ناونیشانی بابەت: دوورگەی تەنیا
نووسەر:
دابان عەتاردابان عەتار
-سەرەتا بیرۆکەبوو
”یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: باش نییە بۆ پیاو بە تەنیا بێت. یاریدەدەرێکی هاوشانی بۆ درووست دەکەم ”
پەیمانی کۆن/ پەیدابوون18
”ئینجا یەزدانی پەروەردگار ژنێکی لەو پەراسوە بوونیاد نا، کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو، جا بۆ پیاوەکەی هێنا. پیاوەکە گوتی: ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسکەکانم و گۆشتە لە گۆشتم”
پەیدابوون 22-23
”خوا ئەو زاتەیە، کە ئێوەی لە یەک نەفس درووستکردووە و هەر لەویش جووتەکەی بەدی هێنا، بۆ ئەوەی ئارامی لە کن بگرێت” قورئان/ الاعراف 189
بابەتی بەرنامەکە کە باسی لە پیاوێکی تەمەن حەفتا و یەک ساڵی دەکرد سەرنجی ڕاکێشای . تا ئێستا ژنی نەهێنابوو. سەرت هەڵبڕی و سەرنجت لەو وێنەیە دا کە لە سەروی تەلەڤزیۆنەکە لەسەر دیوار هەڵواسرابوو. چاوەکانت فرمێسکیان تێ زا. کەوتییە قسان لەگەڵ وێنەکە: نازدارەکەم! ئەگەر تۆ بۆ من نەبوویتایە، ئەو کات منیش دەکەوتمە بەردەم دووڕیانێکەوە، کە بڕیاردان تێیدا سەخت دەبوو. ئای هەی زەمان… هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا. هەنسکێک دەرپەڕی. …بەڵڵڵێ لە بیرمە. باشم لە بیرە، ئەو ڕۆژەی بە ڵێنمان بە یەکتری دا، کە یان دەبێت بە یەک بگەین یان ئەوەتا هەرگیز کەسێکی دیکە هەڵنابژێرین. ئەگەر تۆ بۆ من نەبوویتایە، دەبوو من لەنێوان ئەو دوو هەڵبژاردنە سەختەدا یەکیان هەڵبژێرم: یان ئەوەتا ڕاستگۆبم بەرانبەر بەڵێنەکەم و بۆ هەتاهەتایە ژن نەهێنم، یا ئەوەتا بەڵێنەکەم بشکێنم و یەکێکی دیکە بە شیاو بزانم. کەچی ئێستاش! ئااای هەی ئازیزم! ئاگات لێیە چۆن ئەو ژیانە جواوە بەردەوام ئێمەی لە یەک دوورخستووەتەوە؟! نازانم تۆیش ئێستا لە شوێنێکی دیکە چاوەڕوانی کەسێکی دیکەی، یان لە خەمی بێ وەفاییەکەی من سیس و ژاکاوی؟ دەبێت ئەو وێنەیەت داگرم تا لە بیرم نەچووە، چونکە دوای کاتژمێرێکی دیکە ژوانم لەگەڵ یەکێک لەو دۆستانەمدا هەیە، کە لە تۆ زیاتر بایەخم پێ دەدا. نازانم بۆچی ئەو قسانەت بۆ دەکەم؟ ئایا دەمەوێ بەم قسانە باری سەرشانم سووک بکەم؟! ئێستا دوای ئەوەی بەسەرهاتی ئەو پیرەپیاوەم بینی، کەڵکەڵەی نووسینی چیرۆکێک بە جۆشی هێناوم، وەلێ زۆر دەترسم لە بێویژدانیم! دەترسم لە بێ بەزەییم بەرانبەر چارەنووسی کاراکتەرەکانم. ئێستاش لەنێوان دوو بڕیاردا بەگیرهاتووم:
1-لە ترسی بێویژدانیم لە گێڕانەوەدا دەست بە نووسین نەکەم و بەرگەی ژانی ئەو بیرۆکەیەم بگرم.
