ڕاگەیاندن هەنگاوێکی ئەوتۆیان لە پێناو زیندوو هێشتنەوەی زمانەکەمان نەناوە
نووسینی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
زمان بە بەمانا گشتییەکەی بریتییە لە ئامرازی گوزارشت و گەیاندنى بیروڕا و ڕاستییەکان بەهۆى دەنگ و ڕەمزو هێما و ئاماژەکان، یاخود دەتوانین بڵێن سیستەمێکی دەنگییە لە مرۆڤدا بەکاردەهێنرێت بۆ تێگەیشتن لەیەکتری.
پەیوەندی نێوان زمان و ڕاگەیاندن هەمیشە هێڵێکی هاوتەریب پەیڕەو ناکەن، بەڵام دەتوانن کاریگەریان لەسەر یەکتر هەبێت. ڕاگەیاندن لایەنێکی بەهێزە، هەر بۆیە کاریگەریی لەسەر زماندا زۆرە، دەتوانێت لە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری گشتی و زانست و هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو زمانە فراوان و پشکدار بکات، دەشتوانێت هۆکارەێک بێت بۆ ئەوەی زیان بە زمان بگەیەنێت و لاوازی بکات و جوانی و ڕەوانبێژی و ڕەسەنی زمان بشێوێنێت. واتا زمان لەناو ڕاگەیاندندا لە هەموو ئەو بوارانەی تایبەتمەندبووندا لە پێگەیەکی لاوازدایە بەرانبەر هێز و دەسەڵاتی ڕاگەیاندن، بە دەگمەن زمان دەتوانێت کاریگەریی خۆی بەسەر ڕاگەیاندندا بسەپێنێت، لە کاتێکدا ڕاگەیاندن دەتوانیێت هەموو هەژموونێکی خۆی بەسەر زماندا زاڵ بکات و پیرۆزییەکانی بشکێنێت و پێکهاتەکانی تێک بدات، زمانیش دەکرێت بە جۆرێک خۆی ڕادەست بکات و ملکەچی ببێت و خزمەت بە ئامانجەکانی بکات و هیچ دەسەڵات و کاریگەرییەکی بەسەردا نەمێنێت.
هێزی زمانی هەر نەتەوەیەک لە هێزی گەلەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، هەموو گەلێک لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا بێت پەیوەستە بە فەرهەنگ و زمانی خۆی. زمان کاتێک بەهێز دەبێت و گەشە دەکات و پەرە دەسێنێت، گەر بێتوو ئەو نەتەوەیە لە ڕووی شارستانی و فەرهەنگی ئەدەبی و زانستی و کۆمەڵایەتیدا بەهێز و پێشکەوتوو بێت.
تەماشا بکە لەدێرزەمانەوە یەک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی فەرهەنگ زمانەکەمان بووە، چۆن توانیومانە لە بەردەم تەواوی ئەو فشارانەی دژمان بەڕێوەچووە خۆڕاگر بێت.
لەم دۆخەی ئێستادا کە کۆمەڵگەی ئێمە پێیدا تێدەپەرێت، زمانی کوردی لە دۆخێکی مەترسیداردایە، لە بەردەم هەڕەشەی داگیرکارییەکی هزری نێگەتیڤداین، بە گشتی خاوەندارێتی لێ ناکرێت، کاریگەریی زمانی بێگانە و خۆسەپاندنی بەسەر تاکەکاندا بەڕوونی دەبینرێت، لاوازی زمانەکە و بێتوانایی لە سەپاندنی بوونی خۆی و دەرچوون لە کایە و پێگەی خۆی و جیابوونەوە لە هەژموونی ئامرازەکانی، بە جۆرێک پەرتەوازە بووە، بووەتە ژێردەستەی میدیا و ڕاگەیاندنەکان، بە گشتی میدیاکاران بە ئارەزووی خۆیان و بە بێ هیچ سانسۆرێک زمانەکەمان دەشێوێنن و لە بەها و پیرۆزییەکانی کەم دەکەنەوە. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەخاتە ڕوو بە بیرکردنەوە و داڕشتنی میتۆدێکی زانستی ڕێگری بکرێت لە هاوردەی زمانی وڵاتانی دیکە، بێگومان ئەمە پێویستی بەدەزگا و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و ڕاگەیاندنی پیشەیی دەبێت کە لەم ڕووەوە هەوڵی جدی بدات. ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە پاراستن و پتەوکردنی زماندا، گرنگی خۆی هەیە. بەوپێیەی ڕاگەیاندن لە ئێستادا بووەتە تایبەتمەندییەکی جیاکەرەوەی ئەم سەردەمەی ژیانمان، ئەمەش وا دەکات دوو هێندە ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆی لە پەرەپێدانی هۆشیاری زمانەوانیدا هەبێت.
