ناونیشانی بابەت: هۆکارەکانی بینینی خوێن لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا
ناوی نووسەر: د.
کەژان کاوە تەهاکەژان کاوە تەها
خوێنبەربوونی زێ و بینینی خوێن لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا تاڕادەیەک باو و هەمیشە ئاماژە نییە بۆ لەبارچوون. لە کاتێکدا لەبارچوون هۆکارێکی ئەگەرییە، بەڵام چەندین هۆکاری دیکەی ئەگەری هەیە بۆ خوێنبەربوون.
هۆکارە باوەکانی خوێنبەربوون لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانییدا:
1. خوێنبەربوونی چاندن -کاتێک ڕوودەدات کە هێلکەی پیتێنراو بە ناوپۆشی منداڵدانەوە دەلکێت، بە شێوەیەکی گشتی لە دەوروبەری 6-12 ڕۆژ دوای هێلکە دابەزین.
2-گۆڕانکاری ملی ڕەحم -زیادبوونی ڕۆیشتنی خوێن بۆ ملی ڕەحم لە کاتی دووگیانیدا دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر تووشی خوێنبەربوون بێت، بەتایبەتیی دوای جووتبوون یان پشکنینی حەوز.
3. خوێنبەربوون بەهۆی کۆبوونەوەی خوێن لەنێوان دیواری منداڵدان و پەردەی دەرەوەی کۆرپەلە (کۆریۆن).
4. دووگیانی دەرەوەی منداڵدان -کاتێک هێلکەی پیتێنراو لە دەرەوەی منداڵدان دەچێنرێت، زۆرجار لە بۆری فالۆپ. ئەمە حاڵەتێکی فریاگوزاری پزیشکییە، بەزۆری ئازاری سک و سەرگێژخواردنی لەگەڵدایە.
5.لەبارچوونی مەترسیدار: ئەمەش واتە دووگیانییەکە هێشتا بەردەوامە بەڵام مەترسی لەسەرە.
ئایا هەمیشە خوێنبەربوون ئاماژەیە بۆ لەبارچوون؟
نەخێر، هەموو خوێنبەربوونێک بە مانای لەبارچوون نییە. نزیکەی 20-30%ی ژنانی دووگیان لە سێ مانگی یەکەمدا تووشی خوێنبەربوون دەبن، بەڵام تەنیا نزیکەی نیوەی ئەم حاڵەتانە دەبێتە هۆی لەبارچوون.
[1]