ناونیشانی بابەت: سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران؛1980-1987
ناوی نووسەر:
ژیلوان هەڵەدنیژیلوان هەڵەدنی
ڕووداوەکانی ساڵانی (1978 _ 1979)ی ئێران و ڕووخانی ڕژێمی (محەمەد ڕەزاشا پەهلەوی)، قۆناغێکی نوێی لە ژیانی سیاسی ئەو وڵاتەدا هێنایە کایەوە. قۆناغێک کە تێیدا گەلانی ئێران بەگشتی و میللەتی کورد بەتایبەتی، بەمەبەستی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان، پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەکان، نەشونماپێکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردو زامنکردنی دیموکراسی ئێران، دەستیان بەچالاکی سیاسی و خەباتی نەتەوەیی کردەوە. هەر لەو ماوەیەشدا، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونە مەکۆی دروستبوون و هەڵتۆقینی ڕێکخراوگەلێکی فرە ئایدیا هەر لە نەتەوەیی و چەپ و لە ناو چەپیشدا چەپی مائویستی و ڕادیکاڵ و چریکی و تودەیی و چەندین خەت، بەگوتەی یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵە لەناو ئەمانەشدا چەندین خەت هەبوون وەک خەتی سێ و تەنانەت چواریش! دەتوانین بڵێین لەبەرامبەر دروستبوونی پارت و ڕێکخراوی چەپدا، کەسایەتییە دیارە ئاینییەکانیش هەوڵیاندا کە ئەمانیش بەبیری ئایینی و مەزهەبیی پارت دروست بکەن و لە شانۆی ڕووداوە سیاسیەکاندا ڕوڵ بگێڕن و، بەهۆی بوونی کۆمەڵگەیەکی زۆرینە ئایینی و لەناویشدا مسوڵمانی سوننی مەزهەب، لایەنگیرو هاوبیرانیان لێ کۆببێتەوە.
سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستان یەکێک بوو لەو پارت و جەرەیانە سیاسیانەی کە لەساڵی 1980 دروست بوو، دەتوانرێ هەم لە خانەی پارتێکی نەتەوەیی هەمیش لە خانەی پارتێکی ئیسلامی هەژمار بکرێ، چونکە هەروەک لە مێژووەکەیدا دەبینین ئەو کەسانەی پێکهێنەرو دروستکەری بوون پاشخانێکی فکری ئیسلامی سوننی مەزهەبیان هەبوو، هەروەتر کەسانێکی نەتەوەیی بوون و پاشخانێکی سیاسیان هەبوو. لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران تاکو تەموزی 1980، زۆرێک لە کەسایەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی ئەوانەی لە دەفتەری (شێخ عیزەدینی حوسێنی)دا کاریان دەکرد، هەوڵێکی زۆریاندا کە ڕێکخراوێکی نوێ بەسەرکردایەتی شێخ عیزەدین دابمەزرێنن، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین وتووێژو دانیشتن کرا، تەنانەت لەساڵی 1979 دا (عەبدولڕەحمانی زەبیحی) لە ناوچەی (بێژوێ)ی ئالان پەیڕەوو پڕۆگرامێکی نووسی کە هاوشێوەی پڕۆگرامی کۆمەڵەی (ژ.ک) بوو، وە بڕیاردرا گفتوگۆی لەسەر بکەن, بەڵام بەهۆی جیاوازی بیرو ڕا وە سەری نەگرت و هەندێک کەسی نزیک لە شێخ عیزەدین ئەوەیان کردە بیانوو کە شێخ عیزەدینی حوسێنی ڕێبەری جوڵانەوەی گەلی کوردەو ئەگەر لە چوارچێوەی ڕێکخستنێکی سیاسیدا کاربکات ئەو پێگە جەماوەری و کەسایەتیە سیاسی و سەربەخۆیەی نامێنێت، لە نمونەی ئەوانەش (محەمەد موهتەدی، سەعدی موهتەدی، ئەحمەد ئەسکەندەری، فاتح شێخ ئیسلامی، مەلا محەمەد، مەلا عومەر، ڕەحمان شکاک و چەند کەسی دیکە) کە زۆربەیان لایەنگری کۆمەڵە بوون و پێیان خۆش نەبوو دەفتەری شێخ عیزەدین لەلایەن زەبیحیەوە سەرپەرشتی بکرێت و وەکو ڕێکخراوێکی سیاسی پەرەبسێنێت. دەکرێت بڵێین, هەندێک لەو کەسایەتییانە لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی خۆیاندا شێخ عیزەدینان پاشگەز کردۆتەوە لەوەی بەشداری لە ڕێکخراوێکی سیاسیدا بکات. چونکە ئەگەر وا ڕێبکەوتایە ئەو ڕێکخراوە سیاسیەی کە عەبدولڕەحمانی زەبیحی و شێخ جەلالی حوسێنی هەوڵیاندا بەسەرکردایەتی شێخ عیزەدینی حوسێنی دایبمەزرێنن، ئەوا تەرازوی هێز بەجۆرێکی دیکە دەشکایەوە، هەربۆیە بەچەندین بیانووی جۆراوجۆر ڕێگریان لەو کارە کرد.
