ئەمڕۆ #23-02-2025#، بە ئامادەبوونی د. #موحسین ئەدیب# بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و د. #شێرکۆ عەبدوڵڵا# سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی نووسەرانی کورد، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە لە هۆڵی نووسەران، پانێڵێک بۆ سێ توێژەر و ئەکادیمیی بەڕێوەچوو.
سەرەتا، د. موحسین ئەدیب وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، وتەیەکی لەبارەی بایەخی زمانی دایک و کاریگەرییەکانی لەسەر کەلتوور و فەرهەنگ و پێگەی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردیی پێشکەشکرد.
دواتر پانێڵەکە دەستی پێ کرد و بابەتی یەکەمی پانێڵەکە لەلایەن د. (شیلان عومەر) لەبارەی زمان و پەروەردە پێشکەشکرا، دواتر بابەتی دووەم لەلایەن مامۆستا (سەروەت نیعمەتوڵڵا) لەبارەی زمان و ڕاگەیاندن و بابەتی سێیەمیش لەلایەن مامۆستا (سەروەر سەعدوڵڵا) لەبارەی ئاڵەنگارییەکانی بەردەم زمانی کوردی پێشکەشکران، کە پانێڵەکە لەلایەن نووسەر و توێژەر (دیمەن عەبدوڵڵا) بەڕێوەدەبرا.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، کە لەلایەن بەشی چالاکی وێژەیی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و لقی سلێمانی یەکێتیی نووسەرانی کوردەوە ڕێکخرابوو، خەڵاتی ڕێزلێنانی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەر بەسەر پانێڵیستەکاندا دابەشکرا. [1]