ناونیشانی بابەت: گەڤارە وە کۆڵ (لانکە بە کۆڵ)، هێمای زاوزێ و دایکی ژینگەیە
ئامادەکردنی:
عەزیز مورادیعەزیز مورادی
شاری
کرندکرند، شارێکی
یارسانیارسان نشینە و ناوەندی قەزای
داڵاهۆداڵاهۆیە لە پارێزگای
کرماشانکرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم شارە کەوتووەتە سەر رێگەی کرماشان بۆ
قەسری شیرینقەسری شیرین لە سەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. خاوەن سروشتێکی ناوازە و دڵڕفێنە و بە شاخ و دار و دەوەن دەورە دراوە.
هەموو ساڵێک لەم شارە، دوو مانگ بەر لە هاتنی نەورۆز، جەژنێکی کۆنی کوردی بەناو (گەڤارە وە کۆڵ) بە بەشداریی خەڵکی شارەکە و گەشتیاران لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوە دەچێت، کە مێژووی بۆ سەردەمی میهرپەرستی لە کوردستانی کەونارا دەگەڕێتەوە.
مێژووناسان پێیانوایە؛ ئەفسانە و رازەکان لەناو کۆمەڵگە کۆن و دێرینەکان، ئەو رۆڵەیان گێڕاوە، کە کتێبە ئاسمانی و پیرۆزەکان لەناو کۆمەڵگە تازەکان گێڕاویانە. ئەفسانە بەشێکە لە مێژووی کۆنی هەر نەتەوەیەک و تێکەڵی دابونەریت و ئایینەکەی بووە.
کوردستان بەگشتی و دەڤەری یارسان نشینی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، وڵاتی چیرۆکی گوێی ئاگردان و ئەفسانەکانە، خاکێکی هەزاران ساڵەی پڕ لە راز و ئەفسانە و نەریتی کۆنی کوردەوارییە.
(گەڤارە وە کۆڵ) یان (لانکە بە کۆڵ)؛ ئەفسانەیەکی کۆنی هەزاران ساڵەی باووباپیرانمانە، کە تائێستا لەم دەڤەرە پارێزراوە و ساڵانە بەڕێوە دەچێت. (گەڤارە وە کۆڵ)، جەژنی پێشوازیکردنە لە بەهاری کوردی لە ناوچەی گەرمیان. بەهاری کوردی لە ناوچەی کرند و داڵاهۆ بە بەهاری گەرمیان ناسراوە و دوو مانگ بەر لە نەورۆز دەستپێدەکات. ناوچەکانی داڵاهۆ، کرند و گۆران؛ رۆژژمێرێکی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە بە رۆژژمێری کوردی گەرمیان ناسراوە و تێیدا رەچاوی کاری کشتوکاڵی و نەریتەئایینی و کولتوورییەکانی تایبەت بە خۆیان دەکەن.
لەم دەڤەرە بەهۆی کەشوهەوا، زووتر لە شوێنەکانی دیکە دەست بە چاندن و کشتوکاڵ دەکەن و بەهاریان دەکەوێتە پێش نەورۆز و بە بەهاری گەرمیان ناوی دەبەن.
بەگوێرەی رۆژژمێری ئەم دەڤەرە، کە بە رۆژژمێری کوردی و یارسان ناسراوە، دوازدە رۆژ بەر لە بەهاری گەرمیان؛ (گەڤارە وە کۆڵ) گوند بە گوند و شار بە شار دەگەڕێ و سەردانی هەموو ماڵەکان دەکات و پیرۆزبایی ساڵی تازە لە خەڵکی دەڤەرەکە دەکات.
کۆتایی زستانی کوردی لەم ناوچەیە بە (هەشت هەشتاد) ناسراوە و دەکەوێتە دوای چلەبچووک و چلە گەورە و لەو شەوەدا گەڤارە وەکۆڵ دەکەوێتە رێ و سەردانی ماڵەکان دەکات.