ئیتر لێرەوە هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی سازمانی خەبات، لەسەرەتاکانی ساڵی 1979ەوە تا ڕۆژی ڕاگەیاندنی، زیاتر لەساڵ و نیوێکی خایاند، لەو ماوەیەشدا چەندین کۆبوونەوەی فراوان بەبەشداری دەیان مامۆستا و خوێندەوار و ڕووناکبیری ناسراو چالاکی کورد ئەنجامدران، کە زۆرینەی ئەوانە لە ڕاپەڕینی جەماوەریی و خەبات دژی ڕژیمی شادا خاوەن ڕابردووی سیاسی بوون. کۆبوونەوەکانیش لە چەند شوێن و گوندی وەک (سیاومە)، (بەردەڕەش)، (کانی بەرد)، (ساوان) و ( بلەکێ) لە ناوچەی بانە، (سارتکێ)، (سیسێر) و (نستان) لە ناوچەی سەردەشت ڕێکخراون. سەرئەنجام پێشنیوەڕۆی 5ی خەرمانانی 1359 بەرامبەر 27ی ئابی 1980ی زاینی دوایین کۆبوونەوە، کە دەکاتە یەکەم کۆنگرە، بۆ پێکهێنانی ئەو ڕێکخراوە لە گوندی (کانی بەرد)ی ناوچەی بانە بەڕێوەچوو. لە کۆتایی کۆنگرەکەشدا یەکەم پەیڕەو پڕۆگرام پەسەندکراو، دامەزرانی ئەو ڕێکخراوە بەناوی (سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران – خەبات) ئاشکراکراو، بەیاننامەی دامەزراندنی (خەبات) بڵاوکرایەوە.
ئەم ڕێکخراوە بەسەرکردایەتی (شێخ جەلالی حوسێنی) و ئەندامێتی هەریەک لە (مەلا خدری عەبباسی، مەلا کەریم سەییادی، مەحمود ئەمینی، بایز ڕەسوڵی، اغا خزری، مەلا حوسێن گورجی، مەلا محەمەد سەلیمی، عومەر قادری، تەها مینایی، سەید خەلیل شەریفی) دامەزرا, هەر لەسەرەتای دامەزراندنیشیەوە لەگەڵ ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستاندا دەستی دایە خەباتی چەکداری و بەشداری ڕاپەڕینی کرد. دوابەدوای بێ ئاکام بوونی هەوڵەکان لەگەڵ شێخ عیزەدینی حوسێنی بۆ دروستکردنی ڕێکخراوێک و، هاوکات بەردەوامیی سیاسەتی قڕکردنی کورد و هێرشی سوپا و هەوڵدان بۆ داگیرکردنی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی، سازمانی خەبات لەسەر ڕەوتێکی نەتەوەیی – ئیسلامی لە 27ی ئابی1980 ڕادەگەیەنن. بەپێکهاتنی سازمانی خەبات چالاکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چووە قۆناغێکی دیکەوە، چونکە تا ئەو سەردەمە هێزە سیاسیەکانی کوردستان بەبیروباوەڕێکی چەپ کاریان دەکرد و هێزێک لە مەیداندا نەبوو کە شێوە فکرێکی جیاواز لەوانی هەبێت، هەربۆیە کاتێک سازمانی خەبات وەکو هێزێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بەفکرێکی ئیسلامی هاتە مەیدان، بەشێکی خەڵکی ڕۆژهەڵات و ئەوانەی نەیاندەتوانی لەگەڵ هێزەکانی دیکە بن لەناو سازمانی خەبات دا دەستیان بەکارو چالاکی کرد.
ئەم ڕێکخراوە یەکەم کۆنگرەی خۆی لەساڵی 1980ز لەگوندی (کانی بەرد)ی ناوچەی بانە گرێداو تێیدا شورای سیاسی و ئەندامانی سەرکردایەتی هەڵبژێردران و بەرنامەو پەیڕەوی ناوخۆیی پەسەند کرا، کە شێوازی کارکردن و هەڕەمی دەسەڵاتی تێدا ڕوونکرایەوە، وەکو لەبەندی هەشتدا دەڵێت “شورای ڕابەرایەتی کە لانی کەمی11 کەسە، بەرزترین ئۆرگانی بەڕێوەبەری ڕێکخراوە کە بەشێوەی کاتی کاروباری ڕێکخراو بەدەستەوە دەگرێ و پەیوەندی ڕێکخراو لەگەڵ کۆمەڵ و ڕێکخراوی دیکە دیاری دەکاو چەندایەتی مانگانەو چۆنیەتی خەرج کردنی داهاتی ڕێکخراو بەدەست ئەوەو کۆمیتەی سیاسی و نیزامی و ماڵی و بڵاوکردنەوەو پڕوپاگەندە لەناو ئەندامەکانی ئەو دیاری دەکرێ و کۆمیتەی ئیجرائی لە نوێنەری هەریەک لەو کۆمیتانە پێک دێ، لانی کەم شورا یەک مانگ جارێک کۆدەبێتەوەو بەپێی پێویست کات بۆ کۆبوونەوەی لێپرسراوانی ناوچەیەک یان زیاتر دیاری دەکاو تا ئامادەبوونی ڕێکخراوەکان و گرتنی کۆنگرە هەموو دەسەڵاتێکی هەیە، بەڵام کاتێک کۆنگرە گیرا هەموو کاروبارێک دەکەوێتە ئەستۆی کۆنگرەو سنورێک بۆ دەسەڵاتی کۆنگرە نیەو ڕێبازی پێویست دیاری دەکاو دەسەڵاتی گۆڕینی بەرنامەو هەروەها نێوی ڕێکخراویشی هەیە”. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەم ڕێکخراوە ئەوەیە کە باوەڕی بەبنەماکانی ئیسلام هەیە بۆ زامنکردنی مافە نەتەوایەتیەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانداو کارنامەی سیاسی ئاوێتەیەکە لە مەیلی نەتەوەیی و ئیسلامی و لەڕووی بیروبۆچوونی ئیسلامیشەوە میانڕەوەو لە ئوسوڵیەتی ئیسلامیەوە نزیک نیە.
