ناونیشانی بابەت: کرێگرتەیی یان ئیرتیزاق وەک دیاردەیەکی جیهانی: بەشی دووەم و کۆتایی
ناوی نووسەر: #محەمەد حەمەساڵح تۆفیق#
“جەنگی ئێراق – ئێرانی ساڵانی 1980کان و دیاردەی کرێگرتەیی یان جاشێتی لای کورد”
لە ئاخروئۆخری ساڵانی 1970کاندا لایەنەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازی کورد جارێکی تر خۆیان کۆکردەوە و خۆڵ و تۆزی شکستیان لەخۆ تەکاندا و سوودیان لەو دۆخە وەرگرت کە زۆربەی سوپا و هێزەکانی ئێراق لە بەرەکانی جەنگدان لەگەڵ ئێراندا و ڕژێم هەموو گەنجانی ئێراقی بانگکرد بۆ خزمەتی سەربازیی یەدەک و تەمەن هەڵکشاوەکانیشی کرد بە سوپای میللی (جەیشی شەعبی) بۆ پاسەوانی کردنی دام و دەزگاکانی دەوڵەت و بەشیکیشیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، کەوا بە هۆکاری جەنگەکەوە هێز و گوڕی بەرچاوی بە خۆوە بینی و کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچە دێهاتییەکانی کوردستانی کردبوو. لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا زۆرێک لە گەنج کورد لە بەرەکانی جەنگ هەڵاتن و بەشێکی کەمیان بوون بە پێشمەرگە و بەشە زۆرەکەشیان لە گوندەکاندا خۆیان پەنادا و دانیشتن و هەندێکیشیان لەگەل خەڵکی دێهاتدا بوون بە هێزێکی پاڵپشت بۆ پێشمەرگە، کە پێیاندەوتن هێزی پشتگیری و لە هەندێ شەڕی پێشمەرگە و هێزەکانی ڕژێمدا بە چەکی خۆیان بەشدار دەبوون و زیاتر ڕۆڵی لۆجستیکییان دەبینی.
شیاوی باسە کەوا ڕژیم لە ناوەڕاستی 1970کانەوە سیاسەتی ڕاگواستنی لە کوردستاندا گرتبووە بەر و قۆناخ بە قۆناخ خەڵکی یەکەمجار گوندەکانی شریتی سنووری لەگەڵ ئێران و تورکیادا ڕادەگواست بۆ کۆمەڵگای نیشتەجێ کردنی ناوەوە و سەر ڕێگاوبانە سەرەکییەکانی نزیک شار و شارۆچکەکان، کە بۆی دروست دەکردن یان یارمەتی دەدان دروستی بکەن و لە کێڵگە و مەزراکانیان دایدەبڕین و بەشێک لەمانەشی بۆ باشوور و باشووری ڕۆژئاوای ئێراق ڕادەگواست و لەوێ لە بارودۆخی نەشیاو بە ژیانی مرۆڤدا نیشتەجێی دەکردن. دواتر لە ناوەڕاستی 1980کان بەدواوە بڕیاری ڕاگواستنی بۆ هەموو خەڵکی دێهاتی کوردستان دەرکرد کە دەبێت بگوێزنەوە بۆ ئەو ئۆردووگا یان کۆمەڵگایانەی بۆی دیاری کردبوون. بەلام ئەو شوێنانەی کە کە پێشمەرگە دەسەڵاتی بەسەردا دەشکا ڕێگریی لێدەکردن کە بگوێزنەوە، لێرەدا مەبەستم پێشمەرگەی هەموو لایەنەکانی بزووتنەوەی کورد بوو، بە شێوەیەکی سەرەکیش یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، گەلێ جار بێجگە لە شەڕی هێزەکانی ڕژێم لەگەڵ یەکتریش بەشەڕ دەهاتن و زیانی گیانی و مادیی زۆریشیان لێکتر دەدا. هەندێ جاریش لەگەل ئێران ڕێکدەکەوتن و پێکەوە لە سوپا و هێزی چەکداری ڕژێمی ئێراقیان دەدا لە بەرانبەر پاڵپشتی کردن ئێراندا بۆیان.