. 2-چیرۆکەکەم بنووسم و گوێ بە کاراکتەرەکانم نەدەم
چەندی دیکە توانای خۆڕاگرتنم هەیە بەرانبەر نەنووسین؟ لە کاتێکدا من مەحکومم بە نووسین و تا ئێستا هەرگیز نەمتوانیوە لێی ڕابکەم و لە کۆتاییدا هەر خۆم داوە بە دەستەوە، ئەی بۆچی لێ بگەڕێم ئەم ئازارە زیاتر درێژە بکێشێ؟
-مرۆڤی تەنیا
من لە حیکمەتی ئەو ڕقە تێ ناگەم کە سەرتاپای مرۆڤەکانی ئێرەی تەنیووە. لە هەموو لایەکەوە دەنگی ڕق و توڕەیی دەبیسم. خوێن سەرتاپای دوورگەکەی گرتووەتەوە. مرۆڤی ئێرە زیاتر لە دڕندەیەک دەچێت. لەوانەیە ئەم دوورگەیە زۆرترین پەیامبەری لە ئاسمانەوە بۆ هاتبێت، کەچی پەیامەکانیان لە هێڵێ سەرەکی لابراوە و لە پێناوی خاڵیکردنەوەی ئەو ڕقە ئەستوورەیان ئاڕاستەیان کردووە. تێناگەم ئێرە لە چ شتێکی کەمە، کە ئاوا شەڕانگێز و تەنیاین. هەستکردن بەتەنیایی دەستی لە بینەقاقامان ناوە. خەریکە نامۆ دەبین بە خۆمان و لە پێستی مرۆڤ دەچینە دەرەوە. وەنەبێت سرووشت بەرانبەرمان بێ بەزەیی بێت. نەخێر هەر لە ماڵەکان بچینە دەرەوە هەست بە بەزەیی سرووشت دەکەین، وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا دڕندەیی مرۆڤەکان شانبەشانی دەڕوا. دوو ڕووبار بە سینگی ئەم خاکەدا دەخەشێ، کە گەنجینە و سەرمایەی خۆشگوزەرانییە، سازگارییەکەی مرۆڤ دەخرۆشێنێ، کەچی هەر ڕۆژەی بە خوێنێک پیس دەکرێت، هەر ڕۆژەی مەرەکەبی کتێبە فڕێدراوەکان تێکەڵ بە خوێن تابلۆیەکی خوێناوی پێ دەبەخشن و لێڵی دەکەن. تێناگەین بۆچی ئێمە بەو خاکەی ‘دایکی داوێن پیسان’ەوە بەستراوینەوە؟ دنیابینی ئێمە سنووردارە. ئێمە توانای بینین یان وێناکردنی ژیانمان نەبووە لە خاکێکی دیکە. کەسەکانی ئێرە یەک ڕەگەز بوون. بەڵێ من تێ نەدەگەیشتم کە ڕەگەزێکی دیکە بوونی هەبێت. ئێمە هەموومان پیاوانی هەوەسباز و شەڕانی بووین کە هەموو کوچەکانی ئێرەمان تەنیبوو. ئێستا تێدەگەم ئەو تەنیاییە چیبوو؟ ئەو ڕقە چیبوو. ئەو تێرنەبوونە چی بوو. ئەو کات چەند ساتێک بیرم لەوە کردەوە کە دەبێت هەڵەیەک لە نەخشەی ئەم شارەدا هەبێت. ئێمە ھەرگیز نەماندەتوانی ئۆقرە بگرین. تێرنەدەبووین. کاتێک ئامێرەکەمان ڕەق دەبوو، چاوەکانمان سوور هەڵدەگەڕا. سەرەتا دەستەکانمان بەکاردەهێنا بۆ خاڵیکردنەوەی خۆمان، دواتر پەلاماری یەکتریمان دەدا. دواتر مێردمنداڵانمان لاقە دەکرد، کەچی ئەو غەریزەیەی ناوەوەمان بە هیچ شێوەیەک دانەدەمرکایەوە! تا زیاتر ڕۆدەچووین زیاتر برسی دەبووین. ڕێگای دیکەمان تاقیدەکردەوە. گەیشتینە ئەوەی بە ڕقەوە شەهوەتەکەمان لە یەکتری بەتاڵ بکەینەوە. بەرەبەرەبەرهو دڕندەیی دەڕۆیشتین. سرووشتی بەهەشت ئاسامان گۆڕی بۆ دۆزەخێکی ڕەش. چیتر هیچمان نەدەچاند، بەڵکوو لە جێی ئەوە کەوتینە بڕینی دارەکان و سووتاندنیان. پاشماوەکانمان فڕێ دەدایە سەر شەقامەکان و گوومان دەکردە ناخی زەویەوە. ئەو ئاوی سازگاری پێدەداین ئێمە هیچ چێژێکمان لێ نەدەبینی، بەڵکوو چێژمان لەوە دەبینی میزی تێبکەین. هەستم دەکرد کەلێنێکی گەورە لەم دوورگەیەی ئێمەدا هەیە، بەڵام چ کەلێنێک و لە چیدا تێ نەگەیشتم. تا ئەو ڕۆژەی ئەو پەڕەیەم بینییەوە. کە چیرۆکێکی لێ نووسرابوو بەمشێوەیە دەستی پێدەکرد:
-سەرەتا بیرۆکەبوو
”یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: باش نییە بۆ پیاو بە تەنیا بێت. یاریدەدەرێکی هاوشانی بۆ درووست دەکەم.” پەیمانی کۆن/ پەیدابوون18
”ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێکی لەو پەراسوە بنیاد نا، کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو، جا بۆ پیاوەکەی هێنا.
