بیلال ئەحمەد
گوتەبێژی دەستپێشخەریی مامۆستایانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا، دەڵێت 50 مامۆستا کە بۆ وتنەوەی زمانی کوردی دامەزرابوون، پیشەکەیان گۆڕیوە.''
ئەمین ئای، گوتەبێژی دەستپێشخەریی مامۆستایانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی ڕووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند ئەمساڵ 2025 وانەی بژاردە لە کاتێکدا دەستی پێ کرد، کە هێشتا قوتابییان لەنێو پڕۆسەی خوێندندا بوون، ئەمەش کارێکی باشە، چونکە ساڵانی ڕابردوو، چەند ڕۆژێکی ناوتۆمارکردن دەکەوتە نێو پشووی خوێندن.
لەبارەی ئامادەکارییەکان و بانگەشەکردن بۆ وانەی بژاردە، ئەمین ئای وتی بۆ ئەمساڵ خراپە، چونکە ناتوانین بڕۆینە هەموو شوێنێک و تەنیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشە دەکەین.
هەر لەبارەی هۆکارەکانی خراپیی بانگەشەکە، گوتەبێژەکەی دەستپێشخەریی مامۆستایانی کورد وتی هەندێک بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستا، کێشە بۆ قوتابییان و خێزانەکانیان درووست دەکەن؛ فۆڕمی وانەکان پێویستە بە قوتابییان بدرێن و هەموو وانەکانیان تێدا نووسرابێت، بەڵام هەندێک بەڕێوەبەر و مامۆستا، کورمانجی و کورمانجکی (زازاکی) نانووسن.
گوتەبێژی دەستپێشخەریی مامۆستایانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا ئاشکرای دەکات، داواکاریی لەسەر وانەی بژاردەی کوردی ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێت، لە ساڵی یەکەمی هەڵمەتەکەمان دا کە 2022 بوو، 26 هەزار قوتابی وانەی بژاردەی کوردییان هەڵبژارد، ساڵی ڕابردوو ئەو ژمارەیە گەیشتە 32 هەزار.
دەشڵێت زۆر خێزان هەن کە حەز دەکەن منداڵەکانیان بە کوردی بخوێنن، بەڵام لە چەندین قوتابخانە بیانوو درووستدەکرێن بۆ ئەوەی قوتابییان وانەی کوردی هەڵنەبژێرن.
لە ساڵی 2012ەوە، تورکیا ڕێگەی بە وانەی بژاردە داوە و قوتابییان دەتوانن لە قوتابخانەکاندا بە ئارەزووی خۆیان ئەو وانەی حەزیان لێیەتی، هەڵبژێرن. بۆ وانەی زمانی کوردی، تورکیا مامۆستای تایبەت بە زمانی کوردی دامەزراندووە، بەڵام گلەیی ئەوە هەیە ژمارەی مامۆستایانی کوردی کەمە.
لەمبارەیەوە ئەمین ئای وتی، هەتا ئێستا 160 مامۆستای زمانی کوردی دامەزراون، بەڵام دوای دامەزراندنیان 50 مامۆستا پیشەکەیان گۆڕیوە و ئێستا تەنیا 110 مامۆستای کوردی هەن.
ڕۆژی #03-02-2025#، ناوتۆمارکردن بۆ وانەی بژاردە لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستی پێ کردووە و تاوەکوو #17-02-2025# بەردەوام دەبێت، کە قوتابییانی پۆلەکانی 5-6-7 و 8، دەتوانن وانەی بژاردەی خۆیان هەڵبژێرن و لەگەڵ بابەتەکانی دیکە بە ئارەزوومەندانە بیخوێنن. [1]