سەرهەڵدانی سازمانی خەبات لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی – ئیسلامیی لەو قۆناغە ئاڵۆزەدا، جێگەی گرنگی پێدان و هەڵوێستە لەسەر کردنە، ئەوەی کە زیاتر ئەم لایەنە قوڵ دەکاتەوە، جیاوازی پەیڕەو و خۆ ڕێکخستنی سازمانی خەباتە لەگەڵ پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی دیکەی کوردستاندا، چونکە ئەوانەی لەپێش شۆڕش و لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستیان بەخەباتی سیاسی و چەکداری کرد، لە بیرکردنەوە و تێڕوانینی سیاسی و ئایدیۆلۆژیاندا، نەتەوەیی و چەپ و سۆسیالیستی بوون. واتە گوتاری سیاسی و بەرنامەی حیزبەکان لەو قۆناغەی خەباتی خەڵکی کوردستانی ئێراندا کاریگەری بلۆکی ڕۆژهەڵاتی و بیروباوەڕی چەپی لەسەربوو، ئەگەرچی پەیڕەو و بەرنامەی دیکەش دەبینرا، بەڵام زیاتر هەژموون و ئەندێشەی چەپ و کۆمۆنیستی باڵی بەسەر وتارەکانیاندا کێشابوو.
هەرچەندە لەو قۆناغەدا بەشێکی زۆر لە جەماوەری کوردستان لە مەیدانی خەباتدا بوون و لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیاندا کەمتر پرسیار لە بیروباوەڕ و بەرنامەی هێزە سیاسیەکان دەکرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی دیکەی خەڵکی کوردستان مەرجی بەشداریان لە مەیدانی خەباتدا ئەوەبوو کە ئەو لایەنەی کاری لەگەڵ دەکەن لەگەڵ بیروباوەڕەکانیان بێتەوە. کەواتە لەم نێوانەدا بوونی ڕێکخراوێکی سیاسی (نەتەوەیی – ئیسلامی) لە کوردستان نەک هەر بەگرنگ و کاریگەر دەزانرا، بەڵکو بەجۆرێک لێک دەدرایەوە کە پێویستیەکی حەتمی قۆناغەیەکە، بەتایبەتیش لەو ڕوانگەیەوە کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان مسوڵمانی سوننە مەزهەبن، ئالێرەدا سازمانی خەبات لەمیانەی درک کردن بەواقیعیەتی بارودۆخی کوردستان و بەبیرو بۆچوونێکی جیاواز لەباقی حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان و لەدەورانی کێشمەکێشمی نێوان بیروباوەڕی چەپ و ئیسلامی سیاسی شیعەگەرادا, هاتە ناو گۆڕەپانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردو لابردنی ستەمی نەتەوایەتیی و مەزهەبیی (دینیی) کردە ئامانج و ستراتیژی کارەکانی. ئەم ڕێکخراوە جگە لەچالاکی سەربازی لەدوای دامەزراندنیەوە کارو چالاکی و ڕێبازی سیاسیان لە ڕێگەی بڵاوکراوە و ڕاگەیەندراوی تایبەت بەخۆیانەوە بەخەڵکی کوردستان دەگایەند و ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگی دەبینی بۆ کۆکردنەوەی خەڵک و بەشداری پێکردنیان لە چالاکی سیاسیدا، لەم چوارچێوەیەشدا یەکەم ژمارەی بڵاوکراوەی (تێکۆشان)یان لە 21ی ئازاری 1984 دا دەرکرد ، هەروەها لە ساڵی 1985 دا وێستگەیەکی ڕادیۆیان بەناوی (ڕادیۆی دەنگی خەباتی کوردستانی ئێران) دامەزراند.
سەبارەت پەیوەندیەکانی سازمان و حزب وڕێکخراوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە،کاتێک سازمانی خەبات لەسەر ڕەوتێکی نەتەوەیی – ئیسلامی دامەزرا، شتێکی سرووشتی بوو کە بەهۆی جیاوازی ئایدیۆلۆژی و کاری ڕێکخراوەییەوە لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی دیکەدا ناکۆکی و ململانێی بۆ دروست ببێت. هەرچەندە ئەو ڕێکخراوە بەهەموو شێوەیەک هەوڵی دەدا خۆی لەکێشە و ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکداریی بپارێزێت و پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسیەکاندا بەشێوەیەکی ئاشتیانە درێژە پێبدات. بۆنمونە: لەدوای دامەزراندنی سازمانی خەبات، سەرکردایەتی ئەو ڕێکخراوە هەستی بەمەترسی هێرش و پەلاماری هێزە سیاسیەکانی کوردستان بۆ سەر خۆی کرد و لەم ڕووەشەوە هەوڵیدا پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ دابمەزرێنێت، بەتایبەتی لەگەڵ حدکا دا. بۆ ئەم مەبەستەش لە تشرینی یەکەمی 1980 دا لەگوندی (نستان)ی ناوچەی (ڕەبەت) کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان نوێنەرانی خەبات و حدکا پێکهات و تێیدا لەسەر چەند خاڵێک ڕێکەوتن، کە گرنگترینیان ئەوەبوو زیان بەیەکتر نەگەیەنن و لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا کاربکەن. بەڵام ئەمە بەتەنها ڕێکەوتنێکی ڕواڵەتی بوو هەر لەسەر کاغەز مایەوە، چونکە هەر لەسەرەتاوە پەیوەندیەکانی نێوان ئەم دوو هێزە پەیوەندیەکی دۆستانە و ئاشتیانە نەبوو، هیچ جۆرە هاوکاری و پێکەوە کارکردنێکیان ئەنجام نەدا. هەرچەندە پێویست بوو لە نێوان خەبات و حدکا دا پەیوەندیەکی بەهێز هەبێت، بەتایبەتی کە ئەو دوو ڕێکخراوە لەباری نەتەوەییەوە هاوبیرو بۆ یەک ئامانج تێدەکۆشان، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە حدکا پێی وابووە دروستبوونی هەر ڕێکخراوو پارتێکی نوێ هاوسەنگی هێز تێک دەدات و بەدژی خۆشی سەیری دەکردو بەردەوام جەختی لەوە کردۆتەوە کە هەرخۆی بەتەنها سەرکردایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد دەکات، ئاڵۆزیی پەیوەندیەکانی نێوان خەبات و حدکا لە ئاستێکدا بوو کە بەدرێژایی ساڵانی (1980 – 1989) سەرەڕای نەبوونی پەیوەندیەکی دۆستانە لەنێوان ئەم دوو پارتەدا، بەپێچەوانەوە چەندین جار شەڕی چەکداریی لەنێوانیاندا ڕوویداوە. بۆنمونە: لەساڵی 1981 لەشاری بانە ئاڵۆزی و پێکدادانی چەکداری لەنێوان هێزێکی حدکا و هێزێکی خەبات دا ڕوودەدات و لەئەنجامدا پێشمەرگەیەکی خەبات بریندار دەبێت.
