#مێجەرسۆن#
ئامادەکردنی: محەمەد سالار پاشا
ئەم وتارە لە ژمارە (35)ی ڕۆژنامەی پێشکەوتن لە (#23-12-1920# ) بڵاوکراوەتەوە، تەنیا ڕێنووسەکەیم چاکردووە، وشەکان وەک خۆی دام ناوەتەوە لەگەڵ چەند تێبینییەک.
دەقی نووسینەکە:
خەلقی ئەم لیوایە جا لەبەر گەورەیی لیواکە جا لەبەر ئاگا لەیەک نەبوون ئەوەندە شارەزای تەرتیب حکومەتی نین، ئێستا بێ جیم نەزانی (دیارە هەڵەیە و مەبەستی ئەوەیە بەجێم زانی واتە بەدرووستم زانی) کە هەندێک لەمە بدوێم.
ئیش بەدەستەکان ئەمانەن:
حاکم لیوا لەپاش حاکم لیوا شەش نەفەر حاکم قەزاکان بەم ڕەنگەیە، حاکم چەمچەماڵ، حاکم ڕانییە، حاکم ئەلەبجە، حاکم قلعەدزە و پژدەر بابکرئاغا، حاکم قەزای سلێمانی، حاکم شارباژێر ڕەزا بەگ، یەکێکیش ئەحمەد بەگ عوسمان پاشا قائیمقام ئەلەبجەیە.
20 مودیر ناحیە، 97 لەمالیەدا، 35 لەرژی، 27 لەکمرک، 12 قازی، 8 گەورە مالیە لەقەزاکان، 13 مەئمورماڵ، 108 لەئەجزای حکومەت، 367 زەبتییە (ظبطية)، 439 عەسکەر لکل زابت 77 پۆلیس، 8 مهندس، 21 فەراش بەهی ئەملا و ئەولاوە، ئەوانە خەریکی ئیشی حکومەتن 1349 نەفەرە کە 15 ئینگلیز و 1304 کورد و 10 هندین، مانگانەی ئەمانە لەساڵێکدا (997650 ڕوپیە).
تەرتیب حکومەت لەگەڵ بەغداا
لە پێش هەرای شێخ مەحمود گەیشتن وخەرجی لیوا ڕێک نەخرا بو. ئایا سلێمانی لەپارە و گەیشتنی خۆی شتێک بەئێراق بدا یا نا، لەمە ئەدوان کە هەرا ڕوی دا، لەپاش هەرا کە لە بەغداەوە حوکم دەرچوو کەهەموو حسێبی سلێمانی لەناو حسێبی بەغدا بێت کەهەموو مالیات بگەیەنرێت بە سندوقی بەغدا بۆ خەرجیش لە بەغدا وەرگیرێت، حاکم ئێستا مێجەرسۆن کەتەماشای ئیشی کرد ئەگەر بێتو وا ڕێک خرێت کوردستان زۆر شتی لەکیس دەچێت و قازانجێکی زۆرە بۆ عەرەب و ئێراق
چونکە دیارە کوردستان پارە گەشتن و دەستکەوتنی زیاتر بوو لەدان و خەرج کردنی خۆی.
لەبەر ئەوە لەگەڵ والی بەغدا زۆر باس کرا لە دواییا وا دانرا کەهەتا ساڵێک لەهەوەڵی نیسان 1920 تا هەوەڵی نیسانی 1921 کوردستان خۆی سندوقی بێت، بەڵام هیی گومرگ بۆ ئێراق بێت، لەبەر ئەوە دەکرا کەسوار و زەبتییە و عەسکەری خۆمانمان بێت و ئیشیش بدەین بەزۆر لەخەڵقی کوردستان و هەنێ ڕێگا وەک ڕێگای کەرکووک، ئەلەبجە، کفری و پردی تانجەرۆ و هیی تر. بگیرێتە دەست. ئەگەر سندوقی ئێمە بکەوتایە سندوقی بەغداەوە هیچ نە دەکرا، سوار و زەبتییە و عەسکەریە و شتی ترمان وەک دانراوە وا ڕێک نەدەخرا ئەمینی و ئیش و کاری تریش بەم ڕەنگە نەدەبینرا.