بارودۆخی سەختی جەنگی نەبڕاوەی ئێران-ئێراق و ئەو دۆخی بێکارییەی کەوا خەڵکە ڕاگوێزراوەکەی کوردی تێکەوتبوو لە کۆمەڵگاکاندا و مەترسیی ئەوەی کەوا ئەو هەموو گەنجە کوردەی لە جەنگ هەڵاتبوون بچنە پاڵ پێشمەرگە، ڕژێمی ئێراقی خستە سەر سیاسەتێکی فێڵبازانەی ئەوەی فەوجی جاشیان لێ پێکبێنێت، کە لە ناوەڕاستی 1960کان بەدواوە بناغەی داڕێژرابوو و سوودێکی باشیشی گەیاندبوو بۆ لاوازکردنی جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد. بەم پێیە پەنای بردە بەر ناونووس کردنی ئەو سەربازە کوردە هەڵاتووانەی سوپا لە یەکەی میلیشیایی و پارامیلیلیتاریدا کە پێیدەوترا فەوجی سووکی بەرگریی نیشتمانی (أفواج الدفاع الوطنی الخفیفة) و بۆ سەربازە هەڵاتووە بەجاش گیراوەکان بە خزمەتی سەربازی حیساب دەکرا لە لایەک و لەولاشەوە سەرچاوەیەکی بژێویی مامناناوەندی بوو بۆ ئەو خەڵکە بیکارەی لە کۆمەڵگاکاندا کۆکرابوونەوە و هەروەها بوو بە سەرچاوەی دەوڵەمەندیش بۆ ئەو کەسە خۆفرۆشانەی بە ناوی سەرۆک خێڵەوە دەبوونە سەرۆک یان موستەشاری فەوجێکی چەکداری جاش کە دەزگاکانی ئەمن و ئیستیخبارات و مەنزوومەی هەواڵگریی باکوور و لە سەروو هەمووشیانەوە بیرۆ یان مەکتەبی ڕێکخستنی باکووری حیزبی بەعس کاروبارەکانیانی بەڕیوەدەبرد. هەڵبەت لە پاڵ ئەمانەشدا یەکە و مەفرەزەی تایبەت هەبوون کە زیاتر بە ناوە عەرەبییەکەیان دەناسران بە (مفارز خاصة) و زیاتر سەر بە ئەمن بوون و ئەرکیان گرتن و کوشتنی پێشمەرگە و خەڵکانی سەر بە ڕێکخستنە نهێنییەکان کە لایەن تۆڕێکی بەرفراوانی سیخوڕی کورد و خەڵکی سەر بە ئەمنی ڕژێمەوە ڕاپۆرتیان لەسەر دەدرا.
بەشێک لەم جاش و کرێگرتانە درێغییان نەدەکرد لە ئەنجامدانی تاوانی جۆراوجۆری کوشتن و تاڵانکردن و گرتنی پێشمەرگە و بەدەستەوەدانیان لەپێناوی وەرگرتنی پارە و پاداشت و ئیمتیازاتی جۆراوجۆر و ڕێک ڕۆڵی فەوجەکانی سوارەی حەمیدی و “تەشکیلاتی مەخسووسەی” عوسمانییان دەبینی لە سەردەمی جینۆساید کردنی ئەرمەنەکاندا، یان ڕۆڵی تیمەکانی مەرگ “ئاینساتزگرووپن”یان دەبینی لە سەردەمی نازییەکانی ئەڵمانیادا دژ بە جوولەکە و قوربانییانی تری دەستی نازییەکان لە ساڵی هاتنەسەر حوکمی نازییەکانی ئەڵمان لە 1933 بەدواوە و لە ماوەی دووەمین جەنگی جیهانیدا (1939 – 1945). ئەمانە لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا درێغییان نەکرد لە ئەنجامدانی تاوانی جۆراوجۆری کوشتن و بەدەستەوەدان و گوند سووتاندن و تاڵان کردنی خەڵکە کوردە سڤیلە هاوخوێن و هاوڵاتییەکەی خۆیان. بەشێکی تری جاشەکانی فەوجە سووکەکان و بەتایبەتی سەربازە هەڵاتووەکان تەنها خۆیان بە جاش ناونووس دەکرد و مووچەی مانگانەکەیان دەدا بە موستەشاری فەوجەکە و خۆیان بە پسوولەیەکی مۆڵت یان دەست نەهێنانەڕی (عدم تعرض) لە ماڵی خۆیان دادەنیشتن یان گوێی کار و کەسابەتێکیان بۆ خۆیان دەگرت ئەگەر هەبوایە.
