ناونیشانی بابەت:کوردستانەکەی خۆراسان.. پارچەی شەشەمی کوردستان
ئامادەکردنی:
هامنۆ ئەیوب هەورامیهامنۆ ئەیوب هەورامی
ئەوێ دووەم گەورەترین کوردستانە، کەچی سنوورێکی دابڕاوی هەیە لەگەڵ جوگرافیای کوردستانی مەزن و پارچە بەناوبانگەکانی کوردستاندا. دەکەوێتە نێوان ناوچەی نیشتەجێبوونی تورکمان و فارسەکانەوە، کەچی هەتا ئێستاش زمان و کولتووری رەسەنی کوردیی خۆیان وەک خۆی پاراستووە. گەرچی زۆر کوردن، خاوەن تایبەتمەندیی نەتەوەیی دەوڵەمەندن؛ کەچی هەتا ئێستاش لای زۆرمان نەناسراون! هەموو ئەوەی باسمان کرد، کوردستانی خۆراسانە.
کوردستانی خۆراسان، کە بە (
کوردخانەکوردخانە)ش ناسراوە، ناوچەیەکی گەورە و فراوانە و زۆربەی جوگرافیاکەشی دەکەوێتە پارێزگاری خۆراسانی ڕەزەوییەوە، کە پارێزگاکە لە باکوورەوە هاوسنووری تورکمانستانە، لە خۆرهەڵاتیشەوە دەگاتەوە بە ئەفغانستان، لە باشوور و خۆرئاواشەوە تەوق دراوە بە پارێزگاکانی (خۆراسانی باشوور، یەزد، سمنان، خۆراسانی باکوور) لە سنووری دەوڵەتی ئێرانی ئیستادا، لەناو ئەم پارێزگایەشدا کوردەکان لەناو قەزاکانی (بۆجنوورد، قووچان، دەرەگز، و کەلات -کەلاتی نادری-) بڵاو بوونەتەوە.
بەپێی سەرچاوە ئێرانییەکان، پێدەچێت ژمارەی کوردەکان لەم بەشەدا زیاتر لە(595 هەزار) کەس بێت، واتە (٪70)ی پێکهاتەی پارێزگاکە دەگرنەوە و بەوەش دەبنە زۆرینە تێیدا، کە زۆرینەیان لە هەردوو هۆزی (شادلوو و چەمشکەزەگ)ی کوردین. بێگومان بوونی کورد لەو هەرێمەدا پێشینەیەکی مێژوویی هەیە، لە سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەتی میدیادا تەواوی خۆراسان بەشێک بووە لە خاکی ئیمپڕاتۆرییەتەکە، هەروەها لە سەردەمی ئیسلام و بەدیاریکراوی سەردەمی عەبباسییەکاندا، کورد لەم هەرێمەدا هەبووە و بگرە کەسایەتییەکی وەک (
ئەبوو موسلیمی خۆراسانیئەبوو موسلیمی خۆراسانی) کە فەرماندەیەکی هەرە باڵای سەربازیی سەردەمی عەباسییەکان بووە، بە گوێرەی هۆنراوەیەکی هەجووی (ابو دلامة)ی شاعیری دەرباری خەلیفە (ئەبوو جەعفەری مەنسووڕ)، کورد بووە.
هەروەها یاقووتی حەمەوی لە سەدەی سێزدەی زایینیدا باسی بوونی کوردی کردووە لە شارەکانی (ئەشترەج و ئەندخووز)، کە نزیک بوون لە (مەڕوو)ی ناوەندی هەرێمەکەدا، ئەمە بەدەر لەوەی، کوردی بە پێکهاتەیەکی سەرەکیی (نەیشاپوور، کوهستان، تەبەڕستان، هەرات، بوشەند، بادغیش، تووس، تابران) داناوە، بەتایبەت لە کوهستاندا زۆرینە بوون.
