شوێن: #مەهاباد#
ڕۆژ یان ساڵی گیرانی وێنەکە: 1890
کەسایەتییەکانی ناو وێنەکە: مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادەی باوکی مەلای گەورەی #کۆیە#
ناوی وێنەگر: عەلی خانی والی قاجار
ڕوونکردنەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر وێنەکە: #موحیب مەهابادی#
لە لاپەڕەی 196ی ئاڵبوومی مێژوویی عەلی خان والی قاجار وێنەیەکی تایبەت سرنجی ڕاکێشام کە لەژێرەوەی بە فارسی نووسراوە:
(حاج ملا عەبدوللە افندی از جانب دولت عثمانی برای تبعید تبعە متمردە عثمانی از کویە سنجق ولدت خود بساوجبلاغ آمده)
حاجی مەلا عەبدوڵڵا ئەفەندی لە زێدی خۆی کۆیە ڕا بە ناوی حکومەتی عوسمانییەوە هاتووە بۆ سابڵاغ (#مەهاباد#) بۆ دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتییەکی یاخیبووی عوسمانی
بەڕای من ئەو بەڕێزە زانای ناوداری کورد حاجی مەلا عەبدوڵڵا جەلییە کە لە سەردەمی عوسمانی قازی ناوچەکە بووە و دەکاتە باوکی بلیمەتی نەتەوەیی مەلا محەمەدی کۆیی ناسراو بە #مەلای گەورەی کۆیە# و باپیری بیرمەند و کەسایەتی ڕووناکبیری کورد مامۆستا #مەسعود محەمەد#، هەروەها شایەنی باسە ئەم وێنەم لە ئاڵبۆمی وێنەمێژووییەکانی عەلی خانی والی قاجار دۆزییەوە کە لە ساڵەکانی 1846 تا 1903 بە کامێرای خۆی تۆماری کردوون و ئەم وێنە لە لاپەڕەی 196ی ئاڵبۆمەکەی دایە و شایەنی باسە وێنەی کەسێکی تر بە ناوی عەبدوڵڵا پاشا هەر لەم لاپەڕە دایە کە نووسراوە قایمەقامی هەولێر بووە و هەر لەگەڵ حاجی مەلا عەبدوڵڵا بەهۆی ئەم ئێشەوە هاتووە بۆ مەهاباد، وێنەکە وێدەچێت 1890 یا چەند ساڵ پاشی بێت، کورتەیەک لە ژیاننامەی عەللامەی خوالێخۆشبوو: مامۆستا جەلی ناوی تەواوی مەلا عەبدوڵڵای کوڕی مەلا ئەسعەدە، (1834 -1908) شاعیرێکی کورد بوو کە لە ساڵی 1834 لە شاری کۆیە لە دایک بووە. سەرەتای خوێندنی حوجرەی مزگەوتی لە لای باوکی بووە. لە قۆناغی فەقێیەتیدا ھاوڕێی شاعیری ناوداری کورد حاجی قادری کۆیی بووە. پێکەوە ڕوویان کردۆتە ناوچەی باڵەکیان و لە گوندی شێخ وەتمان لە حوجرەی مەلا محەمەدی کاک عەبدووڵڵا خوێندوویانە. مامۆستا جەلی لە ساڵی 1871 لەگەڵ باوکی حەجی کردووە لە ماوەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی حەج مەلا ئەسعەدی باوکی کۆچی دوایی کردووە و لە وڵاتی حیجاز بە خاک سپێراوە، ئیتر خۆی گەڕاوەتەوە کۆیە و بووە بەجێنشینی باوکی. جەلی پەیوەندی و ناسیاوی لەگەڵ مەلا و شێخانی دەروێشی ئەو سەردەمەدا بووە هیی وەکوو شێخ عومەری بیارە و کاک ئەحمەدی شێخ و عەللامە موفتی زەھاوی و هیی دیکە. مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا جەلی ھەڵبژاردووە وەک نازناوی هۆنراوەی و ئەمە لە دوای بووە بە نازناوی هەموو بنەماڵەکەی و بە جەلی زادەوە ناسراون. مامۆستا جەلی لە ساڵی 1908دا کۆچی دواییکردووە، ڕووحیان شاد و یادیان هەرمان بێت، پێشکەشتان هاوڕێیانی هێژا و دڵسۆزی وڵاتی پڕ لە شانازی کوردستان.[1]