پیاوەکە گوتی: ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسکەکانم و گۆشتە لە گۆشتم” پەیدابوون/ 22-23
”خوا ئەو زاتەیە، کە ئێوەی لە یەک نەفس درووستکردووە و هەر لەویش جووتەکەی بەدی هێنا، بۆ ئەوەی ئارامی لە کن بگرێت” قورئان/ الاعراف 189
باش لەو وشانە تێنەدەگەیشتم. ئەوە باس لەچی دەکات و باس لە کوێ دەکات؟ ئەو جووتەی باسی دەکات لە کوێیە؟ بۆچی دوورگەکەی ئێمە تەنیا یەک ڕەگەزی لێیە؟ ئایا دەبێت ئەو کەلێنە گەورەیە هەر هەمان نەبوونی وجودی ئەو ڕەگەزە بێ؟
ئەو پەڕەیە چۆن کەوتبووە دەستی من؟ چۆن ئەو ڕۆژە بە نیازی گەڕان بە دوای ئەو کەلێنانەدا خۆم بەو کتێبخانەیەدا کرد؟ من چۆن توانیم کتێبخانەیەک بدۆزمەوە، لە کاتێکدا هەموو کتێبەکانی سەر ئەم دوورگەیە لە ئاگری جەنگە نێوخۆییەکاندا سووتابوون؟ بیرم دێتەوە ئەو شەوە بە مەراقی ئەوەوە خەوم لێ کەوت، کە کتێبخانەیەک لەم دوورگەیە نەماوە تا من بە دوای زانیارییەکدا بگەڕێم تیایدا.
-خەوێک بوو
زەنگی مۆبایلەکەت لێی دا. دەستت لە نووسین هەڵگرت. دڵەکوتێت گرت. بیرت بۆ ئەوە چوو، کە دەشێ ئێستا زەنگی مۆبایلەکەی ئەویش لێی دابێت. وەڵامت دایەوە، بیرتکردەوە کە دەشێ ئەویش ئێستا وەڵامی بەڵێی دابێتەوە:
” زۆرباشە. کێشە نییە هەڵبەتە منیش حەزم لێبوو بایەکی بن باڵم بدەم و پیاسەیەک بکەم. تا نیو کاتژمێری دیکە لەوێ دەبم. زۆر باشە خۆشەویستم جارێ بای”
ئیستێکت کرد: ئەوە من بووم ئەو دێرەی کۆتاییم گوت؟ دەشێ هەر ئێستا ئەویش بەمشێوەیە تەلەفۆنەکەی بڕاندبێتەوە:
“زۆرباشە. کێشە نییە هەڵبەتە منیش حەزم لێبوو بایەکی بن باڵم بدەم و پیاسەیەک بکەم. تا نیو کاتژمێری دیکە لەوێ دەبم. زۆر باشە خۆشەویستم جارێ بای”
چەندجارێک وێنای ئەوت کرد، کاتێک بەمشێوەیە وەڵامی تەلەفۆنەکەی دەدایەوە. هەستت بۆ دەنگە ناسکەکەی ڕادێرا، بەڵام کاتت نەبوو زیاتر بیربکەیەوە. لە مێزەکە دوورکەوتییەوە و بەپەلە دەوێت جێهێشت. دەستت لە گیرفانەکانت نا و بە پیاسە شۆڕتکردەوە بۆ وێستگەی پاسەکەی خوار ماڵتان. لەنێو پاس دانیشتبوویت، وێنای ئەوەت کرد کە دەشێ ئەویش ئێستا لەنێو پاسێک دانیشتبێ و بەدەم بیرکردنەوە لە کەسێکی دیکەوە بەرەو ژوانەکەی بچێت. زەنگی مۆبایلەکەت ڕایچڵەکاندی!
“بەڵێ؟ بە ڕاستیتە ئازیز؟ قوربانی هەناسەکانت بم. هەڵبەتە… هەڵبەتە خۆشحاڵ دەبم کە بێی. بەڵێ ئەمشەو تەنیام. سوپاست دەکەم نازدارەکەم، قوربانت، کاتێکی خۆش”
مۆبایلەکەت داخستەوە. بیرت بۆ ئەوە چوو، کە ئێستا ئەویش لە پاسێکدا بە مشێوەیە وەڵامی تەلەفۆنێکی دابێتەوە:
“بەڵێ؟ بەڕاستیتە ئازیز؟ قوربانی هەناسەکانت بم. هەڵبەتە هەڵبەتە خۆشحاڵ دەبم، کە بێی. بەڵێ ئەمشەو تەنیام. سوپاست دەکەم نازدارەکەم، قوربانت، کاتێکی خۆش”
ڕووخسارت غەمێکی قوڵی لێ نیشت.
