ناونیشانی بابەت: ئەکەدییەکان و کۆچکردنیان بۆ میزۆپۆتامیا/ بەشی یەکەم
ئامادەکردن: #هامنۆ ئەیوب هەورامی#
میزۆپۆتامیا مەبەست لێی گشت ئەو دەڤەر و ناوچانەیە، کە دەکەونە نێوان هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات و دەوروبەریانەوە، هەڵکەوتەکەی تەواو گرنگیی هەبووە لەنێوان نەتەوە و وڵاتەکانی ئەو سەردەمەدا، لە بەری خۆرهەڵاتەوە چیاکانی زاگرۆس درێژ دەبنەوە، لە باکوورەوە ناوچەی ئاسیای بچووکە، لە باشووریشەوە دەچێتەوە سەر کەنداوی عەرەبی فارس و نیمچەدوورگەی عەرەبی، کە دواتر شەپۆلە کۆچە بەردەوامەکان لەوێوە ڕوویان تێی کرد، بەری خۆرئاوایشی وڵاتی فراوانی شامە.
ئەم هەڵکەوتە گرنگەی، کە ڕێگەی گەشتن بووە بە ئاسیا و ئەورووپا و ئەفریقا و ڕێگا گرنگەکانی گریک و میسڕ و ئێرانییەکانی هاتووەتەوە سەر؛ وایکردووە، کە بەردەوام مەنزڵگای گۆڕانی زمان و ناسنامە و شوناس بووە، ئەگەر پێشتر تەنیا ناوچە ناوچە دەسەڵاتداریی لەم وڵاتەدا کرابێت، ئیدی لەدوای هەزارەی سێیەمی پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە، دوای شەپۆلی کۆچەرییەکانی سامی، لە باشوورەوە شێوازی ئیمپڕاتۆری و یەک حوکمی هاوبەش لە وڵاتەکەدا لەسەر دەستی ئەکەدییەکان سەری هەڵدا، کە دوای ئەمانیش ئیدی بووە هۆکاری شاڵاوی نەتەوە جوداکانی وەکوو گۆتی و کاسی و ئاشووری و کلدانی و میدیا و ...هتد، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین، کە دەستپێکی ئەم گۆڕانکارییە لە ئەکەدەوەیە، کە کۆچی یەکەمی سامییەکانە و پێش هاتنی ئامۆری و ئاشووری و لقەکانی دیکەیە، هەربۆیە زۆر گرنگە و لەجێی خۆی دەزانین لەم ڕاپۆرتەدا خوێندنەوەیەکی خێرا بەم مێژووە پڕ ڕووداوەدا بکەین و بزانین، کە ئایا چی وایکرد ئەمانە بتوانن ببنە هێزی باڵادەست؟
$1- نیشتیمانی ڕەسەن:$
زانیاریی مرۆڤایەتی بۆ گەیشتن بە ڕەهەند و ڕاستییەکانی شارستانییەتە دێرینەکان بەردەوام پێویستی بە گەڕان و لێکۆڵینەوە و پشکنین هەیە، ئەو زانیارییانەی هەتاوەکوو ئێستا زاندراون و پێمان گەیشتوون؛ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە سەرجەم ئەو شارستانییەتانە لەو سنوورە جوگرافییە دامەزراون و هاتوونەتە کایە، کە دەکەونە نێوان هێڵی (10 بۆ 70)ی باکوور و بازنەکانی پانیی (10 بۆ 45)ی گۆی زەوی. ئەم سنوورە جوگرافییەش لە خۆرهەڵاتەوە (هندستان) درێژ دەبێتەوە بۆ وڵاتەکانی کیشوەری ئەوروپا (گریک و ڕۆمان و ئیسپانیا) لە خۆرئاوا، لە باکوورەوە (ئاسیای بچووک) درێژ دەبێتەوە هەتاوەکوو دەگاتە باشووری نیمچەدوورگەی عەرەبی و وڵاتی میسڕ لە باشوور.
بەم جۆرە دەبینین نیمچەدوورگەی عەرەب و ناوچەکانی باکووری ئەم نیمچەدوورگەیە (عێراق و شام) دەکەوێتە ناوجەرگەی ئەم شارستانییەتە دێرینانەوە! لەبەر ئەوە، مایەی سەرسووڕمان نییە، کە ئەم ناوچانە؛ خاک و نیشتمانی گەلێک لەو ژیارییە دێرینانە بووە، هەروەها مەڵبەندێکی گرنگ و کاریگەری ناو شارستانییەتە گێتییە دێرینەکان بووە.
