ئاسۆ سەراوی
کوالێتیی کۆنترۆڵی سنوورەکانمان وەک پێویست نین، یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر و یاسای پاراستنی بەرهەمە نێوخۆییەکان ئەوانیش چالاک نین، ئیتر بۆ گلەیی لە وڵاتان بکەین بڵێن هیچمان بۆ ناکەن.
لە بەشێکی بەرنامەکە رەنج سەنگاوی پێشکەشکار بەو جۆرە دوا، تەواوی بەرنامەکە تایبەت بوو گرنگیدان بە بەرهەمی کارگەکانی نێوخۆ بەپێی قسەی بەرپرسیچکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرنامەکەدا تاوەکوو ئێستا لە هەرێمی کوردستان مۆڵەت دراوەتە 4679 کارگە کە بەشێکیان لەدرووستکردندان و زیاتر لە 1000 کارگەیەکیان بەکردار بەرهەمیان هەیە. بەشێک لەو کارگانە وەک کارگەکانی چیمەنتۆی بەشی هەموو ئێراق دەتوانێ بەرهەمی هەبێت. یەکێک لە گرفتەکانی خاوەنکارگەکان ئەوەیە کە ەزگاکانی حکومەت بەرهەمەکانیان لێ ناکڕنەوە، لە کاتێکدا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێش دوو ساڵ داوای کردووە لانی کەم 75% دەزگاکانی حکومەت بەرهەمی کارگەکانی نێوخۆ بەکاربهێنن
سەباری ئەوەش وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی باسی دەکات هەموو ئێراق بە خشت و چیمەنتۆ و شیشی کارگەکانی سلێمانی درووست دەکرێت یاخوود نۆژەن دەکرێتەوە. بەرپرسەکەی حکومەتی هەرێمیش کە پلەی بەڕێوەبەری گشتی هەیە پشتیوانی ئەو قسەیە دەکات دەڵێت 80% بۆ 90% بەرهەمی کارگەکانمان بۆ نێوەڕاست و خوارووی ئێراق دەڕوات. خاوەن کارگەیەکیش لە هەولێر باس لەوە دەکات کە نزیکەی 200 بۆ 300 خاوەن کارگە لە هەولێر بەهۆی بێ بازاڕییەوە وازیان لە کارەکەیان هێناوە.
پێویستە لای ڕاستی هەموو مارکێت و سوپەرمارکێتەکان بکرێتە بەرهەمی کارگەکانی نێوخۆ. ئەوەش پێشنیازی ئەندامێکی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بوو.
لە 4679 مۆڵەتی کارگە زیاتر لە 1000 دانەی کار دەکات
هەرچەندە ژمارەی کارگە مۆڵەتپێدراوەکان لە هەرێمی کوردستان 4679ی تێپەڕاندووە، بەڵام بەکردار زیاتر لە 1000 کارگەیان بەرهەمیان هەیە؛ ئەو ژمارەیەش کۆڤان جەلال بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان پشتڕاستی کردەوە.
ئەوەی بۆ کۆڤان جەلال و خەڵکی کوردستانیش جێگای شانازییە ئەوەیە کە کارگە لە کوردستاندا هەیە دەتوانێ بەشی هەموو ئێراق بەرهەمی هەبێت بەرهەمی کارگەکانی چیمەنتۆی کوردستان، بەشی هەموو ئێراق دەکات جگە لەوە کارگەی زۆر باشی شیش و بلوک و بۆیاخ و مۆبیلیات ودەرگا و پەنجەرە و ئەلەمنیۆمی زۆر باشمان هەیە کە بەپێی پێوەرە جیهانییەکان بەرهەمیان هەیە.
کۆڤان جەلال ئەوەشی ئاشکرا کرد کە مۆڵەتیانداوە بە کارگەی تواندنەوەی شوشە و دووبارە درووستکردنەوەی، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە بەرهەم و وتیشی، نزیکەی 50 بۆ 60 کارگەی پاککەرەوەی زۆر باشمان هەیە بەرهەمیان لەوانەی دەرەوە زۆر باشترە. هەر بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین کارگەی زۆر باشی کلینکسی تەڕ و وشک هەن، ئەمە جگە لە کارگەکانی لەکیسکردن و لەقوتوونانی بەرهەمەجۆراوجۆرەکان. مۆڵەتدان بە کارگەیەکی بەستنەوەی تەلەفۆنی سمارتفۆن کە ئێستا بەرهەمی هەیە یەکێکی دیکەیە لە شانازییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی. کۆڤان جەلال ئاماژەی بە چەند کارگەیەکی دیکەش کرد کە بەرهەمی زۆر باشیان هەیە، وەک کارگەی قیری شل و ڕۆنی ئۆتۆمبێل و پاتری و بۆری ئاو و کارگەکانی شیرەمەنیی ماست و پەنیر و ئایسکرێم.