“هەتا مردن لەگەڵت دەبم، ئازیزم”
چرکەیەک ئەو وشانە لە گوێتدا زرینگانەوە. پاسەکە دوور کەوتبووەوە، کە تۆ بە ئاگا هاتی و زانیت شوێنی مەبەستت تێپەڕاندووە بەپەلە لە پاسەکە دابەزیت و خۆت گەیاندە قاوەخانەکە. ئەوت بینی، سڵاوێکت لێی کرد و لە بەرانبەری دانیشتی. تۆ و خوێنەرانیش ئێستا پرسیارێکیان لەلا درووست دەبێت، کە بۆچی تا ئێستا هەموو کەسەکان یەکێکن و هیچیان وەسفێکی جیایان نییە؟ بۆچی ژنەکان هەر ژنەکانن و سیفەتێکی شکڵی نییە بۆ جیاکردنەوەیان؟ لەبەر ئەوەی تۆ تا ئەو کات کۆتایی چیرۆکەکەت نەزانیبوو ئەو وەڵامە سەخت بۆت بوو و بۆ ئەو خوێنەرانەش کە ئەم چیرۆکە دەخوێننەوە باشترە جارێ ئەو پرسیارە هەڵبگرن. چاوەکانت بەرانبەر چاوەکانی ئەو بوو. وات هەست کرد ئەو ژنەکەی خۆتە و تۆیش پیاوێکی دیکەی و ژوانت لە گەڵیدا داناوە. بیرت بۆ ئەوە چوو ئەویش ئێستا لە قاوەخانەیەکی دیکەدا لەگەڵ پیاوێکی دیکە بە هەمان شێوەی تۆ ژوانی هەیە. بە دەنگی ”گیانەکەم” ڕاچڵەکای! بێ ویستی خۆت ناوی ژنەکەتت هێنا. ئەو ژنەی بەرانبەرت بە سەرسووڕمانەوە پرسی “چی؟! شتێکت وت؟”
تۆیش بە شڵەژاویەوە وەڵامت دایەوە” هیچ, هیچ! شتێکی وا نەبوو”
بیرت بۆ ئەوە چوو، کە ئێستا ژنەکەشت لە ژوانەکەیدا تووشی هەمان شڵەژان بووە بەڵام بە خۆتت گوت “دەشێ ئەو ئێستا لەگەڵ کە سێکی دیکەدا دڵخۆش بێت”
ژنەکەی بەرانبەرت پرسی” شتێکت گوت؟!”
گوتت “نا نا ھیچ نییە”
پرسی “چییە ئازیز پێ ناچێت ئەمڕۆ تەواو بیت؟! ھیچ بووە؟”
ویستت وەڵام بدەیەوە “هیچ نەبووە .” لەو کاتەدا زەنگی مۆبایلەکەت ڕایچڵەکاندی! نامەکەت خوێندەوە ”هەتا مردن لەگەڵت دەبم، ئازیزم. بێ تۆ ناتوانم! شەو لە ماڵ دەبم.”
ژنەکەی بەرانبەرت پرسی” ئازیز؟”
وەڵامیت دایەوە” گیانەکەم ببوورە من دەبێت بڕۆم کارێکم بۆ هاتە پێش.”
بەپەلە لە قاوەخانەکە دێیە دەرەوە و خۆت دەگەیەنیتەوە ماڵەوە. وێنەی ژنەکەت بە دیوارەکەدا هەڵدەواسیتەوە. تەلەفۆن بۆ ئەو ژنە دەکەی، کە بۆ شەو ژوانت لە گەڵی بەستبوو. پێی ڕادەگەیەنیت کە کارێکت هاتۆتە پێش. لەسەر قەنەفەکە دادەنیشیت و تەلەڤزیۆنەکە پێ دەکەی. لە یەکێک لە کەناڵەکان باسی ‘مام کانەبی’ دەکات کە تەمەنی حەفتا و یەک ساڵە و تا ئێستا ژنی نەهێناوە.
