#کفرى# لەدیدى گەڕیدە و کوردناسەکانەوە
نووسینی: #سامان کەریم#
گەشتى گەڕیدەکان و دانراوى کوردناسەکان پڕن لە زانیارى ورد و هەندێک جار نەزانراو لەبارەى شار و ناوچە و دێهاتى کوردستان و خەسڵەتى کۆمەڵایەتیى کۆمەڵى کوردییەوە. کورد بەهۆى نالەباریى ژیان و ناجێگیریى دۆخە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکەى دەرفەتى ئەوەى نەبووە مێژوو و جوگرافیاى ناوچەکانى کوردستان بەشێوەیەکى ورد و پڕ زانیارى تۆمار بکات. گەڕیدە و کوردناسەکان لە بارودۆخ و کاتە جیاوازەکاندا ئەو بۆشاییەیان تا ڕادەیەک پڕکردووەتەوە. ئەگەرچى، ئەوەى ئەوان تۆماریان کردووە و لە دانراو و گەشتنامەکانیاندا هەیە هەمیشە لێوردبوونەوە و ساغکردنەوە و دیققەتى زیاترى گەرەکە.
بۆ نموونە گەڕیدەیەکى وەک (=KTML_Red=فرێزەر=KTML_End=) کە ناوەڕاستى سەدەى نۆزدەیەمى زایینى لەگەشتەکەیدا بۆ #بەغدا#، دواى ئەوەى لە #سلێمانی#یەوە بەرەو کفرى دێت لە شوێنێکى گەشتنامەکەیدا وتویەتى: هەر کە گەیشتینە کفرى کۆمەڵێک دارخورماى بەرزمان بینى کە یەکەمجار بوو بیبینین، هەموومان هەستمان بەوە کرد گەیشتووین بە (عەرەبستان)!. ئەمە ئەگەر بە دیوەکەى تریدا لەیەک بدرێتەوە وا تێمان دەگەیەنێت کە ئیتر لەکفرییەوە سنوورى ناوچەى عەرەبنشین دەست پێدەکات و کفریش ناوچەیەکى عەرەبنشینە.
کفرى وەک یەکێک لە شارە دێرین و مێژووییەکان کە تەمەنى بوونیادنان و مێژووى ژیان تیایدا بۆ نزیکەى (پێنج هەزار) ساڵى لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، یەکێک لەو شارانەیە کە بەشێکى زۆرى گەڕیدە ڕۆژاواییەکان و کوردناسەکان سەردانیان کردووە و سەرنج و تێبینى خۆیان لەسەر تۆمار کردووە. کۆتاییەکانى سەدەى هەژدەیەم هەتا سەدەى نۆزدەیەمى زایینى بەشى زۆرى ئەو گەڕیدە و گەشتیارە بیانییانە هاتونەتە ناوچەکە، بە کفریدا تێپەڕیون یان هاتونەتە سەردانى شارەکە و تیایدا ماونەتەوە.
گەشتیارى فەرەنسى (=KTML_Red=ژان ئۆتەر=KTML_End=) کە ماوەى (9) ساڵ گەشتێکى لە وڵاتى عوسمانیدا ئەنجامداوە (1734-1743ى زایینى) لەدواى #کەرکووک# و دووز#خورماتوو# ڕێى کەوتووەتە کفرى. بەڵام، زانیارى زۆرى لەبارەى شارەکەوە تۆمار نەکردووە و بەشارێکى چۆڵ پێناسەى کردووە. دەڵێت: دواى نۆ سەعات ڕۆیشتن گەیشتینە کفرى کە هیچ کەسێک و هیچ شتێکى تیادا نەدەبینرا. هەروەها (ئۆتەر) لەبارەى کفرییەوە زانیارییەک ئاشکرا دەکات. دەڵێت: بۆ ئەوەى بگەمە کفرى و لەئاوە بەتامەکەى بخۆمەوە ئارامم لێهەڵگیرابوو. بەڵام، بەپێچەوانەى چاوەڕوانیمەوە بەسەر جۆگەیەکى پڕ قەوزە و لیتەدا کەوتم خەریک بوو چۆڕایى دەهات. بەهۆى پەلەو تینوێتى زۆرەوە ناچار لێم خواردەوە کە هیچ بەدڵەوە نەنووسا. بەهاوڕێکانم وت: ئەمە ئاوە بەناوبانگەکەى کفرى بوو؟ لە وەڵامدا وتیان نابێ لەکەمبوونى ئاوەکە و بۆنە ناخۆشەکەى سەرت سووڕبمێنێ، چونکە عەرەبەکان ئاوى ئەم بن جۆگەیەیان لە ژوورترەوە گێڕاوەتەوە. ئەو پۆلە کولەش لەتاو گەرما خۆ دەخەنە ناوییەوە. لەبەر ئەوەیە کە ئاوەکە بۆگەن بووە.