زمان وەک ئامرازێکی زانستی بۆ گەیاندنی پەیام لە ڕاگەیاندنەکاندا بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەم بەکارهێنانە پێویستی بە ڕێکخستن هەیە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەرێنی لە خزمەتی پەرەسەندنی زماندا بێت، واتا بە شێوەیەکی سادە و ڕەوان و پاراو بێت، هاوچەرخ و تازەگەری پێوە دیاربێت، کورتبڕو واتادار بێت، تاوەکوو مرۆڤەکان بە درووستی و ڕوونی تێی بگەن. هەر بۆیە پێویستە ڕاگەیاندنەکان پێش بڵاوکردنەوەی بابەت و وتارەکان پێداچوونەوەی زمانەوانی و هەڵەچنی بە شێوەیەکی پێشەییانە بکەن، بۆ ئەوەی بەجوانی و بەبێ هەڵەی زمانەوانی بگاتە بەردەم خۆێنەر، بەم شێوەیەش ڕاگەیاندنەکان دەتوانن ڕۆڵی گرنگ ببینن لە بتەوکردنی زمانێکی پاراودا.
گرنگترین شت بۆ مانەوەی هەر نەتەوەیەک پاراستنی زمانی تایبەتیی خۆیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاگەیاندن لە باشووری کوردستان هەوڵی نەداوە زمانەکە بپارێزێت و تێکەڵ بە زمانی دیکەی نەکات. زۆر جارلەناو میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە هەوڵی تێکدانی زمانی کوردی دەدرێت، زمانێکی پاراو نابینرێت، تێکەڵکردنی زمانەکە لەگەڵ زمان و وشەی بیانیدا و تەنانەت زمانی ناوچەگەرێتییش بەڕوونی دەبینرێت، ئەمەش وای کردووە جێگە بە وشەی خۆماڵی لەق بکەن.
دەسەڵات دەبێت بە گرنگییەوە لەم پرسە بڕوانێت، ڕێگە بە دامودەزگا حزبییەکان نەدات لەناو ڕاگەیاندنەکانیاندا زمانی ناوچەگەرێتی بەکاربهێنن، تا ڕادەیەک تێکەڵکردن و بەکارهێنانی هەندێک وشە ئاساییە تا ئەو ڕادەیەی نەگاتە ئەو ئاستەی زمانەکە بشێوێنێت، یا کاریگەریی نەرێنی لەسەر لایەنە ڕێزمانییەکەی دانەنێت، لەمڕۆدا ڕاگەیاندنەکان هێندە زۆر و بۆر بوون، ئەگەربێتوو بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا کاریگەریی نەرێنیان لەسەر خێزان و تاکەکانی ناو کۆمەڵگەش دەبێت. زۆر جار دەبینین ڕاگەیاندنەکان بەمەبەست گرنگی بە زمانی خۆماڵی کوردی نادەن، ڕەنگە ئەمەش بە بەرنامە کاری لەسەر کرابێت و دەوڵەتانی داگیرکەر لە پشتییەوە بن و بیانەوێت خۆڕسکانە زمانی کوردی لەناو ببەن. زۆر لەو بەرنامە و درامانەی کە لە تەلەڤزیۆنەکانەوە پەخش دەکرێن کوردی نین و لە زمانی ترەوە وەرگیراون، هەندێک جار شێوازی دەربڕینی وشە کوردییەکان دەگۆڕن، نامۆیە بە بینەر، یاخود ئەو زمانەی بۆ ڕیگلامکردنی شوێنە گشتیی و سیتییەکان بەکاری دەهێنن وشەگەلێکی نامۆی تێدایە، ڕەنگە ئەمەش هەر بە مەبەست کرابێت و بۆ لەناوچوونی زمانەکەمان بێت، تەنانەت زۆرجار لەناو گۆرانی کوردیدا وشەی بیانی بەرکار دەهێنرت، میوزێک و فۆلکلۆر و ڕەسەنێتیی گۆرانی کوردی دەشێوێنرێت و بەرگێکی بیانی بە بەردادەکرێت.