بابەتی بەرنامەکە سەرنجی ڕاکێشای، کە باسی لە پیاوێکی تەمەن حەفتا و یەک ساڵی دەکرد تا ئێستا ژنی نەهێنابوو. سەرت هەڵبڕی و سەرنجی ئەو وێنەیەت دا کە لە سەرووی تەلەڤزیۆنەکە لەسەر دیوارە هەڵواسرابوو. چاوەکانت فرمێسکیان تێ زا. لەگەڵ وێنەکەدا کەوتییە قسان ” نازدارەکەم! ئەگەر تۆ بۆ من نەبوویتایە، ئەو کات منیش دەکەوتمە بەردەم دووڕیانێکەوە، کە بڕیاردان تێیدا سەخت دەبوو. ئای هەی زەمان! هەناسەیەکی قوڵت هەڵکێشا. هەنسکێک دەرپەڕی. بەڵڵڵێ لە بیرمە. باشم لە بیرە ئەو ڕۆژەی بەڵێنمان بە یەکتری دا یان دەبێت بە یەک بگەین یان ئەوەتا هەرگیز کەسێکی دیکە هەڵنابژێرین. ئەگەر تۆ بۆ من نەبوویتایە، دەبوو من لەنێوان ئەو دوو هەڵبژاردنە سەختەدا یەکیان هەڵبژێرم: ئەوەتا ڕاستگۆبم بەرانبەر بەڵێنەکەم و بۆ هەتاهەتایە ژن نەهێنم، یان بەڵێنەکەم بشکێنم و یەکێکی دیکە بە شیاو بزانم. کەچی ئێستاش! ئااای هەی ئازیزم! ئاگات لێیە چۆن ئەو ژیانە جواوە بەردەوام ئێمەی لە یەک دوورخستووەتەوە؟! ئێستا وا هەست ناکەم، کە تۆ وەک من بیت. نەخێر ئازیزم، تۆ هەر مرۆڤەکەی جارانی. ئەوە منم نەمتوانی خۆشەویستیم نوێبکەمەوە و بە باق و بریقی دنیا خەڵەتام. بیرۆکەی نووسینێک وەگیری هێنای، ویستت بینووسی، بەڵام لە بێ ویژدانی خۆت ترسای. لە ژوورەکەدا کەوتییە پیاسەکردن. هەناوت دەکوڵا، فەوزای خەیاڵاتت تینی بۆ هێنای. خۆت پێ نەگیرا و خۆت بە ژووری نووسینەکەتدا کرد.
-سەرەتا وشەبوو
مرۆڤی تەنیا
(دوای ئەوەی ئەم دێرەت نووسی ، ئیستێکت کرد، ویستت درێژە بەم یارییە قێزەونە نەدەی، کە بەنیازبووی سازی بکەی، بەڵام نەتتوانی و درێژەت پێی دا (
من لە حیکمەتی ئەو ڕقە تێناگەم، کە سەرتاپای مرۆڤەکانی ئێرەی تەنیووە….
بیرم دێتەوە ئەو شەوە بە مەراقی ئەوەوە خەوم لێکەوت کە کتێبخانەیەک لەم دوورگەیە نەماوە تا تیایدا بەدوای زانیارییەکدا بگەڕێم. خۆم لەنێو کتێبخانەیەک بینییەوە. ژوورێکی چکۆڵانە بوو، لە دەرگاکەی چەند گوڵینگەیەکی سوور بە حەوادا کرابوون. ژوورێکی سەرتاپا شین بوو. ڕەفەی ڕەش بە چواردەوری ژوورەکەدا سووڕابوونەوە و پڕبوون لە کتێب. مێزێکی ڕەش لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا بوو و پڕبوو لە کتێبی هەڵچنراو. قەڵەمدانێک لە لەلایەکی مێزەکە دانرابوو. پەڕەیەک لە ناوەڕاستی مێزەکە دانرابوو، کە پێنووسێکی لەسەر بوو. نازانم بۆچی، بەڵام بێ ویستی خۆم پەڕەکەم هەڵگرت و کەوتمە خوێندنەوەی.
_مرۆڤی تەنیا
من لە حیکمەتی ئەو ڕقە تێناگەم، کە سەرتاپای مرۆڤەکانی ئێرەی تەنیوە. لە هەموو لایەکەوە دەنگی ڕق و توڕەیی دەبیسم. خوێن سەرتاپای دوورگەکەی گرتووەتەوە.
سەرم لەو قسانە سووڕمابوو! دەتگوت کەسێکە و باسی دوورگەکەی ئێمە دەگێڕێتەوە. دەبێت ئەو کەسە کێ بێ؟ بۆچی بەسەرهاتی ئێمە دەگێڕێتەوە؟! لە پێناوی چی دا ئەمە دەکات؟ دەرگای ژوورەکە کرایەوە، ڕاچڵەکیم!