لێرەدا ئەوەى جێى سەرنجە ئاماژە بەوە دراوە کە (عەرەبەکان) لە ژوورترەوە ئاوى کفرییان گرتووەتەوە، یەکێک لەو زانیارییانەیە کە ناڕوونە. ئایا عەرەب لەژوورووى کفرییەوە نیشتەجێ بووە؟
(=KTML_Red=کارستن نیپور=KTML_End=)ى گەشتیارى دانیمارکى لەگەشتەکەیدا کە لە ئازارى 1766ى زایینیدا بەم ناوچەیەدا تێپەڕیوە باس لە کفرى دەکات و واى لێکداوەتەوە کە ئەم شارە لەلایەن یەکێک لە خەلیفەکانى عەباسییەوە درووستکراوە. ناوى کفریشى بە (کورفە) هێناوە. ئەمە بێگومان مەبەستى مێژووى شارى کفرى بووە لە شوێنکەوتەى سێیەمیدا (کە دەکاتە شوێنى ئێستاى کفرى). ئەگەرنا، مێژووى درووستکردن و بوونیادنانى کفرى لە شوێنى یەکەمیدا کە بە (کفرى کۆن-ئاسکى کفرى) دەناسرێت زیاترە لەو مێژووە. هەروەها، گەشتیار (=KTML_Red=جیمس بیکنگهام=KTML_End=) لەگەشتەکەیدا بۆ ئێراق و ویلایەتى موسڵ ڕۆژى 12-07-1816ى زایینى هاتووەتە کفرى و باسى شارەکەى کردووە و وێنەیەکیشى بۆ کێشاوە. ئەو، بەم جۆرە باسى کفرى کردووە کە دەکەوێتە ناو شورایەکى پتەوەوە و خانووەکانى لەقوڕ درووستکراون. ڕێڕەوێکى ئاو لەنێو شوراکەوە لەلاى ڕۆژهەڵاتییەوە هەڵدەقوڵێت و دابەش دەبێت بەسەر چەند بەشێکدا و لە ڕێگەى چەند بەشێکى سەرەکییەوە بەنێو شارەکەدا دەڕوات. وتووشیەتى: بازاڕەکانى کفرى میوەى زۆر باشیان تێدایە و بەتایبەتى شوتى و ترێ.
لەبەر ئەوەى کفرى شارێکى دەوڵەمەندە بە شوێنەوارى مێژوویى و خاوەنى شارستانییەتێکى دیار و بناغە پتەوە. بۆیە، بەشى زۆرى گەشتیار و گەڕیدە و کوردناسەکان کە بەم ناوچەیەدا تێپەڕیون لەباسکردنى مێژوو و شوێنەوار و شارستانییەت و خەسڵەتى کۆمەڵایەتى ئەم شارە خۆیان نەبواردووە. گرنگیى ئەم شارە لەڕووى ژیان و ژیارەوە بووەتە جێى بایەخپێدانى کوردناسەکان و ئاماژەیان پێکردووە. (=KTML_Red=کلۆدیۆس جیمس ڕیچ=KTML_End=) لەگەشتەکەیدا لە بەغداەوە بۆ سلێمانى ڕۆژى 26-04-1820ى زایینى هاتووەتە کفرى و سێ ڕۆژى تیادا ماوەتەوە و بەدوورودرێژى باسى کردووە و چووە شوێنەوارەکانى دەوروپشتیشى پشکنیوە و ئاشکراى کردووە کە ئەم شارە جاران لەناو دۆڵ و شاخەکانى ڕۆژهەڵاتیدا بووە. ڕەنگە (ڕیچ) لەناو ئەو گەڕیدە و کوردناسانەى هاتونەتە ناوچەکە، لە هەموویان زیاتر بەوردییەوە باسى کفرى و شوێنەوارەکانى کردبێت و ئەو زانیارییانەیشى تۆمارى کردووە لە گەشتنامەکەیدا بەکەڵکى ڕابردوو و ئێستا و داهاتووى کفرى و ژیارى کوردستانیش دێت.
