سیروان عەباس
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە داڕشتنی ڕێڕەوی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان هیچ ڕاوێژێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکراوە. وتیشی: ڕێڕەوی پڕۆژەکە بە شوێنێکدا براوە کە نزیک دەبێتەوە لە هەرێمی کوردستان، بەرەو ڕۆژاوای ڕووباری دیجلە براوە، ئەم ناوچەیەش دانیشتوویەکی کەمی لێیە و کارگە و بازرگانیی گەورەشی لێ نییە.
#دانا عەبدولکەریم#، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، لەم ڕێڕەوەدا هەرێمی کوردستان فەرامۆش کراوە، بەمجۆرەش بە دڵنیایی هەرێمی کوردستان هیچ سوودێک لەم پڕۆژەیە نابینێ.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێت: چەندجارێک داوامان کرد لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ پێداچوونەوە بۆ ڕێگەی گەشەپێدان بکرێت و ڕێڕەوەکەی بە جۆرێک بێت هەرێمی کوردستانیش ببێتە بەشێک لەم پڕۆژە گرنگە، چونکە هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگە و ڕۆڵێکی کاریگەریی دەبێت لە پێشخستنی ئابووری لە ئێراقدا، بەڵام بەداخەوە وەڵامێکی ئەرێنیمان دەستنەکەوتووە.
بە وتەی دانا عەبدولکەریم، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبووبا، نەک لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکوو لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە کاریگەریی دەبوو.
ڕێگەی گەشەپێدانی ئێراق بە وڵاتانی قەتەر، ئیمارات و تورکیا دەبەستێتەوە، بە نێو 11 پارێزگای ئێراقدا تێدەپەڕێت؛ بە جۆرێک، لە بەندەری فاوەوە دەست پێ دەکات و لە پێشابوورەوە دەچێتە نێو باکووری کوردستان و تورکیا.
پڕۆژەکە درێژییەکەى هەزار و 200 کیلۆمەتر دەبێت و تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی درووستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.
کارەکانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان دابەشکراوە بەسەر 15 بەش و بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت؛ بڕیارە قۆناغی یەکەمی ساڵی 2028 تەواو بێت؛ قۆناغی دووەم 2038 و قۆناغی کۆتایی ساڵی 2050.
ڕۆژی یەکشەممە، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی ئێراق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، قۆناغی دیزاینی بنەڕەتی بەرایی تەواو بووە و چووینەتە قۆناغی دیزاینی وردەکاری یاخود کۆتایی، بە جۆرێک 64٪ی کاری دیزاینی کۆتایی هێڵی ئاسنین و 60٪ی کار دیزاینی کۆتایی ڕێگەی وشکانی تەواو بووە و تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ قۆناغی دیزاینی وردەکاری کۆتایی دێت. بەشێوەیەکی گشتیی دەکرێت بڵێین 63٪ی کارەکانی دیزاینی کۆتایی تەواو بوون. [1]