گەڤارە وەکۆڵ، فریشتەیەکە، هێمای زاوزێ و پیت و بەرەکەتە و بە دایکی ژینگە و زەوی ناسراوە. نەریتێکی کۆنی هەزاران ساڵەی کوردییە، کە تەنیا لەم دەڤەرەی کوردستان ماوە و بۆ رێزگرتنە لە ژینگە و پێشوازیکردن لە هاتنی نەورۆز.
خەڵکی ئەم دەڤەرە باوەڕیان وایە؛ لە یەکەم شەوی دەستپێکی بەهاری کوردی، ژنێک لانکە بەکۆڵ، سەردانی هەموو ماڵێک دەکات و لەگەڵ خۆی پیت و بەرەکەت و رزق و رۆزی پێیە، بۆیە ئەو شەوە لە هەموو ماڵێک شلەیەک بەناو (دانەکوڵانە) دروست دەکەن و کاسە و کەوچکێکیش بۆ ژنە لانکە بەکۆڵەکە دادەنێن، کە لێی بخوا و پیت و بەرەکەت بە ماڵەکەیان ببەخشێت.
لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەم جەژنە؛ لە ناوەندی شاری کرند، لانکەیەکی گەورە دادەنێن و بە (چرا، ئاوێنە، شەکر و گوڵەنێرگز) دەیڕازێننەوە، کە هەر کامەیان هێمایەکن. لانکە هێمای لەدایکبوونی مرۆڤ و ژینگەیە.
گوڵەنێرگز هێمای هاتنی بەهاری کوردییە لە ناوچە گەرمەسێرەکان، چرا هێمای رووناکی و ئۆجاخ رۆشنییە، شەکریش شیرینی ژیانە.
لەم نەریتەدا، ژن و دایک رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و هێمای ژیانبەخشی و میهرەبانی و ئاوەدانیی ماڵ و وڵاتن.
ژمارەیەکی زۆر لە کچان بەشداریی دەکەن و بە دەمامک رووخساریان دەشارنەوە. پۆشینی دەمامک لەناو جەژن و بۆنەکان لە کوردستانی کەونارا باو بووە و مێژووی بەکارهێنانی بۆ سەردەمی میهرپەرستی، یان میتراپەرستی دەگەڕێتەوە. دۆزینەوەی کۆنترین دەمامکەکانیش بۆ ئەو سێ دەمامکە لە زێڕ دروستکراوە دەگەڕێتەوە، کە لەناو ئەشکەوتی (کەڵماکەرە)ی لوڕستان دۆزراوەتەوە و مێژوویان بۆ چەند هەزار ساڵ بەر لەئیسلام دەگەڕێتەوە.
دۆزینەوەی ئەم دەمامکانە ئەو نهێنییەمان بۆ ئاشکرا دەکات؛ پۆشینی دەمامک، کە ئێستا لەناو جەژن و بۆنەکانی ئەورووپا باوە، هەزاران ساڵ بەر لەئێستا لە کوردستان باو بووە.
ئاوێنە، هێمای بێخەوشی و بێگەردی و پاکییە. هەڵگرتنی جامە ئاو، هێمای بوون و ژیانە. پەپوولە هێمای هاتنی بەهارە. بەشێک لە کچەکان، کاسەیەک سەوزەیان هەڵگرتووە، کە هێمای ژیانەوە و پاراستنی ژینگەیە.
گەنم هێمای پیت و بەرەکەت و قووتی خەڵکە. هەنار میوەی پیرۆزی یارسانەکانە و لە زیاترین جەژن و بۆنەکاندا رێزی لێدەگرن. لەم نەریتەدا بەشداربوان چەندجارێک بەدەوری ئاگردا دەسووڕێنەوە، وەکوو پێشوازی و ئامادەبوون بۆ کردنەوەی ئاگری گەورەتر لە نەورۆز. پیرۆزیی ئاگر لە کوردستان بۆ سەردەمی مادەکان دەگەڕێتەوە و زەرەشتییەکان لە هەموو جەژن و بۆنەیەکدا رێزیان لە ئاگر گرتووە و بەدەوریدا کەوتوونەتە سەما و هەڵپەڕکێ.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!