ئێراق ساڵانە بایی 30 ملیار دۆلار هاوردەی هەیە
بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستە ڕوو کە ئێراق ساڵانە بایی 30 ملیار دۆلار هاوردەی خۆراک و کاڵای جۆراوجۆری دەرەکی هەیە و دەڵێت: تەنانەت 80% بۆ 90%ی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نێوەڕاست و خوارووی ئێراق دەڕوات. هەر بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی کارگەکانی نێوخۆ، کۆڤان جەلال ئەوەی ڕوونکردەوە کە پێش دوو ساڵ داوایان کردووە 75%ی دەزگاکانی حکومەت بەرهەمی کارگەکانی نێوخۆ بەکاربهێنن. ئەو وتی، ئەگەر ئەو داوایەمان جێبەجێ نەبووە پەیوەندی بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕواناکەم بلۆک و شیش و چیمەنتۆ لە تورکیا و ئێرانەوە بێتە کوردستان بازاڕیان باش بێت، زیاتر بەرهەمی خۆمان بەکاردێت.
کۆڤان جەلال شانازی بەوەش کرد کە 13 کارگەی چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە ئەو وتیشی، لە کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە تۆنی چیمەنتۆ بە 45 هەزار دینارە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی هەیە.
کۆڤان جەلال جەخت لەوە دەکاتەوە، بەرهەمی نێوخۆ باشترە، چونکە لەلایەن زیاد لەلایەنێک پشکنینی بۆ دەکرێت ئەو وتی، بەرهەمی نێوخۆمان سەتان جار باشترە لەو بەرهەمەی لە دەرەوە دێت. ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی نەشاردەوە کە دەروازە هەیە ڕێگری لە بەرهەمی نێوخۆ دەکات بڕواتە دەرەوە. ئەو وتی، لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کێشە بۆ بەرهەمی نێوخۆ درووست بووە بڕواتە دەرەوە.
سەبارەت بەو پێشنیازەش کە لای ڕاستی مارکێت و سوپەرمارکێتەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتە بەرهەمی کارگەکانی نێوخۆ، ئەو وتی، ئەگەر بە دڵی من بێت ڕاست و چەپی هەموو مارکێتەکان دەکەمە بەرهەمی نێوخۆ، چونکە ئەگەر بمانەوێ حکومەت و میللەتێکی بەهێزمان هەبێت دەبێت بەدڵنیاییەوە پیشەسازییەکی بەهێزمان هەبێت.
سەبارەت بە یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی کە لە 2022ەوە بوونی هەیە، کۆڤان وتی، خاوەن کارگەکان وەکوو پێویست نایەن بەلای ئەو یاسایەدا.
ئەو وتیشی، ئێمە کارگەی زۆر باشی پاککەرەوەمان هەیە، بەڵام گرفتێکیان هەیە زۆرینەیان نایەن فۆڕمی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی پڕبکەنەوە تاوەکوو ئێمەش بەرگرییان لێبکەین.
ناچار کردمە پەرتووک
بیرۆکەی ئەم بەرنامەیە لە پەرتووکێکی ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی سەرچاوەی گرتووە بەتایبەت کاتێک لە بەشێکی پەرتووکەکەیدا باسی لەوە کردووە، بۆ پشتگیریی بەرهەمی نێوخۆیی کارگەکان پێویستە لای ڕاستی سەرجەم مارکێت و سوپەرمارکێتەکان بکرێتە بەرهەمی کارگەکانی نێوخۆ، ئارام بابان لە دەستپێکی قسەکانی ئاماژەی بەوەدا، ئەوەندە بۆ بەرنامەی (لەگەڵ ڕەنج) بانگکراوە و دەرفەت نەبوو هەمووی ئەو بابەتانەی ئامادەی کردووە بتوانێ بیڵێ، ناچار کردویەتییە پەرتووکێک بۆیە بەپێکەنینەوە دەڵێت: دەبێت کاک ڕەنج سوپاسی تۆ بکەم وەهات لێ کردم ئەم پەرتووکە ئامادە بکەم.