هەروەها ساڵی 1982 هێزەکانی حدکا لە ناوچەی (سەردەشت) هێرشیان کردۆتە سەر بارەگای خەبات و پێنج پێشمەرگەیان زامدار دەکەن، لە ناوچەی (بۆکان)یش چەند جارێک بارەگایان تاڵان دەکەن، لە ناوچەی (پیرانشار)یش هێرشیان کردۆتە سەر بارەگای خەبات و بەرپرسەکەیان بەدیل گرتووەو زیندانیان کردووە. هەروەها ساڵی 1983هێزێکی گەورەی (حدکا) بەفەرماندەیی (ئیسماعیل بایەزیدی) هەڵیانکوتایە سەر بنکەی (خەبات) لە گوندی (ئەشخەڵ)ی ناوچەی (نەڵێن)، کە لەچەند کیلۆمەتری دەفتەری سیاسی (حدکا) هەڵکەوتبوو. دواتریش ئەو ئیسماعیل بایەزیدیە لەساڵی 1985دا پەیوەندیی بە (خەبات)ەوە کرد. جگە لەمانەش هەر لەماوەی ئەو ساڵانەدا چەند جارێکی دیکە خەبات لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا ڕووبەڕووی هەڕەشەو فشاری حدکا بۆتەوەو هێرش کراوەتە سەر پێشمەرگەکانیان، هەروەها جگە لە هێرشی چەکداریی، حدکا لە ڕێگەی بڵاوکراوەشەوە دەربارەی سازمانی خەبات قسەی کردووە، بۆنمونە: کتێبی (چەند قسەیەک لەگەڵ خەبات) کە لەدوای ڕاگەیاندنی (خەبات) لەلایەن (کەریم حیسامی)، کەسی دووەمی (حدکا)ەوە نووسراوە. لەساڵی 2001یشدا کتێبێک بەناوی (لە دەستەی خاڵە مەلاوە تا ڕێکخراوی خەبات)، لەلایەن (سادق هەورامی)ەوە نووسراوە هەروەها لە بەیاننامەیەکی نهێنیدا کە حدکا بۆ ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ناردووە، لەخاڵی پێنج دا نووسراوە “سازمانی خەبات بەڕەسمی ناناسرێ و ناویشی لە ڕادیۆ ناخوێندرێتەوە “سەبارەت بەپێکدادان و ئاڵۆزیی پەیوەندیەکانی نێوان ئەم دوو پارتە، سەرکردایەتی سازمانی خەبات ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوان هیچ کاتێک دەستپێشخەر نەبوون لە هێرش کردن بۆ سەر حدکاو زیان گەیاندن بەپێشمەرگەو تاڵانکردنی بارەگاکانیان، بەڵکو زیاتر حدکا لەو بوارەدا دەستپێشخەر بووە. لەبەرامبەردا سەرانی حدکاش باس لەوە دەکەن کە ئەو ڕووداوانە هیچ کاتێک سیاسەتی گشتی حیزب نەبووەو بەڵکو هەڵسوکەوت و شێوازی مامەڵەی هەندێ لە ئەندامانی حیزب بووە کە پێیان وابووە لەبەرئەوەی ئەمان زۆرترن دەبێت ئەوانی دیکە بخۆن، ئەگینا هەروەکو دەزانرێت، حدکا هەرگیز بەوجۆرە نەبووەو هیچ کات لەگەڵ دروستبوونی پارت و ڕێکخراوی نوێ، ناتەبا نەبووە. چونکە حدکا لەبنەڕەتدا حیزبێکی دیموکراتەو باوەڕی بە فرە حیزبی هەیە. بۆنمونە لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە کوردستاندا حیزبی وەکو (چریک) هەبوو کە بەهیچ جۆرێک خەباتی بۆ کورد نەدەکرد، بەڵام حدکا هیچ ڕێگر نەبوو.
لەڕاستیدا خوێندنەوەی حدکا بۆ خەبات خوێندنەوەیەکی واقیعی نەبووە، بەڵکو پێیان وابووە ئەم ڕێکخراوە بەدژی دەسەڵاتی ئەوان دامەزراوە و ئەوی پێ لاواز دەبێت، هەروەکو بەشێک لەئەندامانی حدکا ئاماژەیان بەوە کردوە کە (خەبات بۆ بن کۆڵکردنی حیزبی دیموکرات دروست بوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو)، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و جەماوەری هەردوولا لەهەلومەرجی سیاسی ئەو کاتەی کوردستاندا، زیاتر پێکهاتەیەکی خێڵەکی و نادیسپلین بوو، هێندەی لەژێر کاریگەری سۆزو لایەنگری حیزبایەتیدا بوون، هێندە هەستی یەکگرتوویی و هاوخەباتیی و دۆستایەتییان نەبوو.
