سەد تاجری دین خۆی لە زەرەر داوە لە دەرتا
بەسراوە دڵی موئمین و کافر لە کەمەرتا
سەودایی شەڕ و شۆڕە لەگەڵ ئێمە لەسەرتا
باکم نییە لەو خەنجەرە کردووتە بەبەرتا
شمشێری برۆت جەرگی بڕیوم بە ئیشارەت
بۆ تۆیە موسەللەم لە جیهان شاهییی خووبان
داماوە لە تەسویری برۆت مانی و سەحبان
مومکین نییە ئەم سوورەتە تەرکیبی لە ئینسان
تۆ ساحیبی ئەم چاهی زەنەخدانە بی، قوربان
سەد یوسفی کەنعانی ئەبێ بێتە ئیشارەت
دەریای خەیاڵم کە وەکوو دیجلەیە جۆشی
نوتقم کە وەکوو ڕەعدی بەهارانە خرۆشی
غەمزە و نیگەهت خستمیە بەحری خەمۆشی
چاوت وەکوو شووشەی مەیە خۆت بادەفرۆشی
ڕۆحی بەنی ئادەم ئەکڕی بێیتە تیجارەت
کەشتیی ئەمەلم کەوتەوە تۆفانی تەئەسسوف
نایێ بەسەرمدا کەڕەتێ بادی تەلەتتوف
مەدحی لە دڵا جارییە بێ دەردی تەکەللوف
ئیسمێکی شەریفی هەیە مەنعە لە تەسەڕڕوف
جیسمێکی لەتیفی هەیە قابیل بە سەدارەت.
[1]
شاعیر:
زێوەرزێوەر
بەرهەم:
دیوانی زێوەردیوانی زێوەر
هۆنراوە: سەد تاجری دین