پەندی سەر زاری خەڵک کە بە تەوسەوە دەگوترا “جاشایەتی و پاشایەتی” زیاتر بەسەر ئەم کۆمەڵە خەڵکەیاندا دەسەپاند کە بە ناچاری خۆیان لە شەڕی ئێراق – ئێران لادابوو، ڕژێمیش باش ئاگای لەمە بوو و چاوی لێدەپۆشی بەو مەرامەی هەر هیچ نەبێت نەبنە پێشمەرگە و بۆ ئەو قازانج بوو. لەم سەردەمە و سەروبەندی ئەنفالدا ژمارەی جاشی کورد دەگەیشتە نزیکەی چوارسەد هەزار کەس و خێری بۆ ڕژێم زۆر زۆر بوو کەوا گەلێک بەم شێوەیە ڕام بکات و چاویان بشکێنێت و سەرشۆڕیان بکات. هەروەها بۆ ئەوانەش باس بوو کە نەچووبوون بۆ سەربازی یان لە سوپا هەڵاتبوون و ئەمەش خراپ نەبوو بۆ هێشتنەوەی سەرچاوەی مرۆیی گەنجی کورد لەکاتێکدا کە هاوشێوەکانیان لە ئێراقدا جەنگ قڕی تێخستبوون. بێگومان سوودمەندترین تاقمیش ئەو ئاغا و شێخ و سەرۆک عەشیرەتانەی کورد بوون کە وەک “موستەشار” و “ئامیر سریە” و “تاوانکاری مەفرەزە خاسسەکان” و “سیخوڕ و وەکیل ئەمنەکان” و ناوی تری هاوشێوەوە بە کەیفی خۆیان بە دزی گزی و چەپاو کردن دەوڵەمەند بوون و بوون بە خاوەنی مڵک و سامان و زۆرێکیشیان پاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991 وەک بەرزەکی بانان ڕزگاریان بوو و جارێکی تر بوونەوە بە میر و کوێخای خەڵکە بەشمەینەتەکە و ئەمجارەیان بە ناوێکی تر و لە بارێکی تردا!
ئەوەی لێرەدا مەبەستە بەشێک لەم کرێگرتە و جاش و موستەشارانە، بە هەر هۆکارێک بووبێت، ڕۆڵێکی “شەرەفمەندانە” و بایەخداریان هەبوو لە ڕزگارکردنی دەیان و بگرە سەدان کەسی بێگوناە لە دەست کوشتن و مەرگی بەکۆمەڵ کە لە چوار چێوەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا و لەسەر دەستی بەعسییە تاوانکارەکان و ئێمە تا ئێستاس ئێسکوپرووسکی ژمارەیەکی زۆر کەمیانمان دۆزیوەتەوە. بێگومان ئەمانە، بەدەر کاری تاوان و قیزەونی تریان، لەمەدا ڕۆڵی مرۆڤایەتی و هاوخوێنیی خۆیان بینیوە و پێویستە لە دادگایەکی جیددی و دادپەروەردا و بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد ساغ بکرێتەوە و جۆرە مافێکی ڕەوای خۆیان بۆ بگێڕدرێتەوە و کاری هەندێکیشان شایستەی پاداشت و پێزانینە لە یادەوەریی خەڵکی جینۆسایدزەدە و ستەمدیدەدا، وەک چۆن پێویستە کاری قێزەونی هەندێ تاوانکاریان قەت ون نەبێت و لە یادەوەریی میللەتدا هەر بمێنێتەوە. لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە بە گشتگیری نەڕوانرێتە مەسەلەکە و لە دادگایەکی عادیلانەی ئەمڕۆ یان سبەینێدا بێت پاک و پیس لێکجیا بکرێتەوە، بەو پێیەی لە یاسای نێودەوڵەتیدا جینۆساید کۆن نابێت و ئەنجامدەر یان تاوانکار دەبێ سزای خۆی وەربگرێت یان بێتاوان دەربچێت. هەڵبەت ئەم بەدواداچوون و لێپێجینەوەیە پێویستە تاوانکارە ئێراقی و بیانییەکانیش بگرێتەوە کە داواکراوی خەڵکی جینۆساید زەدەن، لەوانەی کە لە ناو وڵاتدان یان هەڵاتوون.