پەیوەندیەکانی نێوان کۆمەڵە و خەبات دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی سەردەمی دەفتەری (شێخ عیزەدینی حوسێنی) و کەسایەتیەکانی ناو دەفتەر لەگەڵ کۆمەڵە، چونکە (شێخ عیزەدینی حوسێنی) دۆستایەتی و پەیوەندی نزیکی لەگەڵ کۆمەڵەدا هەبوو. ئەم نزیکایەتیەی شێخ عیزەدین لەگەڵ کۆمەڵە کاریگەری کردبووە سەر نزیکایەتی و دۆستایەتی (شێخ جەلال) لەگەڵ کۆمەڵەدا و تەنانەت ئەو چەک و کۆمەکانەی کە (شێخ جەلال) چ لەسەردەمی دەفتەرو چ لەسەردەمی سازمانی خەباتدا لە حکومەتی ئێراقی وەردەگرت بەشێکی دەدا بەکۆمەڵە، چونکە ئەو کاتە کۆمەڵە لەگەڵ حکومەتی ئێراق پەیوەندی نەبوو. هەروەها (شێخ جەلال) لە دیمانەیەکدا دەڵێت “لەگەڵ کەسانێک لەکۆمەڵە، لەهەموو نێوچەکان دۆستایەتی شەخسیم بووە، لەکاتی شۆڕشدا حەزم کردووە هاوکاریان بکەم، هەرچەندە بیروباوەڕمان لێک دوور بووە”، لەڕاستیدا خودی کەسایەتی (شێخ جەلالی حوسێنی) ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیووە لە دروستکردنی پەیوەندیەکانی خەبات لەگەڵ کۆمەڵەو بەردەوامییان بەشێوەیەکی نیمچە ئاشتیانە. بەڵام کاتێک کۆمەڵە لەکۆتایی ساڵی 1983دا لەگەڵ (گرووپی سەهەند) تێکەڵ بوون و بوون بە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، ئیدی ئەوان هەموو خەباتێکی نەتەوەییان بەخراپ دەزانی و پێیان وابوو کێشەیەکە لەبەردەمیان و هەوڵیان دەدا لەسەر ڕێگەی خۆیان لایبەرن. ئەمەش بۆخۆی کاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی کە ئەم دوو ڕێکخراوە لەباری نەتەوەییەوە لێک دووربکەونەوە، ئەمە جگە لەوەی کە لەباری ئایدیۆلۆژی و دینیشەوە زۆر لێک دووربوون.
جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین کە جیاوازیەکانی نێوان کۆمەڵە و خەبات نەگەیشتۆتە ئاستی ئەوەی کە ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکداریی و شەڕی براکوژی لەنێوانیاندا سەرهەڵبدات و هێرش بکەنە سەر بارەگاکانی یەکتر. ئەگەرچی هەندێک جار ناکۆکی و ململانێی ناوچەیی ڕوویداوە، بەڵام زۆر زوو چارەسەر کراون و شەڕی گەورەی لێنەکەوتۆتەوە، بەڵکو هەندێک جاریش لە مەیدانی شەڕدا هەر سێ هێزی (خەبات و کۆمەڵە و حدکا) لەبەرامبەر ڕژێم پێکەوە وەستاون. بۆنمونە: لەساڵی 1984 لەڕێگەی (بانە – سەردەشت) شەڕێکی گەورە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی ڕژێم ڕوویداوە کە بەشەڕی (دارساوێن) ناسراوەو تێیدا سوپای ڕژێمی ئێران تێکشکاو زیانێکی زۆری بەرکەوت. سەرەڕای ئەوەی خەبات و کۆمەڵە تا ڕادەیەکی بەرچاو پەیوەندییەکانی نێوانیان بەدۆستایەتی هێشتەوە، بەڵام هیچ کات ئەو دوو هێزە نەگەیشتنە ئەوەی بەرەیەکی هاوبەشی کوردی دروست بکەن و هێزو تواناکانیان یەک بخەن، کە ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی بیروڕای هەردوولا دەربارەی مەسەلە سیاسی و پرسە چارەنووسسازەکانی کوردستان و هەروەها جیاوازی شێوازی کارکردن و بەشداریان لە مەیدانی سیاسی و خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
کاتێک شەڕی ناوخۆی نێوان (کۆمەڵە و حدکا) لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا سەریهەڵدا، سازمانی خەبات نەک هەرتەنها بێ لایەنی خۆی پاراست، بەڵکو بەئاشکرا ئیدانەی ئەو کارەی کردو, تەنانەت لە بەیاننامەیەکدا بەزمانێکی تاڕادەیەک توند دژی ئەو شەڕە هەڵوێست وەردەگرێ و هەردوو لایەن لە زیانەکانی ئاگادار دەکاتەوەو داوایان لێ دەکا دەست لە کوشتنی یەکدی هەڵبگرن و بەتەواوی هێزو تواناوە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ببنەوە. هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە “ئەو ڕاستییە بەهیچ شتێک ناشاردرێتەوە کە بەکوشتدانی پێشمەرگەی کوردستان