نەفست مەگەسە، هەر وەکوو هەنگوینە عەلائیق
بەم ڕەنگە چلۆن کەشفی ئەکەی سیڕڕی عەلائیق
میوانی سەراپەردەیی دیوانی خودایی
بۆ خزمەتی حەق نیتە ئەتۆ توحفەی لائیق
مەیلت لە هەوای نەفس و لە ئارایشی خۆتە
مەشغووڵی بە ئەنهار و ئەرازی و حەدائیق
دەستی هەوەست کورتە لە دەرگاهی موناجات
توولانییە بۆ دامەنی دنیا و خەلائیق
تۆ لادە لە حیقد و حەسەد و عوجب و تەکەبوور
دای نێ تەمەع، ئەوسا دەبییە عاشقی لائیق
ئەی مەردی ڕەهی سالیکی مینهاجی شەریعەت
خوێنین کە دەروونت وەکوو ئەندامی شەقائیق
ڕەنگ زەرد بە وەکوو شەستپەڕ و لاڵ بە وەکوو سۆسەن
ئەوسا بە هەموو مەتڵەب ئەتۆی واسیل و فایق
«زێوەر» وەنییە مونتەعیزیش بی بە نەسایح
شاعیر هەر ئەکەن دایمە ئەفکاری دەقایق.
[1]
شاعیر:
زێوەرزێوەر
بەرهەم:
دیوانی زێوەردیوانی زێوەر
هۆنراوە: نەفست مەگەسە