ڕیچ لەسەر دوو شوێنەوارى ناوچەى کفرى بەوردى ڕاوەستاوە و سەردانى هەردوو شوێنەکەى کردووە. ئەوانیش شوێنەوارى ناسراو بە (قەرەئۆغڵان) کە دەکەوێتە باکوورى ڕۆژهەڵاتى (کفرى)ى ئێستاوە و ئەوەی تریش شوێنەوارى دێرینى (کفرى کۆن-ئاسکى کفرى)یە کە بە (8) کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوورى (کفرى)ى ئێستاوە. هەردوو شوێنەوارەکە ئێستاش ماون. بەڵام بەهۆى ئەنجام نەدانى هیچ کنەوپشکنینێکى شوێنەواریى تیایاندا؛ بۆیە مێژووەکەیان بەتەواوى ساغ نەبووەتەوە. بەڵام، ڕیچ لەو کاتەشدا ئاماژەى بەوە داوە کە گردى ئاسکى کفرى و قەرەئۆغڵانیش شوێنى ژیان بوونە لە ڕابردوودا و لەوەختى خۆیدا کفرى لەو دوو ناوچەیەدا بووە. تا ڕادەیەک، ڕیچ ئەوەى ساغ کردووەتەوە کە بەپێى ئەو پارچە شوێنەواریى و (سکە)ى پارانەى لەو ناوچانەدا دۆزراونەتەوە، قەرەئۆغڵان بۆ سەردەمى ساسانى و پارتییەکان دەگەڕێتەوە و ئاسکى کفریش بۆ سەردەمى پێشتر لەوان. تێبینى و زانیارییەکانى میستەر ڕیچ تا ئێستاش بۆ توێژینەوە زانستییە مێژوویى و ئارکیۆلۆژییەکان لەبارەى شارستانییەت و مێژووى ناوچەى کفرى و #گەرمیان#ەوە بەکەڵکن.
ساڵى 1834ى زایینى وێنەکێش و گەشتیار و گەشتنامەنووسى سکۆتلەندى (=KTML_Red=جیمس بیلى فرێزەر=KTML_End=) لەمیانى گەشتەکەیدا بۆ بەغدا ڕووى کردووەتە کفرى و سەرنج و تێبینییەکانى خۆى تۆمار کردووە. فرێزەر ماوەى تەنها یەک ڕۆژ لەکفریدا ماوەتەوە. کاتێک لە سلێمانییەوە گەیشتووەتە کفرى دەڵێت: کفرى دەکەوێتە دەروازەى بۆشایى ناو زنجیرە چیایەک کە لە ئاستى دۆڵ و شیوەکانى دەوروبەریدا بەرزترە. لەو سەردەمەدا کە ئەو گەشتیارە هاتووەتە کفرى، شارەکە بە شورا دەور دراوە و چەند دەرگایەکى گەورەى چوونە ژوورەوەى هەبووە. ئەوەشى تۆمار کردووە کە پڕ بووە لە دارخورما و وەک ئەوە وابێت فرێزەر و هاوەڵەکانى گەشتەکەى یەکەمجار بێت دارى خورمایان بینیبێت لەم ناوچەیەدا. بۆیە بەسەرسووڕمانەوە وتویەتى: هەستمان بەوە کرد گەیشتووین بە (عەرەبستان). هەروەها جۆرى جلوبەرگ و سیماى خەڵکەکە بۆى سەلماندین کە ئێمە لەناو دامەزراوەى تورکیداین. (ئاماژەیە بۆ سنوورى حوکمڕانێتى عوسمانى). فرێزەر لەگەشتنامەکەیدا وێنەى ڕووکارى یەکێک لەدەرگاکانى شوراى کفرى کێشاوە و دایناوە.
ماوەى (15-01-1873 تا 02-02-1873ى زایینى) گەڕیدەى ئەڵمانى (=KTML_Red=جۆزێف سێرنیکى=KTML_End=) هاتووەتە سنوورى زەنگاباد، قەرەتەپە و کفرى. ئەم گەڕیدەیە هەندێ زانیارى وردى لەسەر ناوچەکە خستوەتە ڕوو.