بە گشتی لە هەرێمی کوردستاندا ڕاگەیاندنەکان هەنگاوێکی ئەوتۆیان لە پێناو زیندووهێشتنەوەی زمانەکەمان نەناوە، هیچ فلتەرێکی ئەوتۆ نابینرێت، کەمینەیەک لە ڕاگەیاندنەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی هەندێک بەرنامەی تەلەڤزیۆنییەوە زمانەکە بپارێزن، بەڵام دەتوانم بڵێم کارێک خولقاوە ئەو جۆرە بەرنامانەش بینەرێکی ئەوتۆیان نەماوە، مرۆڤەکان کاتێک دەتوانن بەئاسانی لە ڕێگەی موبایلەکەی دەستیانەوە ئەو ڤیدۆ و بەرنامانە گاڵتەجاریانە ببینن، خواستی دەکەن و چێژی زیاتری لێدەبینن، ئامادەنین بەدیار بەرنامەیەکی 45 خولەکییەوە دابنیشن کە باس لە مێژووی نەتەوەکەمان، فەرهەنگ و زمانمان بکات، تاکی ئێمە بەگشتی چونکە ئاستێکی هۆشیاری بەرزی نییە، ناخوێنێتەوە، هەوڵ نادات مەعریفە وەربگرێت، هەر بۆیە زوو بێزاردەبێت وبڕسکی ئەوتۆی نییە بەدیار تەلفزێۆنەوە دابنیشێت. دەتوانم بڵێم بەشێکی زۆری ڕاگەیاندنەکانی ئێمە لەڕووی میدیاوە نەک کار بۆ پاراستنی زمانەکەمان ناکەن، بەڵکوو ئیش لەسەر درووستکردنی مرۆڤی دەبەنگ دەکەن، خەڵکانێک بیر نەکەنەوە، پرسیار نەکەن، خۆیان ماندوونەکەن، وڵات و زمانی خۆیان بەلاوە گرنگ نەبێت.
ماوەتەوە بڵێم پێویستە دەسەڵات ڕێکخراوێکی تایبەت بە چاودێریکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ڕووی هەڵسەنگاندنی بڵاوکراوەکانیان و کۆنترۆڵ و پاراستنی زمان دابمەزرێنێت و ڕاگەیاندنەکان پابەند بکرێن بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە کار بۆ زیندووهێشتنەوە و پاراستنی زمانی کوردیی بکەن. هەروەها پێویستە لەناو ڕاگەیاندنەکاندا کەسانی شارەزای زمانەوانی کار بکەن، ئاستێکی هۆشیاری بەرزیان هەبێت، لە ڕووی هزرییەوە خۆیان دەوڵەمەند بکەن، بە ئاگاوە باس لەو بابەتانە بکەن کە هەڵیدەبژێرن، چالاکیی هەمەچەشن و کۆڕبەندی فراوان و گەورە ساز بکەن و ببێت بە یاسا و بەرنامە و کاری لەسەر بکرێت. [1]
•تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارەی 16ی پاییزی ساڵی 2024ی گۆڤاری #زمان و زار# بڵاوکراوەتەوە.
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=