لە ڤیەننا یانەیەکی کوردیی تۆپی پێ دامەزراوە بەناوی #یانەی کوردڤین#، کە یاریزانەکانی بە دڵ و گیان هەوڵدەدەن لە ماوەی داهاتوودا بگەنە ئاستی پلە یەکەکانی نەمسا و ئەوروپا.
شەریف مەژدۆ، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یانەی کوردڤین لە نەمسا؛ ئەو خەڵکی عامودایە، ساڵی 2013 چووەتە نەمسا، ساڵی 2014 تیمێکی میللییان دامەزراند و لەو کاتەوە لەوێ کار دەکات، دەڵێت: ئێمە و منداڵەکانمان حەزمان لە یاریی تۆپی پێیە و کاتمان بۆ یاریکردن هەیە، تاوەکوو ساڵی 2017 تیمەکەمان تەواو نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی کوردی زۆر هاتنە ئێرە و گەنج و لاو بووین، بڕیارمان دا تیمێک دابمەزرێنین بەناوی کوردڤین. بۆیە ساڵی 2017 تیمەکەمان بە فەرمی دامەزراند.
ئێستا وەکوو مەژدۆ دەڵێت: دەستەیەکی ئەکادیمییان هەیە و منداڵان فێری یاریی تۆپی پێ دەکەن، ئێستا چەندین تیممان هەیە، وەکوو تیمی گەنجان و منداڵان و تەنانەت گەورانیشمان هەیە، یاریزانمان زۆرن، هەم کورد و هەم بیانین، واتە لە زۆربەی نەتەوەکان هەن، لە ئەفریقا و ئەوروپا و سووریا و لە هەموو شوێنێک، لەگەڵمان یاری دەکەن.
ئێستا یانە کوردییەکەی نەمسا لە لیگی خوارەوە یاری دەکات و دەیانەوێت بچنە لیگی پیشەیی، بۆ ئەوەش مەژدۆ دەڵێت: تەنیا هەنگاوێکمان ماوە و دوور نین، بەڵام ئەگەر بمانەوێت ئەو خەونەمان بەدی بێت، پێویستی بە پشتگیریی جەماوەر و هەروەها کەسانی خواپێداوە، بۆ ئەوەی لەڕووی ماددییەوە هاوکارمان بن و سپۆنسەرمان بن، بەتایبەتیی ڕەوەند و دیاسپۆرای کوردی لێرە.
ئیدریس حەسەن، بەڕێوەبەری یانەی کوردڤینە لە نەمسا؛ خەڵکی قامشلۆیە و دەڵێت: ئەم تیمە ساڵی 2017 دامەزرا، ساڵی 2022 -2023 چووینە لیگ وەن و ساڵی 2024یش گەیشتینە ئۆبەرلیگ، کە خولێکی گەورەیە، داواکارین لە دیاسپۆرای کوردی لێرە پشتگیریی ئەم یانەیە بکەن، چونکە کەس یارمەتیمان نادات، بۆیە زیاتر چاومان لە کوردی خۆمانە بۆ ئەوەی پشتگیریمان بکەن، سەرکەوتنی گەورەتر بەدەستبهێنین و بیکەینە دیاری بۆ خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان.
هەڵەم، ڕاهێنەری یانەی کوردڤین لە نەمسا کە کاپتنی یانەکەیشە دەڵێت: لە ساڵی 2018وە بەشداریی دامەزراندنی یانەکە بووم، لە یاریی کۆتاییدا سەرکەوتین و زۆر دڵخۆشین، کاتێک لە وڵاتێکی ئەورووپی ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە، هەموو کورد دڵخۆش دەبن. هیوادارین ئاڵاکەمان لە هەموو شوێنێک بەرز ببێتەوە و پێش بکەوین، هیوامان ئەوەیە ببینە تیپێکی پیشەگەر، لە یاریی کۆتاییدا بینیمان گەلەکەمان زۆر پشتگیرییان کردین و ئاڵای کوردستانیان بەرز کردەوە. ئەمە نیشانەیەکی باشە کە پێشبکەوین و سەرکەوتنی گەورەتر بەدەستبهێنین.
مستەفا (باوکی هەڤاڵ) لە دەستەی کارگیڕیی یانەی کوردڤین لە نەمسا چەندین ساڵە کار بۆ تیمەکە دەکات، لە ساڵی ڕابردوودا تیمەکەیان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجار خۆی گەیاندە لیگی ئەورووپی پیشەگە؛ بە وتەی مستەفا، ئەوەش یەکەمجار بوو تیمێکی کورد لە ئەوروپا ئەوەی بەدەستهێناوە، بەتایبەتیی لەڕووی میدیاوە بووە ڕووداوێکی گرنگ، کاتێک یاریمان کرد، ئەو ڕۆژە وەکوو فێستیڤاڵ بوو، وەک نەورۆز بوو، لە هەموو ناوچەکانی نەمساوە خەڵک هاتبوون بۆ سەیری یارییەکە. لە 9 هەرێمەوە خەڵک هاتبوون و سەیری یاریی تیمی کوردڤینیان دەکرد، کاتێک خەڵک بینییان نزیکەی 2000 هاندەری کورد هەبوون، سەرسام بوون، بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی تۆپی پێی نەمسا کە خۆی ئامادەبوو، وتی: هەرگیز نەمبینیوە تیمێک لەم ئاستەدا هاندەری وا زۆری هەبێت.
باوکی هەڤاڵ باسی لەوەش کرد، ئەوانیش بە کامێرا وێنەیان دەگرت و بینیویانە کاتێک میوزیکی کوردی لێدرا، هاندەرە کوردەکان هەستان و هەڵپەڕکێیان کردووە، ئەمە بووە جێگای دڵخۆشی ئێمە و ئەوانیش ستایشی تیمەکەمانیان کرد.
مستەفا دەشڵێت، تیمەکەمان ئێستا لە پێشەوەیە و هیوادارین لە ڕۆژانی داهاتوودا سەرکەوتنی گەورەتر بەدەستبهێنین، کاتێک سەردەکەوین کورد لە هەموو شوێنێک شاد و دڵخۆش دەبن. دەمانەوێت تیمەکەمان ببێتە هێمای سەرکەوتنی کورد و سوپاسی ڕووداویش دەکەین کە ئێمەیان بەسەرکردەوە و دەستانخۆش بێت.[1]