گەشتن و ڕۆشتنی پارەی لیوا لەم ساڵەدا نزیک بەمە دەکرێتەوە
گەیشتنی پارە (مەبەست لێی خەرجیە)
مانگانە ئەجزای حکومەت 998650
خەرجی عەسکەری 991200
ڕێگاو پرد 752000
جێگای نەخۆشەکان 66000
پۆلیس 83000
مەکتەبەکان 63000
مانگانە تەقاویتەکان 85000
مانگانە هیی مەلا و بۆ هەنێ مزگەوت جگە لەهی ئەوقاف 15000
ئەوقاف 10000
بۆ پرتی و مرتی (متفرقە) 60000
کۆی گشتی: 3178980
ڕۆیشتنی پارە (مەبەست لێی داهاتە)
لە هەموو لایەکەوە وەک دەیەک، بزنانە، حقوق، شرعیە، صلحیە و هیی تر ... 3078980
ئەوقاف 10000
کۆی گشتی: 3178980
ئەوەی دەمێنێتەوە 55130
تێبینی:
1. ڕۆژنامەی پێشکەوتن بەیەکەم ڕۆژنامەی کوردی دادەنرێت کە لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەرچووە و (118) ژمارەی لێ دەرچووە. بەڵام یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی نییە لە ئێراق، چونکە یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە بەغدا لە شوباتی 1914 بەناوی (بانگی کورد) دەرچووە. ڕەحمەتی (جەمال بابان) خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری بووە.
2. مێجەرسۆن بەو سیفەتەی حاکمی سیاسی سلێمانی بووە دوای شکانی شێخ مەحمود و دورخستنەوەی بۆ هندستان سەرپەرشتی دەرچونی کردووە، هەر ئینگلیز چاپخانەکەی هێناوە. خراپیش نییە ئەوە بزانیت کەهەر مێجەرسۆن ناوی شاری لە (السلیمانییە) و گۆریوە بۆ (سلێمانی).
3. 100 بەر لە ئێستا لە شارێکی وەک سلێمانی کەنفوسی نزیک بە دە هەزار کەس بووە، بەوردی داتا و زانیاری هەبووە لەسەر ژمارەی کارمەندانی میری، حکومەتی هەرێم لە 2017 سستمی بایۆمەتری داهێنا بۆ ئەوەی بزانێت چەند مووچەخۆری هەبووە! جێگەی ئەسەفە.
4. ئەو داتایەی مێجەرسۆن بڵاوی کردووەتەوە بە زمانی ژمێریاری ئێستا پێی دەوترێت (حسابات ختامی)، ئەوەی کەحکومەتی هەرێم دوای سەد ساڵ نییەتی! جێگەی ئەسەفە.
5. ئەم وتارە کاتێک نووسراوە سلێمانی جارێ نەبووەتە پارێزگایەک لە ئێراق، چونکە هەر موناقەشە هەبوو لەسەر ئەوەی سلێمانی بەشێک بێت لە ئێراق یان نا، هەولێر لە (1919) بووە و سلێمانی لە (1923). هەر لەبەر ئەوە لە چەند شوێنێک سلێمانی وەک کوردستان ناوهێنراوە!
6. ئەوەی جێگەی تێرامانە، چۆن لە ئێستادا موناقەشەی ئەوە دەکرێت ئایا حکومەتی هەرێم نەوت و داهات ڕادەستی بەغدا بکات باشە یان نا، ئەو دەمیش هەمان موناقەشە کراوە کە لە سەردەمی شێخ مەحمود ڕادەست نەکراوە!
7. ڕوپیە پارەیەکی هندییە لە (1918 -1932) پارەی فەرمی ئێراق بووە، لە (1932) پارەی ئێراق بوو بە (دینار) یەک دینار بەرانبەر بە 13 ڕوپیە بوو، و یەک دیناری ئەو دەم بەرانبەر بە 2.5 جونەی ئیستەرلینی بووە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!