بەدەستی یەکتر خودموختاریی و دێموکڕاسیی ناڕەخسێنێ و سۆسیالیزم و دێموکراسیی ئینقلابیی ناهێنێتە دی و ناکرێ لە قازانجی زەحمەتکێشاندا بێ. ئێمە بەنێوی سازمانێکی بەشدار لە خەباتی خوێناویی کوردستاندا، لە کاتێکدا کە ئەم شەڕە بە تووندیی مەحکوم دەکەین و بێزاریی خۆمان سەبارەت بە بەکوشتدانی پێشمەرگەی کوردستان بەدەستی یەکتر دەردەبڕین، داوا لە ڕێبەرایەتیی هەردووک حیزب دەکەین کە بڕێک چاوی خۆیان بەسەر کوردستانی پڕ لە مەینەت و دەردو ژاندا بخشێنن و هەلومەرجی تایبەتیی ئەم قۆناغەی خەباتەکەمان لەبەرچاو بگرن و بەهەستی بەرپرسیی و سۆزی کوردایەتیی و چاوی واقیع بینیی شۆڕشگێڕیی لە کوردستان بڕوانن.” هەروەها لەدرێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: “ئایا درێژەدان بەم وەزعە هۆی مەترسییەکی گەورە پێکناهێنێ؟ ئایا گڕی خەبات لەناو دڵی کۆمەڵاندا کپ ناکا؟ ئەوەش ناڕاستەوخۆ لە خزمەتی دوژمنانی گەلی کورددا نییە؟ ئەوەی ڕاستەو ڕوونەو کەس بۆی ناشاردرێتەوە، ئەوەیە کە درێژەدان بەم شەڕە تاوانە و خاڵێکی ڕەشە لەسەر لاپەڕەی مێژوو و کۆمەڵانی خەڵک قەت لەبیریان ناچێتەوە. دەبا هەموو خۆبینیی و تەعەسسوبێک وەلا بندرێ و بەگیانێکی پڕ لە هەستی بەرپرسی و لەخۆ بوردوویی لەگەڵ مەسەلەکە بەرخورد بکرێ، ئێمە سازمانی (خەبات)، داوا لە ڕابەرایەتیی هەردووک لایەنی شەڕەکە دەکەین کە چی دیکە درێژە بەم کارەساتە ناڕەواو دڵتەزێنە نەدەن و لە زووترین کاتدا شەڕ ڕاگرن و ناکۆکییەکان بەزوویی و بەشێوەیەکی عادڵانە لە فەزایەکی ئارامدا چارەسەر بکەن. درێژەدان بەم شەڕە لەم هەلومەرجەی خەباتەکەماندا بازی کردنە بەئاگرو ئاگردانی بەروبوومی بزووتنەوەیە “.
ئەگەرچی ئەم هەڵوێستەی سازمانی خەبات لەلایەن سەرکردایەتی (کۆمەڵەو حدکا)ەوە گوێی پێنەدرا، بەڵام لەو قۆناغەدا دەکرێت وەکو هەڵوێستێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی سەیربکرێت، چونکە پاراستنی بێ لایەنی و ئیدانە کردنی شەڕی ناوخۆیی و داوای ڕاگرتنی بۆ بەرژەوەندی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، کارێکی ژیرانەو نەتەوەییانەیە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی سازمان و ڕێکخراوی پەیکار، هیچ پەیوەندیەکی ئەوتۆی سیاسی نابینرێ، تەنها ئەوەندە نەبێ لەکاتی لێدانی بنکەی ڕێکخراوی پەیکار لەلایەن حزبی دیموکراتەوە لە شاری بۆکان، جێگەی نیگەرانی کەسایەتیەکانی دامەزرێنەری سازمان بووەو بەکارێکی هەڵەیان زانیوەو پێیان وابوو ئەوە سەرەتایەکی خراپە لەپەیوەندی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. سەبارەت بە پەیوەندیەکانی سازمانی خەبات و بزووتنەوەی ئیسلامی ئەهلی سوننەو جەماعەتی ئێران، شتێکی ئەوتۆ بەدی ناکرێ. چونکە بزووتنەوەی ئیسلامی ئەهلی سوننە درەنگ دامەزراو درەنگ دەستی بەچالاکی کرد. هەرچەندە دامەرزێنەرانی هەردوو ڕێکخراوەکە لە مامۆستایان و زانایانی سوننە مەزهەب بوون، بەڵام لەئاستی سیاسی و سەربازیدا هەماهەنگیەکی ئەوتۆیان نەبووە، تەنها ئەوە نەبێ کە لەدوای کوژرانی کوڕێکی (مامۆستا شێخ جەلال)، (مەلاعەبدولقادری تەوحیدی) سەردانی سازمان دەکات، لەوێدا مامۆستا شێخ جەلال داوای یەکبون لە مەلا عەبدولقادر دەکات، بەڵام دوای چەندین هاتۆچۆو سەردانی یەکتری نەگەیشتنە ڕێککەوتن. جێگەی باسە، هەر لەو قۆناغەدا چەندین گرووپی تری چەپ و کۆمۆنیستی هەبوون وەک (ڕێکخراوی یەکگرتنی کۆمۆنیستی – سازمان اتحاد کمونیستی)و (ڕێکخراوی یەکێتی کۆمۆنیستەکانی ئێران – سازمان اتحاد کمونیستهای ایران ) و (حیزبی کرێکارانی سۆسیالیستی ئێران – حزب کارگر سوسیالست ایرانی- ح.ک.س.ا)، بەڵام پێ ناچێت سازمانی خەبات هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەم گروپانەدا هەبووبێ.
