نیاز مستەفا
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، دەیانەوێت سووریا وڵاتێکی نانێوەندی، سیکولار و سڤیل بێت و نایانەوێت وەکوو (هەرێمی کوردستان) حکومەت و پەڕڵەمانی ئەوتۆنۆمیان هەبێت، بەڵام دەیانەوێت خۆیان شارەکان بەڕێوەببەن. دەشڵێت، دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕۆژاوای کوردستان بمێننەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، #02-02-2025# میدیای ئەمریکی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ #مەزڵووم عەبدی#، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاوکردەوە. لەوێدا چەند پرسێکیان تاوتوێکرد کە دیارترینیان دۆخی نێوخۆی سووریا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان بوون.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستپێکی گوتەکانی تایبەت بوو بە ڕووخانی حکومەتی پێشووی سووریا لە 8ی کانوونی یەکەمی پار و وتی، ڕووخانی ڕژێم هەنگاوێکی مێژوویی بوو و لەسەر ئەو بنەمایەش پێویستە سووریای نوێ بەبێ حیزبی #بەعس# و ئایدۆلۆژیاکەی بێت. وتیشی، دەمانەوێت بەیەکەوە سووریا بەرەو پێشەوە ببەین.
هیچ گفتوگۆیەکمان لەگەڵ نەکراوە لەبارەی بوونی ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی سووریا.
ڕۆژی 29ی کانوونی دووەم، کۆبوونەوەی بەڕێوەبردنى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا بەڕێوەچوو کە تێیدا ئەحمەد شەرع، وەکوو سەرۆکى سووریا بۆ قۆناخى ڕاگوزەر دیاریکرا، پەڕڵەمان و سوپاى دەسەڵاتى پێشوو هەڵوەشێنرانەوە، حیزبى بەعس و حیزبەکانى دیکەى بەرەى نیشتمانى پێشکەوتوو هەڵوەشێنرانەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەوبارەیەوە دەڵێت: ئامادە نەبووین و هیچی لەسەر ناڵێین. وتیشی، هیچ گفتوگۆیەکیان لەسەر ئەو بابەتانە لەگەڵ نەکراوە.
لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن و بەردەوام هەوڵدەدەین ببینین ئاخۆ داهاتووی سووریا چۆن دەبێت. لەسەر بنەمای ئەو گفتوگۆیانەش بڕیاری خۆیان دەدەن. ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی #داعش#، لەنێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسان و دەیانەوێت وەکوو بەشێک لە سووریا بمێننەوە.
هەسەدە دەیەوێت سووریا وڵاتێکی نانێوەند، سیکولار و سیڤل بێت.
فەرماندە کوردەکە ئەوەشی گوت، تێڕوانینی ئێمە بۆ سووریا ئەوەیە کە وڵاتێکی نانێوەندی، سیکولار و سڤیل بێت لەسەر بنەمای دیموکراسی کە تێیدا مافەکانی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت. چەند پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و ئایینی لە سووریا دەژین کە دیارترینیان کورد، تورکمان، ئەرمەنی، سوونە، شیعە، کریستیان، عەلەوی، درووزەکان، یەزیدییەکانن.
پێشنیازمان کردووە بەشێکبین لە سیستەمی بەرگریی سووریا.
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستان مەزڵووم عەبدی دەڵێت: نایانەوێت سووریا پارچەپارچە بکەن و هاوشێوەی کوردانی باکووری ئێراق پەڕڵەمان و حکومەتی ئۆتۆنۆمیان هەبێت. سووریا ئێراق نییە و ئێراقیش سووریا نییە و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، (کوردستانی ئێراق) نییە.
سەبارەت بە داهاتووی هەسەدەش لە سووریا فەرماندەی گشتیی هێزەکە دەڵێت: دەیانەوێت ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی و ستراتیژی بەرگریی سووریا و بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازێکیان داوەتە دیمەشق. جەختی لەوەش کردەوە، چاوەڕێیی وەڵامین.
دەمانەوێت هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بمێننەوە.
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، نزیکەی دوو هەزار سەربازیان لە ڕۆژاوای کوردستان هەیە و بەشێکی گرنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین لە دژی داعش.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی هەسەدە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتیدەکرێن دەڵێت: هیوادارین هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی (لە ڕۆژاوای کوردستان) نەکشێنەوە. سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکاش وتی، داوایان لێدەکەین بمێننەوە. [1]