ئێمە کاری ئەم بەشە بەویژدانەی ئەو جاشە کرێگرتانە بە کاری ئۆسکار شیندلەری نازی دەشوبهێنین کە زیاد لە دوو هەزار جوولەکەی لە کوشتن و سووتاندنی هۆڵۆکۆست رزگار کرد و لەگەڵ دەیان و سەدان کەسی تردا ویژدانیان جووڵاوە و ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە و هەریەکە ژمارەیەک جوویان شاردووەتەوە و لە دەستی نازییەکان ڕزگار کردوون لە کوشتن و ئەمڕۆ لە ڕێگەی دادگا و بەڵگەنامە مێژووییەکانە ئەو هەڵوێستە مرۆڤانەیان ساغبووەتەوە و وەک دۆستی بەوەفای گەلی جوو یادیان دەکرێتەوە و پەیکەر و باخچەی ڕێز و شکۆیان بەناوەوە کردوون لە مۆزەخانەی یادەوەریی هۆڵۆکۆستدا (یاد ڤاشێم) لە قودس. ئەم پرۆسەیە لای جووەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1960وە دەستی پێکردووە بە بەرنامەیەک لە ژێر ناوی “چاکەکارانی میللەتانی تر” و تا ئێستا زیاد لە 28 هەزار کەس لێی سوودمەند بووە و وەک چاکەکاریک بەرانبەر بە گەلی جوو بە ڕێز و وەفاوە تەماشا دەکرێت، بیگومان پاش تاوتوێ کردنی دەیان فایل و دۆسێ و شایەتحاڵ (لەوانەی کە ماون) لە دادگای تایبەتمەنددا. کەسانێک هەبوون لەم چاکەکارانە کە دەسەڵاتداریش بوون لە حیزبی نازیدا، چەشنی شیندلەر کەلە کارگەیەکی خۆیدا ئەو ژمارە جووەی حەشارداوە لە هۆڵۆکۆستدا و لە مەرگی حەتمی پاراستوونی. ئێستا وەک ژمارە و ناو بەردەستن لە سایت و ماڵپەڕەکانی هۆڵۆکۆستدا.
من لێرەدا وای بە گونجاو دەزانم کەوا ئەو بەشەی کە لە کتێبی “جینۆساید لە ئێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کوردە” و بە ناوی “ڕۆڵی تێکەڵ و دووسەرەی جاش”ە لەبەر گرنگی بیگوێزمەوە بۆ ئێرە و لە ڕوانگەی نەک خۆمان بەڵکو خەڵکانی ترەوە بیگوێزمەوە بۆ ئێرە و دەستخۆشی لەو برادەرانەش بکەم کە ئەم کارەیان ئەنجامداوە لەگەڵ ئەو جۆرە خەڵکەدا. کتێبەکە کاتی خۆی لە ساڵی 1993دا، پاش کارکردنی نزیکەی دوو ساڵیان لە کوردستاندا، ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ – میدڵ ئیست وۆچ ئەنجامیداوە و بڵاویکردووەتەوە و بەندەش لە ئینگلیزییەوە کردوومە بە کوردی، لەگەڵ باری سەرنج و پەراوێزدا.
“ڕۆڵى تێکەڵ و دووسەرەى جاش”
ڕاستییەکەى موستەشارەکان درۆيان کرد، يان با بڵێين بەڵێنێکيان دا کەوا پايە و شوێنيان شياوى بەڵێنێکى ئاوها نەبوو. دواجار لێرەدا دەبێ باسى ڕۆڵى پێچەوانەى هێزەکانى جاشيش بکەين لە سەروەختى ئەنفالدا. وەک بەشدار لە تاوانى سوپادا، گومانى ناوێ کە ئەوان هاوکار بوون لە ناردنى هەزاران کورددا بەرەو مردن. يەکەکانى جاش ئەرک و فەرمانێکى بەربڵاويان لەئەستۆ گرتبوو، ئەوان کاروانى سوپايان دەپاراست و پێش هێزەکان دەکەوتن بۆ گوندەکان بۆ ڕێخۆشکردن و سۆراخکردنى هەواڵ و زانياريى پێويست، يان بە واتايەکيتر کەوڵ سوورى بەر لەشکر بوون*. ئەوان گشت هەردە و چياکانيان دەپشکنى و بە دواى ئەو کەسانەدا دەگەڕان کە لە دەست پێشڕەويى سوپا هەڵاتبوون و دەسگيريان دەکردن و لە بەنديخانەيان توند دەکردن، فرە جاريش نامەردانە بەڵێنى خۆيان دەشکاند بۆ ڕێبەدێى و بە سەلامەتى گەياندنى گيراوەکان. ئەوان ئاوارەکانيان تەفرەدا و بەڵێنى لێبووردنێکيان پێدان کە هەرگيز لەئارادا نەبوو، واتە بەڵێنى ئەوەيان پێدان کە ئەمەش زنجيرەيەکى کۆتايى نەهاتووى هێرش و پەلامارەکانى حکوومەتە بۆ سەرلەنوێ نيشتەجێکردنەوە، بەوەى گوايە “ژيانێکى هاوچەرخ” بۆ خەڵکەکە دەخوازن لە کۆمەڵگاى ژێر دەسەڵاتى حکوومەتدا. شياوى باسيشە جاشەکان بەردەوام، وەک باس دەکرێ، درۆيان بۆ ئەفسەرەکانى سوپا دەکرد کەوا گوندنشينە دەسبەسەرەکان “لە شەڕدا گيراون”، وەک مەرايى کردنێک بۆ ئەوەى لێيان ڕازى بن، يان ڕەنگە بە هيواى ئەوە بووبێتن کە بە پارە يان بە شتومەک خەڵات بکرێن.