“پەیوەندییەکانی سازمانی خەبات لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دا”
پەیوەندیەکانی لەگەڵ (یەکێتی نیشتمانی کوردستان (ی. ن. ک):-
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و کرانەوەی دەروازەکانی سنوور بەڕووی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی باشووری کوردستاندا، دەرفەتێکی لەبار بۆ ئەو هێزانە ڕەخسا کە جارێکی تر گەشە بکەن و پەیوەندی نوێ لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست بکەن. لەم چوارچێوەیەشدا (یەکێتی) لەپێشەوەی ئەو هێزانەی باشووری کوردستان بوو کە لەو پێناوەدا هەوڵێکی زۆری داو پردێکی پەیوەندی بەهێزی لەنێوان خۆی و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتدا دروستکرد. پێش دامەزراندنی سازمانی خەبات، (شێخ جەلالی حوسێنی) وەکو کەسایەتیەک لە ناوچەی بانەو دەوروبەریدا, پەیوەندی لەگەڵ (یەکێتی) هەبوو. کاتێکیش سازمانی خەبات دامەزرا، ئیدی خەبات و یەکێتی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەنێوانیاندا دروست بوو، کە زیاتر لەبواری هاوکاری چەک و تەقەمەنی و کۆمەکی دیکەدا بوو. بۆنمونە: لەکۆتایی ساڵی 1981 دا (یەکێتی) بەمەبەستی پەیداکردنی چەک پەیوەندی بەهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (حدکا، کۆمەڵە، خەبات) دەکات و داوایان لێدەکات لەو بابەتەدا هاوکاری بکەن. ئەو ئەندامانەی (یەکێتی) کە بۆ هێنانی چەک ڕۆشتبوونە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەتا چوونە لای (شێخ جەلال) لەگوندی (بلەکێ) و، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە ژمارەیەک چەکی زۆری هەڵگرتبوو، سەرەتا 50 چەکی جۆری (بڕنەو)یان دەداتێ و هەروەها پەیمانیان پێدەدات کە ژمارەیەکی زیاتری چەکیان بۆ پەیدا بکات.
لەقۆناغەکانی دواتردا، (یەکێتی) بەمەستی پەیداکردنی ئازوقە و چەک و تەقەمەنی زیاتر لەپێناو بەردەوامی دان بەخەباتی چەکداری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دا، پەیوەندیەکانی لەگەڵ خەبات درێژە پێدەدات و چەند جارێکی دیکە لەلایەن خەباتەوە چەک و تەقەمەنیان پێدەدرێت. بۆنمونە: ساڵی 1983 چەند نوێنەرێکی (یەکێتی) بۆ هەمان مەبەست بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڕۆن و لەلایەن خەباتەوە هاوکاریەکی زۆر دەکرێن و سەرەڕای پێدانی چەک، لەڕووی مانەوەو کردنەوەی بارەگا لەو ناوچانەی کە خەبات تێیدا باڵادەست بوو ئاسانکاری زۆریان بۆ دەکرێت. هەروەها بەمەستی هێورکردنەوەی شەڕی نێوان (یەکێتی) و (ڕژێمی بەعس) لەساڵانی (1983 – 1984)دا، سازمانی خەبات وەکو زۆرینەی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵێکی زۆری داوەو بەئاشکرا پشتیوانی خۆیان بۆ یەکێتی دەربڕیوە تاکو بارگرژیەکانی نێوانیان بەرەو کەم بوونەوە بڕوات و گفتوگۆ ببێتە پردی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان. جێگەی باسە (یەکێتی)ش لە چوارچێوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ خەبات دا، بەمەبەستی کەم کردنەوەی ئاڵۆزیەکانیان لەگەڵ حدکا هەوڵی زۆریان داوەو تەنانەت چەند جارێک نوێنەرانی (یەکێتی) دانیشتن و گفتوگۆیان لەنێوان ئەو دوو پارتەدا پێکهێناوە. ئەگەرچی هەوڵەکانی (یەکێتی) نەیتوانی بەشێوەیەکی تەواوەتی گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان خەبات و حدکا چارەسەر بکات، بەڵام دەکرێت وەکو کارێکی ئیجابی لە چوارچێوەی پەیوەندیەکانی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات و باشووردا لێی بڕوانرێت.
پەیوەندیەکانی لەگەڵ (پارتی دیموکراتی کوردستان (پ. د. ک):-
پەیوەندی (پارتی) وەکو هێزێکی سیاسی باشووری کوردستان، جیاواز بوو لەگەڵ پەیوەندی هێزەکانی دیکە لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. چونکە (پارتی) لەدوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول تاڕەدایەک بەرە و هەڵوەشانەوە ڕۆیشت و تەنها لقەکانی دەرەوەی مابوون. بەڵام لەقۆناغێکی دواتردا (ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی) لە شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمیتەیەکی ناوەندیی نوێیان بەناوی (سەرکردایەتی کاتی/ س.ک) دروستکرد کە بە (قیادەی مووەقەت/ ق.م)یش ناودەبرا. ئەندامانی ئەم کۆمیتەیە بریتی بوون لە (ئیدریس بارزانی، مەسعود بارزانی، سامی عەبدولڕەحمان، عەلی عەبدوڵا، نوری شاوەیس). ئیدی (پارتی) لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران هەرزوو هەوڵیاندا خۆیان لە خومەینی نزیک بکەنەوەو بۆ ئەم مەبەستەش وەفدێک بەسەرۆکایەتی (ئیدریس بارزانی) و ئەندامێتی هەریەک لە (کەریم سنجاری، ڕەشید سندی و عەبدولوەهاب ئەتروشی) لە قوم و تاران سەردانی خومەینیان کردو پەیوەندیان لەگەڵ ڕژێمی نوێی ئێران دامەزراند، کە لەڕاستیدا ئەمە کاریگەری گەورەی کردە سەر پەیوەندیەکانی (پارتی) لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی (حدکا و کۆمەڵە)و چەندین جار ناکۆکی لەنێوانیاندا ڕوویداوە.
