتی کەس نەدەدا. لە پێناوی ئامانجەکەم بەردەوام بووم لە بەرەنگاربوونەوە، تا ڕۆژێک پێش یاری کۆتایی پاڵاوتنەکانی ناوخۆیی بۆ یاریزانە باڵاکان، بەرەو ڕووی کەسێک بوومەوە. هەموو هەوڵێکی خۆم دا لە پێناوی مانەوە و زاڵبوون، بەڵام چەندی کردم نەمتوانی و بەسەختی کەوتم و دۆڕام، خۆم نەدەدا بەدەستەوە تا ملی سووڕاندم و بە جوولەیەک لەهۆشخۆم چووم. کاتێک بەئاگا هاتمەوە خاوەنی جەستەیەکی مردووبووم و چیتر پاڵەوان نەمابووم. کاتێک کەوتنەخوارەوەی ئەو کوڕەم بینی، ویستی نووسینی چیرۆکێک لە ناخمدا چەکەرەی کرد، چیرۆکی شکستەکان. چیرۆکی بەدی نەهاتنی هیوایەتەکان. ئیتر بێزاربووم لەو هەمووە درۆیەی لە چیرۆکەکاندا هەیە و بۆ هەمیشە پاڵەوانەکان دەبەنەوە.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!