هەروەها گێتیگیری بەناوبانگ (تەیمووری لەنگ) لە نیوەی دووەمی سەدەی چواردەی زایینیدا، زۆر بەڕوونی باسی لە پێکهاتەی کوردی کردووە لە شاری قووچان و بە (جەربەزە و ئازا) پەسنی کردوون، بەڵام لە سەردەمی (شا عەبباسی سەفەوی 1587-1628ز.) پێکهاتەیەکی گەورە و فراوانی لە کوردەکانی چەمشکەزەگ و عەلەوییەکانی دوور خستەوە بۆ هەمان شوێن، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە:
یەکەم. بۆ پاراستنی سنوورەکانی باکووری خۆرهەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتییەکە لە بەرامبەر ئۆزبەگەکان.
دووەم: چونکە سەفەوییەکان شیعەی دوازدەئیمامی بوون و ئەو پێکهاتە کوردییەش، کە عەلەوی بوون و پێشتر لە ئەنادۆڵەوە، دوای باڵادەستبوونی عوسمانییەکان هاتبوونە لای سەفەوییەکان، پێدەچێت شا عەباس پێی باش بووبێت دووریان بخاتەوە لەو شوێنانەی ڕێبازی دەسەڵاتی ناوەندی تێدا زۆرتر بووە.
سێیەم: بە مەبەستی گۆڕینی ئایینزای کوردە سوننییەکانی خۆراسان و تواندنەوەیان لەناو ئەم کوردە شیعانەدا.
چوارەم. پێدەچێت شێوازێکی سزادانی بەکۆمەڵ بووبێت.
بەم شێوەیە، ڕێژەی کورد لە ناوچەکەدا زۆر زیاتر بوو، بەهۆی ئەوەی دانیشتوانە کوردە ڕەسەنەکان لەگەڵ کوردە کۆچپێکراوە نوێیەکاندا ئاوێزان بوون و ئەوەش وای کرد زیاتر کاریگەرییە نەتەوەییەکەیان لەسەر بمێنێتەوە.
کوردەکانی خۆراسان بە شێوەزاری کرمانجی ژووروو دەئاخڤن، هەرچەندە بەهۆی دوورییانەوە لە سنووری کوردستانی مەزن، کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕووی داوە. خاوەن جۆری هەڵپەڕکێ و گۆرانی و جلوبەرگی کوردیی تایبەت بە خۆیانن، هەستێکی نەتەوەیی بەرزیان هەیە و زۆر هەوڵیان داوە پارێزگاری لە مێژوو و کولتووری خۆیان بکەن، هەر ئەوەش وای کردووە، کە مێژوونووسێکی وەک (
کەلیموڵای تەوەحودیکەلیموڵای تەوەحودی)یان تێدا دەربکەوێت و لە چوار بەرگدا پەرتووکی (کۆچی مێژوویی کورد بۆ خۆراسان) بنووسێت.
کوردانی خۆراسان، خاوەنی چەندان چیرۆک و ڕازی فۆلکلۆریی کوردیین، کە پاشخانێکی وێژەیی مەزنە و لەو سۆنگەیەوە (عەبدوڵا سەمەدی) چەندانی لێ هەڵبژاردوون و لەژێر ناونیشانی (حەکایەتی ماڵیاتی کوردەکانی خۆراسان) کۆی کردوونەتەوە و گوڵبژێری کردوون. ئێستاش چەندان ڕێکخراوی هونەری و ڕۆشنبیریی کوردییان دامەزراندووە، هەتا زیاتر پارێزگاری لە مانەوەیان بکەن، وەک (ئەنجوومەنی فەرهەنگی و مەدەنیی کوردەکانی خۆراسان، گرووپی موزیکی هەرای کوردانی خۆراسان). هەرئەوەش وای کردووە، (کەلیموڵا تەوەحودی) لە دوا پەیڤەکانیدا بڵێت: پێویستە جەماعەتی خوێندەوار و ڕووناکبیر زێتر وەخۆ بکەون، هەتا کولتووری دەوڵەمەندی کوردی فرەتر خۆ لەنێو کۆمەڵگەدا پیشان بدات، ئەمە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و جڤاکی ئێمە پڕ پێویسته.“
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!