کاتێک گەیشتییە ئەو وشەیە تۆیش ڕاچڵەکیت! بە سەرسووڕمانەوە لە خۆت پرسی” ئەوە کێ ئەو دێرانەی نووسیوە؟ خۆ من ئەو دێرانەم نەنووسیبوو” هەر چۆنێک بێ درێژە بە خوێندنەوەکەت دەدەى:
دەرگەی ژوورەکە کرایەوە، ڕاچڵەکیم! بە خۆ هاتمەوە دیسان لە ژوورەکەمدا خەو بردبوومیەوە. کاتێک بەئاگا هاتم پرسیارەکان هروژمیان بۆ نێو مێشکم هێنا. بۆچی خەڵکانی ئێرە هەموویان یەک ڕەگەزن؟ ئەدی ڕەگەزەکەی دیکەمان لە کوێیە؟ ئایا دەبێت ئەو توڕەییەمان هی ئەوە نەبێ، کە شتێکمان کەمە؟ ئەویش ڕەگەزە تەواوکەرەکەمانە؟
گەیشتییە ئەو دێرانە، ترسەکەت پەرەی سەند! ترسای لەوەی ئەو پرسیارانە سەرەتای بیرکردنەوەی ئەو دوورگەیە بێت کە تۆ بۆ چیرۆکێکت لە خەیاڵتدا درووستت کردبوو. دوورگەیەکی تەنیا. ترسای ئەو بیرکردنەوەیەش ببێتە سەرەتای لادان لە هێڵەکانی ئەو گێڕانەوەی تۆ دەتویست. چارێکی دیکەت نەبوو، جگە لە درێژەدان بە خوێندنەوەی ئەو پەڕەیە: هەستم کرد، ئەگەر ژیان لە دوورگەکەمان بەمشێوەیە بەردەوام بێت بەرەبەرە مێردمنداڵەکان بەرەو گەنجی و گەنجەکان بەرەو پیری و پیرەکان بەرەو مەرگ دەچن. ئەوە چ نەفرەتییەکە ئێمە تێی کەوتووین؟! دەشێ ئێمە کاراکتەری نێو خەیاڵی ئەو کەسە بین، کە هاتە ژوورەکە و من لە خەو ڕاچڵەکیم و بە ئاگاهاتمەوە. هەرچەندە ئەو ڕووداوە خەونێک بوو، بەڵام ئەوەی من تێی گەیشتبم لە خەونێک زیاترە. ئەوەتا من هەست بە ڕاستیی بوونی وشەکانی دەکەم. ئەوەتا من ڕۆژانە بەرەنجامی ئەو ڕقەی ئەو باسی دەکات لەسەر شەقامەکان و دەشت و کێوەکان دەبینم. ئەگەر ئێوەش بێنە ئێرە ئەو گۆڕانە گەورەیە دەبینن، کە ڕق و هەڵچوونە دەروونییەکان لە مرۆڤەکانی ئێرەدا درووستیان کردووە. بەڵێ ئەو زبڵدانە گەورەیەش دەبینن، کە مرۆڤەکانی ئێرە لەو بەهەشتەیان درووستکردووە. سرووشتی ئێرە لە هەموو لایەکانییەوە بریندارکراوە. ڕۆژانە و شەوانە ناخی هەڵدەدڕن، پیسی هەڵدەدەنە سەر ڕووکارەکەی و هەواکەی بە دووکەڵی کارگەکانی چەک و تاقیکردنەوەی چەکەکان دەخنکێنن. خەڵکەکەی دەستیان لە بینەقاقای یەک ناوە و بەردەوام دەستدرێژی دەکەنە سەر یەکدی. وا بڕوا پێش ئەوەی بە مردنی ئاسایی بمرین یەکدی دەکوژین یان پیسی دەمان خنکێنێ. دەبێت شتێک بکەم. دەبێت هەوڵێک بدەم بۆ ئەوەی مرۆڤەکانی ئێرە ڕزگار بکەم، وەلێ چیم لە دەست دێت؟ لەم خاکەدا خوێنی چەندان ئامۆژگاریکار ڕژاوە و سەری چەندانیان کراوەتە تۆپ! من چیم لە دەست دێت لە کاتێکدا ئەو مرۆڤانەی دەوروبەرم گوێ ناگرن. بەرهەڵستیی هەر کەسێک دەکەن پێچەوانەی ئەوان بیربکاتەوە. لە سەری هەر کەسێک دەدەن لە بەردەمی ویستەکانیاندا چۆک دا نەدات.