نیشتیمانی عەرەب؛ یاخود وەکوو دانیشتوانەکەی خۆیان پێی دەڵێن: (دوورگەی عەرەب– نیمچەدوورگەی عەرەب) پێکهاتەیەکی زەویناسیی بەراییە لە باشووری خۆرئاوای کیشوەری ئاسیا، ڕووبەڕەکەی دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن میلی چوارگۆشە، لە سەردەمی سێیەمدا (بابەتێکی زەویناسییە) نیشتمانی عەرەب بە دەرکەوتنی لەناکاوی دەریای سوور لە باکووری ئەفریقا جودا بووەوە؛ کە زنجیرە چیاکانی (سارات)ی خۆرئاوایی بەرز کردەوە. تیایدا چیای شوعەیب پەیامبەر، کە دەکەوێتە خۆرئاوای سەنعای پایتەختی یەمەن لە باشوور، دەگاتە زیاتر لە (12300) پێ. لەبەردەم ئەم زنجیرە چیایەدا دەشتیاییە کەنارییەکانی تیهامە بەدرێژایی (30) میل دەکشێن. بەشی باکووریشی لەگەڵ ناوچە شاخاوییەکان بە حیجاز ناسراوە. بەهۆی هێشووە گڕگانییەکانەوە زەوییەکانی ئەلحەڕە هاتووەتە کایەوە. چیای شەمەڕ لە باکوورییەوە دەچنە بیابانی شامەوە و بیابانەکانی باکووریشی هەتا زۆنگاوەکانی دیجلە و فوڕات و بەرزاییەکانی کلیسیی سووریی– فەڵەستینی دەکشێن. بیابانە مەزنەکەی نەجدیش لە نزیکی ناوەڕاستەوە بەرەو کەنداوی (عەرەبی– فارس) شۆڕ دەبنەوە لە بەری خۆرهەڵاتەوە. بیابانە مەزنەکەی باشووری خۆرهەڵاتیش (ئەلروبع ئەلخالی) نەجد لە چیاکانی عومان دادەبڕێت. هەر بۆیە دەبینین لە لایەنی جوگرافییەوە، نیشتمانەکە دابەشکراوەتە سەر (تهامة، حجاز، نجد، العروض، الیمن) نەک لە لایەنی ڕامیاری و کارگێڕییەوە.
$ 2- کێ بوون ئەوانەی لەم نیشتمانەدا دەژیان؟$
شوێنەوارناسەکان و مێژوونووسان تێبینی ئەوەیان کردووە، کە ئەکەدییەکان و ئاشوورییەکان و کەنعانییەکان و ئارامییەکان و عیبرانییەکان و عەرەبەکانی باکوور و باشوور و حەبەشییەکان؛ بە زمانێک قسەیان کردووە، کە لە ڕەچەڵەک و شێوازدا زۆر لە یەکدی دەچن، لە دەرەنجامی ئەمەشەوە لەوە تێگەیشتن، کە بابوباپیرانی پێشینی ئەم نەتەوانە لە بناغەدا یەک زمانی ئاخاوتنیان هەبووە، ناوزەندیشیان کردووە بە (زمانی دایک). ئەو جیاوازییەی، کە لە زمانی ئاخاوتنی ئەم نەتەوانەدا دروست بووە؛ دەیگێڕنەوە بۆ کۆچکردن و نیشتەجێبوون لە ناوچە و جێگەی دیکەی دوور لە نیشتمانی یەکەمیان. بەمجۆرەش، بە تێپەڕبوونی کات زمانی ئاخاوتنیان بە شێوەیەک لە شێوەکان لە زمانی دایک دوور کەوتووەتەوە و هەتاوەکوو گەیشتووەتە ئەو ئاستەی، کە چەندین زمانی جودای لێوە دروست ببێت، لەگەڵ ئەوەی، کە پارێزگارییان کردووە لە یەکێتیی ڕەچەڵەک و ڕەگەز و ڕووخساری گشتیی زمانە بنەڕەتەکەیان.
