دیار سلێمان
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت: پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ دەوڵەت و گەلەکەمان نییە، بەڵکوو بۆ پەکەکەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، ڕێگە نادەن قەوارەیەک لە ڕۆژاوای کوردستان هەبێت دژی بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە کار بکات.
یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا شەوی هەینی
07-02-202507-02-2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا سەبارەت بەو گفتوگۆیانەی لەبارەی پرسی کورد دەستیان پێکردووە، وتی، ئامانجمان بەدیهێنانی تورکیایەکی بێ تیرۆرە.
لەبارەی شەڕی وڵاتەکەی و پەکەکە، تونچ ڕایگەیاند، بە درێژایی چەندین ساڵ، بەدەست تیرۆرەوە زۆرمان چەشت. 40 هەزار مرۆڤی ئێمە بوونە قوربانیی دەستی تیرۆر. تورکیا 40 ساڵە ڕووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە. ئەگەر تیرۆر نەبووایە، دۆخی بووژانەوەی ئابووریی ئەم وڵاتە لە قۆناخێکی زۆر جیاوازتر دەبوو.
وەزیری دادی تورکیا لەبارەی ئەو پەیامەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕایبگەیێنێت، وتی، ئەو پەیامە بۆ دەوڵەت و گەلەکەمان نییە، بەڵکوو بەتەواوی بۆ ئەو ڕێکخراوەیە کە خۆی دایمەزراندووە.
هەر سەبارەت بە گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد، تونچ ئاماژەی بەوە کرد، هیچ مامەڵە و بەرژەوەندییەک نییە. هیچ هەنگاوێک نانێین ببێتە مایەی ئازاردانی خێزانی شەهیدەکانمان. ئامانجەکە کۆتاییهێنانە بە تیرۆر و هەنگاونانە بەرەو تورکیایەکی بێ تیرۆر.
تونچ دەربارەی ئەگەری دیدارێکی دیکەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی وتی، تاوەکوو ئێستا داواکارییەکی لەو جۆرەمان پێنەگەیشتووە. پێمان بگات هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین.
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە بەردەوام دەبن، ڕێگە نادەن قەوارەیەک لە ڕۆژاوای کوردستان هەبێت و دژی بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە هەنگاو بنێت.
یەپەگەی پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدە لەلایەن تورکیاوە وەکوو لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەیر دەکرێت.
گفتوگۆی پڕۆسەی ئاشتی چۆن دەستی پێ کرد؟
دەوڵەت باخچەلی ڕۆژی یەکی تشرینی یەکەمی
2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ ڕۆژی
22-10-202422-10-2024 یش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە پەڕڵەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و ڕێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە، دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
شاندی دەم پارتی ڕۆژی
28-12-202428-12-2024 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە، ڕۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەڕڵەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە
22-01-202522-01-2025 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پڕۆسەکە بەردەوام دەبن. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ ڕای گشتی بڵاودەکاتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت نێوەڕاستی ئەم مانگەش عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێک لەبارەی ئەو پڕۆسەیە بڵاوبکاتەوە کە لە تورکیا دەستی پێ کردووە.
[1]