ئارام بابان جەخت لەوە دەکاتەوە، خاوەن کارگە واتە پێشمەرگایەتی، دڵسۆزی، سیاسی، قبووڵ نەکردنی مووچەی بندیواری، سەرباری کارکردنی ئەو کارگانە لەلای ئارام بابان هێشتا لە دۆخەکە ڕازی نییە و باس لەوە دەکات، بەهۆی نەبوونی کارگەی پێویست لە 1991ەوە ڕۆژبەڕۆژ بەرهەمی تاکی کورد کەم دەبێتەوە بەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی کەم دەبێت و خەرجی زۆر دەبێت. ئارام بابان دەڵێت: هیچ حکومەتێک نییە لە دنیادا هەموو خەڵکەکەی بژیێنێ، دەبێت 20% بۆ 30%ی خەڵک کاربەدەستی حکومەت بن، نەک وەک ئێمە پێنج ملیۆنین، نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزارمان مووچەخۆری حکومەتین، ئەوە کارەساتە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئەوەشی خستە ڕوو، بوونی کارگەی باش و بەرهەمدار بناخەی چارەسەری ئەو قەیرانەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە. ئەو وتی، ئێمە گەنج پەروەردە دەکەین، بەڵام دەچێتە دەرەوە بۆ خزمەتی وڵاتێکی دیکە.
ئارام بابان پێشنیازی ئەوەش دەکات، پێویستە ئەوانەی یەکەی نیشتەجێبوون درووست دەکەن، ناچار بکرێن یەکەی پیشەسازیش درووست بکەن، شتێکی دیکە کە ئارام بابان و خاوەن کارگەکانی بێ ئومێد کردووە ئەوەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەندەری پڕۆژەکانی داوای بەرهەمی کارگەکانی نێوخۆ ناکات، وەک ئارام بابان دەڵێت: لە تەندەرەکانی حکومەت دەنووسرێ نابێت بەرهەمی ناوخۆ بەکاربێت، لە کاتێکدا هەموو ئێراق بە خشت و چیمەنتۆ و شیشی کارگەکانی سلێمانی درووست دەکرێ و نۆژەن دەکرێتەوە. ئەو بەرپرسەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی باسی لەوەش کرد، ساڵانە بە 500 هەزار تۆنی ناوسکی ئاژەڵ، ژینگەکەمان پیس دەکەین، کەچی نایکەینە خواردنی سەگ و پشیلە و لە دەرەوە هاوردە دەکەین.
دەرپێ و فانیلەکەی خۆمان
ئارام بابان خەم بۆ ئەوەش دەخوات، لە ڕووی کارگەوە هێندە هەژارین ناتوانین دەرپێ و فانیلەکەی خۆشمان درووست بکەین و دەڵێت: یەکەم وڵاتین لە دنیادا نەمانتوانیوە دەرپێ و فانیلەی خۆمان درووست بکەین.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو بازرگانە زیاد لە 1100 جۆر خواردنی منداڵانی وەک کێک و پسکیت و مەساسە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە کاتێکدا دانانی کارگەی بەو جۆرە بەرهەمانە زۆر ئاسانە. بەرزی نرخی کرێی کارەبای کارگەکان یەکێکە لە گرفتەکانی خاوەن کارگەکان وەک ئارام بابان باسی دەکات نرخی کارەبای کارگەکان لەسەر کارگەکان کراوەتە دوو هێندەی پێشوو، جگە لەوە کرێی زەوی کارگەکان لە دوو ملیۆن دینارەوە کراوەتە هەشت ملیۆن دینار، ئێمە ئەو هەموو فشارەمان لەسەرە ئیتر خاوەن کارگە چۆن ناچێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ دانانی کارگە.
ئارام بابان ئەوەشی خستە ڕوو، 15 ساڵ لەمەوبەر هەرچی بەرهەم بوو لە هەرێمی کوردستانەوە دەچووە بەغدا، بەڵام ئێستا بەپێچەونەوە ناوچەی پیشەسازی لە هەموو شارەکاندا درووستکرا جگە لە سلێمانی و هەولێر، بەڕاستی ئەوانەی بەنیازی دانانی کارگە بوون بەشێکیان مردن ئەوەندە چاوەڕێیان کرد. کۆتایی قسەکانی پێشنیازی ئەوەی کرد کە لە یەکی سەرەتایی قوتابخانەکانەوە وانەیەک تایبەت بەگرنگی بەرهەمی نێوخۆیی هەبێت، ئیتر پێویستیمان بە فەوجی تازەی پیشەسازی هەیە، نەک فەوجی سەربازی.