خەڵاتى شتومەک دەرفەتى بۆ ڕەخسابوو و جاش ڕاستەوخۆ کەڵکيان لە بەڕێوەچوونى ئەنفال وەردەگرت، پڕ بە پێستى واتا قورئانیيەکەى “تاڵانکردنى کافران” چونکە لە پەلامارى ئەنفالدا مەرجى ئەوە هەبوو کە “هەر شتێک لە لايەن ڕاوێژکار (موستەشار)ى فەوجەکانى بەرگريى نيشتمانى و جەنگاوەرەکانيانەوە دەستى بەسەردا بگيرێت ڕاستەوخۆ دەدرێتە خۆيان، تەنها چەکى قورس و دابەستراو و مامناوەندى نەبێت”. “پياوەکان بدەنە دەستى ئێمە و ماڵ و کەلوپەليش بۆ ئێوە”، ئەمە قسەى “ڕەفيق حيزبییەکى” بەعسى بووە بۆ يەکێک لە سەرانى جاش. “پێشمەرگە کافر و بێدينن و دەبێ وەک کافريش ڕەفتاريان لەگەڵ بکرێت”، ئەم قسەيەش بە کۆنە موستەشارێک وترابوو لە کۆبوونەوەيەکدا کە ئەفسەرانى ئيستيخباراتى سوپاوە سازيان کردبوو. “ئێوە هەر ماڵ و سامانێکى پێشمەرگە هەيە و لە شەڕدا دەستى بە سەردا دەگرن بۆ خۆتانى ببەن، ژنەکانيشيان بە پێى شەرع و ياسا حەڵاڵی ئێوەيە، هەروەها تەواوى ئاژەڵ و ماڵاتيشيان”. ئەوى ڕاست بێت جاشەکانيش درێغییان نەکرد و گوندە چۆڵکراوەکانيان سەرپاک بێبەزەییانە تاڵان دەکرد لە پێش سووتاندن و تەخت کردندا. ئەو باسەى کەوا لێرەدا ژنێکى گوندنشين دەيگێڕێتەوە نموونە و شێوازى گەلێ حاڵەتە: “لەگەڵ پياوەکەمدا لە ئەشکەوتێکدا خۆمان شاردبووەوە، جاش هاتن گرتينياين، بەڵام نە هيچيان پێوتين و نە گوتيان لەبەرچى و بۆچى. ئەوان تەنها داواى ناسنامەى مێردەکەميان کرد و لێيانسەند و نەيانگێڕايەوە. جاشەکان بە بەرچاوى خۆمەوە هەموو شتێکى ماڵەکەميان برد، بە پێخەف و ڕايەخ و تەواوى کەلوپەلى ناوماڵەوە. من هيچ پارەيەکم نەبوو، بەڵام چى خشڵم هەبوو برديان، هەروەها ئاژەڵ و تراکتۆرەکەشيان بردين و هەرچيیەکمان هەبوو لە عەرەبانەى تراکتۆرەکەيان بارکرد. بە هەمان شێوەش گسکيان دا لە هەموو ماڵەکانى گوند، پاشان ڕوانيم گڕيان لەو شمەک و کەلوپەلانە بەردا کە بێسوود بوون بۆ سەرباز و جاشەکان، وەک جل و پۆشاکى خەڵکەکە. ئەوجا بە چاوى خۆم بينيم نەوتيان کرد بە سەر خانووەکاندا و گڕيان تێبەردان”.
بەڵام لەکاتێکدا کە زۆربەى جاشەکان ئەو ئەرک و فەرمانانەى پێيان دەسپێردرا بە ڕێکى ئەنجاميان دەدا، لە هەمان کاتيشدا دەبێ ئەو ڕاستییەش بگوترێ کەوا دوودڵيى لەمێژينەى ڕژێمى ئێراق سەبارەت بە دڵسۆزيى سياسيى ميليشياى کورد بنەمايەکى ڕاستەقينەى خۆى هەبوو، جاشەکان وەک تاکە کەس توانيويانە خەڵکى زۆر بە سەلامەتى دەرباز بکەن بۆ شارۆچکە و کۆمەڵگاکان لە سەرەتاى پاکۆدان و ڕاماڵينەکاندا. چونکە ڕاستێکەى هەر بە بۆنەى جاشيشەوە بووە کەوا ئەو ژنە گوندنشينە بتوانێ تاڵانکردن و سووتاندنى ماڵەکەى ببينێت و خۆيشى ڕزگارى ببێت. ژنە لە سەر قسەکانى دەڕۆيشت و دەيوت: “هەندێ جاشى تر بە سەر زيلەکانەوە بوون و لە خاڵەکانى پشکنيندا بە سەربازەکانيان دەوت ئەو زيلە داپۆشراوانە مەڕيان تێدايە. بەم شێوەيە جاشەکان زۆربەى ژن و منداڵى ئەو گوندەيان ڕزگار کرد”.