بەڵام سەبارەت بەپەیوەندیەکانی نێوان (پارتی)و سازمانی خەبات ئاماژە بەشتێکی ئەوتۆ ناکرێت، ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی دەگەرێتەوە بۆ دووری بنکەو بارەگاکانی ئەم دوو ڕێکخراوە لەیەکتری کە تەنها لەچەند ناوچەیەکی سنووری کوردستانی نێوان ئێران- ئێراق دا نەبێت بارەگەیان لەیەکتر نزیک بووە. هەر ئەمەش وایکردووە کە سازمانی خەبات وەکو تاکە هێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربکەوێت کە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ (پارتی) نەبووبێت. بەڵکو بەپێچەوانەوە هەندێک جاریش هاوکاری لەنێوانیاندا هەبووە. بۆنمونە: لەو ناوچانەی کە خەبات بەرپرسیارێتی هەبوو بەتایبەت شاری بانەو دەوروبەری، ڕێگەی نەدا هیچ کات (پارتی) و (یەکێتی) پەیوەندیەکانیان بەرەو ئاڵۆزی بڕوات، بەڵکو پێشمەرگەی ئەو دوو هێزەی لە شاری بانە دابەشکردو ناوچەی (بۆیەن و پشت ئاربەبا)ی دا بە (پارتی) و هەروەها ناوچەی (دەشتە تاڵ)یشی دا بە (یەکێتی)، بەڵام پەیوەندیەکانی نێوان (خەبات و پارتی) هیچ کات نەگەیشتە ئەو قۆناغەی کە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە.
جیابوونەوە و کەرت بوون، یەکێکە لەدیارترینی ئەو دیاردانەی کە لە مێژووی سیاسی زۆرینەی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستاندا بەدی دەکرێت. ڕەنگە ئەگەر لە مێژووی پەنجا ساڵی ڕابردووی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی گەورە بەگشتی و پارچەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور بەتایبەتی بڕوانین، بەڕوونی ئەوەمان بۆ دەربکەوێت کە (جیابوونەوەو کەرت بوون) وەکو دیاردەیەکی حەتمی بەشدارێکی کارای سەر شانۆی سیاسی بووەو لەهەموو کات و ساتێکدا بەبێ ئەوەی ڕەچاوی بارودۆخی سەردەمەکەو لاوازی و بەهێزی هەر لایەنێک بکرێت ئامادەیی هەبووە. بەشێوەیەکی گشتی پەتای ئەم دیاردەیە، بەدیوێکدا دەگەڕێتەوە بۆ باڵادەستی دابونەریتی خێڵەکی و خزمایەتی بەسەر بڕیاری سیاسیدا کە تەنها گوزارشت لە بۆچوونی چەند کەسێکی دیاریکراو دەکات و ئەمەش بەتێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆکارێکی بنەڕەتی بۆ قبوڵ نەکردنی یەکترو دروستبوونی هەستی خۆپەرستی، بەدیوێکی دیکەشدا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەسایکۆلۆژیەتی تاکی کورد لەبواری کەم ئەزموونی مێژوویی و تێنەگەیشتنێکی وردو زانستیانە لە مانای سیاسەت و بەڕێوەبردندا هەیە.
ناکۆکیەکانی نێوان هەردوولا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قوڵتردەبوونەوەو ئومێدی گەیشتن بەڕێکەوتنێک لەسەر چۆنیەتی دۆزینەوەی میکانیزمی کۆبوونەوەیەکی فراوان یان دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەمابوو. سەرئەنجام لە 24ی مایسی1987دا جیابوونەوەیەک بەسەرکردایەتی (مەلا خدری عەبباسی) و بەبەشداری هەریەکە لە (بایز ڕەسوڵی، تەها مینایی) وەکو ئەندامانی دەفتەری سیاسی و (ڕەوف حوسێنی، عوسمان حوسێنی، حامید مەعروفی، عەلی عەزیزی، ڕەشید ئەحمەدی) وەکو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ڕوویداو لە بەیاننامەیەکدا بەتەواوەتی جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاندو تەنها (بابەشێخ حوسێنی و خالید سەقزی) وەکو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لەگەڵ (شێخ جەلال حوسێنی) مانەوە. جیابۆوەکان لەسەرەتاوە بەهەمان ناوو بەرنامەی ڕێکخراوی خەبات، تێکۆشانی سیاسی خۆیان درێژە پێدا، بەڵام دوای مانگ و نیوێک لە جیابوونەوە، ناوی ڕێکخراوەکەیان کرد بە (ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕانی نەتەوەیی و ئیسلامیی کوردستانی ئێران – خەباتی شۆڕشگێڕ)، هەروەها لە 18ی ڕەزبەری 1367 دا ئیزگەیەکی ڕادیۆییان بە ناوی (دەنگی شۆڕشی کوردستان) دانا, گۆڤار و بڵاوکراوەی وەک (تێکۆشان) و (بێستان) و چەندین بڵاوکراوەی دیکەیان دەرکرد. بەڵام لەڕووی بەرنامەو پەیڕەوی ناوخۆییەوە هیچ جیاوازیەک بەدی ناکرێت و بەڵکو هەمان بەرنامەو پەیڕەوی ناوخۆی پێشوویان کردەوە بەکارنامەی سیاسی خۆیان.
لە بەیاننامەی جیابۆوەکاندا، هۆکارەکانی جیابوونەوەو لێکترازاندنی ڕیزەکانی خەباتیان بۆ بارودۆخی ناوخۆیی ئەو ڕێکخراوە گەڕاندۆتەوەو ئاماژەیان بەچەند خاڵێک کردووە:-
1. پێشێلکردنی ڕێ و شوێنی دیموکراسی و حاکمیەتی تیرۆر و ئیرهاب.
2. زاڵبوونی ڕابیتە بەسەر زابیتەدا.
3. لە ژێرپێنانی پەیڕەوو پڕۆگرامی ڕێکخراوی خەبات.
4. پشکنینی بیروباوەڕو سەپاندنی ویست و ئارەزووی بنەماڵە.
5. دژایەتی لەگەڵ بیروباوەڕی پێشکەوتن خوازانە.
6. حەیف و مەیل کردنی ئیمکانات و سامانی سازمان بەقازانجی بنەماڵە.
سەرچاوە:-
ڕابەر سیوەیلی ،ژیلوان هەڵەدنی:سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی
کوردستانی ئێران1980-1987،چاپی یەکەم ،2018.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!