-هەڵەی گێڕەرەوە
دەبوایە نەهێلم ئەو هەڵەیە بەردەوام بێت، بۆ پاراستنی وڵاتەکەم، بەڵام چۆن؟ بەو پێیە بێ، کە من لە پەڕەکەدا خوێندمەوە ئێمە کاراکتەری گێڕانەوەیەکین، کەواتە دەشێ دەستکاری گێڕانەوەکە بکەم؟
بۆ دەستکاری کردنی چارەنووسی ئێرە چەندان چیرۆکم گێڕایەوە هەتا یەکێکیان سەرنجی ڕاکێشام و هەست بە کاریگەرییەکانیشی دەکەم. ئێستا ئەو چیرۆکە بۆ ئێوەش دەگێڕمەوە: دوای ئەوەی وڵات لە ئاژاوە و شەڕ و وێرانکاریدا غەرق بوو، ڕۆژێکیان بە دەم بیرکردنەوە و لە بارودۆخی وڵات بۆ کەناری یەکێک لە دەریاکان بەڕێ کەوتم. لەوێ لەسەر لمی قەراغ دەریاکە پاڵم دابووەوە و خۆم دابووە بەر خۆرە. ئێوە وێنای ئەوە دەکەن کە من ئەو کات لە شوێنێکی زۆر خۆشبووم و زۆر بێ کێشەبووم، بۆیە چووبووم خۆم بدەمە بەر خۆر، وەلێ بە پێچەوانەوە من لە ناوجەرگەی شەڕ و ملانێوە چووبووم تا لە دووری نەفرەتی مرۆڤەکان هەوایەک هەڵمژم. ئێوە باوەڕ بەوە بکەن، کە هەر شتێک زۆر دووبارە بووەوە دەبێت بە شتێکی هاکەزایی تەنانەت شەڕ و مرۆڤ کوشتنیش. ئێوە سەیرتان بەوە نەیە من لەو کاتەدا، کە خەریکبوو خوێن وڵاتی دەبرد چووبووم لە کەنار ئەو دەریایە ڕاکشابووم. شتی لەوە سەیرتریش لێرە بووەتە ڕۆتین، بۆ نموونە بیستووتانە لە شوێنێک لە تەنیشت سەری بڕاوی مرۆڤدا دوو کەس خەریکی سێکس بن؟ لێرە ئەوەش هەیە. سەرنجی ئاسمانم دەدا، بەرەبەرە دووکەڵ دەیتەنی و بەر خۆرەکەی لێدەگرتم. بەرەبەرە دنیا لە پێش چاوم تاریک دادەهات بەڵام زۆر خەمساردانە لە جێی خۆم نە دەبزوام و چاوەکانم بەرو ئاسمان مۆڵەق ببوون. گوێم لە دەنگی سووتانی دارەکانی پشتەوەم بوو. گوێم لە ناڵە و هاواری مرۆڤەکان بوو لە دوورەوە بەرز دەبوونەوە. گوێم لە دەنگی تەقە و تەقینەوەبوو. شەپۆلەکان هاواریان لێ بەرز دەبووەوە و خۆیان بە کەنارەکەدا دەدا و بەرەبەرە لێم نزیک دەبوونەوە. من لە جێگەی خۆم بووم، چاوەکانم لێک دەنا و بەهێواشی دەمکردنەوە. هەستم بە داهێزرانێکی لە ڕادەبەدەر دەکرد. لەنێوان خەو و ئاگاییدا بووم. گوێم لە قیژەیەک بوو. تا ئەو کات گوێم لە قیژەی وا نەببوو. دەنگەکە زۆر سەیربوو! ئەگەر دەنگەکە وەک دەنگە دووبارەکان بووایە (ئەو دەنگانەی ڕۆژانە گوێم لە پەلەقاژەی مەرگیان دەبوو) دڵنیام لە جێی خۆم نەدەبزوام، بەڵام کاتێک یەکەمجار گوێم لە دەنگەکە بوو خورپەیەک بە دڵم دا هات و کەوتە تەپە تەپ. لە دوورەوە پارچە تەختەیەک دیاربوو، یەکێک خۆی پێوە گرتبوو پەلەقاژەی دەکرد و هاواری دەکرد یەکێک فریای بکەوێت. بەپەلە خۆم لە ئاوەکە هاویشت و خۆم گەیاندە کەسەکە، کاتێک لێی نزیک بوومەوە کەسێکی زۆر سەیرم بینی! سەرەتا تۆزێک ترسام، بەڵام کاتێک سەرنجی چاوەکانیم دا، بەزەییم پێیدا هاتەوە و زانیم مەترسیدار نییە. دەستم گەیاندە دەستی. مچووڕکێکم بە لەشدا هات، دڵم کەوتە تەپەتەپ و هەناسەم سواربوو. بە دەستێک کەمەریم گرتبوو و بە دەستەکەی دیکەشم سەوڵم لێ دەدا تا لە کەنارەکە نزیک بوومەوە. کاتێک لاشەی بەر لاشەم کەوت گەرمایەتییەک سەرتاپای لەشی تەنیم. لە کەنارەکە لەسەر پشت درێژم کرد، بە دەستەکانم فشارم بۆ سەر سینگی هێنا. ئەوە چی بوو؟! دەستم بەر دوو زیادە گۆشتی نەرم کەوت! هەستێکی زۆر سەیرم هەبوو! بەئاگا نەهاتەوە. لێوم لە لێوەکانی نزیک کردەوە تا هەناسەی دەست کردی پێ بدەم.