پێدەچێت هەندێ لە دڵنەرميى جاشەکان بە هۆى بەرتيلەوە بووبێت کەوا بە ئاسانى ڕێى چەپاوکردنى پێگرتنەبەر و بەرەو نوقم بوونى تاڵان و بڕۆى بردن. پياوێکى گەنج لە گوندى قايتەوەنى ناو زەنگنەى سەر بە ناحيەى قادر کەرەم دەگێڕێتەوە کەوا چۆن پڕکێشيى کردووە و قەناعەتى بە جاش هێناوە يارمەتى بدەن: “توانيم گەلێ خێزان و ژن و زا دەرباز بکەم و تاقم تاقم دەمبردن بۆ کەرکووک و قادر کەرەم و شوێنانيتر. لە خاڵەکانى پشکنيندا ماست و خواردن و هەر شتێکی ترم پێ هەڵبسووڕايە وەک بەرتيل دەمدا بە جاشەکان“.
بەڵام چەند بەڵگەيەکى تر ئەوە دەگەيەنن کە هۆکارى گونجاو و ڕێتێچوو بۆ پياوەتيى لابەلاى جاشەکان ئەوەبوو کە بەڕاستى بڕوايان بەو درۆيانە کردبوو کە بۆ خەڵکى دێهاتيان دەکرد و خۆشيان هەر درۆيان لەگەڵ کرابوو. “ميدڵ ئيست وۆچ” کۆنە موستەشارێکى بينيوە کە فەوجەکەى لە لايەن سوپاوە زانياريى ئەوەى دراوەتێ کە “دەچن بۆ گرتن يان کوشتن يان هێنانى پياوى گوندەکان”. بەڵام ئەمە بەڵگەيەکى جياکار بوو و لە گوندێکى پارێزگاى دهۆکى باکوورەوە سەرچاوەى گرتووە، کەوا ناوچەى قۆناخى ئەنفالى هەشت و کۆتايى بوو و پێدەچێت فەرمانەکانى سوپا لە گەلێ بواردا گۆڕانکاريى بەرچاويان تێدا کرابێت. ڕاوبۆچوونێکى زۆر بڵاو هەيە، بە تايبەتى لە ئەنفالى سێى گەرمياندا، کەوا موستەشارەکان و ئەو کەسانەش کە ئەوان فەرماندەيان بوون لە نياز و مەبەستى ڕژێم بێئاگابوون تاوەکوو پاکۆدان و ڕاپێچ کردنەکە گەيشتە قۆناخێکى لەپێشتر.
“من قەت لە لايەن سوپاوە پێم نەدەوترا ئەو خەڵکە بۆ کوێ نێردراون”، ئەمە قسەى موستەشارێکى سەر بە تيرەى ڕۆغزايى جاف بوو کەوا ئەرک و کاروبارى فەوجەکەى لە کۆمەڵە گوندێکى گەرميانى باشووردا بووە، بە کوڵەجۆشەوە، کە ماڵى تەيموور عەبدوڵا ئەحمەدى تێدابوو. “من هەميشە واي بۆدەچووم کە بەرەوخوار برابێتن، هەرگيزيش بە بيرمدا نەدەهات قەسابخانەيان بۆ ساز بکەن. هەموو ئەوەى کە جاش کردى يارمەتيدانى سوپا بوو بۆ ڕەخساندنى باشترين ڕێگاى کارکردنە سەر خەڵکى گوندەکان و گرتنى ئەوانەى دەرباز دەبوون و ڕادەستکردنيان بە سوپا”. ڕۆژێکيشيان لە ئەفسەرێکى پرسيبوو ئەم خەڵکە گيراوە چییان لێدەکرێت، ئەويش لە وەڵامدا وتبووى: “دەيانبەين بۆ گوندى هاوچەرخ” بەڵام دواتر موستەشارەکە دڵى کرمێ دەبێت و لە دەرفەتێکدا سەردانى کەمپێکى سوپا دەکات (پێدەچێت قۆرەتوو بووبێت) و لەوێ خەڵکێکى گيراوى زۆرى بينيبوو، لێرەش ديسانەوە لە ئەفسەرێکى پرسيبوو کە نيازيانە چيان لێبکەن، ئەفسەرەکەش لە وەڵامدا وتبووى: “ئەوە کارى تۆ نيە”. کاتێ گومانى موستەشارەکە بوو بە قەناعەت، بە قسەى خۆى هەستى بە پەشیمانییەکى زۆر کردووە: “تفمان لە خۆمان دەکرد بۆ بەشداربوونمان لەم کارەدا کە تاوانێک بوو کردمان”.