حکومەت خۆی بەرهەمی نێوخۆ ناکڕێتەوە
بەڵێندەرێک ویستی ئەلەمنیۆمان بۆ قوتابخانەیەک لێبکڕێت، کەچی وەزارەت پێی گوتبوو دەبێت ئەلەمنیۆمەکە تورکی بێت. ئەوە قسەی سەردار سەعید، نوێنەری کارگەکانی فاروق گرووپ بوو، لە بەشێکی بەرنامەکەدا کردی، ئەو ڕەخنەی لە خەڵکیش هەبوو کە وەکوو پێویست پشتیوانی بەرهەمی نێوخۆیی ناکەن و وتی، پێویستە ڕۆشنبیریی خەڵکی بۆ بەرهەمی نێوخۆ بەرز بکرێتەوە، بەڕاستی تاوەکوو ئێستا وەکوو پێویست خەڵکی بڕوای بە بەرهەمی نێوخۆیی نییە و پشتیوانی ناکات.
سەردار سەعید، نموونە بە کارگەیەکی ئەلەمنیۆمیان دەهێنێتەوە و دەڵێت: کارگەکەم لە هەموو بەرهەمی دەرەکی باشترە و نرخیشم لەوان هەرزانترە، کەچی خەڵکی هەر پەنادەباتە بەر بەرهەمی دەرەکی.
ڕەخنەیەکی دیکەی سەردار، گرانی نرخی کارەبایە کە تاوەکوو ئێستاش یەکەی کارەبای کارگەکان بە 120 دینارە، بەڵام لە ئێراق بە 60 دینارە و دەڵێت: ئێمە بەناچاری گرانی نرخی کارەبا دەخەینەوە سەر فرۆشتنی بەرهەمەکانمان. نوێنەری کارگەکانی فاروق گرووپ ئەوەشی خستە ڕوو کە پێشتر نەوتی ڕەشیان بەنرخی پاڵپشتیکراو پێدراوە، بەڵام ئێستا بەنرخی بازرگانی دەیکڕنەوە.
گومرگ لەسەر بەرهەمی دەرەکی زیاد بکەن
د. خۆشەوی خاڵ، ئابووریناس و دکتۆرا لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان وەک میوانێکی بەرنامەکە باسی لەوە کرد بۆ پشتیوانی بەرهەمی کارگەکانی نێوخۆ پێویستە گومرگی زۆر لەسەر کاڵای دەرەکی دابنرێت. ئەمەش وەک ئەو وتی، تاوەکوو بەرهەمی نێوخۆ بتوانێ کێبڕکێیان بکات.
د. خۆشەوی، خۆزگەیەک بۆ ڕابردوو دەخوازێ و دەڵێت: زۆر گرنگ بوو لە دوای 2003وە خاوەن کارگەکانی ئێراقمان بهێنایەتە کوردستان، خۆزگە کاتی خۆی ئەوەمان بکردایە، وەکوو ئەوەمان نەکرد، ئێراق لە دوای مانگی 2ی 2017وە (بازگەی سەفرە) ی دانا لە دوای دانانی ئەو بازگەیەوە پشتی کارگەکانی هەرێمی کوردستان شکا.
ئەو ئابووریناسە جەخت لەوە دەکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیرییەکی بەهێزی بەرهەمی نێوخۆیی نەکردووە و دەڵێت: ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی کارگەکانی خۆمان بکڕێتەوە بەدڵنیاییەوە شکست ناهێنن.
ئەو بازرگانە نموونە لەسەر کارگەیەکی خۆی دەهێنێتەوە کە چەندین لایەن پشتگیریان کردووە تاوەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆنی ئۆتۆمبێلی کارگەکەی ئەو بکڕێتەوە، بەڵام دواجار لێیان نەکڕیوەتەوە. د. خۆشەوی خاڵ ئەوەش دەخاتە ڕوو، کارگەکانی دەرەوەی وڵات بانکیان لە پشتە، بەڵام لێرە هیچ پشتیوانییەک نییە.