ئاماژەى بەوە کردووە کە لە ناوچەکەدا ئاوایى وێران بووى زۆرى لێبووە، لەگەڵ شوێنەوارى گۆڕەکان. بەڵام، ئەو کاتەى ئەو هاتووەتە کفرى هیچ عەرەبێکى کۆچەری بەتایبەت لە نزیک وێرانە ئاوایى (ئەبو عەلى) نەبینیوە. کە پێشتر ئەو باسى کردووە ئەم ئاواییە عەرەبنشین بووە و نزیکەى (100) خانووى تیادا بووە. سێرنیکى دەڵێت: شارى کفرى نزیکەى 500 کەس تیایدا ژیاون و بەشێکیان تورکمان بوون. هەروەها، خانووەکانیان لەگڵ و دار درووستکراون. لە ناوچەکەدا کانزاکانى وەک گۆگرد و خوێ بەتایبەت (نەوت) لەکەنارى ڕۆژهەڵات و دیوى چیاکەیدا هەبوون. هەروەها، باسى شوێنەوارى (کفرى کۆن-ئاسکى کفرى)یش دەکات، بەڵام وتویەتى زانیارى زۆرى لەسەر نییە.
(=KTML_Red=فرانسیس ڕیچارد مانسێل=KTML_End=) شوێنەوارناس و کارمەندى هەواڵگریى بەریتانى سەردانى ناوچەکەى کردووە و زانیارى نەبیتراوى تۆمار کردووە.
لە 08-05-1888ى زایینیدا هاتووەتە سنوورەکە. لەبارەى کفرییەوە دەڵێت: شوێنێکە (6000) کەس تیایدا دەژى لەگەڵ (1200) خانوو. لەدەوروبەرى شارەکە ژمارەیەک باخى خورما و میوە هەبووە. جگە لەوانە، دەشتەکە بەتەواوى بێ درەخت بووە. هێڵى تەلەگرافى بەغدا-موسڵ بەوێدا تێپەڕ بووە و نووسینگەى تەلەگرافیشى لێبووە. شارەکە بازاڕێکى بچوکى سەرداپۆشراو (قەیسەرى) تیادا بووە.
گەشتیار و گەڕیدە و نوێنەر و سیخوڕى سیاسى وڵاتانى زلهێز و کوردناسانى تریش زۆرن کە گەشتیان بۆ ئەم ناوچەیە کردووە، یان پیایدا تێپەڕیون و بەشێکیان تیایدا ماونەتەوە. سەرنج و تێبینى زۆرتریش لەسەر کفرى و ناوچەکە و دانیشتووان و شارستانییەت و جوگرافیاکەى تۆمار کراون. ئەمانە زەغیرەیەکى ئەوتۆن کە بۆ توێژینەوەى ئەکادیمى و نووسینى مێژوویى بەکەڵکن. شایانى ئەوەن زانیارییەکان دواى شەن و کەوکردن و لێوردبوونەوە، بۆ ساغکردنەوەى مێژووى ئەم شارە بەسوود بن.[1]
$سەرچاوەکان$
1-سوزان کەریم مستەفا: ناوچەى گەرمیان لەنیگاى بەشێک لە گەڕیدە و کوردناسانەوە (کەرکووک، دوزخورماتوو، کفرى و #خانەقین#) بەنموونە، گۆڤارى زانکۆى گەرمیان، 2022.
2-م.ى.سەباح عەلى جاف: ناوچەى کفرى و #کەلار# لە کۆتاییەکانى دەسەڵاتى دەوڵەتى عوسمانیدا (1870-1914ز)، گۆڤارى کوردستانیى بۆ لێکۆڵینەوەى ستراتیجى، 2024.
3-رابەر انوور على: فضا و جامعە شهر کفرى در اواخر دوران عثمانى، پایان نامە کارشناسى ارشد، دانشگاه تهران، شهریور 1396.
4-سەفەرنامەى ژان ئۆتەر 1734-1743 سەردەمى نادرشا، وەرگێڕانى لەفارسییەوە: محەمەدى حەمەباقى، 2013.
5-کلودیوس جیمس ڕیج: ڕحلة ڕیج المقیم البریطانی فی العراق عام 1820 الى بغداد-کردستان-ایران، ترجمة: اللواء بهاءالدین نووری، الطبعة الاولى، 2008.
6-جیمس بیلى فریزر: ڕحلة فریزر الى بغداد سنة 1834م، ترجمة: جعفر الخیاط، الطبعة الاولى، 2006.
7-سهیل خورشید عزیز: صفحات من تاریخ منطقة کفری، الطبعة الاولى، مرکز تەما للطباعة و النشر-السلیمانیة، 2002.
8-مصطفى نەریمان، بیرەوەرییەکانى ژیانم، دار الحریة للطباعة-بغداد، 1994.
9-حسێن ئیسماعیل خان دەلۆ، ناوچەى کفرى لەنێوان ساڵانى (1914-1945)، چاپخانەى زانکۆى سەڵاحەدین-#هەولێر#، 2014.
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!