بۆ هەندێ جاشی تر، درک کردن بە مەسەلەکە واديارە لە سەنتەرەکەى توزخورماتووەوە سەريهەڵدا و دڵيان بەتەواوى بە لاى گيراوەکاندا گۆڕا. زيندانییەکى ئەو دەمە دەگێڕێتەوە و دەڵێ: “کە موستەشارەکان بينییان وا ژن و پياو لێکتر جيادەکرێنەوە، ئيتر زانییان چ کارێک بە دەستەوەيە و زۆر بێزار بوون. بۆيە موستەشارەکان هەوڵياندا بە نهێنى ئافرەتەکان دەرباز بکەن”.
ژنێکى خەڵکى گوندى وارانى، جاش گرتبوويان و بردبوويان بۆ توزخورماتوو، دابوويانە دەستى سوپاوە و بەمجۆرە لەوێ “دەسبەجێ ژن و پياويان لێکتر جياکردەوە و خستنيانە ئۆتۆمبيلى بارهەڵگرەوە و بردنيان بۆ تکريت. کاتێ لێمانپرسين مەسەلە چیيە و چيیان بە دەستەوەيە، ئەفسەرەکان وتيان تکريت باشتر و لەبارترە بۆيان”. لێرەدا جاشەکان کەوتبوونە گومانەوە و “هەندێکيان هاتن بۆ ڕزگارکردنى هەمان ئەو کەسانەى کە خۆيان پێشتر گرتبوونيان و دابوونيانە دەستى سوپاوە. بەم جۆرە جاشێک دە ئافرەتى ڕزگار کرد. پاشان بردينيان بۆ ماڵى خۆيان و لەوێ شاردينيانەوە”.
بەڵام پرسيارى ڕاستەقينە لە بارەى ڕۆڵى جاشەوە ئەوەيە کە ئايا ئەمانە لەڕاستيدا چ جۆرە هێزێک بوون و توانا و دەسەڵاتيان تا کوێ بڕيدەکرد. لە زنجيرە پرۆسەى ئەنفالدا، ميليشياى کورد لە بنى قووچەکەکەوە بوون و لە سادەترين سەربازى پيادە لە سوپاى نيزاميدا ئايەختر بوون. تاوەکوو هاتنە سەرکارى “على حسن المجيديش”، بوون بە جاش جۆرە حاڵەتێکى پارێزگاريى بەو کەسە دەبەخشى. بەڵگەنامەکانى ئەمن لە سەر ئەو گوند ڕووخاندنەى لە ساڵى 1986دا جێبەجێ کراوە بە ئاشکرا ئەوانەى لێ دەرکردووە کەوا کەسوکاريان جاش بووە. کەچى ئێستا بارەکە گۆڕاوە و ژمارەيەک لەو گوندانەش کە سەر بە ڕژێم بوون لەگەڵ گوندەکانى تردا سووتان و بەر بلدۆزەر دران. ئەو بەڵێنانەى جاشەکان بە خەڵکە گيراوەکەيان دا، تەنانەت ئەگەر نيازپاکيشى تێدا بووبێت، بۆش و بەتاڵ دەرچوو. جووتيارێکى دەستڕۆى گوندى قوليجانى ناو جافى رۆغزايى لە گەرميانى خواروو، لە گوندە سووتاوەکەى هەڵاتبوو و دەستەودامێنى فەتاحى کەريم بەگ بوو، کە دەسەڵاتدارترين موستەشار بوو لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوەى فرياى بکەوێت و يارمەتیى بدات، ئەميش پێيوتبوو کە هيچ ترسێکى نەبێت، “پسووڵەيەکى پێدام و تێيدا نووسيبووى کەوا من لەگەڵ ئەوى موستەشاردام و حەوت سەر خێزانم لەگەڵدايە. ئەوەشى پێوتم کە ئەگەر ئەم نامەيەم پێبێت ئەوە سوپا دەست ناهێنێتە ڕێم”. کابراى جووتيار گەلێ خۆشحاڵ بوو بەم ديدارە و ملى ڕێگەى گرت بەرەو جادەى سەرەکى بۆ سەرقەڵا، لەوێ تاقمێ سەرباز تێيانخوڕى بوەستێ، ئەميش بەدڵنياییەوە پسووڵەکەى موستەشارى دا بەدەستيانەوە بۆ ئەوەى بە سەلامەتى بگاتەجێ. سەربازەکە پرسى: “ئەم فەتاح بەگە کێيە؟” و گوزارشێکى بەکارهێنا کە تەشەرێکى ناشيرينە لە زمانى عەرەبيدا و بە لاقرتییەوە وتى: “فەتاح بەگ پێڵاوەکانى پێمە”. نامەکە هيچ نرخێکى نەبوو و کابراى جووتيار لەگەڵ خەڵکە گيراوەکەدا ڕاپێچى قەڵاکەى لیوای پیادەی 421 کرا لە قۆرەتوو.