ئابووریناسەکە ئەوەش دەخاتە ڕوو، ئەو خاوەن کارگەیەی چووەتە دەرەوە بۆ دانانی کارگە مانای ئەوەیە متمانەی بە شوێنەکەی خۆی نەماوە ئەگینا کەس حەز بەوە ناکات بڕواتە دەرەوە و خزمەتی شوێنێکی دیکە بکات. لە کۆتایی قسەکانی د. خۆشەوی خاڵ پێشنیازی ئەوەی کرد، لە داهاتوودا گەشتی زانستیی قۆتابیان بۆ کارگەکان هەبێت، تاوەکوو بەبەرهەمی کارگەکانی نێوخۆ ئاشنا بن.
200 بۆ 300 خاوەن کارگەی هەولێر دەناسم دایانخستووە
سالار عومەر، خاوەن کارگە لە هەولێر وەک میوانێکی دیکەی بەرنامەکە باسی لەوە کرد نزیکەی 200 بۆ 300 خاوەن کارگەی هەولێر دەناسێ کە کارگەکەیان داخستووە، ئەو خاوەن کارگەیە کە 34 ساڵە کارگەی هەیە.
ئەوە دەخاتە ڕوو لە بەغدا پێیان گوتووە شانازی بە بەرهەمی کارگەکانی کوردستانەوە دەکەن لە بەغدا بڵێی ئەوە بەرهەمی کوردستانە زۆر جێگای متمانەیانە. بە بۆچوونی ئەو خاوەن کارگەیە، خاوەن کارگەی کورد زۆر بەتوانایە تەنانەت لە تورکیاش کوردەکان زیاتر پەرەیان بەکەرتی پیشەسازی داوە. سالار عومەر، ئەوەش ناشارێتەوە کە زەنگێکی مەترسیدار هەیە بۆ ئەوەی خاون کارگەکانی هەرێمی کوردستان واز لە کارەکانیان بهێنن.
ئەو دەڵێت: لە کاتی کێشەیەکدا بانکێک نییە پشتیوانیی خاوەن کارگەکان بێت، کە دەچین بۆ قەرز لە بانک پێمان نادەن و دەڵێن زەوی کارگەکەتان هیی خۆتان نییە و حکومەت ڕاستیش دەکەن.
ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە وەک خاوەن کارگەکان هیچ نوێنەرێکیان نییە، لە کاتێکدا ئێران و تورکیا هاوکاری ئەو خاوەن کارگانەش دەکەن کە بەشداری پێشانگەیەک لە کوردستان دەکەن.
لە کۆتایی قسەکانی سالار عومەر باسی لەوە کرد، ساڵانە یەک ملیار دینار مووچە دەداتە کارمەندەکانی ئەگەر کارم نەبێت لە کوێ ئەو پارەیە بدەم؟ بەڕاستی ژوورە بازرگانییەکان لەلایەنی پیشەسازییەوە زۆر کەمتەرخەمن.
لەگەڵ یەکێتیی پیشەسازانی ئێراق بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەکەین
شیرین یەحیا، ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر وەک میوانێکی دیکەی بەرنامەکە باسی لەوە کرد بەنیازن بەشێک لە گرفتی کارگەکان لە ڕێگای یەکێتیی پیشەسازانی ئێراقەوە چارەسەریان بکەن ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی پیشەسازانی ئێراق بکرێت زۆربەی کێشەکانیان چارەسەر دەبێت.
شیرین یەحیا، ئەوەی نەشاردەوە کە ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەیە کارگەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان داناوە، بەڵام بەرهەمەکەی بۆ ئێرە دەنێرێتەوە دەشڵێت، حاڵەتی وەها زۆرە.
گوێگرتن لە کێشەی خاوەن کارگەکان بە ئەرک و ڕۆڵی خۆیان دەزانێ و دەڵێت: وەک ژووری بازرگانی ڕۆڵی ئێمە ئەوەیە گوێ لە گرفتی خاوەن کارگەکان بگرین و بەدوای چارەسەری کێشەکانیاندا بگەڕێین، لەو پێناوەشدا وەک ژووری بازرگانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ یەکێتیی پیشەسازانی ئێراق واژۆ کردووە ئومێد دەکەین ئەنجامێکی هەبێت. سەبارەت بە هەوڵەکانیشیان بۆ کەمکردنەوەی کرێی کارەبای کارگەکان وتی، چەندین جار نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە نرخی کرێی کارەبای کارگەکان کەمبکرێتەوە.