زۆرینەی توێژەرانی وەکوو (شبرنکر و سایس و دی کویە و بروکلمان و فیلیبی و کیتانی) ڕاوبۆچوونیان لەسەر ئەوە دامەزراوە، کە نیمچەدوورگەی عەرەب نیشتمانی گشت ئەو گەل و نەتەوانەیە، ئەگەرچی هەندێک جیاوازییان تێدایە لە دیاریکردنی خودی شوێنە بنەڕەتییەکەدا، بەتایبەت لەنێوان ناوەڕاستی نیمچەدوورگەکە (نەجد) و باشووری (یەمەن)؛ یاخود خۆرهەڵاتی (بەحرەین و کەناراوەکانی بەرامبەری)، پێدەچێت لەناو ئەم شوێنانەشدا یەمەن ڕاستتر بێت، چونکە بنەڕەتی عەرەبە ڕەسەنەکانی وەکوو عاریبە (قەحتانی) یەمەنین! سەبارەت بە هاوناوی سەرەکی بۆ گشت ئەو کۆمەڵانەی ناومان هێنان و لە نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە هەنگاوی کۆچیان گرتە بەر؛ بۆچوونی جودا هەن، لەمبارەیەوە زانای نەمساوی (ئەوگست لودیل شلوتسر) لە ساڵی (1781)ی لەدایکبوونی مەسیح، سەرجەم زمانی ئاخاوتنی ئەو گەل و نەتەوانەی ناوزەد کرد بە (زمانەکانی سامی)، کە مەبەست لێیان زمانەکانی (ئەکەدی، کەنعانی، عیبرانی، فینیقی، عەرەبی باکوور و باشوور، ئارامی، حەبەشی و ...هتد)ی دەگرتەوە، چونکە لە ڕووی جەوهەری زمانەوانییەوە لەیەکچوونی زۆر هەیە لەنێوان ئەو شێوازە زاراوانە. ئەم ئەنجامە لەلای (شلوتسر)یش دووپات بووەوە و گشتیانی بە یەک نەوەی باپیرێک لەقەڵم دا، کە ئەویش (سامی کوڕی نووح)ە.
پەرتووکی پیرۆزی تەوراتیش هەمان ڕاستیی دووپات کردووەتەوە و لە سفری پێک هاتن:
بەشی 10: بڕگەی 21 – 32دا دەڵێت: 21 سامیش کوڕی بوو؛ کە یافەت برای گەورەی بوو. سام باپیرە گەورەی گشت کوڕانی عێبەر بوو. 22 کوڕەکانی سام: ئیلام، ئەشوور، ئەرپەکشاد، لوود و ئارام. 23 کوڕەکانی ئارام: عوچ، حوول، گەتەر و مەشەک. 24 ئەرپەکشاد باوکی شالەح بوو، شالەحیش باوکی عێبەر بوو. 25 عێبەریش دوو کوڕی بوو، یەکێکیان ناوی پەلەگ بوو، چونکە لە سەردەمی ئەودا زەوی دابەش کرا. براکەشی ناوی یۆقتان بوو. 26 یۆقتان ئەم کوڕانەی هەبوو: ئەلمۆداد، شەلەف، حەچەرماڤەت، يارەح، 27 هەدۆرام، ئوزال، دیقلە، 28 عۆبال، ئەبیمائێل، شەبا، 29 ئۆفیر، حەڤیلا و یۆڤاڤ. گشت ئەمانە کوڕانی یۆقتان بوون. 30 نشینگەکانیان لە مێشاوە دەستی پێ دەکرد هەتاوەکوو دەگەیشتە سفاری ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات. 31 ئەمانەن نەوەی سام، بەپێی هۆزیان و زمانیان، لە خاکیان و بەپێی نەتەوەکانیان. 32 ئەمانەن هۆزەکانی نەوەی نووح بەپێی نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکانیان. لە ئەوانیشەوە لەدوای لافاوەکە نەتەوەکان بەسەر زەویدا بڵاو بوونەوە.
ویل دۆرانت لەمبارەیەوە پێمان دەڵێت: ئەگەر بمانەوێت بۆ کەمکردنەوەی پلەی جیاوازی و بەربڵاویی زمانەکان لە خۆرهەڵاتی نزیک، زۆربەی ئینتیکەکانی دانیشتووی باکووری ئەم ناوچەیە بە هیندۆرووپی ناو ببەین و زۆربەی دانیشتوانی بەشی ناوەڕاست و باشووری، کە لە ئاشوور هەتاوەکوو دوورگەی عەرەبی درێژ دەبێتەوە بە نەژادی سامی ناو ببەین.
گشت ئەمانە وەهای کرد، کە ئیدی ناوەکە بڵاو ببێتەوە و ئاسانیش بێت بۆ دەربڕین؛ ئەمەش دانپێداندراوی (نولدکە) بووە، کە دەڵێت: کورت و ڕوون و ئاشکرایە. هەر چەندە چەند تێبینییەکیشی لەسەرە، لە ڕوانگەی زیادی و کەمیی چەند لقێکی و وەهای لە مێژوونووسانێکی وەکوو (تەها باقر و د. هاشم یحیی الملاح) کردووە، کە پێیان گونجاوتر بێت دەستەواژەکانی (گەل و نەتەوەکانی نیمچەدوورگەی عەرەب، گەلانی دێرینیی نیمچەدوورگەی عەرەب) بەکار بهێنن، نەک سامییەت.