گەلێ لە موستەشارەکانى جاران باسوخواسێکى ورديان داوەتە “ميدڵ ئيست وۆچ” سەبارەت بە ژمارەيەک کۆبوونەوە لە هەولێر و کەرکووک لەگەڵ على حسن المجيد و فەرماندەکانى هەردوو فەيلەقى يەک و پێنجدا. لە يەکێک لەم کۆبوونەوانە، لە ئابى 1988دا، “ئەلمەجيد” بە موستەشارەکانى وتووە کەوا پەلامارى ئەنفال دەبێ ئێستا لە بادينان دەستپێبکات، کە سەنگەرى توندوتۆڵی (پ د ک)ى مەسعوود بارزانی بوو لە باکوور. بەڵام بە فەرمانى خودى سەددام حوسێن خۆى کوردى بادينان دوا مۆڵەتيان دەدرێتێ “بگەڕێنەوە بۆ ڕيزى نيشتمانى”. تێکدەران ئەگەر پێش دەستپێکردنى ئۆپەراسيۆنى سەربازى لەو ناوچەيەدا خۆبەدەستەوە بدەن ئەوە بەر بەزەيى دەکەون.
پاشان “ئەلمەجيد” داوايکردبوو پرسيارى لێبکرێت و زۆر کەس هەڵسابوون بۆ قسەکردن. يەک لەوانە شێخ “موعتەسەم عەبدولکەريم” بەرزنجى بوو، موستەشارە دەسەڵاتدار و ترسناکەکەى قادر کەرەم کەوا هەزاران خەڵکى مەدەنيى دابووە دەست سوپاوە. بە پێى قسەى موستەشارێکى تر کە لە کۆبوونەوەى ئەو ڕۆژەى هۆڵى ڕۆشنبيريى جەماوەردا لە هەولێر بەشدار بووە، “شێخ موعتەسەم” پێيدا ديار بووە بەگومان و دوودڵ بووە و پرسيوێتى ئايا ئەو بەڵێنەى لە قۆناخەکانى سەرەتاى ئەنفالدا دراوە ڕێزى لێدەگيرێت؟، بەڵام دوودڵى و ئازارەکانى ويژدانى هاوکارێکى کوردى ئاوها کاريگەر، ئەو پياوەى کە ڕژێم هەر شتێکى لێ خواست جێبەجێی کرد، بە ڕق و بێزەوە خرانە لاوە. ئەلمەجيد بە موعتەسەمى وتبوو: “تۆ بووى بە خاڵێکى ڕەش بە سەر ئاوێنەيەکى سپییەوە” و ئەگەر بهاتبايە و دانەنيشتايە ئەلمەجيد ئيعدامى دەکرد “تەنانەت ئەگەر خواش شەفاعەتى بۆ بکردايە، چونکە لە بەردەم ڕازگرى گشتيى مەکتەبى باکوورى حيزبى بەعسدا، تەنانەت زاتى خوا خۆيشى کەمدەسەڵات بوو”!.
تێبینی و سەرچاوە:
1 – لە سەرەتای ساڵانی 1960کانەوە نووسەر چاودێر و شایەتحاڵی بەشێکی زۆر لە ڕووداوەکانی عێراق و کوردستانە.
2 – Genocide in Iraq .. The Anfal Campaign against the Kurds (Human Rights’ Watch & Middle East Watch – 1993)
کتێبی: جینۆساید لە عێراقدا .. پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد (هیومان ڕایتس وۆچ & میدڵ ئیست وۆچ – 1993)، چاپی چوارەم، نووسەری ئەم باسە لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی.
3 – www.mercenary.org – Wikipedia
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!