شیرین یەحیا، جەخت لەوە دەکاتەوە وەک خۆی خاوەنی هیچ کارگەیەک نییە، بەڵام بەردەوام لە هەوڵی چارەسەری گرفتەکانیاندایە، چونکە پێوەری پێشکەوتنی ئابووری، هەر وڵاتێک پەیوەندی بە باشی بەرهەمی کارگەکانییەوە هەیە.
لە کۆتایی قسەکانی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانیی هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو، بەردەوام هەوڵیان بۆ ئەوە بووە لەگەڵ شاندەکانی خۆیان خاوەن کارگەکانیش بچنە پێشانگەکانی دەرەوەی وڵات و وتیشی، لە مانگی چوار پێشانگەیەکی گەورە لە ئەڵمانیا دەکرێتەوە، بەنیازین بەشێک لە خاوەن کارگەکانیش بنێرین.
ماستی بەسەرچوو دەکرێتەوە دۆ
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا خاوەن کارگەیەک باسی لەوە کرد، ماستی ئێران کە بەسەر دەچێت دەبرێتەوە ئێران و بە ماستاوی بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرنەوە لەو قسەیەم دڵنیام، لەوەش دڵنیام بەرهەمی کارگەکانی ئێران 80% لە پشکنین دەرناچن.
خاوەن کارگەیەکی دیکە ئەوەی خستە ڕوو، بەرهەمەکانیان نەک هەر باشە، بەڵکوو نرخیشی زۆر هەرزانە. ئەو وتی، کارتۆنی فاسم هەیە بە 10 دۆلارە، بەڵام لە بەغدا بە 16 دۆلارە.
خاوەن کارگەی ئالین بۆ بەهارات، یەکێکی دیکە بوو لەو خاوەن کارگانەی لە بەرنامەکەدا ئامادەبوو و وتی، بەهاراتمان هەیە بۆ ئەمریکاشی دەنێرین، بەڵام بەشێک لە مارکێتەکانی ئێرە وەکوو پێویست هاوکارمان نین، خاوەن مارکێت هەیە داوای 52%ی داشکاندن دەکات، لە کاتێکدا قازانجی خۆم 5% بۆ 6%ە. خاوەن کارگەیەکی دیکە باسی لەوە کرد لە وەزارەتی بازرگانی کە مۆڵەت وەردەگرن و دەچنە وەزارەتەکانی دیکە وەکوو پێویست هاوکارییان ناکەن بەڕاستی تۆپانێمان پێدەکەن.
خاوەن کارگەیەکی دیکە گلەیی ئەوەی کرد زەوییان پێدەدەن، بەڵام خزمەتگوزاری پێناگەیەنن تاوەکوو ئەوان کارگەی لەسەر درووست بکەن.
خاوەن کارگەیەکی دیکە باسی لەو ڕۆتینیاتە زۆرە کرد کە لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی کارگە بۆیان درووست دەبێت، ئەو خاوەن کارگەیە وتی،
جاران شەش مانگ جارێک دەهاتن بۆ پشکنین، بەڵام ئێستا بووە بە مانگی جارێک و پارەیەکی زۆریش وەردەگرن.
خاوەن کارگەیەکی پاتری لە سلێمانی (پاتری مایە) ئەوەی خستە ڕوو ئەگەر ئۆتۆمبێلەکانی میری پاتری ئەوان بکڕنەوە ئەوا وەک خۆی وتی، بەرهەمهێنانمان زۆر زیاد دەبێت، جگە لەوە بەرهەمی پاترییەکانمان بۆ سێ وڵاتی جیاواز دەچێتە دەرەوە. خاوەن کارگەیەکی پاککەرەوەی نێوخۆیی کە 23 جۆر بەرهەمی جیاوازیان هەیە وتی بەرهەمەکانی ئێمە بۆ هەر دوو وڵاتی دانیمارک و ئەڵمانیا دەچێت، ئێمە هەر نابێت گلەیی لە دەسەڵات بکەین، ئێمە ئەو هەموو کارگەیەمان هەیە ئەگەر هەریەکەمان بەرهەمەکانی یەکتری بەکاربهێنین زۆر شت دەگۆڕێت[1]