$3- گۆڕانی کەش:$
لەسەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە، گرووپ گرووپی گەلانی نیمچەدوورگەی عەرەبی لە ماوەی قات و قڕیی سەختدا کەوتوونەتە کۆچکردن بەرەو باکوور، وەک بابلییەکان دەگەنە عێراق و کولتووری سومێرییەکان وەردەگرن، وەک کەنعانی و یەهوود و ئارامییەکان لە سووریا و فەڵەستین دادەبەزن و لەگەڵ فینیقییەکاندا کولتووری ڕەگەزی ناسراو بە ڕەگەزی خۆرهەڵاتی نزیک وەردەگرن، ئەو ڕەگەزەی هەندێک لە خەسڵەتە جەستەییەکانیشی بە میرات بۆ بەجێ هێشتوون.
ئەو بارودۆخە جوگرافیایەی، کە جێگەی باسکردن و خوێندنەوەیە؛ لەو دەمەوە دەست پێ دەکات، کە مۆرکێکی جێگیری پەیدا کرد، واتە لە کاتی کۆتاییهاتنی چەرخی سەهۆڵبەندەکان (العهد الجلیدیة) کە ناسراوە بە (ورم – wurm) واتە لەدەوروبەری ساڵانی (15000 یاخود 10000)ی پێش لەدایکبوونی مەسیح.
وەکوو هەندێک لە توێژەران باس لەوە دەکەن، کە نیمچەدوورگەی عەرەبی عەرەب؛ دابارینی بارینی گەلێک بووە و بیابانە پان و بەرینەکانی ئاوەدان و زۆر ئاو و پڕ گژوگیا و ڕووەکی سروشتی و ئاژەڵی زۆری تێدا بووە، لە هەمان کاتدا چەند مێژوونووسێکی وەکوو ئەلمەلاح پێیان وەهایە، ئەگەر ئەم بۆچوونە ڕاست بێت؛ دەشێت لە چاخە سەهۆڵبەندانە گەلێک دێرینەکان بێت. بەگشتی شتێکی دیارە، کە نیمچەدوورگەی عەرەبی سەرەتا بارودۆخی ژیان گەلێک گونجاوتر بووە تیایدا، پەرتووکە جوگرافییەکان و گەڕۆکە گریکی و ڕۆمانییەکان باسیان لە چەندین سەرچاوەی ئاو کردووە لە بیابانەکانی ئەم نیمچەدوورگەیەدا، کە ئێستا نەماون! بۆیە دەشێت چەندین ڕووداوی سرووشتیی وەکوو بوومەلەرزە و زریان و دابارینی زۆر و ...هتد، وەهای کردبێت ئەو گۆڕانکارییانە ڕووبدەن.
دوای کۆتاییهاتنی چاخە سەهۆڵبەندەکان، ئاووهەوای نیمچەدوورگەی عەرەبی گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هات و هێدی هێدی کەمئاوی و وشکی باڵی کێشا بەسەر ئاووهەواکەیدا و ڕێژەی بارانبارین گەلێک کەم بووەوە، بەجۆرێک، کە ژیان لەسەر خاکەکەی سەخت و ئاستەم بێت بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ، چونکە بەشێکی بەرفراوان لە خاکەکەی گۆڕا بۆ بیابانی وشک و بەرینی بێئاو، لە ئەنجامدا، دانیشتوانەکەی ناچار بوون بەرەو دەوروبەری کەنارەکانی نیمچەدوورگەکە کۆچ و ڕەو بکەن؛ بەتایبەتیش بەرەو کەناری باکوور بۆ دەشتەکانی دۆڵی دوو ڕووبار (وادي الرافدین).
$سەرچاوەکان:$
- الامام الحافظ عمادالدین ابوالفیدا اسماعیل بن کثیر الدمشقي:
1- سەربووردەی پێغەمبەر (السیرة النبویة الشریفة), و: کۆمەڵێک وەرگێڕ، چ1، بڵاوکراوەی خانەی نۆبیلیس، بەیروت، 2012ز. - هاشم یحیی الملاح:
2- مێژووی عەرەبی پێش ئیسلام، و: هۆشیار عبدالله سەنگاوی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات – هەولێر، 2012ز. - کارل برۆکمان:
3- مێژووی گەلانی موسڵمان، و: عومەر عەلی غەفوور, ناوەندی جەمیل ڕۆژبەیانی، چاپخانەی تاران، سلێمانی، 2017ز.
4- کتێبی پیرۆز کوردی سۆرانی ستاندەر, نوسخەی KSS, چ1, بەرهەمی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کتێبی پیرۆز, کۆریا, 2017ز. - ویل دۆرانت:
5- مێژووی شارستانیەت, خۆرهەڵات لانکەی شارستانیەت, و: عەبدوڵڵای ڕەسوڵی، چ1، چاپخانەی چوارچرا، 2011ز.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!