داخی حەسرەت نەخشی بەست ئەمساڵ لە تەختی سینەما
بۆ ئەوانەی ڕا ئەکەن سەربەست ئەچن بۆ سینەما
کێ ئەڵێ حەربە گرانی زۆر پەریشانە جیهان
تۆ بچۆرە سینەما وا تێ ئەگەی برسی نەما
کوڕ لە باوک کچ لە دایک شەرمیان لاخستووە
سینەما کارێکی وای کرد هیچ مناڵ ترسی نەما
بۆ تەماشا زۆر کوڕ و کچ بوونە هاوڕێی باوک و دایک
هیچ غەمی باوکیان نییە، وای درهەم و فلسی نەما
یەک بەیەک کۆشش ئەکەن تا زوو بچن بۆ ژوورەوە
با هەزار جار بانگ بکەن وا لۆجەو و کورسی نەما
عیلم و فەننی ئەورووپا فێربوون کە سەیری وێنە بێ
ئاگری حەسرەت ئەمێنێ هەر لە لەوحی سینەما
پێم بڵێن تا ئێستە چی فێربوون منیش دێم جاربەجار
تا نەڵێن پێم پاش ملە زێوەر کەوا شانسی نەما.
[1]
شاعیر:
زێوەرزێوەر
بەرهەم:
دیوانی زێوەردیوانی زێوەر
هۆنراوە: سینەما