کاتێک لێوم کەوتە سەر لێوە تەنکەکانی مچوڕکێکم پێدا هات. هەموو خانەکانی لەشم خرۆشان. سییەکانیم پڕ لە هەوا کرد، بەڵام لێوم لە لێوی نەکردەوە، کاتێک بە ئاگا هاتم پێستی شین بووبووەوە, هەستم بە ساردی لێوەکانی کرد. سەیری چواردەوری خۆمم کرد پڕبوو لە خەڵک. زۆر سەرسووڕماوانە لەو کەسە ڕامابوون. هەموویان بەیەکەوە لێی نزیکبوونەوە. من هەڵویەستەیەکم کرد. سەیری ڕوخساریم کرد زۆر سەیربوو. ڕوویەکی سپی و لووس. جگە لە برۆ و برژانگەکانی یەک مووی دیکە بە دەموچاویەوە نەبوو. قژێکی ڕەشی قەترانی خاو و درێژی هەبوو. چاوە گەورەکانی ئەمێستا کزبووبوون. بۆ دوور ڕوانیبوویان و لە جوڵە کەوتبوون. ڕەنگیان قاوەیی بوو. خاڵێکی بچووک لە سەرووی لای ڕاستی لێوە تەنکەکەیەوە دەدرەوشایەوە و وێنەیەکی جوانتری پێی دەدا. خەتێکی باریکی کۆنە برینێک بە لا ملیەوە بوو.
کاتێک گەیشتییە ئەو دێرانە بە بێ ویستی خۆت هاوارت کرد” نەخێر! نابێت ئەوە ڕووبدات”
درێژەت بە خوێندنەوە نەدا، بەڵکوو پەڕەکانت دڕاند. بەپەلە لە ژوورەکە هاتییە دەرەوە و تەلەفۆنت بۆ ژنەکەت کرد، وەڵام نەبوو. خوێنت دەکوڵا، زۆر توڕەبووی. دەرگەی ساردکەرەوەکەت کردەوە، خواردنەوەیەکت دەرهێنا و بە سەرتەوە نا. چەندین جار تەلەفۆنت بۆ ژمارەکە کردەوە، بەڵام وەڵامێک نەبوو. هاوارت کرد” بە نەفرەت بی!” خۆت بە کتێبخانەکەتدا کردەوە و پەڕەکانت هەڵگرتەوە. ویستت بەیەکییانەوە بنێی. پارچەیەکی بچووکت بۆ ساخ بووەوە کە ئەم دیرانە دەرچوون:
”دوێنێ کەشتییەکەمان درووستکرد، ئەمڕۆ بەیانی زوو بە ڕێ کەوتین. ڕاستە ڕێگەکەمان دیار نییە و نازانین بۆ کوێ دەئاژۆین، بەڵام لە چاوی هەر یەکێکمانەوە هیوایەکی گەورە بە دی دەکرێت کە پێشتر هەرگیز هەستم بەوە نەکردووە. شتێکی زۆر سەیر دەبینی لەسەر دیوارەکانی کەشتییەکە، لەمسەر بۆ ئەوسەر شیعر هەڵواسراوە. دڵنیام ئێمە دەگەینە مەنزڵ.”
بەپەلە خۆت دەگەیەنیتە دەرگای حەوشە، کاتێک دەست بۆ کیلۆنی دەرگاکە دەبەیت، گوێت لە دەنگی سووڕانی کلیلێک دەبێت. دەرگاکە بە ڕووتدا دەکرێتەوە. کاتێک چاوەکانت لەگەڵ چاوە قاوەییەکانیدا یەکانگیر دەبێت، فرمێسک لە چاوەکانت دەزێ. بە دەم گریانەوە دەڵێی”نازەنینم”
باوەش بە ژنەکەتدا دەکەیت، بە خۆتییەوە دەگوشی و دەگری. ژنەکەت لەو ڕەفتارەی تۆ سەری سووڕماوە، چونکە لە مێژە لەلایەن تۆوە هەستی بەو گەرمییە نەکردووە. تۆ بەردەوام دەبی لە گوشینی ژنەکەت و دەگری.
ژنەکەت بە نەرمیەکەوە دەتلاوێنێتەوە “گیانەکەم.”
منیش چاوەکانم پڕبووبوون لە فرمێسک. خوێنەری ئەم چیرۆکەش ئێستا هەست بە وروژانێکی سەیر دەکات. تۆ خاڵەکەی سەر لێوی ژنەکەت ماچ دەکەی کە من دەبێت دەست لە نووسین هەڵگرم، چونکە گوێم لە ژنەکەمە بۆڵەبۆڵ دەکات و وای پیشان دەدات لەگەڵ خۆی قسان دەکات، بەڵام دەنگی ئەوەندە بەرزکردووەتەوە من بیبیستم، دەڵێت” ژیانی لەگەڵ ئێمە لە بیرچووەتەوە. عاشقی کاراکتەرەکانی نێو چیرۆکەکانی بووە و منی فەرامۆش کردووە.” نامەوێت ئەو ساتە هەژێنەرەی چیرۆکەکەم بە جێ بهێڵم، وەلێ شتێک لە ناوەوەم داوام لێ دەکات بچم و ژنەکەم لە باوەش بگرم و خاڵە بچووکەکەی سەر لێوی ماچ بکەم.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!