ناونیشانی بابەت: شیعری نیشتمانپەروەری لە ئەدەبیاتی زانایەکی کورددا
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
زانای ئایینیی کورد ئیبراهیم شێخ ئاودەلی، بەر لە کۆچکردنی، بە دەیان شیعری کلاسیکی و نیشتمانپەروەری و ئایینی و کۆمەڵایەتی و قسیدەی نووسیون، لەپشت زۆربەی شیعرەکانیدا پەند و ئامۆژگاری هەن، لەدوای کۆچکردنیدا بەشێک لە بەرهەمەکانی لەلایەن ئەندامانی خانەوادەکەی کۆکراونەتەوە و بە چاپ گەیەندراون.
دوایین پەرتووکی چاپکراوی ئەو زانا ئایینییە، بریتییە لە #دیوانی پشدەری#، کە لەلایەن #ئاری یاران#، نەوەیەوە، بە هاوکاریی مەلا محەمەدی کوڕی و چەند نووسەرێک چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران.
یەکێک لە شیعرەکانی ئەو زانایەی کورد، کە لە لاپەڕە 83ی پەرتووکی پشدەری بڵاو کراوەتەوە، بەناوی وەتەن، دەڵێت:
ئەی وەتەن ئەی وەتەن، ئەی خۆشەویستم، پێم بڵێ تۆ چیت ئەوێ؟
تابەکەی غەفڵەتنشین بین، مونتەزیر بین بۆ خەوێ
خەو لە خاکی خۆشەویستمان چۆن بکەین ئەی کوردەوار؟
تا لەتەکمان دەستی پیسی خائینان لانەکەوێ
گەر بەجێ نێڵن لەبۆمان جێی خۆ، خائینەکان
با بزانین دڵگوشاد و ڕاحەتن دەست ناکەوێ
ڕاپەڕین جیرانی پیسن دەست بە تیر و خەنجەرێ
جا پەنا بۆ کێ بەرین، دەی تاریکی و نیوەی شەوێ؟
وابکەین غەددار و پیس و خوێنڕێژ و خائینەکان
یا بەهێز بی یا بەڕێز بی، لانەدین هیچ لە ڕەوێ
یەکییەتی دەستوور زبان و فیکر و ئەفکارمان هەبێ
وەرنە ئێمە زۆر بە ئەزیەت، خاکی خۆن دەستنەکەوێ
پشدەری حوڕڕە، دەری دا بارێکی گران و عەجیب
بۆ گەلی کوردی ئەسووتێ دڵ بۆ چ نەسرەوێ
زانای کورد مەلا ئیبراهیمی شێخ ئاودەلی، لە ساڵی 1939 لە گوندی شێخ ئاودەلان لەدایک بووە، ناسناوی شیعریی (پشدەری) بووە، بۆ خوێندن و زانستەکەی لە زۆر شاری کوردستان گەڕاوە و لە هەندێ شوێنیش وەک وتاربێژ و پێشنیوێژ لە مزگەوتەکان بووە، ساڵی 2010 کۆچی دوایی کردووە، لەدوای خۆی بەرهەمی زۆری ئەدەبی و ئایینی جێهێشتووە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=